کۆدەکانی یاداشتی ڕێکەوتنەکەی رووسیا و تورکیا

24/10/2019

فەهیم تاشتەكین

گومانی تێدا نییە ئەو یادداشتەی دەرهاوێشتەی دیداری شەش سەعاتەی نێوان پووتین و ئەدرۆغان بوو، یەک لە قۆناغە هەرە هەستیارەکانی قەیرانی سووریا پێک دێنێت.

لە ڕوانگەی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ پێکهاتەی خۆسەر بە ڕێبەرایەتیی کوردەکان مافی ژیانی نییە؛ لە ڕوانگەی مۆسکۆشەوە دەستەبەر کردنی قۆناغی گەڕانەوەی سەر لەنوێی حکوومەتی سووریا بۆ ناوچەکە بەم یادداشتە پێ دەنێتە وەرزی دووهەمیەوە.
 
وەرزی یەکەم بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "کانیاوی ئاشتی" کە لەگەڵ گڵۆپی سەوزی ترەمپ و چوونە ناوەوەی تورکیا بۆ گرێسپی و سەرێکانی دەستی پێکرد و بە ڕێکەوتنی نێوان ڕژیمی سووریا و هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک و گەڕانەوەی سوپای سووریا بۆ هەندێ ناوچەی دیاریکراو و هەروەها قەبووڵکردنی ئاگربەستی سەد و بیست کاتژمێریی لە ژێر گوشاری ئەمریکادا و پاشەکشێی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک لە ناوچەکانیان بەردەوام بوو.

ترەمپ لە ژێر گوشاری کۆنگرەدا سەپاندنی سزای ئابووری وەک شمشێری دیمۆکلێس بە سەر سەری تورکیاوە ڕاگرتبوو گەر ئاگربەستە تێک بدات یان هێرشەکانی بەرفراوان بکات. ئەردۆغان بۆ  دیاریکردنی داهاتووی هێرشەکەی و دۆخی ناوچەکانی دیکە هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لەوەی لە دەرگای پووتین بدات. 

ڕووسیا و ئێران پێیان وابوو هەڵسوکەوتی تورکیا هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات

هەرچەندە یادداشتەکە ئەردۆغان، لە نێوان ئەو ئامانجانەی کە بۆ هێرشە سەربازییەکەی دیاریی کردبوو له‌گه‌ڵ گەمارۆکانی ئەمریکادا گیری خواردبوو و لە هەمان کاتدا نەیدەویست بەرەو ڕووی هاوبەشەکانی ئاستانە واتا ئێران و ڕووسیا ببێتەوە، تا ڕادەیەک ئاسوودە کردووە. بەڵام لە بنەڕەتدا ڕێگەی ستراتیژییەتی ڕووسیا  لە مەیدانی سووریادا دەکاتەوە.
 
ئەگەر یەک بە یەک لە سەر بڕگەکانی یادداشتەکە ڕاوەستە بکەین، دۆخەکە بەم شێوەیە: 
بڕگەی یەک: "هەر دوو لایەن دان بە یەکێتیی سیاسیی سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیادا دەنێن."
لە بنچینەی پێکهاتنەکانی ئاستانەشدا ئەمە هەیە. بەڵام ڕووسیا و ئێران پێیان وابوو هەڵسوکەوتی تورکیا هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات. بۆیە لەم بڕگەیەدا ئەوە دووپات دەکرێتەوە.

بڕگەی دوو: "جەخت لە سەر هه‌ماهه‌نگبوونی لایەنەکان بۆ تێکۆشان لە دژی هەموو شێوە و بیچمێکی تێرۆریزم و پووچەڵ کردنەوەی جووداییخوازیی لە خاکی سووریادا دەکەن."
ئەم بڕگەیە زیاتر ڕەنگدانەوەی زمان و داڵغەکانی تورکیایە. ڕووسیا هەرچەندە  ڕەخنە لە ئەمریکا دەگرێت کە کوردەکان بەرەو جوداییخوازیی هان دەدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل و پارتی یەکیەتیی دیمۆکراتیک بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی نازانێت. بە پێچەوانەوە پووتین لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا  سەرەڕای ئەوەی تورکیا بە پێداگرییەوە لە دژی بوو، جەختی لەوە دەکردەوە پێویستە کوردەکان کێشەکەی خۆیان بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ سووریا چارەسەر بکەن. ئەوانەشی کە پووتین وەک ڕێکخراوی تێرۆریستیی دەیانبینێ ئەوانەن لە ئەردۆغان مۆعامەڵەی "سوپای میللی"یان لەگەڵ دەکات. ئەم بڕگەیە بە واتای گۆڕانکاریی لە روانگەکاندا نایەت.

بڕگەی سێ: "لەم چوارچێوەدا بەڕێوەبەرایەتیی بەجێکراو لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بە قووڵایی ٣٢ کیلۆمەتر کە سەرێکانی و گرێسپیش لە خۆووە دەگریت، دەپارێزرێت."
مانەوەی تورکیا لە گرێسپی و سەرێکانی و کونتڕۆڵکردنی بۆ ماوەیەکی نادیار لە ئێستادا گرنگترین دەستەکەوتی ئەردۆغانە. دەتوانێ هەبوونی سەربازیی خۆی لەو ناوچانە وەک کارتێک بە کار بێنێت و مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. ڕووسیا ئەو کاتەی هێشتا هێرشی کانیاوی ئاشتیی درێژەی هەبوو توانیی ڕێکەوتنی نێوان ڕژیمی سووریا و هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک بەدی بێنێت و بە دوور ڕاگرتنی سوپای سووریا لەو دوو ناوچە پێشی بە شیمانەی پێکدادانێکی نێوان ئەم دوو هێزە گرت. ئەم هەڵوێستە گریمانەی لە دایک بوونی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لێکەوتەوە، بەڵام بۆ دامەزراندنی ئەمە پێشبینیی کراوە داوای پاشەکشێی تورکیا لە ڕۆژئاوای فورات بکرێت. سەبارەت بە کێشەی ئیدلیبیش وتووێژ کرا بەڵام ناوەرۆکەکەی ڕانەگەیەنراوە. لە ئێستا بەدواوە قۆناغی ڕۆژئاوای فورات لەوانەیە خێراییەک بە خۆوە بگرێت. سێ شه‌ممه‌ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا دیداری لەگەڵ سەربازەکانی لە ئیدلیب کرد، لەوانەیە ئەمە ئاماژەیەک بێت.

مانەوەی تورکیا لە گرێسپی و سەرێکانی و کونتڕۆڵکردنی بۆ ماوەیەکی نادیار لە ئێستادا گرنگترین دەستکەوتی ئەردۆغانە

بڕگەی چوار: "هەر دوو لایەن ته‌ئكید له‌ گرنگیی جێبه‌جێكردنی ڕێکەوتنی ئه‌دانه‌ ده‌كه‌نه‌. ڕووسیا لە هەلومەرجی ئێستادا ئاسانکاریی بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئه‌دانه‌ دەکات."
ئەم بڕگەیە کاکڵەی باسەکەیە. ڕووسیا لە مێژە بۆ سەرلەنوێ هێورکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا و کۆتایی هێنان بە دینامیکەکانی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکەدا دەیوست کەڵک لە ڕێککەوتنی ئه‌دانه‌ وەربگرێت. بە ئێعتیباری ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە پێویست بوو ئەردۆغان لەگەڵ حکوومەتی سووریا کە دانی بە مەشرووعییەتەکەیدا نەدەنا، هاوئاهەنگ بن. بەردەوامیی ئەمە دەبێتە ئەوەی کە دەست لە دەستی شام بنێت. ڕووسیا بۆ یەکەمجار توانی ئەمە بخاتە ناو دەق و بیکات بە بەڵێنێک. بەڵام ناوەرۆک و توانای جێبەجێ کردنی ئەم ڕێکەوتنە جێی باسە. ئەم ڕێکەوتنە کە لە هەر دوو لایەنەوە پێگەی ڕێککەوتنێکی نێودەڵەتیی پێنەدراوە، هەڵگری حوکمێکی وەها نییە کە تورکیا بتوانێ پێنج تا دە کیلۆمەتر بچێتە نێو خاکی سووریاوە. دەڵێن لە بڕگە شاراوەکانی پەیمانەکەدا هاتووە. بەڵام نازانین لە ڕاستیدا چ دەبێ. شام تەنانەت دان بەو ڕێكکەوتنەشدا نانێت، جگە لەوەش دوو پەیمانی ئاسایشیی هەیە کە ٢٠١٠ ئیمزا کراوە و ٢٠١١ لە پاڕلەماندا پەسەن کراوە و هەر ئەوەش شوێنی ئەم پەیمانەی گرتۆتەوە. زیاتر لە باسکردنی ئەم لایەنە تەکنیکییانە گرنگیی ئەوەی کە ڕووسیا جەخت لەم پەیمانە دەکاتەوە ئەوەیە کە دەیهەوێ تورکیا سنووردار بکات و پێوەندییەکانی لەگەڵ شام ئاسایی بکاتەوە.

 تورکیا ناچارە مانەوەی یەپەگە کە یوونیفۆڕمەکەی گۆڕیوە لە ناوچەکەدا قەبووڵ بکات

بڕگەی پێنج: " لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وە سەربازەکانی ڕووسیا و پارێزوانە سنوورییەکانی سووریا هێزەکانی یەپەگە بە چەکەکانیانەوە لەو ناوچە سنوورییانەی دەرەوەی ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی تا ٣٠ کیلۆمەتر دوور دەخەنەوە و خۆیان تێیدا جێگیر دەبن. ئەم کارە لە ماوەی ١٥٠ کاتژمێردا تەواو دەکرێت. هەر لە کاتژمێری دیاریکراوەوە گەشتی هاوبەشی ڕووسیا – تورکیا لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوچەی ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بە قووڵایی دە کیلۆمەتر دەست پێدەکات. ئەم گەشتە شاری قامیشلوو ناگرێتەوە."
لەگەڵ ئەم بڕگەیە تورکیا واز لەو سیاسەتەی دێنێ کە دەیویست سوپای سووریا لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە. ئەو هەڵوێستەی که بەردەوام دووبارە دەکرایەوە کە نابێ سوپای سووریا لە سنوورەکان نزیک ببێتەوە، پشتی بەم ئارگیۆمێنتە دەبەست کە "ڕژێمی سووریا مەشرووعییەتی خۆی لە دەست داوە و توانای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی نەماوە". بەم بڕگەیە ئەردۆغان نەخشە ڕێگای ئێران – ڕووسیا سەبارەت بە ڕادەستکردنی کونتڕۆڵی سنوورەکان بە سوپای سووریای قەبووڵ کردووە. بەڵام گەڕاندنەوەی هێزەکانی یەپەگە بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر ئامانجێکی بانگەشەکەرانەیە. هەسەدە پێشتر تەسلیم کردنی سنوورەکانی بە سوپای سووریا قەبوول کردبوو، لەم بابەتەدا هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام جگە لە گرێسپی و سەرێکانی پاشەکشێی ٣٢ کیلۆمەترییان قەبووڵ نەکردووە. ڕووسیا ئەم بەڵێنەی چۆن و بە چ شێوەیەک جێبەجێ دەکات بابەتێکی گرنگە. بە وتەی جەیمز جێفری نوێنەری ئەمریکا ڕووسەکان لەمەدا سەرکەوتوو نابن. پلانێکی وەک جێگیرکردنی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک لە سوپای سووریادا لە ژێرناوی فەیلەقی پێنجەم لە ڕۆژەڤدایە. گەر ئەم پلانە بەڕێوە بچێت، تورکیا ناچارە مانەوەی یەپەگە کە یوونیفۆڕمەکەی گۆڕیوە لە ناوچەکەدا قەبووڵ بکات. نازانین لە سەر ئەم بابەتانە چ وتووێژێک کراوە. گەر یەپەگە بخرێتە سەر سوپای سووریا بەردەنگی گەشتی هاوبەشی تورکیا و ڕووسیاش دەبێتە سوپای سووریا ئەوکات ئەم گەشتانەش هێچ مانایەکی نامێنێت. ئەدرۆغان بەهیوا بوو لێرەش هەروەک ئیدلیب ١٢ خاڵی پشکنین دابنێت بەڵام لە دەقەکەدا هیچ باسێک لەمە نەکراوە.

سیناریۆی پەیوەستبوونی یەپەگە بە سوپای سووریاوە دەتوانێ ئەو دەرنجامانەی کە تورکیا بە ئاواتی ناخوازێ لە مینبەج و تەلڕەفعەت لەگەڵ خۆیدا بێنێ

بڕگەی شەش: "هێزەکانی یەپەگە بە چەکەکانیانەوە لە ناوچەکانی مینبەج و تەلڕەفعەت دەر بکرێن."
دیارە مینبەج کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای فوراتەوە پێشتر ڕادەستی هێزی پۆلیسی سەربازیی ڕووسیا و سوپای سووریا کراوە بۆیە چیدی بڕگەیەکی لەم چەشنە سەبارەت بە مینبەج گرنگییەکی ئەوتۆی نییە چون ئاسایشی مینبەج لە لایەن ئەنجومەنی سەربازیی مینبەجەوە دەستەبەر دەکرا. هەرچەندە پێشتر بابەتێکی دانوستان لەگەڵ ڕووسەکان بوو، بەڵام سەبارەت بە دانانی لەدەقەکەدا تەنیا بەشی تەلڕەفعەتەکە نوێیە. تەلڕەفعەت کۆریدۆری  نێوان عەفرین و مینبەجە. یەپەگە ساڵی ٢٠١٨ کە عەفرینی لەدەستدا کشایەوە بۆ تەلڕەفعەت. ئێستا کشانەوەی یەپەگە لەوێ زەبرێکی قورس دەبێ لە هەوڵەکانی گەڕانەوەی یەپەگە بۆ عەفرین. بەڵام سیناریۆی پەیوەستبوونی یەپەگە بە سوپای سووریاوە دەتوانێ ئەو دەرنجامانەی کە تورکیا بە ئاواتی ناخوازێ لە مینبەج و تەلڕەفعەت لەگەڵ خۆیدا بێنێ. کە ئەمەش بە نیسبەت هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیکەوە دۆخێکی نوێ دەبێت کە هەڵگری ئەو پێشنیارەیە کوردەکان لەگەڵ سوپای سووریا بچنە نێو شوێنی وەک عەفرین و ئیدلیب. ئەمەش هاوبەشییەکە کە ئەردۆغان بە هیچ شێوەیەک حەزی بە بینینی نییە.

بڕگەی حەفت: "هەر دوو لایەن ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پێشگرتن لە دزە کردنی تێرۆریستەکان دەگرنە بەر."
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو شوێنانەی لە ٢٠١٢وە کوردەکان تێیدا جێگیر بوون، هێمنترین ناوچەی سەر سنووری تورکیا – سووریان. ئەگەر میکانیزمی پێکدادان لە نێو بچێت، پێویست ناکات بۆ پاراستنی سنوورەکان دونیا هەلبستێنێتە سەر پێ. 

لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە نەخشەی ناوچە ئارامەکەی ئەردۆغان حوکمی خۆی لە دەستدا

بڕگەی هەشت: "خەباتی هاوبەش بە ئامانجی ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەی پەنابەرەکان بە شێوەی ئەمن و خۆویست."

لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە نەخشەی ناوچە ئارامەکەی ئەردۆغان حوکمی خۆی لە دەستدا. بە حسێب دوای کردنەوەی ناوچەی ئارام بە قووڵایی ٣٢ کیلۆمەتر و درێژایی ٤٨٠ کیلۆمەتر تا ژێر جاددەی M4 دەڕۆیشت و هەر دوو ملوێن پەنابەرەکەی لەم ناوچانە نیشتەجێ دەکرد. بە پێی ئەوەی ئەم نەخشە بۆتە بڵقی سەر ئاو، پلانەکانی بۆ پەنابەرانیش بوو بە خەیاڵ. تاکە بژاردەی مومکین بۆ گەڕانەوەی پەنابەرەکان کۆتایی‌هێنان بە شەڕ و هاوتەریب لەگەڵ چارەسەریی سیاسیی، سەقامگیر کردنی ئاقارێکی ئەمن و هێورە. تا ئەو کاتەی تورکیا هێزە سەد ودە هەزارییە جیهادییە تاڵانگەرەکە لە ژێر ناوی سوپای میللیی لە ناوچەکە ڕاگرێت و پشتیوانیی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی سەر بە ئەلقاعیدە بکات، ئارامیی سەقامگیر نابێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا ڕێگایەکە بۆ چالاک ڕاگرتنی دینامیکی شەڕ و پێکدادان. بەڵام لەم بڕگەدا باسکردن لە خەباتی هاوبەش بە واتای ئەوە دێت کە لە ڕێگەی ڕووسیاوە بە بەردەنگ گرتنی شامیش بژاردەیەکی حاشاهەڵنەگرە.

بڕگەی نۆ: " بە ئامانجی هاوئاهەنگی و چاودێریی جێبەجێ کردنی ئەم ڕێککەوتنە دامەزراندنی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ چاوەدێری و بە ڕاست گەڕاندنی."

چالاک بوونی هاوئاهەنگیی نێوان ڕووس – تورک بە هاتن و چوونەکانی، بەردەنگەکانی سەرسووڕماو دەکات و لەوانەیە  زۆر زیاتر لەمە ئەمریکا بخاتە دەرەوەی یارییەکە. ناوەندی جموجۆڵی هاوبەشی تورک – ئەمریکا ببووە هۆی لە دەرەوە مانەوەی ڕووسیا و ئێران. ئینجا نۆرەی ئەمریکییەکانە.

بڕگەی دە: " لایەنەکان لە چوارچێوەی میکانیزمی ئاستانەدا بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بمێنن لە سووریادا بەردەوامیی بە هەوڵەکانیان دەدەن و یارمەتیی کار و چالاکییەکانی لێژنەی ئامادەکاری یاسای بنەڕەتیی دەدەن."

تورکیا ڕێگەی بەوە نەداوە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیمۆکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە لێژنەی ئامادەکاری یاسای بنەڕەتیدا ناوی بهێنرێت. ئەمە کەموکوڕییەکە کە گەرەنتیی سەرکەوتوو نەبوونی هەوڵەکانی لێژنە دەکات. چاوەڕوانیی ئەوە ناکرێت تورکیا لەم هەڵوێستەدا نەرمیی بنوێنێت، بەڵام بە پێداگریی ڕووسیا دەستپێکردنی قۆناغێکی هاوتەریب، حاشاهەڵنەگر دەنوێنێ، واتا قۆناغێک کە کوردەکانیش لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ شامدا لە سیستەمەکەدا جێگیر بکرێن. ئەردۆغان بۆ شێواندی ئەمە چیی لە دەسست بێت درێغیی ناکات، پێچەوانەی ئەمە وێنا ناکرێت.

کوردەکانیش هەم لایەنگری کار کردن لەگەل ئەمریکا و هەم مانەوە لە دانوستان لەگەڵ ڕژیمی سووریان. گرنگ ئەوەیە هاوسەنگییەکان چۆن ڕابگیرێت

وەڵامی کوردەکان بۆ ئەم بڕگانە چی دەبێت؟ چه‌ند رۆژی رابردوو لە جێی کاردانەوەی توند ڕێگەی هەڵسەنگاندنیان گرتە بەر . ڕووسەکان کە لەگەڵ تورکیا خەریکی موعامەلە بوون لەگەڵ کوردەکان دەربارەی چی و چەندە قسەیان کرد؟ لە قۆناغی دواییدا چ کاریگەرییەکی لە سەر بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنیی ناوەندی شارەکان و مەجلیسە سەربازییە خۆجێییەکان دەبێت؟ ئەمانە بەردەوامیی پڕۆژەی خۆسەرین. هەڵاوارندی قامیشلوو لەم بابەتەدا ئاماژەیە بۆ چەشنێک لە نەرمی نواندن.

بێگومان ئەنجامەکانی ئەم ڕێککەوتنە و کاردانەوەی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک؛ گرێدراوی ئاستی پێشکەوتنی ڕێککەوتنەکەی نێوان کوردەکان و ڕژیمی سووریا و نواندن یان نەنواندی هەڵوێستێکی نوێ لە لایەن ئەمریکاوەیە. کاربەدەستانی ئەمریکا باسی بەردەوامیی کار و چالاکییەکانیان لەگەل هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک دەکەن. کوردەکانیش هەم لایەنگری کار کردن لەگەل ئەمریکا و هەم مانەوە لە دانوستان لەگەڵ ڕژیمی سووریان. گرنگ ئەوەیە هاوسەنگییەکان چۆن ڕابگیرێت. لەگەڵ دەستێوەردانی تورکیا کوردەکان ڕوویان لە شام کرد، ڕووسیا لە ئێستا بەدواوە لە ئیدلیب جێگیر دەبێت و دوای ئەوەش داوا لە تورکیا دەکات  ڕێز لە یەکەم ماددەی ڕێککەوتنەکە بگرێت. واتا بێ ئەوەی زۆر پەلە بکات لە دواییدا پێێ دەڵێ: "ئینجا نۆرەی تۆیە پاشەکشێ بکەی".