09/09/2019
جنێو، به‌شى (كۆمێنت)ى ئه‌و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ى ته‌نیوه كه به‌كارهێنه‌ریان زۆره له هه‌رێمى كوردستان، تا دێت جنێوده‌ره‌كان زۆرتر و توڕه‌ترده‌بن، جنێوى خه‌ستتر تاقیده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌وڵئه‌ده‌ن داهێنان له‌جنێو بكه‌ن، بۆ راكێشانى زۆرترى سه‌رنجى فانه‌كان په‌ى به‌شێوازى نوێ ئه‌به‌ن بۆ جنێو، كام جنێوه قورستر‌و نوێتر‌و خه‌ستترو برینداركه‌ر تربێت بازاڕى زیاتره‌و ریئاكشنى زیاترى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، خاوه‌نه‌كه‌شى سوپاسى ئه‌وانه‌ده‌كات كه پێشوازى له جنێوه‌كه ده‌كه‌ن، جنێوى جیاوازتریش به‌وانه ده‌دات جنێوه‌كه‌ى په‌سه‌ندناكه‌ن، یاخود به جنێوێك وه‌ڵامى ئه‌ده‌نه‌وه.
بۆئه‌وه‌ى نزیكى لایه‌نگرى نه‌كەوین و ره‌وایه‌تى بۆ هیچیان نه‌دوورین، ئه‌م نوسینه تایبه‌ت نییه، به باسكردن له ناسنامه‌ى جنێوده‌رو جنێوپێدراوه‌كان و هۆكاره‌كانى جنێو، نامه‌وێت هیچ كام له‌و دووانه به قوربانى یاخوود جه‌لاد بناسێنم، ئه‌وه‌نده مه‌به‌ستمه به‌قوربانى بوونى نه‌وه‌یه‌ك و دواتریش كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بخه‌مه پێشچاو به‌هۆى جنێوه‌وه، ناشتوانم وه‌ك توێژه‌رێك ورد‌و درشتى جنێو شیبكه‌مه‌وه‌و بچمه بنجوبناوانى و پێشنیارى زانستی بخه‌مه‌ڕوو. به‌ڵام وه‌ك هه‌ر كه‌سێك تێده‌گه‌م له‌وه‌ى ژه‌هرێك له‌نێوماڵى هه‌موومانه، كه به‌ها باڵاكان، ئاكارى به‌رزو جوامێرانه‌ى نه‌وه‌كانمان ده‌كات به‌ژێره‌و ئۆكسجینى زیاتر بۆ نزمه‌خوود و پوچییه‌ت دابینده‌كات.
بیهێنه پێش چاوى خۆت، كێ له ئێمه ئاماده‌یه به‌نێو بازاڕدا رێبكات و به‌ده‌م رێوه جنێوبدات، له زانكۆ به‌ده‌م پیاسه‌كردنه‌وه جنێوبدات، یاخود له قوتابخانه یان شوێنێكى دیكه له‌ناو خه‌ڵك جنێو بدات؟ بێگومان له‌بارێكى ئاسایی‌دا كه‌سمان ئاماده‌ى كارێكى له‌وجۆره‌نین، پێمان وایه كه‌سایه‌تیمان له‌كه‌دار ده‌بێت. به‌ڵام جیاوازى چییه كه له‌بارى ئاسایی‌دا له فه‌یسبووك و تۆڕه‌كانى دیكه شێوازى جۆراوجۆرى جنێو تاقیده‌كه‌ینه‌وه‌و پیسترین جنێو وه‌ك مۆر بۆلاى سه‌رمانه‌وه نوسراوه، كه جنێو به خوشك یاخود دایك یان باوك یاخود هه‌ركه‌سێكى كه ده‌ده‌یت، جنێوه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ وێنه‌كه‌ى خۆت هه‌ڵواسراوه به دیوارى په‌یجێكه‌وه كه هه‌زاران كه‌س بینیویه‌تى، وێنه‌ى پرۆفایله‌كه‌شمان زۆرجار دایكمان یاخود باوكمان یاخود یه‌كێك له‌و كه‌س و شتانه‌یه كه لامان پیرۆز‌و جوان و خۆشه‌ویسته.
نیگه‌رانى گه‌وره ئه‌وه‌یه، ئه‌و نه‌وه‌ى ئێستا پێده‌گات نه‌وه‌یه‌ك نییه له حوجره، یان قوتابخانه، یاخود كتێبخانه، یاخود له یانه‌یه‌كى رۆشنبیرى و فكرى یاخود له زانكۆ چاوبكاته‌وه‌و ئیلهام وه‌ربگرێت، به‌ڵكو له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به كۆمه‌ڵگه ئاشناده‌بێت و له‌وێوه خه‌ڵك ده‌بینێت و چاو هه‌ڵدێنێت، كلیك له‌سه‌ر پۆستێك ده‌کات لیستێكى هه‌زار به‌هه‌زار جنێوى دێته به‌رچاو. سه‌رسامده‌بێت به‌و پاڵه‌وانانه‌ى له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ن، رۆژانه ئه‌و لایڤانه‌ى به‌رچاوده‌كه‌وێت كه‌پیاوێك یاخود ژنێكى ٤٠ ساڵ دانیشتووه ئه‌نواع و ئه‌شكاڵ جنێو به‌م و به‌و ده‌دات و به خراپترین و ناشیاوترین شێوه ناوى كه‌سانى دیكه ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وه‌یه له ژینگه‌یه‌كى ئاواوه پێبگات كه زۆربه‌یان كاتێكى زیاد له حه‌د له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، ده‌بێت له داهاتوو چه‌نده له‌خه‌مى به‌ها باڵاكانى كۆمه‌ڵ و ئاكارو خوڕه‌وشتى جوان و چاكه‌كارى و رێزگرتن و خۆشویستن و پاكێتى بێت؟ به ده‌م و ده‌ستى خۆمان، بیركردنه‌وه‌یان خه‌وشدار ده‌كه‌ین و نموونه ناشیرینه‌كانیان ده‌رخوارد ده‌ده‌ین.
ئه‌گه‌ر تۆ باوكى یاخود دایك، نمونه‌ى باڵاى منداڵه‌كه‌تى، چۆن رێگه‌ده‌ده‌ى نموونه‌یه‌كى له‌م جۆره‌بێت بۆى، ئه‌ویش جنێوه‌كه ده‌بینێت و ده‌یخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر خاڵى، مامى، پورى ئه‌كته‌رى نموونه‌یى ژیانى برازا‌و خوشكه‌زاكانتى، ئه‌گه‌ر مامۆستایت، خوێندكاره‌كان خوو و ره‌وشتى تۆ به خاڵ و پیته‌وه وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ى، پزیشكى، كاسبى، وه‌رزشكارى، عه‌وداڵى ئه‌وه‌ى ببیته نمونه‌یه‌كى جوان بۆ باسكردن و شانازیپێوه‌كردن. به‌ڵام جنێوه‌كانت له كۆنه‌ستى دۆست و ناسراوه‌كانت ده‌چه‌سپێت. خۆى ئه‌گه‌ر قه‌ده‌ریش ژیانت لێ بسێنێته‌وه كێ له ئێمه حه‌زده‌كات دواى خۆمان ریزێك جنێو جێبهێڵێت به‌ناوو ره‌سمى خۆمانه‌وه. به‌ڵام جنێوه‌كه‌ت جێ ده‌مێنێ و ده‌یان ساڵ ده‌مێنێته‌وه.
گرفتى گه‌وره‌ى كه‌سى جنێوده‌ر ئه‌وه‌یه تواناى نییه له‌دید و تێڕوانینى ئه‌وانى دیكه‌وه، بابه‌ته‌كه ببینێت، جنێوده‌ر ته‌نها له روئیا‌و بیركردنه‌وه‌ى خۆى و له‌سه‌ر كورسى و له‌په‌نجه‌ره‌ى ژووره‌كه‌ى خۆیه‌وه بۆ دونیار ده‌ڕوانێت و وێنه بۆ چه‌مك و رووداوه‌كان ده‌كێشێت، خۆى ماندوو ناكات به‌قوڵبوونه‌وه‌و وردبوونه‌وه‌و له‌سه‌ر وه‌ستانى زیاترى بابه‌ته‌كان. بۆیه‌ش باكى نییه جنێوه‌كه‌ى چ لێكه‌وته‌یه‌كى ده‌بێت، كێ بریندارده‌كات و بیرى كێ تێكده‌دات، خێزانێك بریندار ده‌كات، یاخود بنه‌ماڵه‌یه‌ك یاخود شوێنکەوتووانی دینێك یاخود شارێك نیگه‌ران ده‌كات، یاخود دڵى باوكێك دایكێكى به‌ته‌مه‌ن ده‌شكێنێت. بیركردنه‌وه له‌هه‌ریه‌ك له‌مانه ره‌نگه پاڵنه‌ره‌كانى جنێو سفربكاته‌وه. جنێوده‌ر خۆى به تێگه‌یشتن یاخود چاوه‌ڕوانى یه‌كلابوونه‌وه‌ى بابه‌ته‌كانه‌وه ماندووناكات، بۆیه‌ش زۆركات پێشه‌كى جنێوى خۆى ره‌وانه ده‌كات.
زۆرینه‌ى خێزانه‌كان كاتێك منداڵیان ده‌گاته ته‌مه‌نى چوونه كۆڵان، حه‌زه‌ر ده‌كه‌ن له‌وه‌ى فێرى جنێوببێت و به ئه‌سه‌فه‌وه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه فێرى جنێوێك بووه. به‌ڵام ئێستا نه‌وه‌یه‌ك بێ هه‌ستیارى و خه‌م، نه‌ك ده‌خرێته كۆڵانێكه‌وه به‌ڵكو ده‌خرێته نێو وڵاتێك له سۆشیال میدیا، سه‌دان شێوازى جنێو‌و قسه‌ى ناشیرینى ده‌رخوارد ده‌درێت. به‌منداڵى زۆربه‌ى جار له كۆڵانێك یاخود گه‌ره‌كێك منداڵێك دوانى جنێوده‌ر هه‌بوو، كه ده‌ناسران و ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانى هاورێشیان په‌سه‌ندیان نه‌ده‌كردن. به‌ڵام ئێستا ته‌نها ئه‌و یه‌ك دوو منداڵه‌ى كۆڵان نین. پیاوو ژنى گه‌وره، مامۆستایى ئاینى، چالاكوان، رۆژنامه‌نوس، پارێزه‌ر، ئه‌ندزایار...هتد به‌شدارى كه‌مپینه‌كانى جنێون.
زۆرینه‌ى جنێو په‌یوه‌ندى به رووداوه‌كانه‌وه هه‌یه كه كات ده‌یانكات به ژێره‌وه‌و له‌بیرى كه‌سى جنێوده‌ر ده‌چنه‌وه، كه‌چى جنێوه‌كه باقى ده‌بێت، ئه‌گه‌ر دیلێتیش بكرێت له هزرى ناسراوانى جنێوده‌ردا ده‌مێنێته‌وه. سه‌رنج له‌به‌شى كۆمێنتى زۆربه‌ى بابه‌ته‌كان بده‌یت، كه‌متر سه‌رنجێكى بابه‌تیى، ره‌خنه‌یه‌كى شیاو، یاخود گله‌ییه‌كى دۆستانه ده‌بینیت، كه‌متریش ده‌ستخۆشیى هه‌یه. له‌م رۆژانه‌ى دوایى سه‌رنجى دوو پۆستم دا كه له‌یه‌ك ماڵپه‌ڕو دانرابوون و نێوانیشیان زۆرنه‌بوون، دوو به‌رپرس دژ به‌یه‌ك قسه‌یان كردبوو سه‌باره‌ت به كه‌ركوك، هه‌ریه‌كه‌یان سه‌دان جنێوى بۆ هاتبوو، ئه‌وانه‌ى جنێویان به به‌رپرسى یه‌كه‌م دابوو ئاماده‌نه‌بووبوون ده‌ستخۆشى له به‌رپرسى دووه‌م بكه‌ن، كه به‌دڵى ئه‌وان قسه‌یكردبوو، ئه‌وانه‌شى جنێویان به به‌رپرسى دووه‌م دابوو ئاماده‌نه‌بوون به ده‌ستخۆشى پشتیوانى له‌به‌رپرسى یه‌كه‌م بكه‌ن. بۆچى هه‌مووان بۆ جنێو ئاماده‌بوون به‌ڵام بۆ ده‌ستخۆشى و ره‌خنه‌ى بابه‌تى نا؟
مرۆڤ به سروشتى خۆى مه‌یلى چوونى زیاتره به‌لاى نزمه خودیدا، ئه‌م دۆخه بیانوو ده‌داته ده‌ست زۆرێك له كۆمه‌ڵگه زۆرتر نزمه‌خودى خۆیان به‌یان بكه‌ن و پشت له به‌رزه خود‌و به‌ها باڵاكانیان بكه‌ن. به‌و هه‌موو جنێوه‌ى رۆژانه دێته به‌رچاومان نموونه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ناشیرو پڕ له رقوكینه پیشان ئه‌ده‌ین، كۆمه‌ڵگه پڕئه‌كه‌ین له جنێو‌و رقلێبوونه‌وه‌و ده‌رونى خه‌ڵكیش به نموونه‌ى ناشیرین ده‌ئاخنین. له‌هه‌موو دۆخێك‌دا ره‌خنه‌و نیگه‌رانى و ئیدانه‌كردن و ره‌تكردنه‌وه‌و شه‌رمه‌زاركردن، به‌شێوازى بابه‌تى و دوور له جنێو و سوكایه‌تى ده‌گات وه‌ك له‌وه‌ى به جنێو. ئه‌گه‌ر توڕه‌ییمان بكه‌ینه بیانوو بۆ جنێو ئه‌وا له‌راستیدا وه‌ك ئه‌وه‌یه به مادده‌ى هۆشبه‌ر هه‌وڵى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى و له‌بیركردنى ئازاربده‌ین. ئه‌گه‌رنا به جنێو ره‌وایى قه‌زێ ره‌واكه‌مان ون ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ریش هه‌ر بمانه‌وێت به جنێو به‌رگرى له هه‌ر ئایدلۆژیایه‌كى تایبه‌ت بكه‌ین، ئه‌وا خۆمان له‌پیرۆزییه‌كانمان ده‌ده‌ین.
جنێو به‌م ساڵانه‌ى دوایى زۆر زیاتر بووه له‌ده‌ستپێكى گه‌یشتنى سۆشیال میدیا، هه‌ریه‌ك له‌ئێمه چۆن ئه‌گه‌ر بتڵێك ئاو له سه‌ر شه‌قام هه‌ڵبگرینه‌وه‌و بیخه‌ینه‌ى ته‌نه‌كه‌ى خۆڵ خزمه‌ت به ژینگه ده‌كه‌ین، ئاوه‌هاش به خۆدوورگرتن له جنێوده‌ر و دیواره‌كانى جنێو، له خۆبه‌دوورگرتن له‌ره‌وایه‌تیدان به‌جنێو و لایككردنى جنێو، ده‌توانین خزمه‌تێكى جوانى ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیمان و كورده‌وارى و به‌ها باڵاكانمان بكه‌ین، هانده‌رو پاڵنه‌ریش بین بۆ خۆشویستن و رێزوچاكه‌كارى و خاڵیبوونه‌وه له‌رق و كینه.