مەلە کردن لە ئاوی لێخندا

06/06/2020

ئالان عومەر

ئەوەی ئێستا روودات لە کوردستان دەرئەنجامی ٢٩ساڵ دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتیە حکومەتی هەرێم هەشت کابینەی وزاری بەرێکردووە، ئەوە نزیک ساڵێک دەبێتەوە لە کابینەی ٩ دایە، تێکڕای کابینەکانی حکومەت یەکێتی و پارتی شەریک و برابەش بوون، هەمیشە پێکهێنەری سەرەکی کابینەکانی حکومەت ئەم دوو هێزە بوون سەرۆک و جێگرەکان هەرخۆیان بوون، هێزی چەکدار و مەلەفی ئەمنی و نەوت و دارایی، پلان و پیلان هەر لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمانەدا بووە. هێزو لایەنەکانی دیکە لە رابردوودا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەی پێشووی سەوز و زەرد و دواتریش ئیدارەی بەناو یەکگرتنەوە بەشدار بوون، لە وانە زەحمەتکێشان، سوشیالیست، شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزوتنەوەی گۆڕان و پێکهاتە نەتەوەی و ئاینیەکان.

راستە ئەمانە بەشداربوون لە حکومەت و ئیدارە بەڵام شەریک نەبوون لە دەسەڵات، نمونەش بۆ ئەمە لە دەرهێنان و هەناردەی نەوتی کوردستان، مام جەلالی کۆچکرد و مەسعود بارزانی پرسیان بەکێ کرد! جگە لەخۆیان؟؟ گڕێبەستی (٥٠)ساڵەی نەوتی نێوان وڵاتی تورکیا و حکومەتی هەرێم! پرسیان بەکێ کرد؟؟ جگە لە چەند ئەندامێکی حیزب و هەردوو بنەماڵە کێ دەزانێت عەقدەکانی نەوت چۆن کراوەو پارەکەی چۆن وەرگیراوە و چۆن سەرف کراوە؟؟ گرێبەستی نێوان کۆمپانیای دانەغاز و حکومەتی هەرێم! جگە لە پارتی و یەکێتی و ئەندامانی بنەماڵە کێ ئاگادارە؟

گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای رۆزنەفت کێ کردویەتی و کێ لێی بەرپرسە؟ ئەی وەرگرتنی پارەی پێشوەختەو شیرینی نەوت کێ بردی و کێ خواردی؟ جگە لەمانە ئەی خانەنشین کردنی نایاسی ئەم هەموو لیواو عەمید و عەقیدە نەقیب و هتد.. کێ کردویەتی؟ ئەی ئەم هەموو حەرەسی ماڵ و مناڵ و باخ و دار و بندیوارە کێ کردویەتی؟ جگە لە یەکێتی و پارتی ئەی ئەم هەموو خانەنشینە نایاساییە بە پلەی وەزیر و مدیر عام و مدیر جگە لەیەکێتی و پارتی کێ کردویەتی؟ رەنگە بپرسیت ئەی ئیشی هێزو لایەنەکانی دیکە چی بووە لە حکومەتدا؟ ئەی بەرپرسیارێتی چییان بەردەکەوێت؟

بەڵێ پرسیارەکە لە جێی خۆیدایە.. بەڵام ڕاستییەک هەیە دەبێت بیزانین ئەویش ئەوەیە مانای وانیە هەر هێزێک بەشداریی حکومەت بێت تاوانبار بێت بەوەی لە رابردوو رووی داوە، بەڵام بە ئەندازەی خۆی و بەشداریەکەی بەرپرس دەبێت لە چاککردنی و راستکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو. دەی لەوانەیە پرسیارێکی دیکە بێتە پێشەوە: چۆن یەکێتی و پارتی دەتوانن بەبەر چاوی هێزەکانی دیکەوە ئەم شتانە بکەن و ئەمانیش تەماشاکەر بن!؟ سادەترین پێناسەی دیموکراسی ئەوەیە (کەمینە ملکەچی زۆرینە دەبێت، زۆرینەش رێز له کەمینە بگرێت) دەی یەکێتی و پارتی هەمیشە بڕگەی یەکەمیان بە پێوەر وەرگرتووە، بۆیە ئێستا باجەکەی میللەت دەیدات، بەڵێ ئەوکاتە حەقە سەرکۆنەی ئەو لایەنانە بکەیت دەنگیان بۆ کارێک دابێت دژی خواست و ویستی میللەت بێت یاخود تەئیدی کارەکانی ئەوانیان کردبێت، یان باشتر وایە بڵێین دەنگیان لە ئاستیان هەڵنەبڕیبێت ئەی ئەگەر وانەبێت.

تێبینیتان کردووە زۆربەی هەرە زۆرینەی گرێبسەتەكانی نەوت لەو سەردەمانەدا واژۆ کراوە کە هێشتا ئۆپۆزسیۆن دروست نەبووبوو؟ دوای دروستبونی ئۆپۆزسیونیش لەکاتی حکومەتی کاربەڕێکەر تەنانەت بڕیاری چارەکە موچەو نیوە مووچەش دوای رێگریی وەزیری لایەنەکانی دیکە کراوە. جا بۆیە ئەوەی بەرپرسی سەرەکی ئەم دۆخەیە تەنها و تەنها هەر پارتی و یەکێتیە هەر ئەوانیشن لە ترسی هەڵبژاردن و لە دەستدانی دەنگی کڕدراوی بندیوارەکان و خانەنشینە نایاسیەکانیان ناوێرن دەست بۆ چاکسازی ببەن، هەر بۆیە ئەوەی ئێستا پارتی و یەکێتی لە رێگەی میدیاو هەندێک پەرلەمانتاری تەزویرکراوە دەیکەن مەلە کردنە لە ئاوی لێخندا، جگه لە خۆهەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدا بردنی ڕاستی بابەتەکان و داخوازی هاوڵاتیان، لە پێناو پۆست و پلە و تۆڵەکردنەوە لە یەکتر، نەبونی مووچەی فەرمانبەران وەک کارتی فشار لە دژی یەکتر بەکاردەهێنن بەڵام هەرگیز خۆیان لە سەرچاوەی کێشەکە نادەن کە نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازیە، کە بەدڵنیاوە چاکسازیی راستەقینەو ریشەیی هەم خەڵک ئازاو ئازادترو گوزەران و ژیانی هاوڵاتیانیش باشتر دەکات بەڵام حیزب و بارەگاکان بێ ئەهمیەت و بێ کاریگەر دەکات.