09/03/2019
ئەگەر بۆ نەوەی پێش ڕاپەڕین ، ڕوودانی رۆژەکانی ڕاپەرین لە شار و شارۆچکەکان ئەو بۆنە نیشتیمانییە بێت کە کۆمەڵگای کوردی بە "هاوڵاتی و مێژوو وکلتور و سیاسی و زمانەکەیەوە " لە دەستی زۆرداری ڕژێمێکی وەکو بەعس و دیکتاتۆریکی کەم وینەی وەکو سەدام حسین ڕزگار کردبێت .
ئەوا بۆ نەوەی دوای ساڵانی نەوەدەکان،راپەرین ڕووداویکی هاوشێوەی نەوەکەی پێشتر نییە و بگرە ڕوداوێکی پێچەوانەشە ، چونکە لە ڕاستیدا لە تێڕوانینی ئەم نەوە تازەیەدا ڕاپەڕین ئەو ڕووداو و جوڵەیە بوو کە کە کۆمەڵێ پیاو کوژ و کۆمەڵی ئینسانی گەندەڵ و دووڕووی کرد بە دەسەڵاتدار و بەرپرسیار بەسەر ئەو میلەتەی کە ڕاپەڕینەکەی کرد ، ڕاپەرین ئەو رووداوە بوو کە کۆمەڵیک پیاوی ناهۆشیاری کرد بە سیاسی و پیاوی ئیداری کە لە ڕاسستیدا هیچ شارەزاییەکیان بۆ ئیدارەو حوکم کردن نەبوو، بە مانایەکی تر ،ڕاپەڕین ئەو ڕۆژانە بوون لە مێژووی میلەتەکەمان کە بە سادەیی کۆمەڵیک پیاوی هەژار و نەبوویان کرد بە بازرگان و سەرمایەداری گەورە گەورە لەسەر ئاستی جیهان نەک کوردستان و عێراق ،واتە گەر نەوەیەکی ئەم رۆژگارە بیەوێت لەوە تێبگات سیاسیەکی بازرگانی ئێستای هەریم چۆن و کێ کردی بە سیاسی ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە مێژووەکەو هەر خیرا ڕاپەرین و کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام بەرەو ڕووی ئەبێتەوەو لەو ڕاستییە تێدەگات کە ڕاپەڕین هۆکارە و حکومەتە نێشرین و گەندەڵ و سیاسییە هەرە خراپەکانی ئەمڕۆش دەرئەنجامی ڕاپەڕینەکەن .
لە ڕاستیدا نەوەی نوێ لە بنەڕەتدا ڕۆژگارە تاڵەکانی سەدام یان لە دایک نەبوون یان هەر بیریان نایە و نەماوە ،ئەم نەوە تازەیە دۆخی کورد لە ژێر سایەی سەدام تەنها وەکو ڕووداویکی مێژووی میلەتەکەمان دەبینن نەک دۆخیک بێت کە خۆیان ئەزموونیان کردبێت ، بەم مانایە ئەم نەوە تازەیە لەو ڕۆژانە نە تێدەگات وە نە گرنگە بۆ ژیانی ئیستای وە نە ئەشیەوێ رۆژگارە تاڵەکانی سەردەمی سەدام بێنێتەوە یادی خۆی چونکە وەکو وتمان یان تێیدا نەژیاوە یان منداڵ بووەو ئەزموونی تێدا نییە .
بۆیە بە باسکردنی ڕۆژگارە تاڵەکانی ئەو سەردەمە هیچ کاتێک ناتوانی ئازادی و عەدالەتی ڕۆژگاری ئەمڕۆ لەم نەوەیە بسێنیتەوە و نیەتی ئەوەت هەبێ لەبەر ئەو ڕۆژانە ئەم نەوەیە لەم سەردەمە خراپەی حوکمڕانی بێ دەنگ و بێ ئیرادە بکەی، واتە ناکرێت لەبەرئەوەی سەدام دیکتاتۆر بووە تۆ ئومێدت بەوە هەبێت ئەم نەوەیە لە دەسەڵاتە گەندەڵەکەی خۆت خۆشبێت، گەر ئەمەت کرد ئەوا ئەم نەوەیە نەفرەت لەو یادی ڕاپەڕینەت دەکات و بۆ خۆشیش بێت یادی ناکاتەوە .
بۆیە لە ڕاستیدا زۆرینەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت نەوەی دوای ڕاپەرین کە گەنجان پێکدەهێنن بە جۆرێک لە جۆرەکان قوربانی دەستی ئەو پیاوانەن کە کە ڕاپەڕین کردنی بە سیاسی و دەسەڵاتدار، ئەمانە قوربانی ڕژیمی سەدام نین ، بەڵکو قوربانی رووداوهكانى دواى راپهڕینن کە هەرزوو بە دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ دەرئەنجامە ڕەشەکانی دەرئەکەون ، وە لە ڕاستیدا ئەو حکومەتە ستەمی بەرامبەر کردوون کە ڕاپەڕین دروستی کردووە، ئەم نەوە نوێیە قوربانی دەستی دەسەڵاتێکن کە ڕاپەڕین دروستی کردووە و بە کردار لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆتە یەکێک لە فەشەلترین دەسەڵاتەکانی ناوچەکە ، دەسەڵاتیک کە لانی هەرە کەمی پێداویستییەکانی بۆ گەنجان فەراهەم نەکرد و وە بە ئاشکرا بوو بە ناعەدالەتیترین دەسەڵات لە ناوچەکەیا ، دەسەڵاتیک کە هەلی کار و ژیانی شاهانەی بەخشی بە بنەماڵە و کەس و کاری سیاسییەکان و بۆخۆیانیشی کرد بە کۆمەڵیک بازرگانی چەتە ئاسای گەورە گەورە و بە هەزاران گەنجیشی تووشی سەرهەڵگرتن کرد ،
هەر بۆیە بێ هۆکار نییە کە پیاوێکی وەکو " نەوشیروان مستەفا " کە ئەندازیاری ڕاپەڕینەکەیە هەرزوو لەم واقعە تازەیە تێدەگات و پاشان لە ٢٠٠٩ ەوە بە کردار دەست دەکات بە ڕاستکردنەوەی بارە نالەبارەکە و بۆ خۆی سەرکردایەتی ڕاپەڕینێکی تر دەکات و چونکە هەرزوو دەزانێت دەرئەنجامەکانی ڕاپەڕین دیوێکی تری ناشرینی بۆ دروست بووە نەک تەنها ئەو ڕووەی کە وەکو شانازی ساڵانە پیشان دەدریت.
بەم مانایە بۆ ئەم نەوەیە ساڵانە شتێک نابینن کە وایان لێبکات بە یادەکانی ڕاپەڕین سەما و هەڵپەڕکێ بکەن و پیرۆزبایی لە یەکدی بکەن ، ڕەنگە بتوانین تا ئەو شوێنە بڕۆین کە بڵێین گەر کەشێکی ئازادتر دروست بکرێت ئەوا بێگومان بەشی هەرە زۆری خەڵک یادی راپەڕین ساڵانە دەکەنەوە راپهڕین كه یهكێك له خراپترین سیستەمە سیاسیەکانی مێژووی بە ئێمە بەخشی، بۆ نهوهى ئێستا شایهنى دڵخۆشی نییه.