بۆچی عەرەب سەرکردەکانیان پیرۆز سەیر ئەکەن؟

08/08/2019

عەلا ئەسوانی

وینستۆن چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو، لە جەنگی جیهانیی دووەمدا سەرکردایەتی وڵاتەکەی دەکرد دژی ئەڵمانیازی و هاوپەیمانەکانی.  مانگی ئایاری ١٩٤٥ چەرچڵ خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیای ڕاگەیاند، ملیۆنان هاوڵاتی بەریتانیا هاتنە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕا. چەند هەفتەیەک دواتر چەرچڵ لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو و پۆستی سەرۆک وەزیرانی لەدەستدا، کلیمنت ئاتلی ڕکابەری و سەرۆکی پارتی کرێکاران بووە سەرۆک وەزیران.

بۆچی دەنگدەرانی ئینگلیز دەنگیان بە چەرچڵ نەدا، سەرەڕای ئەو سەرکەوتنەی مەزنەی بەدەستیهێنابوو؟ وەڵامەکەی ئەوەیە، ئینگلیزەکان وێڕای پێزانینی زۆریان بۆ چەرچڵ، بڕوایان وابوو بەریتانیای دوای جەنگ پێویستی بە سەرکردەیەکی نوێیە بە بیرۆکەی نوێوە. فەرەنسییەکان هەمان هەنگاوی بەرتانییەکانیان بەرامبەر شارل دیگۆلی پاڵەوانی نەتەوەییان گرتەبەر، کە سەرکردایەتی بەرنگاربوونەوەی نازییەکانی کرد و ساڵی ١٩٥٨ بووە سەرۆکی فەرەنسا، ساڵی ١٩٦٥ بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە. ساڵی ١٩٦٩ دیگۆل داوایکرد ڕاپرسی گشتی لەسەر چەند چاکسازییەک لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بەڕێوەبچێت، بەڵام فەرەنسییەکان چاکسازییەکانیان پەسەند نەکرد.

ڕۆژئاواییەکان سەرکردەکانیان خۆشدەوێت و ڕێزیان لێدەگرن، بەڵام بەردەوام هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن و لەکاتی پێویستدا متمانەیان لێدەسەننەوە


دوای ئەوە دیگۆل وای لێکدایە کە چیتر فەرنسییەکان نایانەوێت بەردەوام بێت و دەستی لەکارکێشایەوە. ڕۆژئاواییەکان سەرکردەکانیان خۆشدەوێت و ڕێزیان لێدەگرن، بەڵام بەردەوام هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن و لەکاتی پێویستدا متمانەیان لێدەسەننەوە. دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی خۆرئاوا وەک نازییەکانی ئەڵمانیا و فاشییەکانی ئیتاڵیا بە کارەسات کۆتاییانهات، ئەم کارەساتانە وایان لە خۆرئاواییەکان کرد بوونی هەر دیکتاتۆرێک لە دەسەڵاتدا ڕەتبکەنەوە، جا هەر سیاسەتێکیان هەبێت.

عەرەب سەرۆک لەسەروو هەموو شتێکەوە دەبینێت و چاوپۆشی لە هەڵەکانی و تاوانەکانی دەکات و هەر کەسێک داوای لەسەرکارلادانی بکات تۆمەتی ناپاکیی دەدرێتە پاڵ

لە جیهانی عەرەبیدا سەرکردە پیرۆز دەکرێت و گۆرانی و شایی و لۆغان بۆ خۆشەویستییەکەی دەهۆنرێتەوە و دروشمی بەسەردا هەڵدەدرێت و ئامادەن بە خوێن و ڕووحیان ببنە قوربانی. عەرەب سەرۆک لەسەروو هەموو شتێکەوە دەبینێت و چاوپۆشی لە هەڵەکانی و تاوانەکانی دەکات و هەر کەسێک داوای لەسەرکارلادانی بکات تۆمەتی ناپاکیی دەدرێتە پاڵ.

سەدام حسێن هەزاران عێراقی بێگوناهی کوشت و ئەشکەنجەدا، کاتێک بڕیاری داگیرکردنی کوەیتی دا بەگەمژەیی و خۆبەزلزانییەکەی عێراقی وێرانکرد بێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی بکاتەوە. سەرەڕای ئەوانەش تا ئێستاش بەشێکی زۆری عەرەب سەدام بە پاڵەوانێکی مەزن ناودەبەن!!. موعەمەر قەزافی دیکتاتۆرێکی تاوانکار و گەمژە بوو، پارەو سامانی خەڵکی لیبیای بۆ گروپە تیرۆریستییەکانی سەرتاسەری جیهان خەرجدەکرد، هەزاران کەسی نەیاری دەسەڵاتەکەی کوشت و پێی دەوتن "سەگی بەرەڵا"، سەرەڕای ئەوانەش بەشێکی زۆری جیهانی عەرەبی بە سەرکدەیەکی مەزنی دەزانن. جەمال عەبدونناسر وتارێکی بەناوبانگی هەیە، کاتێک سوریەکان بڕیاریاندا لە کۆماری عەرەبی یەکگرتوو بکشێنەوە (میسر و سوریا کۆمارێکی یەکگرتوویان پێکهێنابوو)، عەبدونناسر لە ئەسکەندەریە لەبەردەم ئاپۆرای خەڵدا گوتی ئەو هەوڵی جیابوونەوەیەی بە پیلانی کۆنەپەرستەکان ناوبرد و گوتی:

-    کاتێک بە جیابوونەوەکەم زانی فەرمانم بە هێزە چەکدارەکان دا دەستبەجێ بگەنە سوریا و کۆتایی بەو پیلانە بهێنن.
خەڵکەکە هەموو بە گوڕوتینێکی زۆر و شێتانە چەند خولەکێک چەپڵەیان بۆ عەبدونناسر لێدا.

دوای ئەوە عەبدونناسر گوتی:

-    دواتر بیرم کردەوە. ئایا عەرەبێک برا عەرەبەکەی خۆی دەکوژێت؟!.. هەرگیز ڕێ بەوە نادەم. فەرمانم دا دەستبەجێ هێزە چەکدارەکان بگەڕێنەوە قاهیر.
جارێکی تر خەڵکەکە بەهەمان گوڕوتینەوە دەستیانکردەوە بە چەپڵە لێدان. دەیان هەزار میسری لەیەک کاتدا بە هەمان گوڕوتین چەپڵە و هەلهەلەیان بۆ بڕیارێکی عەبدونناسر و پاشگەزبوونەوەشی لە بڕیارەکە لێدا. وەڵامەکەی زۆر سادەیە، عەرەب بە جۆرێک سەرکردەکانیان بە پیرۆز دادەنێن هەلهەلە بۆ هەموو بڕیارێکی لێدەدەن.

بەریتانییەکان سەرکردە سەرکەوتووەکەیان دوورخستەوە، کەچی ئێمە (عەرەب) لە سەرکردە دۆڕاوەکەمان پاڕاینەوە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە

حوزەیرانی ١٩٦٧ جەمال عەبدونناسر بووە هۆکاری گەورەترین شکست لە مێژووی میسردا، دوای شکستەکەی وتارێکی سۆزداریانەی دا و دەست لەکارکیشانەوەی ڕاگەیاند، کەچی ملیۆنان میسری ڕێپێوانیان کرد و داوایانکرد بگەڕێتەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات. بەریتانییەکان سەرکردە سەرکەوتووەکەیان لە دەسەڵات دوورخستەوە، کەچی ئێمە (عەرەب) لە سەرکردە دۆڕاوەکەمان پاڕاینەوە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

دیاردەی پیرۆز کردنی سەرکردە لای عەرەب بووەتە شتێکی بەربڵاو، بە بڕوای من بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:

یەکەم: سەرکوتکردن
هەموو سەرکردە عەرەبییەکان بە ترسناکترین شێوە نەیارەکانیان سەرکوت دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوەی هاوڵاتی ئاسایی لە بوارە گشتییەکەدا و بیروبۆچوونە سیاسییەکانی بۆخۆی هەڵدەگرێت و خۆی بۆ ژیان و پەروەردەکردنی منداڵەکانی یەکلادەکاتەوە، دواتر دەبێتە بوونەوەرێکی کەنەفت و و ترسنۆک و لە ترسی خەشمی سەرۆکەکەی، بە باڵایدا هەڵدەدات.

دووەم: شۆردنەوەی مێشک
سەرکردە عەرەبەکان بە تەواوی دەستیان بەسەر ئەو ڕاگەیاندنەدا گرتووە کە ڕۆژانە مێشکی هاوڵاتی دەشۆنەوە، ڕاستییەکانیان لێ دەشارنەوە و چەواشەیان دەکەن و ڕێ نادەن ڕایەکی بابەتیانەی بێلایەنی لەسەر ڕووداوەکان هەبێ، هەروەها ڕاگەیاندنەکان تەنها باسی گەورەیی و مەزنی سەرۆک و دەستکەوتە مەزنەکانی دەکەن کە چۆن جیهانی تووشی سەرسوڕمان کردووە.

سێیەم: ئیسلامی سیاسی
ئیسلامی سیاسی برەو بانگەشە بۆ بیرۆکەی خەلافەتی ئیسلامی دەکات و بە کۆڵەکەیەکی ئاینی دەزانێت. لەڕووە مێژووییەکەیەوە خەلافەت درۆیەکی گەورەیە، چونکە ئیسلام هەرگیز سیستمێکی حکومداری دیاری نەکردووە، ئەو تێڕوانینەی بەساڵاچووەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و وا دەیخەنە مێشکی گەنج و لاوە بەجۆشەکانەوە کە ئیسلام دەوڵەتێکی سیاسیە و هەموو موسوڵمانان لە هەموو وڵاتانەوە کۆدەکاتەوە و تاکە خەلیفەیەک سەرۆکایەتیان دەکات کە هەموو دەسەڵاتێکی هەیە، لە سەرکردایەتیکردنی سوپاوە بۆ جێبەجێکردنی شەریعەت، ئەنجا بەساڵاچووەکان وا نیشانی دەدەن کە دەرچوون لە فەرمانی ئەم خەلیفەیە تاوانە، هەرچەندە خەلیفەیەکی گەندەڵ و ستەمکاریش بێت، موسوڵمان ئەو پەڕی دەتوانێت بە خەلیفەکەی بڵێت "لە خوا بترسە"، بەڵام دواتر دەبێت پابەندبێتت بە گوێڕایەڵی بۆ خەلیفە. ئەم وێنەیەی خەلیفە تێکەڵ بە هەست و سۆزی ئایینی بووە و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خەڵک سەرۆکێکی ستەمکار قبوڵبکەن و بە پیرۆزیشی بزانن.

ئەستەمە پێشبکەوین ئەگەر کۆتایی بە ستەمکاری و سەرکوتکردن نەهێنین و وەک فەرمانبەرێک سەیری سەرۆک نەکەین کە پێویستە لەسەر هەڵەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت

سەرەڕای ئەوەی عەرەب خاوەنی سامانێکی سرووشتی زەوەندە و ملیۆنان خەڵکی خوێنەوارە، بەڵام تا ئیستاش لە ئاستی خوارەوەی ئەو نەتەوانەدان کە لەسەر بەرهەمەکانی وڵاتانی خۆرئاوا دەژین. هۆکاری ڕاستەقینەی دواکەوتمان ئەو سەرکەوتکردنەیە. ئەستەمە پێشبکەوین ئەگەر کۆتایی بە ستەمکاری و سەرکوتکردن نەهێنین و وەک فەرمانبەرێک سەیری سەرۆک نەکەین کە پێویستە لەسەر هەڵەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەو کاتەی دەست لە پیرۆزکردنی سەرکردەکانمان هەڵدەگرین ئایندەمان دەستپێدەکات.
دیموکراسی چارەسەرە