چاوپیکەوتن

11:23 - 31/03/2022

بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم: ئومێده‌وارم ئه‌مساڵ كۆتایی ساڵی ناخۆشی خانه‌نشینان بێت‌

پەیسەر

حازم ئیسماعیل گۆران بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت ئێستا خەریکین وەک بەغداد کارتی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینان دروست بکەین، هەوڵمانداوە هه‌ر خانه‌نشینانێك كارتی خۆی هه‌بێت و دەشڵێت”ئومێده‌وارم ئه‌مساڵ كۆتایی ساڵی ناخۆشی خانه‌نشینان بێت".


لە سەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم وتی” ئێمه‌ پێشتر هه‌وڵێكی زۆرمانداوه‌ كه‌ سیسته‌می ئه‌لكترۆنی بۆ خانه‌نشینان دروست بكه‌ین له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ كۆمپانیایه‌ك هه‌وڵمانداوه‌، ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی UNDP ئیش ده‌كه‌ین سیسته‌مێكی ئه‌لكترۆنیمان دروستكرد كه‌ 14 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێت ئه‌م 14 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ له‌مەودوا ئیشی خانه‌نشینان به‌ كاغه‌ز و به‌ فایل نایه‌ته‌ لای ئێمه‌، به‌ڵكو به‌ ئه‌لكترۆنی دێت، ئەوەش سیسته‌مێكی زۆر زانیاری و ڕێكوپێكه‌ له‌ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ حكومه‌تن هه‌وڵیانداوه‌ چه‌ند بانكێكیان به‌ ئه‌لكترۆنی كردووه‌ ئێستا خه‌ریكن وه‌كو به‌غداد كارتی ئه‌لكترۆنی دروست ده‌كه‌ن بۆ خانه‌نشینان.”



حازم گۆران هۆکاری دروستبوونی قەرەباڵغی بەردەم بانکەکانی گەڕاندەوە بۆ ژمارەی زۆری خانەنشینان بە بەراورد بە ژمارەی ئەو بانکانەی موچە دابەش دەکەن، لەو ڕووەوە دەڵێت” ژماره‌ی خانه‌نشینان زۆره‌، هه‌ندێكجاریش ده‌بینرێت له‌ یه‌ك ڕۆژدا مووچه‌كه‌ دابه‌شده‌كرێت ئیتر 250 هه‌زار خانه‌نشین ڕوو له‌ بانكه‌كان ده‌كه‌ن، بانك هه‌یه‌ حه‌وت هه‌زار خانه‌نشینانی لایه‌ بانك هه‌یه‌ شه‌ش هه‌زار خانه‌نشینانی لایه‌، بانكه‌كانمان كه‌مه‌ بۆ ژماره‌ی خانه‌نشینان ئیتر هه‌وڵمانداوه‌ كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا شتێك بكه‌ین ئه‌و قه‌ڵه‌باڵغیه‌ دروست نه‌بێت، وه‌ هه‌ر خانه‌نشینانێك كارتی خۆی هه‌بێت و بتوانێت سه‌ردانی هه‌ر شوێنێك بكات هه‌ندێك ئامێر و ئالیه‌ت داده‌نرێت كه‌ ئه‌و قه‌ڵه‌باڵغیه‌ دروست نه‌بێت و خانه‌نشینان بتوانن به‌ كارت مووچه‌كانیان وه‌ربگرن”



لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کاتێکی دیاریکراوتان داناوە کە هەڕێمی کوردستان وای لێدێت هاوشێوەی بەشەکانی تری عێراق موچەی خانەنشینی بە کارت دابەش بکرێت؟ لە وەڵامدا بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم وتی” زۆربه‌ی ئەو بابەتە، په‌یوه‌ندی به‌ بانكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه،‌ ئه‌وانه‌ (بانکەکان) ڕۆژانه‌ ئیش ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ ئێمه‌ ئومێده‌وارین كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و سیسته‌مه‌ بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه،‌ چونكه‌ ئێمه‌ش ده‌زانین خانه‌نشینان زۆر زه‌حمه‌ت ده‌كێشن له‌ زستان و له‌ هاویندا له‌ سه‌ره‌ی وه‌رگرتنی مووچه‌ ڕاده‌وه‌ستن، ئێمه‌ش پێمان ناخۆشه،‌ به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌كه‌ زۆره‌ هه‌رده‌بێته‌ قه‌ره‌باڵغی و هه‌ندێكجاریش پاڵه‌په‌ستۆ دروست ده‌بێت له‌ هه‌ندێك بانكیش زۆر به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك دابه‌شده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ندێكجار ئه‌و حاڵه‌تانه‌ دروست ده‌بێت. ”



له‌ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا دوایین حاڵه‌تیان گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و خانه‌نشینه‌ بوو، وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌تان چیتان كردووه‌ ئایا لێكۆڵینه‌وه‌تان كردووه‌؟

لە وەڵامدا بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم وتی” وه‌زیری دارایی لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌ له‌ سلێمانی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نشینی سلێمانی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌كات، ئیتر لیژنه‌كه‌ ئیشی خۆی ده‌كات. ”



سەبارەت بەوەی بۆچی هەندێکجار كه خانەنشینان دەچن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان‌ لە به‌رده‌م بانكه‌كان پێیان دەڵێن: پارە نەماوە، ئایا ئێوه‌ له‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارتان پرسیووه‌ بۆچی ئه‌م خانه‌نشینانانه‌ به‌مجۆره‌ ماندوو ده‌كه‌ن كه‌ دێنه‌ به‌رده‌می بانك ده‌ڵێن پاره‌ نه‌ماوه‌؟
لە وەڵامدا حازم ئیسماعیل گۆران (بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم) ڕایگەیاند” ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ نییه‌، په‌یوه‌ندی به‌ بەڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نشیانه‌وه‌ نییه‌، سیوله‌ی نه‌قدی كه‌ له‌ بانكێك ته‌واو ده‌بێت و پاره‌ نامێنێت، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئیداره‌ی سلێمانیه‌وه‌ هه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌مان له‌ هه‌ولێر نییه‌ ته‌نها له‌ سلێمانی ئه‌و كێشه‌یه‌ هه‌یه‌. ”



ئێوه‌ خۆتان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمتان نه‌پرسیووه‌ بڵێن ئه‌م كێشه‌یه‌ بۆ له‌ هه‌ولێر نییه‌ و له‌سلێمانی هه‌یه‌ وەک خۆت دەڵێیت؟
وەڵامەکەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم بەمجۆرە بوو” ئه‌وه‌ له‌ داهاتی سلێمانییه‌ مووچه‌ دابه‌شده‌كرێت هه‌ندێك له‌ داهاته‌كه‌ ده‌چێت بۆ مووچه‌ هه‌ندێكجار ده‌بینرێت ئه‌و داهاته‌ دیار نییه‌ ئیترخۆشم نازانم ئه‌م كێشه‌یه‌ چیه‌! ”

حازم گۆران ئەوەشی وت” به‌دڵنیاییه‌وه‌ خانه‌نشینان هه‌ندێكجار مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانیش ده‌بنه‌ قوربانی.”


” به‌ هه‌ماهه‌نگی ئێمه‌ و بانكه‌كان لە هەوڵداین تا به‌ شێوه‌یه‌ك مووچه‌كان دابه‌ش بكرێت ئه‌م حاڵه‌تانه‌ (مردنی موچە خۆر لە سەرەی وەرگرتنی موچەدا) دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌. ”حازم ئیسماعیل گۆران بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم وایوت”

بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لە هەرێم دەشڵێت” ئومێده‌وارین ئه‌مساڵ 2022 دابەشکردنی موچە بە ئەلیکترۆنی بەسەر خانەنشیناندا جێبه‌جێ بكرێت كه‌ حكومه‌ت له‌و هه‌وڵەدایه‌دا، ئومێده‌وارم ئه‌مساڵ كۆتایی ساڵی ناخۆشی خانه‌نشینان بێت، بۆ ئەوەش ڕۆژانه‌ له‌كاركردنداین، ئێمه‌ زۆر زۆر نیگه‌رانین له‌و بارودۆخه‌. ”