رۆژئاوا لە هەمبەر بەرداشەكاندا چی بكات؟

08/10/2019

گۆریان هەڵەبجەیی

دوای ئەوەی جاری پێشوو  ترامپ لە ڕێگای تویتەكەی خۆیەوە بڕیاری كشانەوەی هێزی سەربازی وڵاتەكەی لە رۆژئاوا راگەیاند، زەمینلەرزەیەك لە ئیدارەی  وڵاتەكەی رویدا و سەرباری نیگەرانییەكان بەرپرسێكیش دەستیان لە كاركێشایەوە، شەوی دوو شەممەش لە پەراوێزی ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆلێكی بازرگانی لە گەڵ یابان، ترامپ رایگەیاند كە چیدی وڵاتەكەی نابێتە پۆلیسی ناوچەكە و هێزی سەربازی لە باكوری سوریا دەكشێنێتەوە . 
دیدی ترامپ بۆ كشانەوەی هێزی وڵاتەكەی لە سەرێكەوە گەڕاندەوە بۆ تێچوی ئەو هێزەی كە لە وێیە و  گوتی تا ئێستا دوو ترلیۆن دۆلارمان خەرج كردوە، وە لەروی سەربازیشەوە تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەبوو كە لە كۆتاییدا لەو چوارچێوەیە كۆ دەبێتەوە كە لە روی سەربازیەوە گرنگی مانەوەیان لەوێ نیە . 
بڕیاری یەكەم و دووەمی ترامپ دەرهاویشتەكانی لە یەك ئەچن و جیاوازییەكی جەوهەری لە نێوانیان نیە، مەگەر تەنها لە روی كات و تەكنیكە راگەیاندنەوەكەوە نەبێت ، چونكە ئەگەر بەراورد بكەین لە گەڵ بەرئەنجامی حاڵەتی یەكەم و دووەم دەبینین داڕشتنی لایەنەكان  لە یەك دەچن و هەریەكەیان بۆ خۆیان كاراكتەر بونیان لەو وڵاتە هەر لە بنەڕەتەوە دیارو رون بوە، تەنانەت ئەو بابەت و نوسراوانەش كە  ئەو كات ئێستاش دەنوسرێن جیاوازیەكی ئەوتۆیان نیە.
رەنگە بوترێت ئەو كات پارچەكانی ( s400 )  نەگەشتبونە دەست توركیا . ئەمریكا دەیویست بە كڕینی فرۆكە سەربازیەكەی توركیا بەرەو فەلەكی خۆی رابكێشێت  ، راستیەكەی لەوەدایە كە لە  روی پلانی ستراتیژی لایەنەكان بەو شێوە  نیە، چونكە ئەو مامەڵە و سەودایە كۆتاییەكەی لایان دیار بوو، وە دابەشبونی ناوچەكەش پێشبینیە دورەكەیە و هێشتا هەندێ  وڵات  كە پێویستە بێنە ناو كێبەركێكەوە نەبوەتە واقع . 
كاتێ سەیری ئەم دیمەنەی ئێستا ئەكەین كۆماری مەهابادمان بیر ئەكەوێتەوە كە ئیدارەی خۆجێیی ئەو كات دەیویست پەیوەندیەكانی لە گەڵ روسیا برەو پێبدات و سودمەند بێت لە كۆمەكی و یارمەتی شورەوی ، ئەمەش جێگای دڵخۆشی وڵاتێكی وەك ئەمریكا نەبوو ، ئێستاش ئەمریكا پرسیار ئەكات ئەگەر ئێمە لەوێ‌ بمێنینەوە  ئایا دەستمان ئەگات بە نەوتە رەشەكە لە كاتێكدا ئەم ئیدارەی ئێستا بڕبڕەی پشتی ئابوریە ؟ 
ئایا سیگۆشەی ئێران توركیا روسیا بەو جوگرافیایەوە ئەمریكا چۆن بۆی ئەكرێت رۆڵیان كز بكات و خۆی بكات بە پاوەری ئێستاو ئایندە  هەروەك چۆن لە عێراق بونی هەیە ؟ لەم دەلاقەیەوە ئەمریكا كشانەوەی ئەگەرە مەحاڵ نیە ، بەرژەوندیە مرۆیی نی ، ئایندەیە ئێستا نیە . 
دوابەدوای ئەو لێدوانە كۆشكی سپی لە رێگای راگەیەنراوێكەوە هەواڵەكەی بە جیهان راگەیاند نەتەوە یەكگرتوەكان ئاگایی دا لە مەترسی لێشاوی ئاوارەبون  دا و مەترسی هێرشی سەربازی  رون كردەوە ، یەكێتی ئەوروپا 
نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە راگەیاند، فەرەنسا كەمێك زیاتر نیگەرانەو توركیا لە ئەگەری هێرشی سەربازی ئاگادار ئەكاتەوە ، روسیا وەك لایەنێك هیواخوازە دەوڵەتی سوریا بتوانێت رۆڵی هەبێت لە بەرانبەر هەموو هێزە نایاساییەكان ئەگەر بە وردی رابمێنین لەو گوزارشتانە هیچكامیان هەڵوێستی سیاسی نین بەڵكو تێپەڕاندنی بارودۆخەكەیە لە چوارچێوەی  سۆزەوە و بەرئەنجامی ئەوتۆشی نابێت .
لە روی جەماوەری نەتەوەیشەوە هاوهەڵوێستیەكی باش هەیە، بەڵام هاوهەڵوێستیەكان هوتافن، هەیەجانێكی كاتیەو هیچی لێسەوز نابێت، لەو كاتەی توركیا ئەڵێت هەموو ئامادەكاریەك هەیە بۆ هێرش كردنە سەر باكوری سوریا،  ئەمریكاش لەیەك كاتا ئەڵێت ئێمە نابینە لایەن لە ناوچەكەدا هاوكات هەڕەشە ئەكات و ترامپ ئەڵێت لە حاڵەتی هێرشی توركیا ئابوری ئەو وڵاتە ئەڕوخێنم ، لە لایەكی تریشەوە خۆ پێشاندانی جەماوەری لە سەر سنوری رۆژئاوا / توركیا و بە دیاریكراوی ( كانیا خەزەلان و لە قامیشلۆ ) چالاكی مەدەنی ئەكرێ و لەو رێگایەوە پەیام دەگەیەننە دونیا.
هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ئەگەری رودانی شەڕەكە لە بەرئەوەی كۆتاییەكەی ئەزانن، لە سەر هەندێ وەتەر كار ئەكات ، ئەوان ئەڵین ئەمریكا لە پشتەوە خەنجەرمان لێئەدات ، ئەڵین ئێمە خاوەنی یازدە هەزار شەهیدین لە بەرانبەر هێزەكانی داعشدا ، ئەڵێن ئێمە ئەفسانەی داعشمان تێكشكاندوە ، ئەڵێن ئێمە ئیدارەیەكی باش و دەستورێكی باش و ناوچەیەكی ئاراممان هەبوە ،ئەڵێن ئامادە  و سازین بۆ هەر ئەگەرێك و میللەت بەرخۆدان ئەكات . 
لێرەدا دوو ئەگەر هەیە یەكەمیان ئەگەری شەڕە لەو سنورەی كە توركیا ئەڵێت  درێژاییكەی (450 كیلۆمەتر و قوڵایی سی كیلۆمەترە ) ، ئەوكات پێویستە ئیدارەی خۆجێیی ئەو ناوچە خەڵكی ئەو سنورە بهێنێتە دەرەوەی ئەو سنورەو هەموو ئامادەكاریەكیان بۆ بكات بۆ ئەوەی  نەبنە داردەستی جەندرمەی تورك ، سەرنجی خەڵكەكە بۆ خۆی راكێشێت و ببنە جەمسەر .
ئەگەر شەڕیش روینەدا كە من پێم وایە هەر لەو سنورە روئەدات ، لەو جوگرافیایەی كە بە دەستیانەوەیە دوو شت بكەنە كاری لە پێشینە یەكەمیان ناوچەكە بكەن ناوچەیەكی ئابوری لە چوارچێوەی ئابوری جیهان و لایەنەكانی تریش بەشداربكەن لە كاری دەوڵەتداری و گوزارشتی حیزبی سەركردە لە روی فۆرمەوە لابەن  هەروەك چۆن لە باشور بوەتە واقع ئەمەش ئەڵێم وەك ئەوەنا كە ئەمە كارێكی باشە بەڵكو لەو ترسەمەوە یە كە برادەرانی هەسەدە بە ئێستاشەوە توانای ئەوەیان نیە كە ئەو فرەییە قەبوڵ كەن ، هاوكات پەیوەندیەكانیان لە گەڵ هەرێم ئاسایی كەنەوە و داخوازی كەناڵ و ئۆرگان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن لۆبی بۆ خۆیان دروست كەن و لە سوریای ئایندەیا كورد واتەنی گورگان خوار نەكرێن . 
وە هەروەها بتوانن سودمەند بن لەو دەنگە بە هەڵوێست و مرۆییانەی كە ئێستا لە كۆنگرێسی ئەمریكا و سیناتۆرەكانەوە هەیە ، هەوڵبدەن هەروەك چۆن ترامپ بۆ كاری پرۆسەی دەنگدانی ئایندە تیكۆشان ئەكات ئەمانیش لە گەڵ حیزبی  بەرانبەر ا كەناڵ بكەنەوە وبۆ هەموو گریمانەكان پلانیان هەبێت .