پۆپۆلیزم لە قۆناغی بوختانچێتیدا....

13/06/2020

بابه‌كر دڕه‌یی

پۆپۆلیزم، بەو مانایەی کە درۆو ڕاستی تێکەڵ بکەی بۆ هەڵخراندنی خەڵک و هاندانیان بۆ جوڵە یان ئامانجێکی سیاسی، لە کوردستاندا گەیشتۆتە حاڵەتێکی ترسناک.
پۆپۆلیزمی کوردی وەک هەر دیاردەیەکی خۆرهەڵاتی، ئاوێتە بوە بە زبری و توندوتیژی و بێ هیچ ڕەحم بەزەیی و بیرکردنەوەیەک، ئەوەی دێتە بەرچاوی دەیکوتێ و جوێنبارانی ئەکات..

 
هێندە بەسە پەیجێکی سێبەر قسەیەکی کراو یان نەکراوی سیاسیەک یان بەرپرسێک بخاتە بەر فلاش و پلاجکتۆرێکی لێبدات، ئیتر باران و لێزمەی سوکایەتی و ریسواکردن لەڕێی کۆمینت و سەرنج و قسەی ڕەق و ناشرینەوە وەک تەرزەی بەهاران دائەبارێ و وزەو کاتێکی زۆری دەوێ تا بەرپرسی ناوبراو لە ژێر کوتەکی پۆپۆلیزمی شەڕانی کوردیدا پشت ڕاستکاتەوە..
ئەم پۆپۆلیزمە ترسناکەو ماڵی کورد وێران دەکات...


ئەم پۆپۆلیزمە لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە مشتوماڵ دەدرێ و عاقیبەتەکەی ماڵوێرانیەکی زۆرتر دەبێ لە شەڕی براکوژی..،
من شاهیدی شەڕی براکوژی بوم و لە چەندین شوێنی تریش وتومە کە ئەوانەی شەڕیان هەڵایساند، تەنیا ئەو فەرماندەو بەرپرسانەی خوارەوە بون کە بە هەڵە یان بە ڕاست پێیان وابو دەبێ پارتی و یەکێتی شەڕبکەن تا ئەوان ( هەر خودی ئەوان) سودی زیاتری مادی و مەعنەوی بکەن.


میدیای سێبەری یەکێتی و پارتی، ئەمجارەیان بە هوشیاری تەواوەوە، بەوپەڕی قەناعەتەوە ئەزانن کە کردەوەو پراتیکیان ناڕاستەو وتنی حەقیقەت نیە، بەڵام بۆ خۆبردنەپێش و بۆ دەسکەوتنی پارەوپول، ئەم یاریە نەگریسە بەرەوپێش دەبەن و بەو حوکمەش کە میدیای ڕاقی و ڕەسمی حزبەکانیان ناتوانێ بێتە ئاستی ئەوان و لە هەمان کاتدا ناتوانێ لە پرۆتۆکۆل و ڕەسمیات و بەرژەوەندە ڕاستیەکانی دو حزب دەرچێ، بازاڕی ئەمان تادێ گەرمترو گەرمتر دەبێ و واوەیلا بۆ ئەو کەسەی بکەوێتە بەر پەلامارو هایلایتی ئەم ئەژدیها سێبەرەی دوحزبی کۆنی وڵاتمان...


میدیای سێبەری یەکێتی و پارتی چۆتە قۆناغی بوختانکردن و چەواشەکردن و گەوجاندن ی خەڵک...
با هەمومان پێکەوە بەدەنگی بەرز بە یەکێتی و پارتی بڵێین:
میدیای سێبەرتان بازیداوەتە قۆناغێکی ترسناکەوە.. ڕاستە لەم شەڕە میدیاییەدا فیشەک و قەنناسە ناتەقێنرێ و بە جەستە کەس ناکوژرێ، بەڵام بە دڵنیایێەوە قوربانیانی ئەم شەڕە پیسە، پێش هەموکەس، سەرکردەکانی هەردو حزبن و بە چەکێک بریندار دەکرێن کە زۆۆر لە فیشەک بەئازارترە کە ئەویش چەکی " وشە" و وەسفی ناڕاست وناحەقیقیە...
شەڕی نەگریسی پۆپۆلیزمی بوختانچی بوەستێنن..
ئەو چەکە پێش هەموکەس سەری ئەو کەسانە دەخوات کە بودجەی بۆ تەرخان دەکەن...