كۆرونا و گرفتی ئابوری ده‌رفه‌تێك بۆ كۆچی پێچه‌وانه‌

24/04/2020

د.رۆستەم سەلام عەزیز

دوا به‌دوای كۆچی به‌لێشاوه‌ی گوندنشینان كه‌له‌ نیوه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو هاته‌كایه‌وه‌ به‌هۆكاری ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تلی و سیاسی، چه‌ندین لێكه‌وته‌ی باش و خراپی هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ردوو ژینگه‌ی شارو گوند ، به‌ڵام لێكه‌وته‌ی فراوانبوونی شاره‌كان و زیاد بوونی ژماره‌ی شارنشین و پیس بوونی ژینگه‌ی شاره‌كان له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ مه‌ترسیدارانه‌یه‌‌ كه‌ ئێستا به‌رۆكی زۆربه‌ی شاره‌كانی گرتۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی شاره‌ گه‌وره‌كان به‌شاره‌ Mega City ناسراون، دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و پێداویستی خۆراك و ئاوی خواردنه‌وه‌ رۆژ به‌ رۆژ گرفته‌كان ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌ ژیان له‌و شارانه‌ زۆر قورس بێ.

به‌درێژایی مێژوو نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كان له‌ شوێنی چری دانیشتوان سه‌ری هه‌ڵداوه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای ڤایرۆسی كۆرونا  به‌هۆی چالاكی ئابوری و په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان  وایكرد به‌ركه‌وته‌ی هاوڵاتی زیاتر بێ  تاكه‌ رێگری سه‌ره‌كیش  بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌لكه‌ له‌یه‌كتریه‌ به‌مه‌ش به‌شێك له‌ خه‌لك له‌ جیهاندا بیریان له‌گه‌رانه‌وه‌ بۆ گونده‌كان كردووه‌ ئه‌مه‌ش  ئه‌وه‌ی به‌بیر  تاك هێنایه‌وه‌یه‌ كه‌ گونده‌كان ته‌نها بریتی نین له‌ شوێنی به‌بیرهێنانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌رۆژێك له‌ رۆژان له‌گونده‌كان بۆخۆیان یان كه‌سێكی نزیكیكیان تێدا ژیاون، به‌لكو بوون به‌داڵده‌ی خۆپاراستن له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ كه‌وته‌ تێروانین و هزریان كه‌ سروشت و ژینگه‌ی گوند چ جیاوازییه‌كی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نجالی ژینگه‌ی شار.

لێكه‌وته‌ی كۆرونا له‌جیهاندا كێشه‌ی ئابوری مه‌ترسیداری مه‌ودا درێژ به‌دوای خۆیدا هێنا  به‌تایبه‌تی له‌دوای دابه‌زینه‌ گه‌وره‌و خێراكه‌ی نرخی نه‌وت ، لێره‌دا ئه‌و وڵات وهه‌رێمانه‌ی كه‌ رێژه‌ی زۆری ئابوریان پشتی به‌نه‌وت به‌ستووه‌ به‌تایبه‌تی هه‌رێكی كوردستان ده‌كرێ كۆرونا و گرفتی ئابوری بكه‌ن به‌ده‌رفه‌تیكی زێرین بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌گرنگیدان به‌ كه‌رتی گوند وكشتوكال له‌كاتێكدا به‌ درێژای مێژوو گوندی كوردیسه‌رچاوه‌ی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك بووه‌.

ئه‌و مه‌ترسییه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئابوری هه‌رێم داهاتوو له‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت لێكه‌وته‌ی دواكه‌وتنی مووچه‌ و ئه‌گه‌ری كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ وا ده‌كات دووچاری چه‌ندین دیارده‌ی مه‌ترسیدار بێته‌وه‌ له‌ خراپترینیان دیارده‌ی بێكاری گه‌وره‌ ئه‌مه‌ش خۆی  له‌خۆیدا كۆمه‌لێك دیارده‌ی كۆمه‌لاێه‌تی به‌دوا دادێ وه‌ك دیارده‌ی تاوان به‌هه‌موو جۆره‌كان و كێشه‌ی تێكچوونی شیرازه‌ی خێزان، كه‌واته‌ هاندانی كۆچی پێچه‌وانه‌ بۆ گونده‌كان ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیاردانه‌ چونكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای بچووك (گونده‌كان) به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وخه‌ریك بوون به‌ چالاكی كشتوكال و ئاژه‌ڵداری هه‌روه‌ها ئه‌و چالاكی و پرۆژه‌ سه‌رده‌میانه‌ی كه‌خه‌لكی گه‌راوه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا له‌گونده‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌دن ده‌بنه‌ سه‌ره‌تاییه‌ك بۆ هێنانه‌دی هاوسه‌نگی ئابوری له‌ نێوان شارو گوند.

بۆیه‌ لێره‌دا ده‌رفه‌تێك هاتۆته‌ به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات هه‌نگاو به‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجامدانی كۆنفرسیكی زانستی بهاوێ به‌هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كشتوكال و پلاندانان به‌ ناونیشانی (رۆڵی په‌ره‌پێدانی هاوسه‌نگ له‌ هاندانی كۆچی پێچه‌وانه‌).
د.رۆستم سلام عزیز 23/4/2020