05/02/2022
له‌م كات و ساته هه‌ستیاره‌ی كه عێراقی پیا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌ندێ پێشنیار‌و ره‌خنه‌ی دۆستانه بۆ هه‌ردوو هێزی فه‌رمانڕه‌وا، پارتی و یه‌كێتی، پێویستن. له‌دۆخی نائاسایی و ته‌نانه‌ت شێنه‌یی_شدا، مرۆڤ دڵنیا نییه ده‌نگی ده‌بیسترێت یان نا. دۆخه‌كه ره‌نگه له شێوه‌ی كه‌شییه‌كه‌ی تایتانیك بێت!، پڕه له مه‌ردوم كه له حاڵی شپرزه‌یی كه‌شتییه‌كه‌دا، چاره‌نووسیان، وه‌ك چاره‌نووسی هه‌مووانه، بگره ره‌نگه بۆ داماوان خراپتریش بێ له خواپێداوان!.
هه‌موو دیومانه كه له فیلمی تایتانیكدا، سه‌روه‌ختی نقومبوون سه‌روه‌ختی هه‌ركه‌س بۆ خۆی و په‌له‌قاژه‌ی رزگاركردنی گیانه!، ئه‌وه‌ی به‌له‌مێكی چنگ ده‌كه‌وێ ناخنكێ، ئه‌وه‌شی جێی نابێته‌وه، ده‌بێته خۆراكی ده‌ریاو سه‌رگوزشته‌ی تراژیدیی سه‌رزاری قوتاربووان!.
میتافۆری تایتانیك، بۆ دۆخی هه‌رێم ئه‌گونجێ، به جیاوازیی هۆكاری نقومبوونه‌وه، به‌ڵام ئاكام هه‌ر یه‌ك شته: كاپتن، ده‌بێ ئاگای له جوگرافیای ده‌ریاو ستێرنی كه‌شتییه‌كه‌و كهندو كۆسپه‌كانی بن ده‌ریاو كه‌ش و هه‌وا بێ به‌گشتی.
ئێمه كه پێشنیار ئه‌كه‌ین، ئه‌زانین ده‌شێت له‌گه‌ڵ هه‌ر دۆخێكی هه‌ستیاردا بۆ هه‌رێم، به‌شێك له براده‌ران، پێش نقوومبوون ببنه‌وه به هاووڵاتی له‌و وڵاتانه‌ی كه ره‌گه‌زنامه‌ی پێ به‌خشیون!، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م قورتارنامه‌یه‌ی پێ نه‌بوو، چی؟ چۆن رزگاری ببێ؟ تاكه‌ی به‌رگه‌ی ئاواره‌یی و ژێر ده‌واری په‌نابه‌ریی سه‌ر سنوره‌كان بێت؟
هه‌ر بۆیه، بیرۆكه‌كه، بۆ سیاچاره‌كانی ناو كه‌شییه‌كه‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه له بنه‌ڕه‌تدا هاوار بكه‌ین كه‌شتییه‌كه نقوم نه‌بێت. له ره‌شه‌باو شاخی به‌ستوو و سه‌هۆڵبه‌ندان و زریان بیپارێزین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیشی ئه‌وانه‌ی به‌م جۆره خه‌می كه‌شتییه‌كه ده‌خۆن، بریتی بێت له هه‌ڵڕشتنی خه‌ڵوز بۆی و به‌سه‌روچاوی ره‌شه‌وه ئێشكگرتن بێ به‌دیار بزوێنه‌ره‌كانییه‌وه..!
به‌ڵێ له پێناوی ژیان و ئارامی، له‌پێناوی نقوم نه‌بوونی ئه‌و كه‌شییه‌ی كه پێی ده‌وترێ قه‌واره‌ی هه‌رێم، پێویسته به پارتی و یه‌كێتی بڵێین: پانی ببینن و بوه‌ستن. با ته‌ماحی كۆنترۆڵكردنی هه‌موو پۆست و پایه‌كان و شه‌ڕكردن له‌سه‌ریان، به شاخه به‌ردێكتاندا نه‌دات!، كات له ئێستادا له به‌رژه‌وه‌ندیی داگیركه‌رانی كوردستانه به گشتی نه‌ك ئێوه. له‌ناو ئه‌م گه‌مه هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌دا، چ جیهان و چ داگیركه‌رانیش، كه‌سیان ئاماده‌ی پاراستنی قه‌واره‌كه نین ئه‌گه‌ر به ته‌ماحی هه‌ڵه‌و سیاسه‌تی یه‌كتر شكاندنی خۆتان كونی تێبكه‌ن و له ململانێ له‌سه‌ر بابه‌تی لاوه‌كی، نقوم ببێت.
ئه‌وان له‌باشترین حاڵه‌تدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی حزبیی په‌تی ره‌چاو ده‌كه‌ن كه ته‌واو دژ بێ به كۆڵه‌گه‌كانی یه‌كپارچه‌یی و خۆڕاگرتنی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی كه پێی ده‌ڵێین كوردستان. ئه‌وان، تا ئێستا، یان بۆ چاوبه‌سته‌كی ناوی كوردستان ئه‌هێنن، یان له بنه‌ڕه‌تدا به باكوری عێراق ناوی ده‌به‌ن، یان شیمالونا‌لحه‌بیب!، كه ئه‌وان دان به خاوه‌ندارێتیی نیشتمانه‌كه‌تاندا نانێن ده‌بێ هه‌میشه گومانتان هه‌بێ له‌وه‌ی رێزی هاونیشتمانییه‌كانیشی بگرن.
كه‌س ئه‌وه‌نده نه‌فام نییه له سیاسه‌تدا، خواستی به گژا چوونه‌وه‌ی داگیركه‌رانی لێتان هه‌بێت، داواكاریی خۆتڕێنی وه‌ها له ئارادا نییه!. خۆ ئه‌گه‌ر به زمانی دیبلۆماسی پێیان ده‌ڵێن: دراوسێ، ئه‌وا ته‌نها داواكه ئه‌وه‌یه كه به زمانی بیر و دڵ بیرتان نه‌چێ كه ئه‌وان كێن!. هه‌میشه كه ته‌وقه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، دواتر په‌نجه‌كانتان بژمێرنه‌وه!. دۆستایه‌تی ئه‌وان،(أخژ و عگا)ی تیا نییه بۆ كورد، به‌ڵكو ته‌نها بردنه، رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتیشیان له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانیاندا تاسه‌ر ئێوه‌ی تیا نابێت!، ئه‌وپه‌ڕی شۆربایه‌كی سارد ده‌رخواردی هه‌ر هێزێك ده‌درێت كه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات. بۆیه باكی میلله‌ته‌كه‌تان هه‌بێ، له پێناوی پۆست و پایه‌كاندا، ناڕاسته‌وخۆ، ده‌رگا به‌رووی جێبه‌جێبوونی پیلان و پرۆژه‌ی مێژوویی داگیركه‌راندا مه‌كه‌نه‌وه، كوردایه‌تی ئه‌وه نییه ماڵی خه‌ڵك رێك بخه‌یته‌وه و هی خۆت بشوێنێ!، ئه‌مه هه‌موو شتێكه به‌س كوردایه‌تی نه‌بێ. پاشان، خه‌می خۆتان و میلله‌ته‌كه‌تان بخۆن، براده‌رینه!، سونه‌كان و شیعه‌كانی عێراق، بێ خاوه‌ن نین، ئه‌وان ته‌نها له هه‌ندێ كێشه‌ی ناوخۆی خۆیاندایه كه به شێوه‌یه‌كی تێپه‌ڕ په‌كیان له‌سه‌ر ئێوه كه‌وتووه..!
ئێوه باش ئه‌زانن كه توركه‌كان چاویان له ساڵی 2023ه! كه په‌یماننامه‌ی یه‌ك سه‌ده‌یی لۆزان كۆتایی پێ دێ، ئێرانییه‌كان خه‌می شیعه‌كان و هه‌ژموونی خۆیانه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كاندا، رژێمی ئه‌سه‌د، بۆی بلوێ، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی سازشه بۆ داعش‌یش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌سه‌ده له‌ناو به‌رێت و وه‌ك سه‌ركه‌وتووه‌یه‌كی جه‌نگ بگه‌ڕێته‌وه ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و كۆمكاری عه‌ره‌بییه‌وه.
پاشان، له‌ولاوه، ساڵ بۆ ساڵ، به ئاشكرا، فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی خۆیشمان روو له خراپییه. باج و خه‌راج له سه‌ر هاووڵاتیان زیاتر ده‌كرێ، مووچه له كاتی خۆیدا نادرێ، خزمه‌تگوزارییه‌كان له سوته‌مه‌نی، ئاو، كاره‌با، پرۆژه، ساڵ دوای ساڵ ئه‌چنه ئاو و گرانتر له‌سه‌ر هاووڵاتی ده‌كه‌ون، گه‌نجان به لێشاو وڵات به‌جێ ده‌هێڵن و ده‌یان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ردو نه‌خۆشیی ده‌روونی بڵاوبوونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت شاره‌كانمان به‌رگه‌ی زریان و لافاوه‌كانیش ناگرن!.. له‌ولاتر ده‌بینین رێی خۆپیشاندان و ته‌نانه‌ت ته‌نفیسیشتان له هاووڵاتی گرتووه، له باری گوزه‌رانه‌وه، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نییه، ته‌نها مووچه‌كه‌یه، ئه‌ویش یان لێی ده‌بڕدرێت، یان دوا ده‌كه‌وێ، یان گرێدراوی خێراوه‌كه‌ی كازمییه!. بۆیه له‌وه زیاتر ناخۆشی مه‌كه‌ن. ئینسانی كورد، به‌و هه‌موو نادادپه‌روه‌رییه، به ناچاری، رازی بووه، به‌ڵام خۆڕاگری و ئارامیشی مه‌شێوێنن.
به‌ڕێزان، شاره‌كانمان به‌رگه‌ی كاتیۆشای میلیشیاكان و بۆمبارانی توركه‌كان و تۆپباران و فشاری ئێرانییه‌كان ناگرن. ئه‌گه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ململانێكانی ناوچه‌كه‌دا پارێزراو نه‌بن، ئه‌گه‌ر ریاز، ئه‌بو زه‌بی، ته‌لئه‌بیب، به‌یروت و باشووری لوبنان و دیمه‌شق، كاتیۆشا باران بكرێن و له‌ناو ئاڵوگۆڕی ئاگر باراندا بژین، چی رێگره له‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێمیش بكرێنه ئامانج؟.. كورتبینی و سه‌ره‌ڕۆیی له سیاسه‌تدا هه‌ڵه‌یه، تكایه.. برای خۆتان بۆ كه‌سی تر مه‌شكێنن، ئه‌وه‌ی رێزی هاوزمانهكهی خۆی نه‌گرێت، كه‌س له ناخدا رێزی لێ ناگرێ، دڵنیابن هه‌موو رێككه‌وتنێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا بێ به‌هایه، كاتییه، پێویستیی هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراوه‌و به‌س، ئه‌وپه‌ڕی به‌كارهێنانێكه په‌ڕۆ ئاسا!، دوای ئیستهلاككردنی، فرێ ده‌درێت، ئاینده‌ش ئه‌م راستییه ساده‌یه زیاتر و زۆرتر روون ده‌كاته‌وه.