کراسێکیش بۆ ناوخۆ بدوورن

16/02/2020

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

بیرم نییە قسەی چ دیپلۆماتکارێکی رۆژئاواییە دەڵێ: تەنانەت سیاسەتێکی بەهێز بۆ دەرەوە، هەر لەناوخۆ دادەڕێژرێ.

ئێستا هەولێر وەکو پایتەختێکی سیاسی و تائەندازەیەکی زۆریش ئابووری، لە سەردەمی زێڕینی خۆیدایە. بۆ هەموو رووداوەکانی عێراق و ناوچەکە، هەولێر دەبێتە وێستگەیەکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەو راوێژکردن.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پرسی کورد لەناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا شتێک نییە چاوپۆشی لێبکرێ و بخرێتە کەنارەوە. هەموو ئەمانە ناڕاستەوخۆ بوونەتە لۆبییەکی باش بۆ کورد.

لە کتێبی " ئەمریکا و ئەنفال"ـدا کە خاتوو سەمانسا پاوەر نووسیویەتی، چیرۆکێکی مام جەلالی تێدایە کە دوای ئەنفال دەچێ بۆ ئەمریکا تا لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپیدا قسە بکات، کەچی کۆشکی سپی کارمەندێکی ئاسایی رادەسپێرن لە قاوەخانەیەک مام جەلال ببینێ!

بەڵام ئێستا شتەکە پێچەوانە بووەتەوە، کەسی یەکەمی کۆشکی سپی خۆی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان دەبینێ بەبەرچاوی میدیاکانی جیهانەوەو ئامادەیە ئاڵای کوردستان لە تەنیشتی ئاڵای وڵاتەکەیەوە دابنرێ.

ئێستا کاتی تێپەڕاندنی لۆبی کڕوزانەوەیە، دەبێ لۆبییەکە لەناوخۆ بەهێز بکرێ. بینینی سەرۆکی ئەمریکا، چاوتێبڕینی ناوەندە گەورەکانی دنیا لە ئابوورییەکەی هەرێم کافیی نییە. پێویستە ئەمانە لەناوخۆشدا بەهێز بکرێن.

ناکرێ لەبەر بەرژەوەندی حزبیی و شەخسیی، ئەم درەوشانەوەیەی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بکرێتە قوربانی.

لەسەر ئاستی ناوخۆ ئاساییە چاوپۆشی لە هەندێ دەسکەوت بکەن بۆ یەکتر تەنیا لەبەر پرسی کورد، بەڵام ئاسایی نییە تەبایی ناوخۆ بسپێردرێ بە میزاجی شەخسیی. چونکە سیاسەتێکی بەهێزی دەرەوە هەر لەناوخۆ دادەڕێژرێ!

کورد لە دەرەوە بەهێزبێ، لەناوخۆ بەهێزەکان بەهێزتر و لاوازەکان بەهێز دەبن. بەڵام ئەم رەوایەتییە لە دەرەوە لاوازببێ هەمووان بچووک دەبنەوە وەکچۆن لە سەردەمی ریفراندۆمدا، رەوایەتی مەسەلەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا ئاستی سفربوونەوە رۆیشت و هەمووان بچووک بووینەوە.

ئاسانترین شت ئەوەیە، حزب چاوپۆشی لە دەسکەوتێکی کەمتر بکات لەناوخۆ، بۆ دەسکەوتێکی گەورەتر لە دەرەوەی کوردستان.