03/04/2020
وەك دەزانین لە ئێستادا ڤایرۆسی کۆڤید - ۱۹ کە بە ڤایرۆسی کرۆنا ناسراوە سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوە و زەنگێکی مەترسی و هەرەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر کۆی مرۆڤایەتی، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو مەترسیە ئەمە ئەگەر جارێک مەترسی بێت بۆ سەر وڵاتانی پێشکەوتوی و خاوەن ئەزمەن و سیستەمی تەندروستی! ئەوە سەدان هێندە و مەترسی و هەرەشەیەکی گەورەتر و کارەساتبارە بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی، سوپاس بۆخودا کەتا ئێستا و ئاستێکی باش هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەم ڤایرۆسە پارێزراوە بەراورد بە زۆربەی حکومەت و دەوڵەتانی جیهان.
لێرەدا نامەوێت بەراوردێکی نا لۆژیکی لە نێوان وڵاتێکی وەکو [چین ، ئیتاڵیا ، ئیسپانیا هتد...] بە هەرێمی کوردستان بکەم، بەڵام چین بەو هەموو پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا پێشکەوتوەی لە تەواوی بوارەکاندا هەیەتی بەتایبەتیش لە بواری ئامێر و کەل و پەل و پێداویستی نەخۆشخانە و سیستەمی تەندروستیەوە، بە توانای بەرزی پزیشکیەوە توشی چی کارەساتێک بوون، بەڵام سوپاس بۆخودا خەریکە ئەو قۆناغە بە تەواوی تێئەپەرێنن، هەروەها ئیتاڵیا و ئیسپانیا دوو خاوەن بەهێزترین سیستەمی تەندروستین لەسەر ئاستی جیهان و ئەوروپا بەڵام ئێستا دەبینین چی کارەساتێک لەو وڵاتانە روو دەدات ئەمە لەکاتێکدا کورد وتەنی لە هیچیان کەم نیە! بەشێکی گرینگی زاڵبون و بەرەنگاربونەوەی چین و چینیەکان بۆ هاوخەمی و دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی پێکەوەیان دەگەرێتەوە، هاوڵاتی وحکومەت وحیزب و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەموو لەخەمی وڵات و خەڵک دابوون، پێچەوانەی ئیتاڵیا لە هەستیار ترین کاتدا و سەرەتای تەشەنەکردن و بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەکە، ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی ئەو وڵاتە ملیان لەبەر ملی یەکتر نابوو خەریکی تۆمەت بارکردنی یەکتر و پاشقول گرتن بوون لە یەکتر دەرئەنجام ئێستا هەموان حاڵی ئێتاڵیا دەبینن چۆنە!؟
ئەگەر بێنە سەر کوردستانەکەی خۆمان خەریکە هەمان هەڵەی ئیتاڵیەکان دووبارە دەکەینەوە، ئێمە دەزانین کوردستان لە چاو وەزعی ئاسی ناوچەکە و جیهادا چەند شلۆق بوو کە هێچ کەس بەخیلی پێدا نەدەبرد، بە تایبەتیش لە رووی تەندروستی و بێ ئیمکانیەتی "داو دەرمان، نەخۆشخانە، ئامێر و کەل و پەلی پزیشکی، تاقیگەو پسپۆری پزیشکی و هتد.." خودا بەو رۆژە نەکات ئەگەر ئەم ڤایرۆسە بڵاو بێتەوە کە پشت بەخوا ئەم روو نادات! ئەوکات قەبارەی هەست بە قەبارهی مەترسی و زیانەکانی دەکرێت، سەرەرای دەیان سەرنج و تێبینی جدیمان لەسەر کۆی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم کابینەشەوە، کە نەیانتوانیەوە کەم و کورتیەکانی سێکتەرە جیاوازەکان پڕبکەنەوە بەتایبەتیش سێکتەری تەندروستی کە ئەمە قسەی زۆر و جدی هەڵدەگرێت، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی گشتی بە هۆی رێو شوێنەکانی خۆپارێزی و پیدانێ رێنمایەکان سوپاس بۆ خودا و پابەندی زۆرینەی خەڵک کوردستان پارێزراوە، بەتایبەتش بریاری قەدەغەی هاتوو چۆ و داخستنی شوێن کار و فەرمانگەکان و موچە کاریگەری نەرێنی لە سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە، کە خۆگە وانەبوایە، ئەم خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوو چۆیە بە دڵنیاوە من وای بۆ دەچم لە ئەگەری بەربڵاوی ڤایرۆسەکە و پابەند نەبونی هاوڵاتیان، حکومەت بەگشتی و وەزارەتی تەندروستی باش دەزانێت هەگبەی چی تێدایە وچی تێدانیە بۆیە باشترین چارەسەر ئێستا لە جیهاندا تەنها خۆپارێزیە.
سوپاس بۆخودا لە کوردستاندا زۆر کەم هێشتا خەڵکانێک هەن ئومێدی بونیاد نانەوەی نیشتمان و دەوڵەتداریان لێ دەکرێت، هەندێک شار و شوێن هەیە یەکتیمی و خەمخۆری و شەونخونی زۆر بە فەرمانبەر و کاربەدەستەکانیەوە دیارە مەگەر لە نزیکەوە بیان ناسیت بزانیت سەر بەچی حیزب و ئادۆلۆژیایەکە، هەرچەندە ئەمانە لە رێژدا کەمن، بەڵام جێگای دڵخۆشیە باشتر وایە پشتیوانیان لێ بکرێت و ئەزمونیان لێ وەربگرترێت، لە هەمان کاتدا بەشێکی دیکە بەداخەوە کە زۆرینەی نێو حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنن زۆرینەی مشەخۆر و ناموستەحقن، خەریک دەستچەماندنەوە لە زەویدانی یەکترن، خەریکی تۆخکردنەوەی ناوچەگرێتی و بەخشینەوەی تۆمەتن، لەم دۆخە هەستیارەدا لەسایەی ۲۹ ساڵی دەسەڵاتداری دەسەڵاتداراندا، خەریکن یاری بە هەست و سۆی خەڵک دەکەن، کە رەنگە ئەو بەرپرسی ٪۸۰ی ئەو هەژاری و نەگبەتی و بێکاری و بێ مووچەیی خەڵک بێت.
سەرەڕای ئەوەی موچە مافی رەوای هەموو فەرمانبەرێکی میریە دەبێت لە کات و ساتی خۆیدا پێی بدرێت، ئەمە بکەیت بە دەستکەوت! تۆی گیرفانپڕی ناموستەحەق بێیت، بێئاگا لەوەی کەخەڵک زۆر لەوە هۆشیارترە کە ئەمرۆ جەنابت بەقسەی سواو بێکاردار خەریک موزایەدە و سواڵی دەنگ و بانگەشەی هەڵبژاردن بێت، عەیبەیە میللەتێک و وڵاتێک ئەمە حاڵی بێت، لەوەش عەیبتر ئەوەیە بە گیرفانی پڕی گەندەڵیتەوە بێیت لەوە زیاتر باری سەرشانی هاوڵاتیان گرانتربکەیت، ئێستا کاتی ئەوە نیە، بەڵکو کاتی بەخۆدا چونەوەو خۆرێکخستنەوەیە، کاتی بڕیارە قورس و کاریگەرەکانە، بۆیە لێرەوە داوا دەکەم هەموان پێکەوە کرۆنا بکەین بە دەرفەتێك بۆ بە خۆدا چونەوە و بونیاتنانەوەی نیشتمان.