25/11/2018
بۆ ئەوەی ئاستی هوشیاری و پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەكت بۆ دەربكەوێت بڕۆ سەیری كتێبخانەكانی بكە، ئەگەر ویستت بزانی چ ماڵێك هەناسەی رۆشنبیری و تێگەیشتن تێیدا خەفە نەبووە بزانە كتێبخانەیان هەیە؟ ئەمانە رووی راستەقینەی هەموو ئەو كۆمەڵگایانەن كە خەمی رۆشنبیری و داهاتووی نەوەكانیانە، كوردیش لە سەردەمانێكدا نەك هەر لە كاروانی رۆشنبیری و پێگەیاندنی نەوەكانیدا كەمتەرخەمی نەكردووەو لە دواوە نەبووە بەڵكو شاعیرو نوسەرەكانی خەڵكانی لەبەرچاوو بوون ، هەر بۆیە دەمێكە گوتویانە (باشترین هاوڕێ كتێبە)..
بەڵام لە ئێستەدا بایەخی كتێب و نوسەرەكان كەوتونەتە ژێر پرسیارێكی جدییەوە: ئاخۆ ئەگەر كتێب و كتێبخانە ئەوەندە بایەخیان هەیە، بۆچی حاڵی كتێبخانەو كتێب و نوسەرەكانی كورد لە خراپترین حاڵیدایە؟
چەند ساڵێك پێش ئێستە ژمارەیەك نووسەر لە شاری كەركووك سەرجەم بەرهەمە چاپكراوەكانی خۆیان سووتاند، دواتر هەندێك خوێنەر كەوتنە سوتاندنی كتێبی هەندێك نووسەر، نوسەرەكان كە دەبوو پێشەوایەتی خەڵك بكەن و ببنە ڕێنماو رۆشنكەرەوەی رێگەی تاریكی خەڵك كەچی وەك خەڵكی سادەو دوور لە كایەی مەعریفی ئەوانیش كەوتنە بەردەم بەرداشی حیزب و لەبری ئەوەی بەرپرسە حیزبیەكان سەرە بگرن بۆ كڕینی كتێبێكیان، كەچی بە پێچەوانەوە ئەوان لەبەر دەرگاو پرسگەكانی ئەواندا دەیان عەریزەو سكاڵا حاڵ و داخوازییان پێشكەش دەكرد بۆ ئەوەی پارەی چاپكردنی كتێبەكانیان بۆ دابین بكرێت، ئەوە نەبێت هەموو نوسەرەكان و قەڵەم بەدەستەكانی كوردستان لەو شێوەیە بووبن، هەیانبوو سەری خۆی هەڵگرت و كوردستانیان بەجێهێشت، ئەوان چیتر وەك خەڵكی بەش مەینەتی ئەم هەرێمە نەژیان و بە جۆرێك لە جۆرەكان بەجێیان هێشتن، تاك و تەراشیان هەر لە دوورەوە و جارو باریش دێنەوە و سەرەقەڵەمێك دەگرنە دۆخەكەو دیسانەوە بەرەو تاراوگە تێی دەتەقێننەوە.
ئەوەی مەبەست بێت لەم وتارەدا گەورەكردن یان بچووك كردنەوەی هیچ یەكێك لەو بەڕێزانە نیە، هەر بۆیە بە هیچ شێوەیەك ناو و ناویشانی هیچ كەسێك نەهاتوە. بەڵكو ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە كە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە بۆچی نوسەرو بەرهەمەكانیان جێگەیان پێ لێژبووە، بۆچی بەرهەمی نوسەرێك بەئەندازەی كیلۆیەك خۆراك گرنكی پێنادرێت؟ ئەمەو دەیان پرسیاری تر، دیارترینیان ئەوەیە بۆچی كتێب و نوسین لەریزبەندیدا ناكەونە سەرەتاكانی پێداویستی كۆمەڵگەی ئێمە؟ بوون و نەبوونیان چی لە دۆخەكە دەگۆڕێت؟
ئەگەر سەرنج بدەینە دۆخی نەخوازراوی كتێب و نوسین دەبینین ئەوەندە بازاڕێكی شێواوو پڕ لە پشێوییە كە ئەو سەری دیار نیە، هەندێك تەنها وەك بژێوی سەیری دەكەن و هەندێكی تریش خراپ كەڵكیان لێوەرگرتووەو خۆیانی پێدا هەڵواسیوە، هەندێك خەریكی دزینی بیرۆكەو تێكستەكانن و لەكەداركردنی پرۆسەكەن، هەندێكی تریش هەموو خولیاو خەیاڵیان خوێندنەوەی كتێبێك یان گفت و گۆكۆدنەوە لەبارەی كتێبێكەوە، بەڵام بە وردبوونەوەی زیاتر بۆمان دەردەكەوێت نوسەرانی كورد دابەش بوون و هەریەكەیان رووی لە لایەكەو هەریەكەشیان گۆرانی بۆ لەیلاكەی خۆی دەڵێت و لە راستیشدا لەیلا نە ئەمیانەو نەئەویان(وەك پەندە عەرەبیەكە دەڵێت).
هەرچی بەرەی یەكەمە ئەو نوسەرو قەڵەم بەدەستانەن كە لە خولگەی حیزبەكانی كوردستاندا دەخولێنەوە، ئەمانەیان (یان) ئەوەیە خۆیان نەناسیوە (یان ) هۆكارێكی خۆیان هەیەو بە دوای پارچە نانێكی ژیانەوەن، ئەمە جگە لەوەی هەندێك لە بەرپرسە باڵاكانی كوردستان ئەوەندەی بایەخ و گرنگییان داوە بە نوسەرە بیانیەكان و ئەوانەی نێوخۆی كوردستان جێگەی بایەخ نین بۆیان، مەگەر ئەو نموونانە لەبەر دەستی هەریەكێك لە ئێمە دا نیەو لانی كەم چەند ناوێكان لەو بارەیەوە بیرنایەتەوە. ئەمانە هەندێكیان بەردەوامن لەسەر كارەكانیان و بەڵام ژمارەیەك خەڵكی دیاریكراوی حیزبی نوسراوەكانیان دەخوێننەوە ئەوانی تر یش وەك نووسەری (دەربار) لێیان دەڕوانن، ئینكاری ئەوەش ناكرێـت لەنێو ئەم بەرەیەدا نوسەر و شاعیر و قەڵەم بەدەستی زۆر باشیان تێدا هەڵكەوتوەو ئەگەر پارێزگارییان لە خۆیان و پێنوسەكانیان بكردایە دەكرا وەك شاكار لێیان بڕوانرایە، بەڵام بەداخەوە دەبینین وا دەرنەچوو، هەندێكی تر لەم نوسەرانە لەنیوەی رێگەدا پەكی دەكەوێت و ناتوانێت تا سەر بڕوات و وەستانەكەشی ئەوەندە لەناكاو دەبێت كە ڕەنگە لەماوەی دەیەیەكدا ناویشیان نەمێنێتەوە. زۆرمان بینی لە ناوەراستی نەوەدەكاندا و لەكاتی شەڕی ناوخۆدا پێنووسەكانیان خستبووە خزمەت لایەنێكەوە و تۆپ بارانی ئەو بەری دەكرد و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام دواجار كە پشتیان لێكرا (یان راستتر) كاریان پێیان نەما ئیتر وەك میزەڵدانێك فش بوونەوە، ئەمانەیان مەگەر لەبۆنەیەكدا ناویان بهێنرێت یان چاوت پیایاندا هەڵبتەقێت بیرت بكەوێتەوە كە خودا مەخلوقێكی لەو شێویە درووست كردووە، هەرچی نوسەران و قەڵەم بەدەستدانی ئەم بەرەیەیە بارگرانیەكی گەورە بوون بە سەر كتێب و هۆكارێكی راستەقینەن لە پاشەكشەی نوسین و كتێب و خوێندنەوە، هەر ئەمانەن بە ناراستی و نادروستی فوویان كردە هەندێك بەرپرسی نابەرپرس و وایان لێكردن خۆیان لێبگۆڕێت لە لەتوتكەی شاخێكی بەرزەوە خۆیان ببینن و ئەوانی تریش لەو پێدەشتەدا. زیانێكی تری ئەم جۆرە لە نوسەران زیانە لە پرۆسەی نوسینی جدی و نوسەری جدی و بە بیروباوەڕو قەڵەم خاوێن و زانست پەروەر. بۆیە حەق وایە یەكەم كەسێك كەلەسەر دۆخەكە بێتە قسە خودی نوسەرە جدیەكانن نەك خەڵكی تر. ئەم بەرەیە رۆژانە لێیان لەدایك دەبێت و لێیان دەمرێت، مردنێك كە هیچی لە خۆكوژی كومتر نیە.
هەرچی بەرەی دووەمە ئەو نووسەرانەن كە پشتیان لە نیشتیمان و زێدی خۆیان كردووەو تاراوگەیان هەڵبژاردووە، هەرچەندە مرۆڤ ئازادە لەوەی كوێ هەڵدەبژێرێت بۆ ژیان و چ وڵاتێك دەكاتە نیشتیمان، بەڵام دۆخی نالەبارو شڵەژاوی رۆشنبیری ئێمە لەوەدانیە خوێندەوارو قەڵەم بەدەستەكانی پشتی لێبكەن و بەتەنها جێی بهێڵن، نالەباری دۆخی ئەم نیشتیمانە ئەوەندە ئاڵۆزە كە پێویستی بە دەیان نووسەر و هەزاران كتێب و سەدان كتێبخانە هەیە تا لانی كەم هەڵسەنگاندن و هونەرەكانی ژیان بە باشی وێنا بكرێت و رووی راستەقینەی ژیانمان پیشان بدرێت.
ئەم بەرەیەش بوونەتەوە بە دوو بەش، یەكێكیان ئەوانەیانن كە هێشتا كۆڵیان نەداوەو بەردەوامن لە سەركارەكانیان و لەتاراوگەوە دەنوسن و هێشتا نووزەیان بەبەرەو ماوە، بوونی ئەم دەنگانە ئەوەندە كەم و پچڕپچڕە كە وەك پێویست وەڵام ناداتەوەو كاریگەریەكانیشی ئەوەندە نین كە جێگەی تێڕامان بێت، بەشێكی تریان ئەوانەن كە تووشی دابڕان و دووركەوتنەوە بوون و لەتاراوگە مژۆڵی ژیان و گوزەران بوون و گێژەڵووكەی تاراوگە ئەوانیشی پێچاوەو دەكرێت ناوببرێت بە خۆكوژی، ئەمانەیان لەبری ئەوەی كار لەسەر ئەوە بكەن بگەڕێنەوەو پێشەنگی خەڵكی بن بۆ ژیان و تێڕوانینیان بۆ دەسەڵات و سەروەری یاساو هەموو بوارەكانی تری ژیان، بەڵام ئەمان بەرگەیان نەگرت و خۆیان كوشت، جارێك لێرەوە هەڵاتن و جارێكی تریش لەوێ چوونەوە دۆخی مت بوون.
لەماوەی هەشت كابینەی حكومەتی هەرێم و چەندین خولی پەرلەماندا، نوسەران و روناكبیران چەند هەوڵێكی كەم و كورتیان هەبوو، كە نەیانتوانی دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن و بە یاسا پشتیوانی لەم چینە گرنگەی كۆمەڵگە بكەن و پرسی خوێندنەوەو كتێب و پرۆسەی نوسین بكەن بە پرسێكی نیشتیمانی و میری و نوسەرەكان لە دۆخی دەست پانكردنەوەو ناچاركردنەوە بگوازنەوە بۆ دۆخێكی سەرفرازانە، تا ناچار نەبن قەڵەمەكانیان بقەمچێننەوەو ناچار بە كڕنۆشبردنیان نەكەن بۆ ئەو حیزب و كەسانەی كە دەبێت راست بكرێنەوەو زۆرترین قسەیان لەسەر بكرێت.