كێ دەتوانێت زیادەڕۆیی نەهێڵێت؟

23/12/2019

ئه‌رسه‌لان تۆفیق

زیادەڕەویی دیاردەیەكی باوی كۆمەڵگەی كوردستانە، شێوازەكەی لە شوێنێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت،لە كاتی ڕووبەڕووبونەوەی ئەو دیاردەیەدا بەشێك لایەنگریی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەكەن لە لابردنی زیادەڕۆییەكان و پێیان وایە داگیركردنی موڵك و ماڵی گشتی --بۆ هەمیشەیی یان كاتی – ڕێگە پێنەدراوەو بۆ هیچ كەسێك نیە دەستدرێژیی بكاتە سەریان و شوناسی گشتی بوونیان لێوەربگرێتەوەو شوناسی تاكەكەسی و موڵكی تایبەتیان پێببەخشێت.

 بەشێكی دیكەی كۆمەڵگەش بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونەوەوەن و پێیان وایە سیاسەتی ئابووریی و كارگێڕیی حكومەت هۆكاریی سەرەكی هەژارییەو ئەوەی كە زیادەڕەویی دەكات ئەگەر هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت پەنا نابەنە بەر داگیركردنی ئەو شوێنانە، ئەم دەستەیەیان باوەڕیان بەوە هەیە زیادەڕۆیی خراپە، بەزاندنی سنوور لە بەرژەوەندی كەس نیە، بەڵام بەڵگەیان ئەوەیە كە حكومەت بە دوو پێوەری جیاواز مامەڵە لەگەڵ زیادەڕەوییەكان دەكات، ئەوی كە زیادەڕۆیی داهێناوەو پەرەی پێدەدات حكومەتە نەك خەڵك.

لەو نێوەندەشدا ژمارەیەكی دیكەش هەن كە بە چاوی ڕەخنەگرانە لە دۆخەكە دەڕوانن و پێیان وایە زیادەڕۆیی هەركەس و هەر لایەك بیكات هەر خراپە، بەڵام نیگەرانن لەوەی كە ئەوانەی زیادەڕۆیی گەورە ئەنجام دەدەن كەس هیچیان پێناڵێت و ئەوەش زیادەڕۆیی بچووك ئەنجام دەدەن لێپێچینەوە دەیانگرێـتەوە.

بانێكەو دوو هەوا:
لەسەر شەقامە گشتیەكان دانانی لەمپەرو دیواری چیمەنتۆی بەردەم ماڵە بەرپرسەكان لە هەموو شارەكانی كوردستاندا زۆر و كەم بوونیان هەیە، تەنانەت هەیانە كۆڵان یان شەقامێكی داگیركردووە، تەنانەت مرۆڤ بە پیادەڕویش بۆی نیە پیایدا بڕوات، حكومەت و لایەنی پەوەندیداریش نەك هەر قسەیەكیان لەو بارەیەوە نیە، بەڵكو بە شان و شكۆی بەرپرسە حیزبی و حكومیەكانیش لێكی دەدەنەوە، لەبەرامبەر دا ئەگەر لە كۆڵانێكی ئاساییدا تاسەیەك دروست بكرێت، یان  تابلۆیەك هەڵبواسرێـت ، یاخود هەر كارێكی دیكە بكرێت بە خێرایی دەكەونە وێزەیی و ڕووبەڕووی یاسای دەكەنەوە.

ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەرشەقامەكان بە نایاسایی دەڕۆن و دەوەستن و لێدەخوڕن، بەرپرسانی هاتوچۆ هیچیان پێناڵێن و بگرە كار ئاسانییشیان بۆ دەكەن، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی بچووكترین سەرپێچ بكات بە خێرایی سزا دەدرێـت.
ماڵ و باخ و ڤیەللای دەستڕۆشتووەكانی حیزب و حكومەت زۆرینەی شوێنە گەشتیاریی و ستراتیژیەكانی كوردستان بە زیادەڕەوی بۆ سەر موڵكی گشتی كردووەتە موڵكی خۆیان و كەسیش لە گوڵ كاڵتریان پێناڵێت، كەچی ئەگەر یەكێك كەپرێك دروست بكات و بیەوێت شتێكی تێدابفرۆشێت بە خێرایی دەگەنە سەری و دەیڕوخێنن.
ئەمانە پشتگیریی كردنی زیادەڕویی نین، بەو ئەندازەیەی بەراوردكارییە لەنێوان كاردانەوەی حكومەت لەبەرامبەر یەك دیاردەدا كە زیادە ڕەوییە، زیادەڕەوییەك بە قەبارەیەكی بچووك چاوپۆشی لێناكرێت و زیادەڕەوییەكی دیكە بەقەبارەی گەورە بەردەوام چاوپۆشی لێدەكرێت و بگرە بە ئازایەتی و قارەمانیش لێك دەدرێتەوە.

تۆڕی یاسا:
تا گیرۆدەی چوونە ناو دادگا نەبیت نازانیت چۆن وردی دەكەنەوە لەسەرت، ئەگەر سەرپێچییەكی یاساییت كردبێت بە پێی یاسای سزادانی عێراقی و بچێتە بواری( كەتن) ەوە، ئەوەندە سەخت دەكرێت مرۆڤ وا هەست دەكات (تاوان)ی گەورەی بە (هەلو مەرجی قورس) ەوە ئەنجام داوە، ئەمە لە كاتێكدا خاوەنی ئەو كێشەیە هاوڵاتییەكی ئاسایی بێ پشت و پەنابێت، بەڵام بەرپرسەكانی ئەم وڵاتە چەندین دۆسیەی قورسیان لەسەرەو تەنانەت خۆیانی پێوەبادەدن، نەك هەرناچنە بەردەم یاساو دادوەرە بەڕێزەكانیش بەڵكو بەدیارچاو هەموو لایەكەوە تاوان ئەنجام دەدرێت و كەسیش ناتوانێت هیچ بڵێت. هەر بۆیە دەمێكە لەناو خەڵكدا بڵاوە كە (تۆڕی یاسا تەنها ماسییە بچوكەكان دەگرێت)، ئەگینا ئەو هەموو تاوانانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ئەنجام دەدرێت بۆچی ناگەنە یڕیاری دروست؟ بۆچی یاساو ماف پەروەرەكان لێێ بێدەنگن؟ داواكاری گشتی لە كوێی ئەم هەموو زیادەڕۆییانەدایە؟

چی بكرێت؟
دەگوترێت جارێك عەبدولكەریم قاسم(یەكەم سەرۆك كۆماری عێراق لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی) چووەتە نانەوایەك، نانەواكە وێنەیەكی گەورەی ئەوی هەڵواسیوە، بەڵام ئەو نیگەرانی دایدەگرێت و بە نانەواكە دەڵێت: وێنەكەی من بچووك بكەرەوە و (گونك)ەكانت گەورە بكە.
ئەم چیرۆكە ئەگەر ڕاستیش نەبێت دەرخەری دۆخێكی نالەباری كۆمەڵگەیە،كە لەپەنای دەسەڵاتداران و حیزبە دەستڕۆشتووەكاندا خۆیان دەشارنەوە، ئەگەر حكومەت بەڕاستیەتی و دەیەوێت و زیادەڕۆكان لەناو ببات ئەوا دەبێت ڕیگاكانی بنبڕبكات، پاڵنەرەكانی پشتی ئەو سەرپێچییانە نەهێڵێت، بۆ ئەوەی ڕێژەكەی كەم بكاتەوە، چوون ئەگەر بمانەوێت چارەسەری ئەو دۆخەبكەین دەبێت لە سەرچاوەكەوە ڕۆشنی بكەینەوە، ناكرێت چینی دەستڕۆشتوو، دەوڵەتمەدار، بەڕێوەبەرانی وڵات بە ئارەزۆی خۆیان زیادەڕۆیی بكەنە سەر موڵكی گشتی و كەس دەست نەهێنێتە ڕێگەیان ولەبەرامبەردا هێرش بكرێتە سەر زیادەڕەوكارانی بچووك، ئەوە نەك هەر كێشەكە چارەسەر ناكات بەڵكو هێندەی تر پەرە بە دیاردەكە دەدرێت و تەنانەت بە دوور نازانرێت هەستی نیشتیمانی و نەتەوەییش بخاتە بەردەم پرسیارەوە. عەرەبیش دەڵێت : اذا كان رب البيت بالدف ضاربًا فشيمة أهل البيت كلهم الرقص. واتە ئەگەر خاوەن ماڵ پیشەی دەف لێدان بێت ئەوا كاری ئەوانە لەناو ماڵەكەدان دەبێـتە سەماكردن..

هەربۆیە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەگەر دەیانەوێت كێشەی زیادەڕۆیی نەهێڵن با لەخۆیانەوە دەست پێبكەن، زیادەڕۆیی تەواو بوونی هەڵبژاردنەكانیان نەهێڵن، ماڵ و باخ و دوكان و ڤیەللاكانیان بخەنە بەردەم كێلەی شۆفڵەكان، خۆیان زەحمەت بكێشن لەزگەی ڕەشی ئۆتۆمبێلەكانیان لێبكەنەوە، تابلۆی ژمارە كاتیەكانیان ڕادەستی هاتوچۆ بكەنەوە، پاڵاوگەو كۆمپانیا نایاساییەكانیان داخەن، ئەو هەموو نایاساییانەی لە سنورەكاندا دەیكەن بۆ هێنان  و بردنی كاڵای قاچاخ ڕاگرن و چەندان پێشێلكاریی زەقی یاسایی و ئەخلاقی تریش، ئەوجا بزانە خەڵك چۆن ناتوانن دەست درێژی بكەنە سەر موڵك و ماڵی گشتی و ئەگەر هەر كەسێكیش كردی لەناو خەڵكدا چۆن پێگەی لەق دەبێت و ناچار دەبێت مل بۆ یاسا دابنەوێنێت.

ئەوەی كە گوتم هیچی پاساو نیە بۆ ئەنجامدانی زیادەڕۆیی، زیادەڕۆیی هەركەس بیكات و قەبارەكەی هەرچەند بێت هەر یەك ماناو مەبەستی هەیە، ئەوەی كە ئەمڕۆ شۆستەی بەردەم دوكانەكەی داگیر كردووەو كۆنترۆڵی سەرشەقامەكەشی كردووە، ئەوەی كە خۆی كردووە بە خاوەنی گەڕەكیك ، ئەوەی لەناوەڕاستی شەقامەكاندا سندوقێكی داناوەو دوو سەلك سابوون دەفرۆشێت هەر زیادەڕۆیی و تەجاوزە بۆ سەر موڵكی گشتی، بەڵام بە تام و قەبارەی جیاواز، یەكەمیان بە ئاگایی تەواوو بە پشتیوانی هێزو بە حساب نەكردن بۆ یاساو داواكاری گشتی ئەنجامی دەدات و دووەمیان، لەناچاریی و كەم دەرامەتی و هەژاریی و قوڕبەسەریدا پەنای بۆ ئەو جۆرە كارانە بردووە، ئەگەر وا نیە، كێ لە ئێمە هەیە ئەو كارانەبكات و بەجارێك شۆفڵ بكەوێـتە ناو سەوزەو میوەكانمان و كەپر و خانوو دوكانۆچكەكانمان بڕوخێنێت و هیچیش نەڵێین؟

پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ:
بە پێی یاسا لێپێچینەوە لە هەموو سكاڵاو نیگەرانییەك ڕێكاری خۆی هەیە، ڕێكارێك كە لەبەرژەوەندی هەموان بێت و تەنانەت كەرامەتی مرۆڤی تاوانباریش ڕەچاودەكرێت، ئەوەی كە دەبینرێت بۆ لابردنی زیادەڕۆكان لە هەرێمی كوردستان ناشیرین دەدەن بەچاوەوەو بە شێوازێك دێتە بەرچاو بەشێك لە خەڵكی كوردستان و تەنانەت پەرلەمانتارانیش پێیان وایە ئەو جۆرە ڕەفتارانە لە ڕەفتاری بەعس دەچێت، ئەوانەشی كە لایەنگری لابردنی زیادەڕۆكانن هێشتا تێبینی و سەرنجیان لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی لابردنەكە هەیە. چ جیاوازییەك هەیە لە نێوان زیادەڕۆییەكانی سیتەك و دەباشان و مێرگەپان، لەگەڵ زیادەڕۆییەكەی فولكەكەی شاری سپی؟ مەگەر هەردوكیان ڕێگەی خەڵكیان نەگرتووە؟ ئەی خێرە یەكێیان بەشۆفڵ لادەبرێت و یەكێكی تریشیان لە گوڵ كاڵتریان پێ ناگوترێت؟
پرسیار ئەوەیە بۆچی لە سەرەتای دروستبوونی زیادەڕۆیی كەمتەرخەمی دەكەن و شلی دەكەنەوە تا دەبێتە دیاردەو دواتر بەو شێوەیە هەڵدەكوتنە سەریان، مەگەر تێچوونی ئەو كارە كەمتر نیە؟ مەگەر دەمێكە نەیانگوتووە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن؟