ڕۆژی کرێکاران و پێشنیارێک

01/05/2019

كاروان حەمە ساڵح

‎هه‌روه‌ک چۆن ئاشکرایه‌ که‌ فه‌رمانبه‌رانی حوکمیی به‌ گشتی  مانگانه‌ برێک له‌ موچه‌کانیان ده‌بڕدرێت بۆ ته‌مه‌نی  خانه‌نشینبوونیان‌ (که‌ حساب بانك و شوێنی ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌ش تا ئیستاش نادیاره‌ و نازانرێت که‌ ده‌چێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حوکمه‌ت یان نا!!)
 
‎به‌ هه‌مان شێوه‌ش،  وه‌زاره‌تی کاروکاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕێگای  به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی  کار و ده‌سته‌به‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌  که‌  سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته‌ن، ‌بۆ چه‌ندین ساڵه‌ هه‌مان به‌رنامه‌ی بۆ کرێکارانی که‌رتی تایبه‌ت خستۆته‌ بواری جێ به‌جێکردنه‌وه‌، که‌ وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن  به‌ ئامانجی بێ به‌ش نه‌بوونی کرێکارانه‌ له‌ ئیمتیازاتی خانه‌نشینی!

‎ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌، مووچه‌ی هه‌رکارمه‌ندێکیان له‌ که‌رتی تایبه‌تدا به‌ (سێ سه‌د) هه‌زار دینار  مه‌زه‌نده‌ کردووه. که‌ له‌و بڕه‌ ده‌بێت %17 ی ئه‌و سێ سه‌د هه‌زاره (که‌ ده‌کاته‌ په‌نجاو یه‌ک هه‌زار دینار)‌‌، مانگانه‌ که‌رتی تایبه‌ت بیدات بۆ کرێکاره‌که‌ی، که‌  %10 ی خاوه‌ن کار ده‌یدات بۆ کرێکاره‌که‌، وه‌ک کارێکاره‌که‌ش %7 ه‌که‌ی تری له‌ مووچه‌ ڕه‌سمیه‌که‌ی خۆی ده‌یدات له‌ ڕێی خاوه‌ن کاره‌وه‌. 

‎به‌لام لێڕه‌دا ئه‌وه‌ی که‌ جێی گرنگی پێدان و  به‌دواداچوونه‌، ئه‌وه‌یه‌ که ‌ تا ئێستا شوێن و  حساب بانك و ناونیشانی ئه‌و بره‌ پارانه‌ ئاشکرا نیه‌ که‌ مانگانه‌ له‌ مووچه‌ی کرێکاره‌کان ده‌بڕێت ( کە ئەمە لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ئابوریی)ە، که‌ هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا ده‌کات که‌ هیچ دڵنیایه‌ک نه‌بێت بۆ داهاتووی کرێکاران و ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی مووچه‌ی خانه‌نیشینیان. 

‎ بۆیه‌ له‌م ڕۆژدا که‌ ڕۆژی کرێکارانه ‌، داواکاریه‌کی کرداریی ، که‌ دووره‌  له‌ شیعار بازی و وته‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ  و خه‌یاڵاوی، ئه‌وه‌یه؛‌ که‌  سه‌ندیکای کرێکاران (گه‌ر ئیراده‌یان هه‌بێت!) وه‌ سه‌رجه‌م کرێکاران خۆیان  به‌ پشگیری  سه‌رجه‌م  هاوڵاتیانیش، داوا بکه‌ن  که‌ شوێن و ناونیشان یان حساب بانكی ئه‌و بره‌ پارانه‌یان بۆ ئاشکرا بکرێت که‌ مانگانه‌ له‌ موچه‌کانیان ده‌بڕن  بۆ مه‌به‌ستی خانه‌نشین بوونیان.

‎ که‌ ئه‌مه‌ش دوو ئامانج ده‌پێکێت؛ له‌ لایه‌که‌وه‌  ‌ چاره‌نووسی ئه‌رک و ماندووبوونی سه‌رجه‌م کرێکاران و داهاتووی ژیانی داراییان به‌ده‌ر ده‌خات و دڵنیایان ده‌کاته‌وه‌ له‌ به‌فیرۆنه‌چوونی پاشه‌که‌وتکردنه‌که‌یان، وه‌ له‌هه‌مان کاتیشدا له‌ سه‌ر ئاستی گشتی ژیانی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌، ڕێ ده‌گرێت له‌وه‌ی  که‌  پرسی "خانه‌نشینیی"جارێکی تر بارگرانیه‌کی تر بخاته‌وه‌  سه‌ر بودجه‌ و خه‌زێنه‌ی حوکمه‌ت.