هاوپەیمانی و دكتۆر بەرهەم، وەك خۆی

14/07/2019

عوسمان گوڵپى

بەشی دووەم
تا ڕۆژەكان زیاتر تێدەپەڕین بەڵگەی زیاتر دەهاتە بەردەست كە هەڵبژاردنی عێراق لێوان لێوبوە لە تەزویر و هیچ بنەمایەكی تێدانەماوەتەوە بۆ قبوڵ كردن بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن تێدەپەڕێت و دژایەتی تەزویریش هیچی لێ سەوزنابێ زیاتر دەبون و دڵنیا بوین هەڵبژاردن بەم دەرئەنجامە دەبێ قبوڵ بكرێت.
 
ئێمەو  چوار حیزبە نارازیەكە پێشتر دەمانوت ناچینە بەغداد بەم دەرئەنجامەی ئێستا بەڵام وازمان لەوە هێناو كۆبونەوەكان هاتنە سەر ئەوەی كە وەك یەك تیم لە بەغداد كار بكەین و گەر پێكەوە بین ئەوا ١١ كورسی ژمارەیەكە و دەتوانین كاری جدی بكەین، ئەگەرچی ئەمە پاشەكشە بوو لە هەڵوێستەكان بەڵام دەكرێ بڵێم بەتەنیشت ئەو ئیرادە دەرەكیەوە بریارێكی دروست بوو چونكە نەچونە بەغدادیش هیچی لێ سەوز نەدەبوو، دوای چەند كۆبونەوەیەكیش ئیدی چوار حیزبە ناڕازیەكە  لەیەك دوور كەوتینەوە و هەڵوێستی جیاوازمان هەبوو لەسەر چۆنیەتی چونە بەغداد و بەشداری لە هەڵبژاردنی كوردستان و هەر پرسێكیتری سیاسی.

زۆری نەبرد كۆمسیۆن بانگەوازی تەسجیلی بۆ هەڵبژاردنی كوردستانی كردو پرسی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كەوتە نێو كۆبونەوە و گفتوو گۆ، هاوپەیمانی لە كۆبونەوە و ڕاگەیاندنیش بەڕوونی ڕایگەیاند لەگەڵ یەك لیستیداین بۆ هەڵبژاردنی كوردستان و حیزبی تریش هەبوو لەگەڵ یەك لیستی بێت بەڵام بەداخەوە نەبوە ڕای چوارحیزبەكە.

ئێمە پێمان وابوو كە بەم دۆخە خراپە تەشەنوجاویەی تەزویری عێراقەوە هەڵبژاردن هیچ مانایەكی نیەو ئیرادەی دەسەڵات سەردەكەوێ بەڵام یەكلیستی چوار حیزبەكە دەتوانێ هەنگاوێكی ئیجابی بێ بۆ وەڵامی ئەو دۆخە، دواجار یەكلیستی سەری نەگرت و هەریەك بۆ خۆی كەوتە بڕیاردان و هاوپەیمانی بڕیاری بایكۆت و بەشداری نەكردنی لە هەڵبژاردن دا،  خوێندنەوە بۆ دۆخەكە ئاسان نەبوو و هاوپەیمانیش بەهۆی هەموو ئەو هۆكارانەی لە بەشی یەكەمدا خستمەڕوو لە دۆخێكی ناتەندروستدا بوو، بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن و بایكۆت بڕیارێكی نێوخۆیی بوو كە بۆ یەكەم جار من لە بەڕێز م ئارام قادرم بیست و پێی باش بوو بەشداری هەڵبژاردنی كوردستان نەكەین، دواتر لە نێو كۆبونەوەكانمان باس كراو ئەگەرچی تاك و تەرا هەبوو پێی باش نەبوو بەڵام ئەوەڕای زۆربەمان بوو كە بەشداری هەڵبژاردن نەكەین و هاوپەیمانی بە ئامانج گیراو دەبێ بۆ دوەم جار.

لە ڕاستیدا هاوپەیمانیەك كە دەمانوت قەوارەی هەڵبژاردنین و ئێستاش بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین بونی ئێمە و زەرورەتی ئێمەی خستە ژێر پرسیارەوە كە ئایا ئەگەر ئێمە بەشداری هەڵبژاردن نەكەین ئەی چی بكەین؟ ئەم پرسیارەو چەندین پرسیاریتر وایكرد ژمارەیەك هاودیدی دڵسۆزی خاوەن پێگە بەبێدەنگی بچنە دواوە.

ڕاگەیاندنیش هەندێكی بێ مەبەست و هەندێكیش بە مەبەست هاوپەیمانیان بە ئامانچ گرتبوو و بەتایبەت لە هەواڵی نێگەتیڤ و چەواشەكاری لەنێو هاوپەیمانیدا مقۆمقۆی پێشنیاری دكتۆر بەرهەم بۆ سەرۆك كۆماری دروست بوو، بە حوكمی پێگەو عەلاقاتی فراوانی لەگەڵ ولاتان بە پەسەندكراوی یەكەممان دەزانی و ئەمەش وایكردبوو ئەو مقۆمقۆیە بەجدی وەرگرین و ژمارەیەكی زۆریش بە دەرچەیەكی باشیان دەزانی بۆ هاوپەیمانی و پشتیوانی هەر ڕێگایەكیان دەكرد كە ئەو مقۆمقۆیە ببێتە حەقیقەت.

ئێمە دەمانزانی كە لە عێراقی داهاتوو چاوەكان لەسەر دكتۆر بەرهەمن بۆ سەرۆك كۆماری بەڵام ڕێگاكەی لای كەسمان ڕوون نەبوو ئەتوانم بڵێم بە دكتۆر بەرهەمیشەوە چونكە دووسێ ڕێگا هەبوو.

دواجار بەحوكمی ئەوەی كە یەكیەتی سەرۆك كۆماری عێراق بەپشكی خۆی دەزانی و و لە ڕابردوودا و لە سێ خولی پێشوو كاندیدی یەكیەتی سەرۆك كۆمار بوە دەبوو ڕێگاكە بهاتایەتەوە لای یەكیەتی و ئەمەش ئاسان نەبوو لە كاتێكدا یەكیەتی هاوپەیمانی بەدژی خۆی دەزانی پێش پارتی.

چەند تەرحێك هەبوە كە بەداخەوە نەهاتە لای ئێمە وەك ئەنجومەنی بەڕێوبردن ، كە هاوپەیمانی و یەكیەتی ڕێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام بدەن بۆ قۆناغەكانی داهاتوو
ئەم پێشنیارە پشتیوانو نەیاریشی هەبوە و ئێمە كاتێك زانیمان كە ڕەنگە كات درەنگی كردبێت.

دواتر قسەلەسەر باشبونی نێوان یەكیەتی و هاوپەیمانی كراو تارادەیەك دەمانزانی ئامانجی ئەم نێوان باش بونە بەكوێ دەگات بەڵام هێشتا هەر قسەی جدی نەكرابوو.

لەم كاتانەدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن نزیك بوینەوە و لیستمان پێشكەشكردوو سەدهاودید كاندیدی لیستی هاوپەیمانی بوون و بڕیاری كۆتایی نەدرابوو كە بەشداری هەڵبژاردن ناكەین و دواتر بڕیار درا كە ئێمە ناچینە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە و بەشداریناكەین وبەرگریشمان لەم هەڵوێستەی خۆمان كرد، جارێكیتریش ئەم بەشداری نەكردنە كە بوەبڕیار و هەمووهاودیدان زانیان وكاندیدەكان دڵنیابوون كە بەشداری ناكەین ، بوە بڕیار و پابەند بوین و كەس بانگەشەی نەكرد لە سەرەتادا ئەگەرچی نیگەرانی هەبوو.

دواتر دكتۆر بەرهەم لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی بەڕێوبردندا باسكردن لە پێشنیاری بۆ سەرۆك كۆماری لە مقۆمقۆوە كردە ڕاستی و پێی وتین كە پێشنیارێكی لەو جۆرەی بۆ كراوە ، ئەم پێشنیارە ژمارەیەكی دڵخۆشكرد و ژمارەیەكی خستە بیركردنەوەیەكی قوڵەوە، ئاخرهاوپەیمانی لە سەرۆكەوە بۆ هاودیدان و هەموو ئاستەكان بەهیوایەكی گەورەوە بۆ گۆرانكاری جدی هاتین و هەموو ئەو گۆرانكاری و كێشە و دۆخە سیاسیەی تێپەری لەو ماوەیەدا نیگەرانی زۆری دروستكرد.

ئێمە لەوە تێگەشتین كە دكتۆر بەرهەم لەبەردەم بڕیارێكی قورسدایە كە تاڕادەیەكی زۆر چارەنوسی هاوپەیمانی لەسەر وەستاوە لەم كاتانەدابوو كە یەكیەتی كاندیدبونی دكتۆر بەرهەمی خستە نێو گفتوگۆكانی خۆی و لای ئێمەش نەیشاردەوە كە بە بڕیارێكی پەسەندی دەزانێت.

بۆیە لە هەنگاوی یەكەمدا گفتوگۆ هاتە سەر ئەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی چۆن ئەم هەنگاوەبنێ و دواجار میكانیزمەكە دانرا و بەڕێزەوە بریاری قبوڵكردنی دەستلەكار كێشانەوەكەی قبوڵ بكرێت و لە هەمان ڕۆژی بوونە كاندیدی سەرۆك كۆمار وەك تاكە كاندیدی یەكیەتی نیشتیمانی و ئەو بەڕوونی پێی وتین ئێوە هاودید و هاوڕێی منن بەڵام لەگەڵ دەستلەكار كێشانەوەم من هەموو عەلاقەیەكم بە هاوپەیمانیەوە دەبچڕێت و جگە دۆستایەتی و هاوڕێیەتی نەبیت.

وە وتیشی هەر هەنگاوێكی سیاسیشم هەبێ لەگەڵتان ئەوا بە ئاگاداری یەكیەتی و لە چوارچێوەی ئۆرگانی یەكیەتیدا دەبێت چونكە من دەمەوێ ڕوون بم لەگەڵتان دواجار سەرۆكی هاوپەیمانی دەست لەكار كێشانەوەی ئاراستەی ئەنجومەنی بەڕێوبردنی هاوپەیمانی كردوو هەمان رۆژ و دوای كاتژمێرێك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامە نوسیدا كە بەڕێزمامۆستا محمد ڕەوف خوێندیەوە دەستلەكار كێشانەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی قبوڵ كراو و بڕیاری بەردەوامی هاوپەیمانی درا وەك هێزێكی سیاسی لە هەمان كاتدابڕیاردرا هاوپەیمانی لەسەر هەڵوێستی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن بەردەوام بێت زۆرترین گۆرانكاری و ڕاجیایی لە دوای ئەمەوە ڕوویدا.

تێبینی
 ئەوەی  تا ئێستا نوسیوم هەموو ئەوە نیە كە ڕووی داوە بەڵكو ئەوەیە كە دەوترێت و ئاگام لێی بوە لە نزیكەوە و  دەیزانم چونكەئەوەی ئەمڕۆ من دەیكەم سبەینێ دەبێتە ڕابردووی من، بۆیە مرۆڤ بە باش و خراپەوە خاوەنی ڕابردوویەتی و گەر بۆ خۆمان نەبینە بڵندگۆی راستیەكان، ئەوا كەسانیتر كە دوورترن لەوەی ڕوویداوە دەبنە خاوەنی گێڕانەوەی ڕابردووت و هیچ كات ناتوانن وەك خۆی حەقی پێ بدەن، گەر ئەو ڕابردوە سیاسی بێت ئەوا بە چەندین ڕێگە دەبێتە قوربانی بەرژەوەندی و ڕقی ئەوەی دەیگێڕێتەوە.

عوسمان گوڵپی
ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبردنی هاوپەیمانی / پێشوو
ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانی / ئێستا