08/05/2019
لە ڕابردوودا چەند جارێك نێوان ئێران و ئەمریكا توندی بەخۆوە بینیوە بەڵام هیچ كات وەك ئێستا كاریگەری لەسەر ئیران نەبوە، ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئەوەیە كە ئیدارەی ترامپ بەتەواوی فشارەكانیان چڕ كردۆتەوە و بە جموجوڵە سیاسی و سەربازیەكانی ئەمریكادا دیارە هەنگاو بۆ ئەوە دەنێن كە كێشەی ئێران یەكلایی بكەنەوە بەڵام ڕێگای سەربازی لە ئێستادا نزیك نیە و هێشتا ڕێگای تر ماوە چونكە لێكەوتەكانی بەكار هێنانی هێز زۆر گەورەن و پێویستی بە گۆڕانكاریە لە هەڵوێستی دۆستانی ئێران بەتایبەت ڕووسیا.
ئیدارەی ترامپ دەیەوێت هەندێك وڵات كە جێ نفوزی سیاسی ئێرانن خۆیان یەكلا بكەنەوە ئایا پابەند دەبن بە هەنگاو فشارەكانی ئەمریكاوە یان دەیانەوێت لە بەرژەوەندی ئێران بمێننەوە و پابەند نابن.
ڕەنگە عێراق تاكە وڵاتبێت لەبەردەم قورسترین بڕیاردابێت لە ناكۆكی نێوان ئەمریكاو ئێراندا چونكە بەهەر بارێكدابێت ئەوا كاریگەری لەسەر عێراق دەبێت ، چۆن عێراق ناتوانێت لە قسەی ئەمریكا دەرچێت ئەوە بۆ ئێرانیش ڕاستە.
بۆیە لەئێستادا لە دوو حاڵەت زیاتر نیە
یان پابەندی هەنگاو بڕیارەكانی ئەمریكا دەبێت یان بە بە پێچەوانەوە ، گەر پابەندی بڕیاری ئەمریكا بێت و ببێتە بەشێك لە فشارەكان بۆسەر ئێران ئەوا ئێران لە ڕێگەی نفوزی خۆیەوە دژی ئەم بڕیارە دەوەستنەوە و قەیرانێكی نوێی ناوخۆیی بۆ عێراق دێتە ئاراوە و ئاسان نیە لە كاتی ئەو ململانێ ناوخۆییەدا بڕیاری تر بدرێت.
لە حاڵەتی ئەوەشدا كە عێراق ڕەدی بكاتەوە پابەندبێت بە هەنگاو بڕیارەكانی ئەمریكاوە كە ئەمە لەسەر عێراق زۆر دەكەوێت و بەتەواوی گۆڕانكاری لە عێراق دا ڕوودەدات چونكە ئەوكات ئەولەویەتی ئەمریكا دەبێتە یەكلاكردنەوەی عێراق و كۆتایی هێنان بە نفوزی ئیران لە عێراق چونكە ئەمریكا لە ٢٠٠٣ وە وەك ویلایەتێكی خۆی مامەڵەی لەگەڵ عێراق كردوە و ئامادە نیەدەستی لێ هەڵگرێت و لاوازبێت تیایدا.
بۆیە دوور نیە ئەمریكا بیرلە گۆڕانكاری لە عێراقدا بكاتەوە گەر بگاتە كودەتاش چونكە دەرگاكانی دیموكراسی لەم جۆرە ململانێیانەدا دادەخرێن و هەموو ڕێگاكانی بەردەم هەردوو وڵاتی جێ نفوزی عێراق لەدەرەوەی دیموكراسی و بەرژەوەندی خەڵكی عێراقن
بۆیە لە ئێستادا عێراق بە هەستیارترین كاتەكانیدا تێدەپەڕێت و گەر ئێران و ئەمریكا بۆ خۆیان نەگەنە ڕێگا چارەیەك ئەوا عێراق بەرلە ئێران ڕووبەڕووی مەترسی خۆ یەكلاكردنەوە دەبێتەوە و لە داهاتویەكی نزیكیشدا كاریگەریەكانی دەبینین