21/08/2019
پەیوەندی سەقامگیری ئابوری و ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان; لە پەراوێزی کوشتنی مێردمنداڵێکدا.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر باسمان لە مەترسیەکانی دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان کردووە و دەرهاویشتە خراپەکانی ئەم سیستەمە نازانستی و ناواقیعیەمان خستۆتە ڕوو، بەڵام بەداخەوە ئاوڕێکی ئەڕێنی لێ نەدرایەوە.
لە ئێستاشدا و لە کۆتا تاوانی نامرۆڤانەدا، کە مێردمنداڵێک بە سانایی دەستی دەچێتە هاو تەمەنێکی خۆی بۆ بڕێک پارەی کەم، دووبارە زەنگی ناساز و نا ڕێکخراویی سیستەمی ئابوری دێنێتەوە بە گوێی هەمواندا.
ووردەکاری زۆری ناوێت تا بزانین ئەم تاوانە کۆمەڵایەتی و مرۆییانە و تێکچونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان، چ پەیوەندیەکی بە ئابوری هەرێمەکەمانەوە هەیە.
هەموو ووڵاتێک بۆ ئەوەی دۆخی سەقامگیریەکەی پێوانە بکەین، سەرەتا لە سەقامگیری ئابوریەوە لێی دڕوانین. لە هەرێمی کوردستانیش لە دوای هاتنی ملیارەها دۆلار لە نەوتی هەرێم و بودجەی عێراقەوە بۆی، بە هۆی باشتر بەگەرنەخسنی لە سەر بنەمایەکی زانستی و پێشکەوتوو، دۆخێک هاتە پێش کە تەنها کاری ژمێریاری بۆ حکومەت مایەوە و تا ڕادەیەک عەقلیەتی حیزبی تەداخولی لە بڕیاری ئابوریدا دەکرد و دواجاریش چەندەها ملیاردلێر و ملێونێر (ئەوانەی نادادپەروەرانە) هەڵتۆقین و لەولاشەوە چینی هەژاری کۆمەڵگە، کەمتر فۆکسیان خرایە سەر و بە ژمارەش زیادیان کرد.
لەو نێوەندەدا ووردە وردە چینێکی گرنگی تری کۆمەڵگەش کە پایەی سەرەکی سەقامگیری ئابوری و ئاسایشی کۆمەڵایەتیە، بەرەو پوکانەوە چوو، ئەو چینەش چینی مامناوەندی کۆمەڵگەیە، کە بەو هۆیەشەوە، جیاوازی و بۆشایی نێوان چینی دەوڵەمەند و چینی هەژار زۆر زیادی کرد، بە جۆرێک کە دەوڵەمەند وەک ستەمکار هاتووە و دێتە بەرچاو، هەژاریش وەک ستەملێکرا و پەراوێزخراو وێنەکرا.
ئەم دۆخە لە دوای ساڵی٢٠٠٩ ەوە بە ڕوونی بە دیارکەوت، بە هۆی زیاد بونی پارەو بودجەی ووڵات و بەرزبونەوەی زۆری نرخی نەوتەوە تا نیوەی ساڵی ٢٠١٤، کە چینێکی کرد بە هەموو شتێک و فرسەتی کاریشی بۆ چینەکانی تری کۆمەڵگەی بە شێوەیەکی دادپەروەڕانە فەڕاهەم نەکرد، ئەمەش لە ئەنجامی پشتگوێخستنی کەرتە ئابوریە تایبەتەکان و بە حیزبیکردن و بخۆر-کردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە (کە کلتوری ئاسان-دەستخستنی پارەی سەپاند) . هەروەها قەیرانی ئابوری و دارایی و سیاسیش لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ەوە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد و هەژاری هەژارتر کرد و چینی مامناوەندی بە ڕێژەیەکی بەرچاو هێنایە چینی هەژاریی.
هوکارێکی تری ئەمە پشت بەستنبوو بە مۆدێلی کلاسیکی بەڕێوەبردنی ئابووری، کە ئەویش گرنگیدان بوو بە گارگەو و بزنسی گەورە و پشتگوێخستنی شەریکاتی بچوک و مامناوەند، کە ڕێک ئەو دۆخەی هێنایە بوو کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردو، ئەویش بەهێزتر کردنی چینی دەوڵەمەند و خستنە خزمەتی حکومەت ودامودەزگاکان بۆیان، وە پشتگوێخستنی چینی مام ناوەند کە وای کرد بپوکێنەوە و قەبارەی چینی هەژار زیادبکات.
ئەگەر چی لەم پرسەدا، یاسا و سزا و سەربەخۆیی دادگاکان قسەکەرێکی تری یەکلاکەرەوەن، بەڵام ئەوەی شاراوەیە و ڕۆڵی گەورەشی هەیە لە بنبڕکردنی ئەم تاوانانەو گەڕاندنەوەی ئاسایشی کۆمەڵگا; ژیان و بژێوی و دارایی خەڵک و ئابوری ووڵات و فەراهەمکردنی دادپەروەریە. هەر بۆیە لە هەندێک لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا کاتێک تاوانێک ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ بە دوای زانیاریی لەسەر دۆخی بژێوی و دارایی تاوانباردا دەگەڕێن!
بەڵام لێرە زۆرجار بۆ پەردەپۆشکردنی هەنێک حاڵەتی تاوانکاریی، یەکسەر بەرپەرچی ئەمە، بە بەراوردکردن لەگەڵ دۆخی تاوانکاری لە ووڵاتانی تری پێشکەتوی ئابوری دەهێنرێتەوە، لە نمونەی ووڵاتانی وەک ئەمریکا و فەرەسا و هتد. بەڵام زۆر بە سانایی ئەو هاوکێشە لە بیر دەکرێت کە بە گشتی زۆریی ژمارەی دانیشتوان پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ڕێژەی تاوانکاریەوە. بۆ نموونە ناکرێت ووڵاتێکی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (کە بە پێی داتای مانگی ٨ ی ٢٠١٩) ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢٩ ملێون و ٣٩٦ هەزار ٩٣ کەسە; بەراورد بکرێت بە هەرێمێکی ٥ ملیۆنی کە سەڕەرای کەلتورێکی کۆمەڵ-گەڕایی و خۆپارێز، بەو ڕێژە زۆرە تاوان ڵە هەڵکشاندا بێت تیایدا. لەکاتێکدا ووڵاتێکی عەرەبی وەک ئیماراتمان لە یاد دەچێت کە دواین مژدانەی بۆ گەلەکەی بنبڕکردنی هەژاریی بوو لە ووڵاتدا و گەرەنتی سەرهەڵنەدانەوەشیی داوە بۆ ٢٥ ساڵی ئایندە.!
بۆیە قورس نیە بۆ ئێمەش گەر ئیرادە و ویست هەبێت کە ئەو فرسەتانە (هەبونی زێڕی ڕەش و کەمی ژمارەی دانیشتوان و خاڵە ئەرێنیەکانی کەلتوری کۆمەڵگاکەمان و هتد) بقوزرێنەوە و لە پاڵ چەسپاندنی سیستەمێکی ئابوری هەمە- چەشنە و فرە-سەرچاوە و دادپەروەرانە و زانستی و واقیعیدا، هەرێم بکرێتە نمونەیەکی بەهێز و سەرنجڕاکێش لە بواری ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا.
بۆیە لە کۆتایدا،
هیواخوازین کە کابینەی نوێ خەم سارد نەبێت و فەراهەمکردنی دۆخی سەقامگیری ئابوری کە خۆی دەبینێتەوە لە “ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاریی، کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، و پاشان گرنگیدان بە چینی مام-ناوەندی کۆمەڵگە“ خەمی لەپێشینە و گەورە ئامانجی کاری بێت،تا لەوێشەوە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرەو پێش بچێت و هیچ تاکێک لەم هەرێمە هەست بە پەڕاوێزخستن نەکات، لایەنی کەم; ترسی ژیانیان نەبێت و هەست بکەن بۆ دەستکەوتنی قوتێک و چارەسەرکردنی کێشەیەکی پەیوەست بە ژیانیان; پێش تاوان، دەرچە و فرسەتی تر هەیە، خەمخۆرێکی گەورەیان هەیە کە ووڵات و سیستەمی دادپەروەرانەی حکومڕانیە.