چاوپیکەوتن

08:51 - 02/01/2019

گوته‌بێژی كه‌جه‌كه‌ : له‌ بنه‌ڕه‌تدا دۆخه‌كه‌ بۆ توركیا زه‌حمه‌تتره‌‌

ڕەنج عوسمان

كاتێك دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا بڕیاریدا هێزه‌كانیان له‌ سوریا بكشێننه‌وه‌، كوردانی هه‌رچوارپارچه‌ له‌ ڕووی سۆزه‌وه‌ ئاگر به‌رببوو له‌ ڕۆحیان، چونكه‌ پێشبینی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كوردانی خۆرئاوا گورگان خواردی ده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كرێن.ده‌یان شرۆڤه‌ و گوتار له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ نووسرا.هه‌رزوویش وه‌زیری به‌رگری توركیا خڵوسی ئاكار ڕایگه‌یاند ئه‌و خه‌نده‌قانه‌ی كورده‌كان بۆ شه‌ڕ ئاماده‌یانكردووه‌ ده‌بێته‌ گۆڕستانیان.گوته‌بێژی كۆما جڤاكێن كوردستان(كه‌جه‌كه‌)له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا كه‌ بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئه‌نجامدراوه‌، زۆر شرۆڤه‌ و تێڕوانین پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م له‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، وڵاتی توركیایه‌.ئه‌م پرسه‌ و چه‌ندین پرسی سیاسی دیكه‌ تاوتوێ ده‌كات.

په‌یسه‌ر: به‌پێى هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تتیه‌كان و هاوكێشه‌ ناوخۆییه‌كانى سوریا، توركیا تا چه‌نده‌ ده‌رگاى به‌ ڕوودا كراوه‌یه‌ تا بتوانێت هێش بكاته‌ سه‌ر باكوورى خۆرهه‌ڵاتی سوریا؟

سه‌رحه‌د وارتۆ: باسى كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مریكا مژارێكى گه‌رمى ناو ئه‌مریكا و دواتر ڕوسیا و توركیایه‌ به‌ تایبه‌ت، له‌ناو كوردانیشدا ئه‌م مژاره‌ زۆر گه‌نگه‌شه‌ و شرۆڤه‌ ده‌كرێت. بۆ لایه‌نى كوردی ده‌ڵێم: زۆر لایه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كورد له‌ باكورى سوریا تووشى  ناڕه‌حه‌تى ده‌بن به‌هۆى ئه‌م بڕیاره‌وه‌،  به‌تایبه‌ت كه‌ ڕێگه‌ بۆ هێرشى سوپاى توركیا ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م شرۆڤه‌یه‌ جێگه‌ى گومانه‌ چونكه‌ له‌ بڕیارى كشانه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو لایه‌ك زیاتر تووشى شۆك بوو توركیا بوو، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ بنه‌ِره‌تدا له‌م دوو سێ ساڵه‌ى دوایدا توركیا هه‌بوونى خۆی له‌ سوریا له‌سه‌ر ئاماده‌یی  ئه‌مریكا و ڕوسیا بنیات نابوو.

هه‌وڵى داگیركردنى توركیا له‌ خۆرهه‌ڵاتی فوراِت بۆ ڕوسیا و ئێران زۆر جێی بایه‌خ و گرنگى پێدانه‌

هه‌م له‌ ئۆپه‌راسیۆنى قه‌ڵغانى  فوڕات و هه‌م ئۆپه‌راسیۆنى داگیركارى عه‌فرین، توركیا گڵۆپى سه‌وزى له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ هه‌ڵكرا، ئه‌مریكا ڕێگه‌ى به‌ توركیادا، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا رێگاى نه‌دابوایه‌ ڕوسیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ى به‌ توركیا نه‌ده‌دا هێرش بكاته‌ سه‌ر خاكى سوریا، ئه‌گه‌ر  ئه‌مریكا له‌ سوریا بكشێته‌وه‌  ڕوسیا پێویستى به‌ په‌لامارى هێرشى توركیا نابێت و ئه‌مریكاش ناتوانێت پێش به‌ سوپاى توركیا بكاته‌وه‌ بۆ هێرشكردن، بۆیه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دۆخه‌كه‌ بۆ توركیا زه‌حمه‌تتره‌.

له‌لایه‌نى ڕوسیاشه‌وه‌ هێرشكردنى توركیا دوو ئامانجى گرنگ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ئه‌مریكا بوو، دووه‌م بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر كورد تاكو كورد به‌ ئاسانى ده‌ستكه‌وتى خۆی ته‌سلیم به‌ ڕژێمى سوریا بكات، به‌ڵام  گه‌ر ئه‌مریكا بكشێته‌وه‌ ، ڕوسیا پێویستى به‌ خاڵى یه‌كه‌م نامێنێت. پێویستى دووه‌میش  بۆ فشار له‌سه‌ر كورد تا ته‌نازول بۆ سوریا بكات، هه‌وڵى داگیركردنى توركیا له‌ خۆرهه‌ڵاتی فوراِت بۆ ڕوسیا و ئێران زۆر جێی بایه‌خ و گرنگى پێدانه‌، چونكه‌ له‌ داگیركردنى جه‌رابلوس و باب و ئیدلب و عه‌فرین بینیان له‌و شوێنانه‌ى توركیا داگیرى كردوه‌، ئه‌مریكا و ناتۆ پشتیوانى توركیا ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ى ڕژێم و ڕوسیا ویستیان په‌لامارى ئیدلب بده‌ن، فه‌ڕنسا و ئه‌مریكا و به‌ریتانیا وتیان ئێمه‌ له‌ ڕژێمى سوریا ده‌ده‌ین، واتا ئه‌وه‌ى پێشى له‌ ئۆپه‌راسیۆنى ئیدلبى گرت فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌مریكا بوون.

 ڕوسیا دڵنیا نییه‌ له‌ بڕیارى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا

بۆیه‌  ڕژێم و ڕوسیا و ئێران  وایده‌بینن هه‌ر شوێنێك توركیا داگیرى بكات به‌ پاڵپشتى ناتۆ  ده‌بێت  ئه‌وه‌ش بۆ سوریا و ڕوسیا جێگه‌ى مه‌ترسی زیاتره‌، بۆیه‌ ڕوسیا ده‌یه‌ویًت ته‌هدیدى توركیا له‌سه‌ر كوردان هه‌بێًت و به‌رده‌وام بیًت، به‌لًام فشار و داگیركردنى زیاترى توركیا بۆ سه‌ر خاكى سوریا و خۆرئاواى كوردستان ئاسته‌نگه‌كان زیاتر ده‌كات، چونكه‌ ڕۆژبه‌ڕۆژ په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌مریكا و توركیا باشتر ده‌بێت و بۆ ڕوسیاش ئه‌و پێشهاتانه‌ جێگه‌ى گومانن.
 ڕوسیا دڵنیا نییه‌ له‌ بڕیارى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا، ئایا ئه‌مریكا هێزه‌كانى ده‌كشێنێته‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ به‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌واوى ده‌ست له‌ سوریا هه‌ڵده‌گرێت یاخود له‌ ڕووى سیاسیه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وانه‌ پرسی جددینه‌ بۆ ڕوسیا.

له‌ناو ئه‌مریكاشدا هێزێكى گه‌وره‌ هه‌یه‌ و گه‌لێك لایه‌ن ناڕازین له‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا، بێگومان ئه‌وه‌ له‌به‌ر  خاتری كوردان نییه‌،به‌ڵكو له‌ ئه‌ساسدا له‌به‌ر سیاسه‌تى ئه‌مریكایه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. به‌گومانن چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بكشێته‌وه‌ له‌ سوریا، له‌ عێراقیش ده‌كه‌ونه‌ دۆخێكى ناڕه‌حه‌ته‌وه‌، وه‌ جارێكى تر هێز و لایه‌ن له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا باوه‌ڕ به‌ ئه‌مریكا ناكه‌ن، مومكینه‌ هه‌ژموونى ڕوسیا و ئێرانیش له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا فراونتر ببێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كشانه‌وه‌ى  هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سوریا به‌ ته‌واوى نابێت چونكه‌ هاوكێشه‌ى تازه‌ دروست ده‌بێت، كه‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپاش ده‌یانه‌وێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى هاوكێشه‌كان نه‌بن، به‌گشتى بۆ كوردان هاوكێشه‌كان خراپ نابن، به‌ڵكو ئیمكانى زیاتر بۆ كوردان و باكورى سوریا دروست ده‌بێت.

په‌یسه‌ر: ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت یه‌په‌گه‌ له‌ هه‌موو خۆرهه‌ڵاتى فوڕات ده‌رده‌كه‌ن، تا به‌و ئامه‌نجه‌ش نه‌گه‌ن ئارام ناگرن، له‌ ئه‌گه‌رى هێرشى توركیادا داهاتووى ئه‌و ناوچانه‌ و هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات چۆن ده‌بێت؟

سه‌رحه‌د ڤارتۆ: بێگومان توركیا و ئه‌ردۆغان ده‌یانه‌وێت په‌لامارى خۆرهه‌ڵاتی فوڕات و كوردان و پێكهاته‌كانى ئه‌وێ بدات، به‌ڵام له‌ به‌رده‌م ئه‌ردۆغان دوو ئاسته‌نگى گه‌وره‌ هه‌یه‌، ئاسته‌نگى هه‌ره‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزێكى گه‌وره‌ى كوردى و هێزى پێكهاته‌كانى گه‌لى سوریا له‌وێ بوونیان هه‌یه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تى توركیا ڕاوه‌ستاون، له‌ هه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌ هێزى گه‌لان له‌ ڕووى عه‌سكه‌ری و سیاسی و دیبلۆماسییه‌وه‌ هێزێكى گه‌وره‌یه‌، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری دونیا هاوسۆزیه‌كى گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر تێكۆشانى خۆرئاوا و باكوری سوریا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئاسته‌نگێكى زۆر گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م توركیا ده‌كاته‌وه‌.

هیچ كه‌سێك ڕێگا نادات توركیا به‌ ئاسانى سوریا داگیر بكات

به‌رخۆدان نیشانى داوه‌ كه‌ له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكى ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌دا ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ى باكورى سوریا تواناى ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ و تێكشكانى دوژمنى هه‌یه‌، توركیاش ئه‌وه‌ ده‌زانێت و گره‌نتى سه‌ركه‌وتنى نییه‌.
ئاسته‌نگى دووه‌میش،  ئه‌و ئاماده‌ییه‌ نێوده‌وڵه‌تیی و هه‌رێمیه‌ى هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رده‌م ئه‌ردۆغان ئاسته‌نگه‌، هیچ كه‌سێك ڕێگا نادات توركیا به‌ ئاسانى سوریا داگیر بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان كوردان ده‌كات به‌ بیانوو ، ئه‌گه‌رنا له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ردۆغان سیاسه‌تێكى تر جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌و سیاسه‌تى عوسمانى نوێ جێبه‌جێده‌كات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ ببینێت تێده‌گات، هه‌م عێراق و هه‌م سوریا دركیان به‌ مه‌رامى توركیا كردوه‌، هه‌ر بۆیه‌ گه‌ر دیقه‌ت بده‌ن وڵاتانى عه‌ره‌بى هێدى هێدى په‌یوه‌ندى خۆیان له‌گه‌ڵ شام ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ست به‌و مه‌ترسیانه‌ ده‌كه‌ن.

په‌یسه‌ر: ئایا پێتان وایه‌ ئه‌مریكا و ڕوسیا و یه‌كێـتى ئه‌وروپا به‌ ئاسانى ڕێگه‌ بده‌ن توركیا هێرش بكاته‌ سه‌ر منبه‌ج و خۆرهه‌ڵاتی فوڕات؟

سه‌رحه‌د ڤارتۆ: به‌گشتى  دۆخ و كاتى هه‌ره‌ِشه‌كانى توركیا بۆ داگیركارى له‌سه‌ر باكورى خۆرهه‌ڵاتی سوریا جیاوازتره‌ له‌و كاته‌ى توركیا په‌لامارى عه‌فرینیدا، له‌ ئێستادا كاته‌كه‌ هه‌ستیارتر و هاوكێشه‌كان دژوارترن، بۆیه‌ له‌ ئێستادا هه‌وڵه‌كانى توركیا بۆ ڕازیكردنى ئه‌مریكا و ڕوسیا و ئه‌وروپا قورستر بوه‌.

ئه‌و هێزه‌ى له‌ باكوری رۆژهه‌لاتى سوریاشه‌ هێزێكى گه‌وره‌یه‌ و نزیكه‌ى %30 خاكى سوریاى له‌ژێر ده‌سته‌


په‌یسه‌ر: وه‌ك باس ده‌كرێت یه‌كێك له‌ بژارده‌كانى به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رى باكور و خۆرهه‌ڵاتی فوڕات  بۆ خۆپاراستن له‌ هێرشه‌كانى توركیا، ڕێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د، ئایا له‌ناو حكومه‌تى سوریادا هیچ زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ جۆرێك ڕێككه‌وتن كه‌ كورد پێى ڕازیبێت؟، چونكه‌ تا ئێستاشى له‌گه‌ڵدابێت سوریا ده‌ڵێت هیچ جۆره‌ فیدرالیزمێك قبوڵ ناكه‌ن.

سه‌رحه‌د ڤارتۆ: به‌ڕێوه‌به‌رێتى باكور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا نه‌ك ئێستا و دواى بڕیارى كشانه‌وه‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكا سیاسه‌تى خۆى گۆڕیوه‌، به‌ڵكو له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كى ڕوون و ڕاشكاو باسیان له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سوریایه‌كى یه‌كگرتوون و بۆ سوریایه‌كى دیموكرات هه‌رده‌م ئاماده‌ن و به‌رده‌وام له‌ به‌یاننامه‌كانیان بۆ ڕاى گشتى بڵاویان كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ شتێكى تازه‌ ڕوینه‌داوه‌، ته‌بعه‌ن هه‌ڵوێستى حكومه‌تى سوریا دژى گه‌لى كورد و گه‌لانى سوریا هه‌تا ئێستا نه‌گۆڕابوو، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌ری ره‌وشه‌كه‌ پێشنیاری  پاراستن كرا.
دیاره‌ سوریا وه‌كو جاران نابێت، ئه‌و هێزه‌ى له‌ باكوری رۆژهه‌لاتى سوریاشه‌ هێزێكى گه‌وره‌یه‌ و نزیكه‌ى %30 خاكى سوریاى له‌ژێر ده‌سته‌، بۆیه‌ به‌بَى باكورى ڕژهه‌ڵاتى سوریا هیچ چاره‌سه‌رێك له‌ سوریا نابێت، له‌ كۆبونه‌وه‌كانى ئاستانه‌ و جنێڤیش ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، مومكین نییه‌ له‌ سوریاى نوێدا  ئیراده‌ى باكور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت، سوریا سه‌ر پێ ناكه‌وێته‌وه‌.

په‌یسه‌ر: هه‌ندێك ئاماژه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فه‌ره‌ِنسا ده‌یه‌وێت له‌ خۆرئاواى كوردستان ڕۆڵ ببینێت، له‌ دواى بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ  فه‌ره‌ِنسا ڕایگه‌یاند هێزه‌ كوردیه‌كان ده‌پارێزێت، له‌م قۆناغه‌د ڕۆڵى فه‌ڕه‌نسا چییه‌ و ده‌توانێت چى بكات؟

  سه‌رحه‌دڤارتۆ: هه‌ڵوێستى فه‌ڕه‌نسا گرنگه‌، ئه‌و  خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ جێیه‌كى گرنگ ده‌بینێت، بۆیه‌ نایه‌وێت ده‌ست له‌ناوچه‌كه‌ به‌ردات، به‌ڵام فه‌ره‌ِنسا به‌ته‌نها ناتوانێت سیاسه‌تى خۆى له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راِست به‌رده‌وامى پێبدات به‌بێ بوونى ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و وڵاتانى ترى ئه‌وروپا. بۆیه‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا فه‌ڕه‌نسا ده‌خاته‌ دۆخێكى ته‌نگانه‌وه‌،  ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌ته‌واوى له‌ سوریا بكشێته‌وه‌، له‌و كاته‌دا فه‌ڕه‌نسا بێ پشتیوانى ئه‌مریكا و وڵاتانى ئه‌وروپا ناتوانێت بارى قوسى سوریا بخاته‌ سه‌رشانى خۆى، بۆیه‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌یه‌وێت ئه‌مریكا ڕازی بكات پشتگیرى خۆى بۆ سوریا و به‌ره‌ده‌وام بێت و به‌ ته‌واوى نه‌كشێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ فه‌ڕه‌نساش ده‌توانێت به‌ پشتگیرى ئه‌مریكا ڕۆڵى خۆى ببینێت.

تێكۆشانى ئێمه‌ هه‌م له‌ ئاستى شه‌ڕى گه‌ریلایدا هه‌م له‌ ئاستى خه‌باتى گه‌لى كوردستاندا به‌رامبه‌ر داگیركاریان له‌سه‌ر خۆرئاوا و باشوور هه‌بوه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت

په‌یسه‌ر:  په‌كه‌كه‌ ده‌توانێت چى بكات بۆ پاراستنى خۆرئاوا؟، ساڵى ڕابردوو كاتێك توركیا هێرشى كرده‌ سه‌ر عه‌فرین، دوو چاوه‌ڕوانى له‌ په‌كه‌كه‌ هه‌بوو, یه‌كه‌م ئه‌وه‌ى له‌ باكور فشار بخاته‌ سه‌ر سوپاى توركیا، دووه‌م ئه‌وه‌ى هاوڵاتیانى كوردى باكور بێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان، به‌ڵام هیچ كامیان ڕووی نه‌دا، ئه‌مجاره‌یان چى ڕووده‌ده‌ات؟

سه‌رحه‌دڤارتۆ: تێكۆشانى كورد به‌رده‌وامه‌، چ له‌ باكور باشور خۆرئاوا، تێكۆشان به‌ ده‌ستكه‌وت بێت یان به‌ زه‌ره‌رى خۆشمان بێت هه‌ر به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا تێكۆشان به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تى تورك له‌ باكور و باشور به‌رده‌وامه‌، له‌ خۆرئاواشدا تێكۆشان و به‌رخودان هه‌ر هه‌بووه‌، له‌ ساڵانى 2016 و 2017دا له‌ باكور ده‌وڵه‌تی توركیا كه‌وته‌ دۆخێكى زۆر دژواره‌وه‌، ئه‌ردۆغان بۆ خۆى دانى پێدانا، ساڵى 2018 تێكۆشان  فشارێكی گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى توركیا كرد،ئێستاش له‌ باكور و له‌ باشور تێكۆشانێكى گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر داگیركارى هه‌یه‌، به‌ڵام داگیركه‌ر دۆخێكى دروست كردوه‌ كه‌ تێكۆشان  له‌ باكورى كوردستان به‌ ئاسانى نه‌گات به‌ ڕای گشتى، گه‌رنا له‌ توركیادا شه‌ڕ تونده‌، هه‌په‌گه‌ ناوبه‌ناو ڤیدیۆ و هه‌واڵى ئه‌و شه‌ڕانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ تێكۆشانى ئێمه‌ هه‌م له‌ ئاستى شه‌ڕى گه‌ریلایدا هه‌م له‌ ئاستى خه‌باتى گه‌لى كوردستاندا به‌رامبه‌ر داگیركاریان له‌سه‌ر خۆرئاوا و باشوور هه‌بوه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت.