11/12/2019
لە
ماوەی کەمتر لە دوو مانگی ئەم پایزەدا، نزیکەی ٤٠٠ خۆپیشاندەری ناڕازی لە عێراق و
ئێران کوژران کاتێ دژی بێکاریی وهەژاریی و
گەندەڵی، رژانە سەر شەقامەکان. لە هەردوو وڵات خۆپیشاندەران لەوە دەچوو بۆ بەرەی
جەنگ دەچن چونکە دەیانزانی کێ بەرخوردیان لەگەڵ دەکات بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر
داواکارییەکانیان.
ئێران زاڵە بەسەر لوبنان و عێراقدا کەچی نەک هەر خەڵکی ئەو دوو وڵاتە، بەڵکو هاوڵاتییەکانی خۆی زیاتر لێی بێزارن
هاوکات
لەگەڵ عێراقیی و ئێرانییەکاندا، لوبنانییەکانیش بە خۆپیشاندانی کاریگەر ناڕەزاییان
دەربڕی. بەڵام لە لوبنان کەس نەکوژرا و حکومەت هەڵوەشایەوە.
بە
جیاوازی ئەنجامەکان و کاریگەرییەکانی خۆپیشاندان، بەڵام لە هەرسێکیاندا ئەوە
دەرکەوت کە مۆدێلی حوکمڕانیی لەمجۆرە کۆتایی هاتووەو بە کەڵکی خەڵک نایەت. ئێران
زاڵە بەسەر لوبنان و عێراقدا کەچی نەک هەر خەڵکی ئەو دوو وڵاتە، بەڵکو
هاوڵاتییەکانی خۆی زیاتر لێی بێزارن و ئامادەن سینگ بنێن بە گوللەوە تا نیشانی
بدەن کە ناڕازین و کۆتایی پێبهێنن.
خۆپیشاندانەکانی ئەم وڵاتانە لەڕووی جوگرافیا و هۆکارەوە، زۆر دوور نین لە هەرێمی کوردستانەوە
دەرکەوت
مۆدێلی حوکمڕانی عێراقیی و لوبنانیی و ئێرانیی شکستخواردووە، چونکە تایفە و مەزهەب
رەنگڕێژی کردوون. هاوڵاتیبوون و بەهای هاوڵاتیبوون بەندە بە مەزهەب و ئاینەکەتەوە،
بۆیە زۆرینەی گەلانی ناو ئەو دەوڵەتانە پلیشاونەتەوە لەژێر پێی گەندەڵیی و بێباکیی
دەوڵەتە بەسەرچووەکانیاندا.
ئەگەر
بێکاریی، هەژاریی، گەندەڵی، حوکمڕانی مشەخۆر و دەستپیس هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو
خۆپیشاندانانەی عێراق و ئێران و لوبنان بن، ئەوا گواستنەوەیان بۆ حکومەت و وڵاتە
هاوشێوەکانیان دوور نییەو رەنگە کەس نەزانێ لەناکاو، لە شوێنێکی دوورەدەست و
چەپەکەوە خەڵک بە ڕووی حکومەتە خراپەکانیاندا بتەقنەوە.
ئەگەر لە مۆدێلی دەوڵەتی مەزهەبیی و تایفیی ناڕازی بن، ئەی دەبێ لە مۆدێلی حوکمڕانی حزبیی و شەخسیی وەکو هەرێمی کوردستاندا دیاردەکە چۆنبێ؟
خۆپیشاندانەکانی
ئەم وڵاتانە لەڕووی جوگرافیا و هۆکارەوە، زۆر دوور نین لە هەرێمی کوردستانەوە.
ئایا دەکرێ هەرێمێک کە خەڵکەکەی زۆر مەحرومن لە زۆر پێداویستیی، چواردەوری بە
ئاگری توڕەیی خەڵک تەنرابێ، بێ پریشک بمێنێتەوە؟
ئەگەر
عێراقیی و لوبنانیی و ئێرانییەکان لە مۆدێلی دەوڵەتی مەزهەبیی و تایفیی ناڕازی بن،
ئەی دەبێ لە مۆدێلی حوکمڕانی حزبیی و لەناو حزبدا شەخسیی وەکو هەرێمی کوردستان،
دیاردەکە چۆنبێ؟
ئەو
مۆدێلە حوکمڕانییەی لە هەرێم باڵادەستە، لە هەندێ رووەوە زۆر لەوەی عێراق و لوبنان
و ئێران کۆڵەوارترە بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبا و سوتەمەنیی وەکو سێ هۆکاری سەرەکی
ژیان. ئەم مۆدێلە لەبەر ئەوەی کراوەتە کوڕی حزب، توانای خۆچاککردن و ریفۆرمیشی
نەماوە.
بێگومان
هەرێمی کوردستان لوبنان نییە، عێراق و ئێرانیش نییە. بەڵام بەشی زۆری خەڵکەکەی
هەمان ئەو مەینەتی و چەرمەسەرییانەیان هەیە کە خەڵکە توڕە و دڵشکاوەکەی ئەو
وڵاتانە هەیانبوو. بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا لە دەربڕینی ناڕەزاییدا خەڵک لاسایی
لوبنانییەکان دەکاتەوە یان عێراقیی و ئێرانییەکان، ئەوا هەڵسوکەوت و بەرخوردی
حکومەتەکەی وەڵام دەداتەوە کە خوێن دەڕژێ یان بەخێر دەگەڕێ.
ئەم وتارە لە ژمارە 6ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە