24/07/2020
هۆشیاری هەنگاوی گۆڕانکاری و ئاوەدانی کۆمەڵگایە، بۆ ئەوەی تێبگەی لە لەناوچونی گەلان و نەمانی ئاسەواری ژیانیان بەهۆی لاوازی هۆشیاریانەوە بووە بەرامبەر نادادی و ستەم و رازی نەبونیان بوە بۆ گۆڕانکاری. ستەمکاری هەمیشە مۆرانەی لەناوچونی گەلان بووە، ئەوەی گەلان بەرەو هەڵوەشان دەبا بێئاگاییانە بەرامبەر بە ستەم و چاوداخستن لە ئاست نادادی.
ئاستی باڵای هۆشیاری نەوشیروان مستەفا، وایکرد بزوتنەوەی گۆڕان دابمەزرێنێ. بۆئەوەی گەلی کورد توشی پەرتەوازەیی و هەڵوەشانەوە نەبێ، بۆئەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی تاکی کورد بەرەو ڕوخان نەڕوات، تاوەکو دوژمنان لەوە زیاتر زەفەر بەم هەرێمە نەبەن کە سەدان ساڵە کورد هەوڵی بۆ دەدات لەناوی نەبەن، نەوشیروان مستەفا دوای هەوڵێکی زۆر و بێوچان لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ بەدیاریکراوی لەسەرەتای دروست بون و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا لەگەڵ مامۆستا مەلا عوسمان، بێ سەروبەری ئەوکاتی دەسەڵات و حیزبەکانی هەرێم زۆر بەڕوونی باس دەکات. لەناو حیزبەکانیشا ئاماژە بە هەڵەشەیی بەرپرسەکانی کورد وبێ ئاگایی و ناهۆشیاریان دەکات.
بەرامبەر بە حکومەت و دەوڵەتدار، کەبەعەقڵیەتی شاخ هەڵسوکەوت دەکەن، کە پاسەوانی زۆر بەدوای خۆیان دەدەن و هەڕەشە لە خەڵک و ئارامی و ئاسایش دەکەن، بەمەترسی گەورەیان دەبینێ. بەتەواوی هەوڵەکانی نەوشیروان مستەفا بۆ مەسەلەی بەدامەزراوەیی کردنی حکومەت و دورخستنەوەی حیزب لە حکومەت، پاراستنی سەروەری دادگاکان و شەفافی لە داهاتی هەرێم دەخاتەگەڕ بەڵام لەبری گوێ بۆگرتنی بەشەڕی ناوخۆ وەڵامیان دایەوە. هەموو هەوڵێکی لەناو حیزبەکەی خۆیدا بۆ ڕیفۆرم وگۆڕانکاری و بەهێزکردنی یەکێتی لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزگرتنی تاکی کورد، بەڵام کەس بەقسەیان نەکرد، حیزبەکەی خۆی بەجێهێشت لە ٢٥/٧ /٢٠٠٩ بڕیاری دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕانیدا.
بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی نوێ دەرکەوت، لەلایەک بووه بزوتنەوەیەکی هوشیارکەرەوە بۆ خەڵک لەلایەکتر هۆشیاریبوو بۆ هێزەکانی دەستەڵات. هۆشیار کردنەوەی خەڵک لەستەمی دەسەڵاتی کوردی، ئەو دەسەڵاتی تا پێش درووست بوونی گۆڕان هەرچی ئەوشتەی هەی بوو لە خەڵکی خۆی شاردبۆوە، بەئارەزووی خۆی تەخشان و پەخشانی پێوە دەکرد. لە۲٥ی ۷ گۆڕان بوە کلیلی چەندین دەرگا و سەدان مەلەفی شاراوەی خستە بەردەستی خەڵک و گەلەکەی لەو ترسە ڕزگار کرد کە پێیەوە وابەستەکرابوون. خەڵکی لەو هەموو داهاتە بەلێشاوەی دەهاتە کوردستان وریا کردەوە.
جگە لەدوو حیزبی دەسەڵات کە دەیانخوارد، چەندین حیزبی تری ئیسلامی و علمانی بچوک کە بەدووکانی سیاسی ناودەبرێن خستبوە ئەم نازونیعمەتەی ئەم هەموداهاتە بەش دەکرد و کەسیشیان نوقەیان دەکرد. هەیان بوو لەترسی ئەوەی کە نەی کەن بە پیاوی دەرەکی و پیاوی ئەم و ئەو و جێگایان بێ تەوە لەحکومەت و نانبڕاو نەکرێن لەم داهاتەی دێتە هەرێم وپشکیان هەبێت، هەشیان بوو ئەو بەشەی دەیاندرا پێی زۆر لەوەی خۆیان زۆرتر بوو، بۆیە بێدەنگ لە ئاست ئەم هەموو بەهەدەردانە دانیشتبون، بەوەش بەهاتنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕۆشنایی باش خرایە سەر داهات و بوجەی هەرێم و خەڵکی کوردیان لەم هەموو تاڵانیە ئاگادارکردەوە، بەوەش دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم کاتەدا دانیان بەم گەندەڵیە دانا و سەلماندیان کە بوونی هەیە.
بزووتنەوەی گۆڕان بوودجەی هێنایە پەرلەمان بۆ یەکەمین جار و کەسیش ناتوانێ نکۆڵی لەوەبکات. هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکی هۆشیار کردەوە لەوەی دەیانەوێت دەستورێک تێپەڕێندرێت کەدژی خواستەکانی خەڵکی کوردستانە، لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی تەواوی حیزبەکان کە چەند ڕۆژێکی کەمی مابوو بۆ ۲٥ی ۷ بە کۆی دەنگی حیزبە علمانی و ئیسلامیەکان تێپەڕێت، بزووتنەوەی گۆڕان زۆر بەڕوونی دژایەتی کردوو، وای لەدەسەڵات کرد کە نەیخەنە دەنگدان، ئەوانیش دەستوری هەرێمیان هەڵپەسارد زانیان کەدەنگ ناهێنێ، ئەوەش یەکێکی تربوو لەو هۆشیاریانەی گۆڕان بۆخەڵک کە ڕێگە لەدەستورێک بگرن کە دژی خواستەکانی خەڵکەو لەبەرژەوەندی حیزبیدایە.
یەکێکی تر لەوکارە مەزنانەی گۆڕان هێنانە پێشەوەی کۆمەڵێک خەڵکی ڕۆشنبیر و گەنج کەبێنە ناوکایەی سیاسی و خەڵکی سیاسی تازە بهێنێتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئیدارەی وڵات بەڕێوەبەرن. بەمەش گەنجان نەک لەناو گۆڕان بەڵکو لەناو هەردوو حیزبی دەسەڵات بەلێشاو جێگایان بویەوە هاتنە پێشەوە بەدەر لەوەی ئیسلامیەکانیش ڕێگایان کردوە بۆ خەڵکی نوێ. لەدوای درووستبونی گۆڕان بەلێشاو خەڵکی هاواری ئازادی کرد و ڕۆشنبیران و ئازادی خوازان قسەی خۆیانکرد، بێ ئەوەی دەسەڵاتی کوردی پەنا بەرێتە بەر ئەولایە نەرێنیەی زەمەنێک بە دەستی دەرەکی ناویان دەبردن، بەڵام لەدوای گۆڕان بە هەڵسوڕاوی گۆڕانیان ناودەبردن، بەدەر لەخەڵکی ڕۆشنبیر و ئازادی خواز کە بەئازادی قسەیان کرد دەرگا بۆ حیزبە ئسلامیەکانیش کرایەوە بە ئازادی خۆیان قسەبکەن.
یەکێکیتر لەوشتانەی کە بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکی هۆشیارکردەوە ئەوەبوو، کە چیتر خەڵک بیر لە شۆڕشی چەکداری نەکاتەوە، بەڵکو پێویستە خەڵک ڕێگای مەدەنی بگرێتە بەر لە پێناوی بەدەست هێنانی مافی خۆیان و گەلەکەی بەئارامی و هێمنی لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدان وەربگرنەوە پەنابۆ توندوتیژی نەبەن، ئەزمونی دروست کراوی خۆیان تێکنەدەن بەڵکو لەڕێگای دەنگدانەوە بەرپرس و حیزبەکانی دەسەڵات بگۆڕن. هەمو ئەو کارانەی سەرەوە خەڵک سودی لێوەرگرتن و حیزبەکانی تریش سودیان لەم بزووتنەوەیە وەرگرت کەناوی گۆڕانە، بۆ ئەوەی بە ئازادی کاری سیاسی خۆیان بەن.
بەدەر لەوەش دەسەڵاتی کوردی لەدووبواردە سودی لە بزووەنەوەی گۆڕان وەرگرت. لایەنێکیان دەسڵاتی کوردی لەو خەوی غەفڵەتە هاتەوە هۆش خۆی کە خەڵکی کوردستان بەتەواوی بێزارە و قبوڵی ئەم دەسەڵاتەی نییە، لەم خەوەی هەستاند کە کەس باوەڕی بەو کوردایەتییە درۆیینە نیە کەپێیانوابوو خەڵک هێشتا لەژێر کاریگەری هوتافی سەردەمی شۆڕشدا لەهەڵپەڕکێدان، دەسەڵاتی هۆشیارکردەوە بەوەی ئەگەر مل بۆداواکانی خەڵک نەدات ئەوا خەڵک لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان پەنا دەبەنە بەر ڕێگای توند و تیژی، بەوەش زیانی گەورە لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، ئەوەی بنیاتنراوە لەناو دەچێت، بە لەناوچونیش خەباتی سەدان ساڵەی خەڵکی کوردستان لەبار دەچێت، خەڵکی پارچەکانی تریش بێ هیوا دەبن لەسەرکەوتن، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە لەبری بەپیرەوە چونی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بۆ ئەم گۆڕانکارییە هەنگاو بنێن، لەبری پێش ئەوەی بەهانای هەرێمەوە بن بەهانای خۆیانەوە بچن،کەوتنە دژایەتی خەڵک و کەوتنە پەلاماردان و لێدان و سزادانیان، ئەوەبوو لەبری هاوکاری دەستگرتنی خەڵک بوجەی هەرێمیان لە بەغدا بڕی و کەوتنە دژایەتی خەڵک و خەڵکیان بە موچە بڕین سزادا. لایەنێکی تری بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشیارکردنەوەی دەسەڵات بوو لەوەی ئەو نازونیعمەتەی کەتێی کەوتون تاسەرنابێ، بەڵکو بەهۆی ئەو نازونیعمەتە دەکەونە زەلیلی چونکە ئەم نازو نیعمەتە بەتەنها هەر ئی ئەوانە نییە و هی خەڵکیشە،پێویستە خەڵکیش لێی سود مەندبێت و ژێرخانی ئابوری کوردستانی پێ بەهێزبکرێت، لەئەگەری مەترسی بڕین و گەمارۆدانی هەرێم بتوانرێ خەڵکی کوردستان بتوانێ ماوەیەکی دوور لەسەرپێی خۆی بمێنێ و بوەستێ، هێزی پێشمەرگە بەنیزامی بکرێت. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی کوردی گوێی بەوانە نەدا، لەبڕینی بوجەی هەرێم لەئێستادا چەندین مانگە خەڵکی هەرێم بێ مووچەیە. ژیان وەستاوە ئەوە دەریخست لەپێناو ناز و نیعمەتی خۆیان گوێیان بەهیچ نەدا لەئێستادا دەرەنجامەکانی دەردەکەون ئەگەر لەوکاتەی نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای حکومەتی کوردی ۱۹۹۲ داوای یەک هێز و ڕێکخستنی پێشمەرگەو ئاسایش وناوخۆی دەکرد بکرایە، یان لەناو یەکێتی ڕێگای چاکسازی لێنەگیرایە و حیزب و دەڤەرەکەی خۆی بە جوانی بنیات بنرایە بەقسەی بکرابا، یان لەسەرەتای دروستبوونی گۆڕانیش بەپێی بەرنامەی گۆڕان بکرایە، ئێستا کوردستان لەم دۆخە خراپەدا نەدەبوو.
بەڵام دەسەڵاتی کوردی پێچەوانە کەوتنە دژایەتی گۆڕان و لەپێناو مانەوەی خۆیان و مەترسیەکانی خەڵک لەسەر خۆیان کە بەهۆی گۆڕانەوە بۆیان ئاشکرا بوو، کەوتنە سزادانی خەڵک، بەڵام ئەگەر لەسەر سزای خەڵک بەردەوامبن، کەسێکی تری وەک نەوشیروان مستەفایان دەستناکەوێ کە کیانی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی خەڵک بپارێزێت، چونکە ئەم دەسەڵاتدارانە لە پێناو ئاسودەیی خۆیان کەوتونەتە ستەم بەرامبەر بە گەلەکەی خۆیان، دەیویست لەلایەک خەڵک هۆشیاربکاتەوە بەوەی لە ڕێگای مەدەنی هەم خەڵک و هەمیش ئەزمنی هەرێم بپارێزێ، لەلایەکی تر بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خەڵک ڕابهێنن وسوود لە ئەزمونی مەدەنی وەربگرن لە پێناو مانەوەی کوردستان و خودی خۆیان، دەستاو دەستی دەسەڵات بەرێگای ئاشتییانە بکرێت، خەڵک ڕادەهێنن لەسەر ئەوەی بیر لە توندو تیژیبکاتەوە، بەتوندوتیژی وەڵامی دەسەڵات بدەنەوە، بەو کارەی دەسەڵات بەرامبەر بە خەڵک، وادەکەن ئەزمونی سەدام و قەزافی چارەنوسیان بێت.
چونکە ئەوانە ئەزمونی مەدەنی و ڕێگای پەرلەمانییان پەکخستوە کار لەسەر ئەزمونی هێز دەکەن بەوەش ململانێی هێز لەگەڵ ڕاکشان لەناو نازونیعمەتدا سەرەنجامەکەی کۆتاییەکی تڕاژیدیە. بۆیە هاتنە کایەی بزووتنەوەی گۆڕان زەرورەتێکی گەورەبوو، پێویستیشە خەڵک کار لەسەر کاری مەدەنی بکەن، ڕێگای توندوو تیژی ون بکەن، چونکە دەسەڵات دەیەوێت لەڕێگای پەکخستنی پەرلەمان وناشیرین کردنی ئەزموونی هەڵبژاردن خەڵکی کورد ناچاری ڕێگای چەکداری بکات، سەرەنجام دەیانەوێ لەڕێگای توندوتیژی بەقازانجی خۆیان بێت.
کاتی هاتوە بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لەمهێزانە دووربخاتەوە کە مەترسی گەورەن لەسەر ژیانی خەڵک، دەشیانەوێ گۆڕان تێوە بگلێ لە نەهامەتیەکان بەسەرمیللەتدا دەهێنن لە کاتێکدا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پاراستنی خەڵک لەو نەهامەتیانەی ئێستا تێی کەوتوە دروست بوە، گۆڕان ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت دەبێتە هۆی لەناوچونی ئەو گۆڕانە گەورە سیاسی و کۆمەڵایەتیە کەلەپێناویدا دروستبووە. یەکێک لەوخاڵەلاوازانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕوونی پێیەوە دیارە ئەوە ناوەندێکی گەورەی نییە بۆ پەروەردەکردنی هەڵسوڕاوانی بۆ ئەوەی جیاواز لەخەڵک بیربکەنەوە و پێشەنگایەتی گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلەکەیان بکەن لەئێستادا نەک هەر یەکێتی و پارتی بەڵکو هێزە ئیسلامی و هێزەکانی تریش کەوتونەتە هرێش بۆسەر گۆڕان لەنەبوونی هەڵسوڕاوی شارەزا بۆ ئەوەی ئەم هەموو دەنگە بۆخۆیان بەرن، تائێستا هەڵسوڕاوانی گۆڕان ناتوانی بەڕوونی جیا بکەیتەوە لەخەڵکی تر، ئەوەش بەهۆی نەبوونی خەڵکی ڕاهێنراو لەو بوارە، هەربۆیەش زۆرینەی هەڵسوڕاونی پێشتر لە پێگەی حەساسی گۆڕاندا بوون ئێستا ڕەخنە دەگرن، یان بەرگەی مانەوەی ململانێیان نەگرت. دواتر بزووتنەوەی گۆڕان ڕەخنەباراندەکەن، ئەمەش بەرەنجامی نەبوونی دامەزراوەیەکی ڕاهێنان و تەنزیماتێکی تۆکەمە. ئەو ڕەخنانەی ئێستا لەبارەی هەڵوشینی ناڕەزایەتی خەڵک لەبزووتنەوەی گۆڕان دەگیرێت لەم بارەیەوە، پێیانوایە بزووتنەوەی گۆڕان یەکێتی و پارتی بەهێز کردۆتەوە، ئەمە ڕاستیەکی تێدا بەڵام خەڵک لەم حەقیقەتە نەگەیشتون کە نەوشیروان و هاورێکانی لە درووستکردنی ئەم بزووتنەوە ئاڕاستەکردنی خەڵک نەبوە بۆ خوێن ڕێشتن بەڵکو ئامانجیان ئەوەبوو کە ڕابێت لەسەر ژیانێکی شارستانی لەڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە خەڵک مافی خۆی وەربگرێت، دوورکەوێتەوە لە توندووتیژی، خەڵکی کوردستان بەئازادی بژی، بەڵام ئەوە گۆڕان بەرپرس نییە لەوەی سبەی خەڵک لەدژی ئەم دەسەڵاتە توندوتیژی بکات ئەواخۆیانن، ئەوا ئەم دەسەڵاتە خۆیەتی خەڵک ئاڕاستەدەکات بۆ ئەوەی توندوتیژی بکات، چونکە پەرلەمان کەشوێنی نوێنەری خەڵکە پەکخراوە و هێندە ناشیرینکراوە کەس بەجێگای پارێزگاری بەمافی خۆی نازانێ. هەروەها حکومەت نایەوێت چاکسازی بکات، مووچەی خەڵکی پێ جێبەجێ ناکرێت و دەشیەوێ مافی خەڵک بخوات، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە پاکێجەکانی ئۆپۆزسیونی جێبەجێ بکردایە ئێستا دۆخی هەرێم وانەدەبوو.
خەڵکی بیری لەوەناکاتەوە بڵێ دەبێ لەناوببرێن. ئێستا بیری خەڵک لەهەمووساتێ زیاتر لای گۆڕانکارییە لە دەسەڵات. بۆیە لە ساڵیادی۱۱ساڵەی دامەزراندی بزووتنەوەی گۆڕانداواکارم بزووتنەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە سەرەتای دروست بونی، بەپڕۆژە و پلانی گۆڕانکاری هەنگاوی جدی بنێ.