17/11/2021
به پێویستی ئه‌زانین چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا له‌سه‌ر بابه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بنووسین كه یه‌ك دوو خوله، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی گشتی عێراقدا، ده‌بێته‌وه جێی مشت‌ومڕ. راستیش نییه ئه‌گه‌ر بوترێ مشتومڕو بگره هه‌ندێجار ناكۆكیش ته‌نها له‌ناو ماڵی سیاسیی كورددا بووه، نا، به‌ڵكو ئه‌و پۆسته، كه‌م و زۆر، جێی ته‌ماحی هێزه سیاسییه شیعی و سونییه‌كانیش بووه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوولایان پۆستی سیادیی بهدهسهڵاتتریشیان لا بووه!.
گومان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكییه‌كان و ئێرانییه‌كان نه‌بوونایه به پله‌ی یه‌كه‌م، زۆر ده‌مێك بوو ئه‌و پۆسته سیادییه له پشكی كورد وهدهگیرایهوه، هۆكارێكی تری مانه‌وه‌شی لای كورد رازیبوونی ناچارانه‌ی نوێنه‌رانی سیاسیی هه‌ردوو پێكهاته‌ی شیعه‌و سوننه‌یه به‌وه‌ی كه لاسه‌نگیی له پۆسته سیادییه‌كاندا له به‌رژه‌وه‌ندیی شیعه یان سوننه‌دا نه‌شكێته‌وه، واته له سێ پۆسته سیادییه سه‌ره‌كییه‌دا وایان پێ باش بووه كه دووانیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی بهرامبهرهكهیاندا نه‌بێ و به‌وه‌ش مه‌ترسی زیاتر بۆ سه‌ر كۆنترۆڵكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن پێكهاته‌یه‌كی مه‌زهه‌بیی دیاریكراوه‌وه دروست نه‌بێت، ده‌نا به دڵنیاییه‌وه به ئاسانی ئه‌و نه‌ریته سیاسییه‌یان قبوڵ نه‌ده‌بوو كه كورد یه‌كێك له‌و پۆست سیادییانه به‌رێت با پۆستی سه‌رۆك كۆمارییش بێت كه پۆستێكه، چه‌ند ته‌شریفاتیش بێت، به‌ڵام لایه‌نی مه‌عنه‌وی و سیمبولیكیی خۆی هه‌یه، چ جای له وڵاتێكدا كه تیایدا هێشتا مێنتاڵێتی عروبه‌ت كۆتایی نه‌هاتووه، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له سه‌رۆك وه‌زیرانه خوێندهوارهكهشی، كه ته‌مه‌نێك له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی كوردیشدا ژیاوه‌و نمه‌كی كردووه!، كه لێره‌شدا، مه‌به‌ستمان له كازمییه، تازه به تازه، زوو زوو باسی ناسنامه‌ی عروبه‌تی عێراق ده‌كات!.
هۆكارێكی تریش بۆ قبوڵكردنی ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته لای كورد بێت، به‌تایبه‌تی له قۆناغی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی عێراقدا، واته له عێراقی دوای سه‌دام(2003)، ئه‌وه بووه كه سیاسییه‌كی وه‌ك خوالێخۆشبوو تاڵه‌بانی(1933-2017ز) له گۆڕه‌پانی عێراقدا بوو، پیاوێك كه بێگومان خوالێخۆشبوو عه‌دنان پاچه‌چی(1923-2019ز) لێ ده‌ربهێنیت سیاسییه‌كی تر له عێراقدا نییه هێنده‌ی ئه‌و له‌ناو كایه‌ی سیاسه‌تی عێراقدا بكهرو دیاربووبێت. تاڵه‌بانی چ وه‌ك خه‌بات و چ وه‌ك ته‌مه‌نیش، له‌هه‌موو سه‌ركرده‌كانی ئێستای عێراق به ئهزمووتر و شاره‌زاتر بوو، ته‌نانه‌ت جێی متمانه‌ی ته‌واوی كاك مه‌سعود بارزانی-یش بوو، بۆیه كه پۆستی سه‌رۆك ده‌بووه بابه‌ت، تاڵه‌بانی ئه‌و كاراكته‌ره شیاوه بوو كه سیاسییه‌كانی تر به حه‌زه‌ربوون له‌وه‌ی له حزوری ئه‌ودا ركابه‌رێتی بكه‌ن.
كه‌واته، ئه‌و بۆچوونه راست نییه كه مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته ته‌نها له‌ناو ماڵی سیاسیی كورددا بووبێت، بگره به پێچه‌وانه‌وه، هه‌تا تاڵه‌بانی له ژیاندا و به ته‌ندروست بوو، له‌ناو كورددا جێی كێشه نه‌بوو. ئێستا به‌ڵێ وا بۆ دوو خول زیاتره مشتومڕو بگره ململانێی له‌سه‌ره. پارتی ده‌یه‌وێ بۆ ئه‌و بێت و یه‌كێتییش بۆ خۆی، ئه‌مه‌ش بۆته روكارو گه‌وهه‌ری پرسه‌كه به‌داخه‌وه، له‌كاتێكدا ده‌بوو له دوای قۆناغی تاڵه‌بانی پرسیاری جدی ئه‌وه بێت چۆن ئه‌و پۆسته له خزمه‌تی كورددا بێت؟
به دڵنیاییه‌وه ده‌توانرێت بوترێت كه هێزه سیاسییه‌كانمان خاوه‌نی دیدێكی سیاسی نین بۆ چۆنیه‌تی سوودوه‌رگرتن له پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ئه‌مه له كاتێكدا چی سه‌رۆك وه‌زیرانی شیعه‌و سه‌رۆك په‌رمانی سوننه هه‌بووه‌و هه‌یه له عێراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی‌دا، هه‌ر هه‌موویان، كهمو زۆر، قۆزتنه‌وه‌ی مه‌زهه‌بییانه‌یان بۆ پۆسته سیادییه‌كانی خۆیان هه‌بووه، كه‌سیان سه‌د ده‌ر سه‌د، پیشه‌یی، بێلایه‌ن، پابه‌ند به‌ده‌ستور، ئه‌و پۆستانه‌یان به‌ڕێوه نه‌بردووه، ئه‌وه له‌وه گه‌ڕێ كه زیاتر له 18 ساڵیشه یه‌كتر به تایه‌فه‌گه‌ریی سیاسی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به تاقه پۆسته سیادییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كورده‌وه هه‌یه، ئه‌توانین بڵێین پۆسته‌كه كه پۆستی سه‌رۆك كۆماره، له سه‌رده‌می مام جه‌لالدا باشتر بوو، به‌ڵام ئێستا ئیتر ده‌بێ كورد له‌خۆی بپرسێت: چۆن بتوانین وه‌ك نه‌ته‌وه سوود له‌و پۆسته ببینینه‌وه؟ چونكه بابه‌تی پۆست بابه‌تێكی كه‌سی و حزبی نییه، رۆتین و بۆشاییه‌ك نییه‌و پڕ بكرێته‌وه. ئه‌و پۆسته به‌ركه‌وته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه، له‌ناو ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌شدا به‌ر هه‌ر هێزێكی سیاسی بكه‌وێت ئه‌وا پێویسته، به پله‌ی یه‌كه‌م، له چوارچێوه‌ی سوودێكی نه‌ته‌وه‌ییدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، واته به‌هۆی ئه‌و پۆسته‌وه، جگه له پابه‌ندییه ده‌ستوورییه‌كان، هه‌ر به ده‌ستوور خۆی هه‌م رێگه له‌هه‌ر پێشێلكارییه‌ك بگیرێت كه به‌رامبه‌ر به مافه سیاسی و ئابوورییه‌كانی كورد بكرێت، هه‌م له رێی ده‌ستوره‌وه داكۆكی له‌و مافانه بكرێت.
ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به‌م لۆژیكه سیاسییه/ستراتیژییه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت و ته‌نها وه‌ك خه‌ڵاتێكی كه‌سی و حزبی كێبه‌ركێی له‌سه‌ر هه‌بێت، پله به پله ده‌بێته پۆستێكی بێ به‌ها بۆ كورد.
پاشان پێویسته دامه‌زراوه‌یه‌ك یان سه‌نته‌رێكی ستراتیژیی بێلایه‌ن هه‌بێت كه به شێوه‌یه‌كی زانستییانه توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی كاراكته‌ری سه‌رۆك كۆماری هه‌بێت له‌و خوله‌ی كه پۆسته‌كه‌ی لابووه. له‌ناو ئه‌و حزبه‌شه‌وه كه پۆستی سه‌رۆك كۆماری به‌ر ده‌كه‌وێت، هه‌مان هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌بێت.
ته‌نانه‌ت ئه‌كرێ بابه‌تی پۆسته سیادییه‌كان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا بابه‌تی دانوستانی نێوان كورد‌و لایه‌نه عێراقییه براوه‌كان بێت. بنه‌مایه‌كی رێككه‌وتنه‌كان ئه‌وه بێت كه، هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك كه پۆستێكی سیادیی به‌رده‌كه‌وێت پیشه‌ییانه‌و ده‌ستوورییانه ئه‌و پۆسته به‌ڕێوه‌به‌رێت، نه‌ك له روانگه‌ی كه‌مینه‌و زۆرینه‌و دهرهاویشتهكانییهوه هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، واته خاوه‌ن پۆستێكی سیادی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی په‌رله‌مانی له پشته ئیتر هێزی ته‌نانه‌ت پێشێلكردنی ده‌ستوری هه‌بێت و كه‌س لێی نه‌پرسێته‌وه، یه‌كێكی تریش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ربه كه‌مینه‌یه‌كی تائیفی یان نه‌ته‌وه‌ییه ئیتر نه‌توانێت ته‌نانه‌ت گوزارشت له هه‌ڵوێسته ده‌ستوورییه‌كانی خۆیشی بكات و ده‌ستبه‌جێ تۆمه‌تبار بكرێت.
بابه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار زۆر سه‌رنجی تری ورد‌و بابه‌تی هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پۆسته نه‌بێته جێی ململانێی تایبه‌تی و حزبی، به‌ڵكو به هه‌موو هێزه كوردییه‌كانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بن كه باشترین و شیاوترین كه‌س بۆ ئه‌و پۆسته دیاری بكه‌ن به به‌رنامه‌و ئه‌جێندایه‌كی نه‌ته‌وه‌ییانه، به جۆرێك كه ئه‌و كه‌سه ئه‌وه‌نده شاره‌زاو په‌رۆش بێت كه بتوانێت ئه‌و ئه‌جێندایه به ئارگیۆمێنتی ده‌ستووری چه‌كدار بكات، له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ی ته‌نانه‌ت ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ش بێت له پۆسته‌كه‌ی كه‌ی پێویست بێ و بۆ كورد باش بێت، نه‌ك سه‌رۆك كۆماری ته‌نها پۆستێك بێت بۆ ناو و پایه.