11/05/2022
خوێنی دەسەڵات وەک ئاوەدانی و شارستانی وایە ئەبێ بەشادەمارەکانی
شاردا بڕوات ، وڵاتی وێرانە و بێ خزمەتگوزاری لە نەبونی ئەو خوێنە یا هەستەی لێپرسراوان دایە کە بە شادەمارەکانی
ژێرخان و بنیاتنانەوەی نیشتیماندا ناڕوات !
هاوڵاتی لەسایەی حوکمڕانی دەسەڵاتی ستەمکاردا دەبێتە کەسێکی ئیفلیج و
تەنانەت هێزوتوانای بەسەر ماڵوموڵکی خۆشیا نامێنێت !
ئەنجامی ٣٠ سی ساڵ لە حوکمدارێتی خۆیی ، بەرهەم هێنانی تاکێکی خەمناک
و ترسێنراو و کۆمەڵگەیەکی شیرازە لێکترازاو
و گەلێکی پەرتبوە.
مرۆڤی خەمناک و بریندار لە بەرامبەر زوڵمی دەسەڵاتدا لەرواڵەتدا تاکێکی
مل کەچ دیارە بەڵام لە رووە شاراوەکەیدای دوژمنیەتی !
مرۆڤ هەر تەنها
بریتی نیە لە تاک ، بەڵکو مرۆڤ واتە ؛ شارستانیەت ، کۆمەڵگە ، رۆشنبیری ،پرسیار، مێژوو .
لە چاخی ستەمکاریدا هاوڵاتی هێز و دەسەڵات و هەموو ئامرازێکی لەدەست
دەردەهێنرێت ، دەنگی کپ دەکرێت و توانای دەربڕینی راو بۆچون و پاراستنی ماف و کەرامەتیشی
نامێنێ ، تادەگاتە ئەو ئاستەی هاوڵاتی لەژێر دەسەڵاتی ستەمکاردا دەبێتە جەستەیەکی
وشک و ئیفلیج و دەستبەستراو بەجۆرێک کە هێزی بەسەر ماڵوموڵکی خۆشیەوە نامێنێ.
دنیای دواکەوتوو ، دەرئەنجامی دنیای دەسەڵاتی زۆردارە ، کە بەهای هاوسەنگی نێوان دەسەڵات و خەڵک تێک دەچێت
و دەگاتە رادەی رق و بوغزاندنی بەرامبەر ، لەم بارەدا مرۆڤی مرۆڤایەتی خۆی لەدەست
دەدات ، بەها و نرخی نامێنێ.
لە جێگەی پەیوەندی هاوکێشەی ( من و تۆ ) کە (یەکسانی و داننان بە مرۆڤ
بونی یەکتری و مافی بوونی دابین دەکرد ) ، پەیوەندیەکە دەگۆڕێ بۆ ( من و ئەو شتە )
، ئەو شتە ئەو بونەوەرەیە کە دانی پیانانێ ، بە مرۆڤی نازانێ ، هیچ بەها و نرخێک بەژیانی
و بە پیرۆزیەکانی نادا .. بەو مانایەی کە
شتێکە دەتوانێ هەموو شتێکی بەرامبەر ئەنجام بدا وەک ( زۆریلێکردن ، ملکەچپێکردنی ،
ئازاردانی ، کوشتنی ، برسیکردنی ، تۆقاندنی ) ئەوە مرۆڤی خەمناکە ، مرۆڤی دنیای
دواکەوتوو ، مرۆڤێک کە دەسەڵات و پیاوە گەورەکان وەک کەسێکی ئاسایی نایبینن ! ، هیچ
سۆزو خۆشەویستیەکی بەرامبەر نامێنێت و بەهیچ جۆرێ هەست بە ئازار و چەوساندەوەی و پێویستیەکانی
ناکات .
نوسەری دیاری میسری (مستەفا علی ) ئەڵێ ؛ لە واقیعیدا مرۆڤی دواکەوتوو
بە٣ سێ قۆناغدا تێ دەپەڕێ ،قۆناغی جەوساندنەوە و مل کەچکردن و یاخی بوون ) ، قۆناغی
دەردەسەری و ملکەچ کردنی مرۆڤی دواکەوتو بە تاریکترین و ناهەموارترین قۆناغی مێژوویی
کۆمەڵگە ناودەبات کە وەک سەردەمی مانەوەی لەناو شکستدا وێنا دەکات و لەبەرامبەردا
ئەو قۆناغە بۆ دەسەڵاتداری ستەمکار وەک رۆژان و سەردەمی زێڕینی ناودەبات ، بەڵام لەناو
ئەو دۆخە خراپ وداروخاوەی کۆمەڵگادا رەگی یاخی بون و بەگژداهاتنەوە نەشونما ئەکات
و کۆمەڵگە سازو هاندەدات بۆ هەستانەوەو بەرگری چونکە مرۆڤی خەمناک ، راستە لە روواڵەتدا
مرۆڤێکی مل کەچە ، بەڵام لە ناخ و روە شاراوەکەیدا دوژمنی دەسەڵاتی ستەمکارە و گیانی
دوژمنانەی لەدەمارەکانیدا ئەجووڵێتەوە ، کە ئەم هەستە ، ئەم یاخی بون و بەگژداهاتنەوە
لە باوەشی دەسەڵاتدا بە بێ دەنگی و بەهێواشی وەک پشکۆیەکی ژێر خۆڵە مێش بە شنە بایەک
ئەگەشێتەوە و کڵپە ئەکات ، ئەم چرکە ساتانە چرکە ساتە مێژووییەکانی گۆڕان و هەستانە
و ئاڵوگۆری ریشەیین وەک ئەو راپەڕینانەی وڵاتانی عەرەبی کە رووداوی شۆک ئامێز و یەکلایی
کەرەوەبوون لە رووخانی رژێمە ستەمکارو زۆردارەکانی ناوچەکە .