گۆڕان و یەکێتی.. هەنگاوێک بۆ پێشەوە، ئاوڕێک بۆ دواوە

23/11/2019

عەدنان عوسمان

ناو بەناو بەرپرسێکی باڵای یەکێتی، باس لە باشبونی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ گۆڕان ئەکات، گوایە هەنگاوی باشی ناوە. من گومانم لەوە نیە دڵسۆزانێک لە نێو سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتی هەن، کە زۆر لەخەمی باشتر بونی پەیوەندی هەردولان وئەیانەوێت ئاستی هاوکاری و تەبایی باشتر و تۆکمەتر بێت. بەڵام بەداخەوە، هێشتا کێشەی زۆر هەیە کە دەبێت قسەی جدی لەسەر بکرێت، چونکە گەر تا ئێستا بە ئاسایی چوبێتە سەر، ئەوا مەرج نیە لە ئایندەشدا هەروابێت.

من نامەوێت باس لەو پۆستانە بکەم کە ئیستحقاقی گۆڕانەو هێشتا یەکێتی ئامادە نیە هیچیان رادەستی گۆڕان بکات بە گوێرەی رێکەوتنەکان و بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان. قسەکردن لەسەر ئەوە هەرچەندە گرنگیشە، چونکە ئاماژەیە بۆ نیەتی باش و روحی شەراکەت و پێکەوە کارکردن و وەلانانی قۆرخکاری، بەڵام لەوانەیە وا تەفسیر بکرێت کە گۆڕان تەنها لە خەمی پۆست و پلەکاندایە.

بەڵام کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری هەیە کە ناکرێت جەختیان لەسەر نەکرێتەوە:

یەکەم: دوای ساڵانێک لە قسەوباس لەسەر دور خستنەوەی دەستی حزب لە دەزگاکان و بەتایبەت لە خوێندن و پەروەردە،  کەچی وا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ داین، هیچ کات وەک ئێستا حزب و بەرپرسی حزبی دەستی نەخستۆتە هەمو جومگەکانی حکومەتەوە بەتایبەت کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا. لە بارەگای حزبەوە بەرێوەبەر و بەرپرس و تەنانەت فەڕاش و کارگوزار دائەنرێت و ئەگوازرێتەوە! لە بارەگای حزبەوە بڕیار بە گەمارۆ خستنە سەر کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و خاوەن بڕوانامەو شایستەی کارگێری ئەدرێت تەنها لەبەر ئەوەی گۆڕانن یا حزبی ترن لەدەرەوەی یەکێتی! ئاخر بە چ مەنتقێکی کارگێڕی، کەسانێک کە هەمو مەرجە زانستی و شایستەییەکانیان هەیە، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی بێلایەنن، سەربەخۆن، حزبی ترن، یابەدڵی مەڵبەند و دەزگای حزبی نین، فەرامۆش و پەراوێز ئەکرێن؟؟

دوەم: دەزگای ئاسایش کە هەمو هەوڵێکی دڵسۆزانەو و خەمخۆرانەیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەو گیانی هاوڵاتیان جێگای ستایش و دەستخۆشیە، بەڵام هێشتا سەد دەر سەد لە سەرەوە تا خوارەوە سەر بەحزبن و مەرجەعیەتیان هەیئاتی حزبیە. بەرپرسە باڵاکانیان ئەندامی سەرکردایەتین و کادرەکانی تریشی لەلایەن حزبەوە دیاری ئەکرێن و بەهیچ شێوەیەک رێگە بەهیچ توانایەکی تر، گەنجی سەربەخۆ یا سەر بەلایەنی تر، نادرێت گەر وەلائی موتڵەقی بۆ حزب نەبێت.

سێیەم: هێزی پیشمەرگە، سەرباری ستایشی زۆرمان بۆ فیداکاری و قارەمانێتیان دژ بە داعش و مێژوی دێرینیان، بەڵام کەس و تەنانەت خودی بەرپرسە باڵاکانی هەرێمیش ناتوانن نکۆڵی لەو راستیە بکەن کە ئەو هێزە سەرتاپا حزبیەو لەلایەن سەرکردایەتی حزبەوە ئاراستە ئەکرێت. یا ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی سەرپەرشتیان ئەکات.

بەداخەوە کەلەم دوو دەزگا گرنگە، هیچ دەرفەتێک بۆ کوڕ و کچی نیشتمان نەبێت دامەزرێن، گەر بەمەرجی لایەنگری و پشتگیری حزبی نەبێت.

چوارەم: کۆمەڵێک بوار و کەرتی تر هەیە کە دەکرێ تەنها بە کورتی ئاماژەیان پێ بدەم، مەترسیدارترینیان دەستێوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری، قۆرخکردنی بازاڕ و کەرتی ئابوری و سنورەکان و دزەکردنە لەمەرزەکانەوەو کۆمپانیای ئەمنی ووو هتد. پێویست بە وتنیش ناکات کە ئەوەی لێرە روئەدات رێک کۆپیەکی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیەو لەوێش هەم ئاسایش و هەم پیشمەرگەو هەم بوارەکانی تریش سەرتاپا حزبین و لە ژێر هەیمەنەی حزبدان.

ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، بەم عەقڵیەت و شێوازی کارەوە، چۆن روبەڕوی گۆڕانکاریەکان ئەبینەوە؟ چۆن ئەتوانین وڵاتی هاوڵاتی و دەزگای سەربەخۆی دەوڵەتداری کە موڵکی حکومەت بێت نەک حزب دروست بکەین؟ چۆن ئەتوانین پەیوەندی تەندروست لە نێوان هێزە چەکدار و هێزە بێچەکەکان بنیاتبنێین؟ وە چۆن ئەتوانین پێکەوە هەنگاو بەرەو چاکسازی و هەرێمێکی ئاوەدان و مەدەنی  بنێێن؟.

بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندی گۆڕان و یەکێتی، داواکاریەکی بەردەوامی خەمخۆر و دڵسۆزانی هەردولایەو پێم وانیە جگە لە بونی ئەو پەیوەندیە تەندروستە، هیچ بەدیلێکی ترمان هەبێت، تەنها ئەوەش لە خزمەتی خەڵک و خاک و ئایندەی میلەتەکەو هەرێم و ئەم دەڤەرەشە.

 بەڵام کێن ئەوانەی ئامادەن بە روح و نەفەسێکی تازەو دڵسۆزانەو بەرپرسانەوە، دور لە گرێکانی رابردو، دەستیان دێنن و دەبنە شەریک لەو پرۆسەیەدا؟ هەرێم بە گشتی و ئەم دەڤەری سلێمانیەش بە تایبەتی، پێویستیان بە هەنگاوی خێرایە، عەقڵیەتی کۆنی قۆرخکاری حزبیی، جگە لەوەی نەزۆک و بێئاکامە، ئیتر وا وردە وردە خەریکە شەپۆلە خێراکان راپێچی ئەکات. نەوە تازەکان، ژیان و سەقامگیریان ئەوێت، ئەوەش بەو عەقڵیەتە ناکرێت. ئیتر ئەبێ تێبگەین!