26/03/2019
لامەرکەزیەت گرنگترین خەسڵەتی کۆمەڵگەی نوێ و دیموکراتیە، بەجۆرێک وەک لازم و مەلزومی یەکترن. بۆیە ئەستەمە حزبێک ئیدعای دیموکراسیخوازی بکات، بڕوای تەواوی بە لامەرکەزیەت نەبێت لەهەمو بوارەکاندا. بەڵام ئەو لامەرکەزیەتەی هەندێک لێرەو لەوێ و بەتایبەت هەندێ ناوەندی یەکێتی باسی لێوە ئەکەن، جگە لە دروستکردنی مەرکەزیەتێکی تر لەناوچەی سلێمانی هیچی تر نیە. ئەوەی ئەوان ئەیانەوێت تەنها دابەش کردنی مەرکەزیەتی هەرێمە بۆ دوو ناوچەی مەرکەزی لەژێر فەرمانڕەوایی رەهای خۆیاندا. ئەمە جۆرێکی ترە لەمەرکەزیەت، کە تەنانەت سنورەکانی تریش ئەبەزێنێت و تەنها مەبەست لێێ زاڵکردنی مەرکەزییەتی حزبیی و لە حزبیشدا هەندێک کارەکتەری دەسترۆیشتوە. ئەو پەیامانە بەشێک نین لەهەوڵی دابەشکردنی هاوسەنگیانەی دەسەڵات بەسەر پارێزگاو ناوچەو قەزاکاندا لەسەر بنەمای شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
تۆ لەکاتێکدا ئەتوانیت جەنگێکی نەوعی دژ بە مەرکەزییەت بکەیت، کە جیاواز بیت، کە تێگەیشتنێکی تری سەردەمیانەت بۆ ئیدارەدان هەبێت، بەڵام کە تۆ بەهەمان شێوە، دەسەڵاتی حزب و حکومەت لە نێو بنەماڵەدا دابەش ئەکەیت و شەڕی دەستگرتنە سەر جومگەکانی ئەکەیت، وە مافی حزبەکانیتر ئەخۆیت و ئازاری لایەنگرانی ئەدەیت، ئەوا نەک هەر ئەتەوێت مەرکەزیەتێکی ئیداری توند و سەختتر لەم ناوچەیە دابڕێژیت، بەڵکو ئەتەوێت ئیقتاعیەتێکی بنەماڵەیی و حزبی جێبکەیتەوە لە فەزایەکی زۆر نامۆ بەو عەقڵیەتەدا.
لامەرکەزیەت لەسەرجەم کوردستان و بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانیدا پێویستی بە دوو فاکتەری یەکلاکەرەوە هەیە بۆ ئەوەی سەربگرێت: بڕوابون بە دابەشکردنی دەسەلاتەکان و فرەیی و پێکەوە کارکردن، وە هاوئاهەنگی و هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسیەکان بەتایبەت لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا. گۆڕان لە روی جەماوەریەوە لە ئێستادا لە ناوچەی سلێمانی هێزی یەکەمە، کەچی هەندێک ناوەندی بڕیاری یەکێتی بەچاوی نەوەدەکان و سەرەتاکانی دوو هەزار سەیری ئێرە ئەکەن و خۆیان بەتەنها وەسی و خاوەندی ئێرە ئەزانن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ عەقڵیەتی پاوانخوازی نەک لامەرکەزی.
گۆڕان و لامەرکەزییەت:
یەکێک لە پایە بناغەییەکانی گۆڕان بڕوابونی تەواوە بە لامەرکەزیەت لە ئیدارەدانی وڵاتدا. پێویستە گۆڕان چ لە رێکەوتن و چ لە کارنامەی پەرلەمانی و حکومیدا، بە جدی کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکات و بەسەرخەتی ئیشکردنی خۆی بزانێت.
سەرۆک لەناوخەڵک، سەرۆک لە پەرلەمان:
گۆڕان بڕوای بە سیستەمی پەرلەمانی هەیە. لەدوای ئەم دێڕە ئیتر دەبێ بوەستین، چونکە ئەو رستەیە وردناکرێتەوە. سیستەمی پەرلەمانی سیمای خۆی هەیەو جیای ئەکاتەوە لە سیستەمەکانیتر کە ئەوانیش هەر بەشێکن لە فەزای دیموکرسیانەی کۆمەڵگاکان. گۆڕان جەخت لەوە ئەکاتەوە سیستەمەکە پەرلەمانی بێت و هەمو دەسەڵاتەکان لە پەرلەمانەوە شەرعییەت وەرگرن و لەژێر رکێف و چاودێریدابن. ئەمە لە ئێستادا بە گونجاوترین سیستەم ئەزانێت بۆ کۆمەڵگای کوردستان کە بوار بە گەشەسەندنی ئابوری و سیاسی و ئیداریی ئەدات بەتایبەت لەم ساتەوەختی دابەشبونە سەخت و قوڵەی کۆمەڵگەکەمان بەسەر ناوچەی نفوزی جیاوازدا.