قه‌زای مه‌خمور له‌ چاوه‌ڕوانی پلانێكی پێنج ساڵه‌دا

17/03/2022

د. محەمەد شوانی

15ی ئاداری ئه‌مساڵ، دوێنێ (95) ساڵ به‌سه‌ر نووسراوی ژمارە (458)ی رۆژی 15ی3ی1927دا تێپه‌ڕی كه‌ تیایدا مه‌خمور له‌ ناحیه‌وه‌ بوو به‌ قه‌زا، واته‌ پێنج سالی دیكه‌ یادی سه‌د ساڵه‌ی بوون به‌ قه‌زا له‌ مه‌خمور ده‌كرێته‌وه‌.

 له‌ رووی ئاوه‌دانیه‌وه‌ مه‌خمورو ده‌وربه‌ری به‌ لانكه‌ی شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێن ،به‌ ده‌یان ئاسه‌وارو بابه‌تی شوێنه‌واری و ئاركیۆلۆژی دێرینی لێیه‌، شوێنه‌واه‌ركانی  كاوله‌ كه‌نداڵ، غه‌رابه‌ی شێخی چۆلی، كه‌ندی حه‌مه‌جادری، گردی ئێسكان و چه‌ندین شوێنی دیكه‌ ئاماژه‌ و نیشانه‌ی ئاوه‌دانی سه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌كانن، پاشماوه‌ی مه‌نجه‌ران له‌ قه‌ره‌چوغ سه‌نگه‌ری پارێزگاری و به‌ڵگه‌ی سیسته‌مێكی سه‌ربازی شه‌ڕكه‌ره‌ و به‌ پیی سیما كلتوریه‌ ئاركیۆلۆژیه‌كان بۆ سه‌رده‌می  ئاشوریه‌كان و هێرشه‌كانی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كه‌دۆنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌ رووی كارگێریه‌وه‌ هه‌میشه‌ مەخموور یەکێک بووه‌ له‌ یه‌كه‌ كارگێریه‌كانی پارێزگای ھەولێر، تا ساڵی 1996 خرایه‌ سه‌ر پارێزگای موسڵ .  

له‌ رووی شوێنه‌وه‌، مه‌خمور له‌ دووری (56)كم ده‌كه‌وێته‌ باشووری ڕۆژئاوای شاری ھەولێر. ئەم قەزایە له‌ باره‌ی سنوری سروشتیه‌وه‌ لە باشووردا به‌ ڕووباری دیجلە، لە ڕۆژھەڵاتدا به‌ زێی بچوک و لە ڕۆژئاوادا به‌ زێی گەورە سنورێكی سروشتی به‌هێزی هه‌یه‌.


ڕووبەری فه‌زای مه‌خمور لە ساڵی (١٩٥٧) زیاتر له‌ (٣٥١١)کم٢ بوو، کە ده‌یكرده‌ ڕێژەی(22.4%)ی کۆی ڕووبەری پارێزگای هەولێر، بەلام لە ساڵی (1977)دا ڕووبەری ئەم قەزایە کەم دەبێتەوە بۆ (٢٩٥٥)کم٢، بۆیه‌ له‌ پێكهاته‌ی رووبه‌ری پارێزگای هه‌ولێریشدا  ڕێژەكه‌ی بۆ (18.9%) داده‌به‌زێت، هۆکاری ئەم کەم بوونەوەیەش بۆ سیاسه‌تی ته‌عریب ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کە بەپێی مەرسومێکی کۆماری ژمارە(٣٣) لە رێكه‌وتی (٢٥/١/١٩٧٦) ده‌رچووه‌ و تێیدا هاتووە (٢٨) گوندی ناحیەی کەندێناوە(دیبەگە) هەڵوەشایەوە و خرایە سەر قەزای(دووبز) . هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا زیاتر له‌ (11)گوندی دیكه‌ له‌ قه‌زاكه‌ دابڕێنران.


ئیستا له‌ خه‌می نیشتماندا پێویسته‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆمان بكه‌ین، ئایا له‌ یادی سه‌د ساڵه‌یدا چیمان پێ ده‌بێت‌ بۆ ئه‌م شاره‌ دێرین و میژوویی و ره‌نگینه‌ی كوردستان؟ له‌ ئیستاوه‌ و له‌ ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساله‌ی له‌به‌رده‌مماندایه‌ چ پرۆژه‌و به‌رنامه‌یه‌كمان هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردن؟ 


رێسای پلانی پێنج ساڵه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا باوه‌ كه‌ به‌رنامه‌و پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگایان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ زانستی ئابوری وسیاسی و كۆمه‌ڵناسیدا بریتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك میكانیزم و رێوشوینی تایبه‌ت كه‌ حكومه‌ت دایده‌رێژێت بۆ راپه‌ڕاندن و جیبه‌جیكردنی هه‌ندێك كاری گرنگ له‌ ماوه‌ی پێنج سالی ئاینده‌دا، به‌ مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی ئابوری و كۆمه‌لایه‌تی و باشتركرنی ژێرخانی كۆمه‌ڵگا له‌ رێگای به‌گڕخستنی سه‌رچاوه‌ ئابوریه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كنی خوێندن و ئاستێكی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی باڵاتر و كاراكردنی چالاكیه‌ كلتوری و‌ زانستیه‌كانه‌وه‌. 

له‌م قۆناغه‌دا ، پلانی پێنج ساڵه‌ بۆ قه‌زای مه‌خمور و ئاماده‌كاری بۆ یادكردنه‌وه‌ی سه‌د ساڵه‌ی بوون به‌ قه‌زا ،یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ پیرۆزو  پێویسته‌كانی ژیانی مه‌ده‌نیانه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان ، له‌م پێناوه‌دا ده‌كرێت  بۆ نمونه‌ :-

1-له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی ئاینده‌دا ئاسه‌واری وێرانبوون و ته‌عریب و جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ته‌واوی له‌سه‌ر سیمای شاره‌كه‌دا‌ بسڕێته‌وه‌، به‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌ و گه‌راندنه‌وه‌ی دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی و ئاسانكاری بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی.
2- توڕێكی رێگاوبانی مۆدێرن و پیشكه‌وتو له‌ نێوان هه‌ولێرو مه‌خمور و به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ نێوان مه‌خمورو ته‌واوی ناحیه‌كانی گوێرو دیبگه‌و باقرت دروست بكرێت  .
3-ماسته‌رپلانیكی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ به‌ له‌به‌ر‌چاوگرتنی بیست و پێنج ساڵی ئاینده‌ بۆ شاره‌كه‌ دروست بكرێت و تیایدا ره‌چاوی ته‌واوی پێویستیه‌كانی دانیشتوانی بكرێت له‌ خزمه‌تگوزاری وبازار و ریژه‌ی رووبه‌ری سه‌وز و ...هتد.
4-هه‌ڵمه‌تێكی گه‌شه‌كردنی شارنشینی ستونی له‌ ناوه‌ندی قه‌زاكه‌ ده‌ست پێبكرێت و به‌ پێی پێو‌یستی نیشته‌جێبوونی ئه‌م رۆژگاره‌ تا یادی سه‌د ساڵه‌، كۆمه‌ڵیك یه‌كه‌ی نیشته‌جیبوون له‌ شێوه‌ی شوقه‌ به‌ هه‌موو پێویستیه‌كانیه‌وه‌ دروست بكرێت ..
5-كار بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵگای لادێی قه‌زای مه‌خمور بكرێت ، وەكو سلفەی هاوسەرگیری، خواردنی تایبەت بۆ مناڵ ، خزمەتگوزاری تەندروستی و چاودێری ئافرەتی دووگیان، پێدانی قەرز بۆ دروستكردنی پەلەوەرخانەو كرینی مانگا و مه‌رو بزن و راكێشانی ئاو و چاندنی رەزو باغ و یەكەی بەرهەمهێنانی ئاژەڵداری له‌ گونده‌كانیان‌ ..
6- له‌ ته‌واوی گوندو ناحیه‌كانیدا دیارده‌ی كه‌می قوتابخانه‌و دیمه‌نی ناشارستانی بینایه‌ی قوتابخانه‌كان نه‌هێڵدرێت ، قوتابخانه‌ی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ بونیاد بنرێت و كۆن و رووخاوه‌كان نوێژه‌ن بكرێنه‌وه‌ ، به‌ تایبه‌ت گرنگی به‌ قوتابخانه‌ی پیشه‌یی بدرێت له‌ بواری كشتوكاڵی و ساماین ئاژه‌لی و ته‌كنۆلۆژی .
7-له‌ پلانی پێنج ساڵه‌ی ئاینده‌دا بۆ قه‌زای مه‌خمور جه‌خت بكرێته‌ سه‌ر دروستكردنی به‌نداو گێرانه‌وه‌ی ئاوی باراناو و كانیاوه‌ وه‌رزیه‌كان بۆ دروستكردنی ده‌ریاچه‌ی بچو‌ك له‌ كه‌ندو شیو و دۆڵه‌كانی قه‌زای مه‌خموردا ، تا له‌ یادی سه‌د ساڵه‌یدا رووبه‌ریكی سه‌وزی جوانی پر له‌ دارستان بۆ گه‌شتوگوزارو ئاوه‌دانی بونیاد بنرێت ..
8-ده‌كرێ بۆ پرۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ به‌ هه‌‌ماهه‌نگی و رێكه‌وتن بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا ئه‌گه‌ر قه‌زای مه‌خمور سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵیش بمێنێته‌وه‌ .به‌ مه‌رجێك ئاسایی بكرێته‌وه‌و سیمای ته‌عریب و وێران كردنی تێدا بسڕیته‌وه‌..