چاوپیکەوتن

01:15 - 31/01/2019

هاوسه‌رۆكى پژاك: چاوه‌ڕێى رووخانى رژێمى ئێران ناكه‌ین بۆئه‌وه‌ى جێگایان بگرینه‌وه‌‌

ڕەنج عوسمان

سیامەندی موعینی هاوسه‌رۆكى پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك) له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ په‌یسه‌ر باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌وان چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ ناكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كۆمارى ئیسلامى ئێران بڕوخێت و جێگه‌ى خۆیان بگرنه‌وه‌،  به‌ڵكو تێده‌كۆشین بۆ ئه‌وه‌ى گه‌لى كورد بتوانێت به‌ ئیراده‌ى خۆى بڕیار له‌ چاره‌نوسى خۆى بدات.

باس له‌وه‌شده‌كات ئێرانى فشارى گه‌وره‌ى له‌سه‌ره‌و پێى وایه‌ ده‌ستپێكى رووخانى رژێم ده‌ستیپێكردووه‌، ئه‌وه‌ش پشتراستده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ساڵى ٢٠١١ ه‌وه‌ شه‌ڕى گه‌وره‌یان رووبه‌ڕوونه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ساڵانه‌ له‌ سنە، کرمانشان، مەریوان، سەردەشت و بانە، تێكهه‌ڵچونیان ده‌بێت و چه‌ندین گه‌ریلا گیانى خۆیان پێشكه‌شى نیشتیمان كردووه‌. 

پەیسەر: حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هەموویان دروشمی روخانی کۆماری ئیسلامییان هه‌یه‌ و دەڵێن تا ئەم سیستەمە هەبێ مەحاڵە کورد بە مافی خۆی بگات، ئایا پژاکیش هەمان تێڕوانینی هەیە؟

سیامەندی موعینی: کۆماری ئیسلامی ئێران سیستمێکی تۆتالیتار و ئۆلیگارشیکە و لە شۆونیزمی دینی کەڵک وەردەگرێت، بۆ سەرکوتی گەلی کورد. ئەمانە حەقیقەتی ئەم دەستەڵاتەیە کە لە روانگەی ئێمەوە پێناسەی پێدەکرێت، بەڵام ئەگەر لە سەر میكانیزمى سیاسی بفکرین و هێزی دژبەر و سیستم بەراورد بکەین لە مقیاسێکی گشتی دا بۆمان دەردەکەوێت کە باڵانسی هێزەکان لە چ مستەوایەک دان، بۆیە تەنیا دروشم ناتوانێت دەرزیەک بکاتە کەوڵی دەستەڵات و ئازاری بگەیەنێت. ئایا ئەوانەی دروشمی مەزن دەدەن چەندە بەستێن و هێزیان بۆ پشتیوانی ئەم دروشمانە ئامادە کردوە؟ 

ئێمە تەنیا بە دروشم کار ناکەین و لەچوارچێوەی فکر و فەلسەفەی ئازادی بۆ بە رێکخستن کردنی کۆمەڵگە تێکۆشان دەکەین، لە فۆرمولی دەوڵەت له‌گه‌ڵ دیموکراسی کەڵک وەردەگرین و ئەوەش بەو واتایەیە کە ئێمە چاوەڕوانی روخانی سیستم یان دیکتاتۆرێک نابین کە بۆخۆمان جێگایان بگرینەوە، بەڵکو تێدەکۆشین گەلی خۆمان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین تەیار و بە رێکخستن بکەین کە لە ئەساسدا گەل بۆخۆی بتوانێت لە سەر چارەنوسی خۆی بڕیاربدات و خۆی بەڕێوەببات. هەر کات سەردەمی روخانی کۆماری ئیسلامیش هات ئێمە وەک پژاک لە جبهەی هەرە پێشی تێکۆشان دا دەبین. 

پەیسەر: بۆچی لە ساڵی ٢٠١١ وە چالاکییەکی سەربازی ئەوتۆ نابینرێت؟

سیامەندی موعینی: پژاک حزبێکی سیاسی ئایدۆلۆژیکە و تێکۆشان دەکات بۆ ئازادی و یەکسانی کۆمەڵگە و بە رێکخستن کردنی گەل بە ئەساس دەگرێت. بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئازادی هێزی پاراستن ئەرکی خۆی دەگرێتە ئەستۆ و ئەمەش دەتوانێت لە چوارچێوەی پاراستنی ئەم دەستکەوتانەدا بێت و تەنانەت شەری نیزامی بە دژی هەر داگیرکەر و هێرشبەرێک دابێت. ساڵی ٢٠١١ ئێران هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر هێزەکانی ئێمە و بەو هیوایە بوو کە بە ئاسانی هێزی گه‌ریلای کوردستان تێک بشکێنێت، بەڵام دوای ماوەیەک بۆی دەرکەوت کە ئەم هێزە بە ئیرادەی پۆڵایین دژ بەم هێرشانە راوەستاوە و تەنانەت لە ناو شارەکانی ئێران دەستیان بە چالاکی نیزامی کرد و سەریان لە دوژمن شێواند.

هاوکات داوایان لە حکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتمانی و پ ک ک و پاڕتی کرد کە نێوه‌ندگیرى بکەن بۆ ئەوەی شەڕەکە بوەستێت. پاش ٢٠١١ راستە شەڕی هاوچەشنی شەڕی ٢٠١١مان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە، بەڵام ساڵ نیە کە لە سنە، کرمانشان، مەریوان، سەردەشت و بانە و هەمو خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان تێکهەڵچونمان نەبێت و لەو شەڕانەدا بە دەیان هەڤالی گه‌ریلا گیانی خۆیان پێشکەش بە ئازادی کوردستان کردوە.

پەیسەر: ئیوە کۆدارتان دامەزراند بەو هیوایەی لایەنی دیکەش بێنە ژێر ئەو چەترەوە بەڵام کەس نەهات، هۆکاری چییە؟

سیامەندی موعینی: کۆدار وەک سیستمێکی به‌دیل بۆ خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای کۆنگرەی چوارەمی پژاک لە لایەن پژاکەوە دامەزرا، و  ئێمە پێمان وایە کۆدار دەتوانێت هەمو پێکهاتەکانی بگرێتە ژێر چەترەوە و کۆمەڵگە خۆی بە ڕێکخستن بکات، ئەم سیستمە راستەوخۆ بۆ ئەحزابی کوردستان نیە بەڵکو بۆ ئۆرگانیزەکردنی کۆمەڵگەیە کە لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی و ژینگەپارێزی و هونەری و شێوازی جیاواز، هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لەژێر چەترێک بە رێکخستن بکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی زیندو و بەڕێکخستن کراو بەهێزیش دەبێت و دەتوانێت لە بەرامبەر هەمو هێرشێک پاراستن لە خۆی بکات. ئەگەر رۆژێک هەر حیزبێکی رۆژهەڵاتیش ئارەزوی هەبو لە ژێر ئەم چەترە ببێتە بەشێک لە تێکۆشان ئەوە کۆمەڵگە ئەوەندەی تریش بەهێزتر و بەڕێکخستن کراوتر دەبێت.

پەیسەر: لەگەڵ حیزبەکانی دیکە زیاتر لە کام لایەنەوە نزیکن؟ لە ماوەی رابردوو سەردانی چەند حیزبێکتان کرد ئایا هیچ لێکنزیک بوونەوەیەک دروست بوو؟

سیامەندی موعینی: ئێمە باوەڕمان بە پلوڕالیزمی سیاسی هەیە و پێمان وایە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتە و بۆچوونی سیاسی جیاوازی بە پێی بەرژەوەندی چینایەتی هەیە و لە سەر ئەساسی ئەم روانگەیە، دوای کۆنگرەی پێنجەمی پژاک سەردانی زۆربەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتمان کرد و پرۆژەی تایبەتمان پێشکەشکردن بۆ ئەوەی خەباتی کوردستان لە پەرتەوازەیی بێتەدەر و حیزبەکان هاوئاهەنگ بەیەکەوە خەبات و تێکۆشان بکەن، راستە هەندێک حیزب بەهۆی ئەوە کە بەربەستیان هەیە نەیان توانیوە خۆیان لە پژاک نزیک بکەنەوە بەڵام لە گەڵ چەند حیزب پڕۆژەی هاوبەشمان هەیە و سیستماتیک چاوپێکەوتنمان هەیە.
 
پەیسەر: کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵێک قەیرانەوە پێده‌نێته‌ چل ساڵ تەمەنەوە ، زۆر کەس باس لە ئەگەری روخانی دەکەن خوێندنەوەی ئێوە چییە؟

سیامەندی موعینی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە قەیرانێکی کوشندە دا ژیان دەکات و ئەوەش بەو واتایەیە کە ناڕەزایەتیەکان لە ئێران زیاتر دەبێت. تەحریمی ئامریکا لە سەر ئێران زەختێکی زۆری لە بواری ئابوریەوە خستۆتە سەر دەستەڵاتدارانی ئێران و لە زۆر پێگەوە ئەم دەستەڵاتدارانە مەجبور بە پاشەکشە لە بەرامبەر گەلدا دەکات و ترسی دەستەڵات لە هەمبەر گەل زیادتر دەکات. راستە ئێران دەخوازێت خۆی بەهێز نیشان بدات بەڵام راستیەکەی ئەوەیە دوای چل ساڵ سەرکوت و تیرۆر هیچی تری بۆ خەڵکانی ئێران نەبوە و بە راستی شەرعیەتی خۆی لە دەست داوە. من پێم وایە دەستپێکی کۆتایی ئەم حکومەتە دیکتاتۆرە دەستی پێکردوە.

پەیسەر: وایدابنێین کۆماری ئیسلامی دەڕوخێت له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی كوردی بۆ ئه‌و پێشهاتانه‌ هه‌ماهه‌نگیتان هه‌یه‌؟

سیامەندی موعینی: ئێمە پڕۆژەی پڕاکتیکیمان پێشکەش کردوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و هاوکات پڕۆژەیەکی ١٠ خاڵیمان ئاراستەی هەمو حیزبەکانی رۆژهەڵات کردوە کە بۆ وێنە لە بواری لەشکری هێزێکی هاوبەش دروست بکەین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و خاڵێکیان ئەوەیە کە دیبلۆماسی هاوبەش بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمو حزبەکان پێکبێت و هەروەک باسم کرد ١٠ خاڵ بۆ خۆ ئامادەکردنی هەر ئەگەرێک ئامادەکاریمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکەوە رۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزین.

پەیسەر: له‌ ئه‌گه‌ری نه‌مانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئایا کورد لەناو ئۆپۆزسیۆن هیچ هاوپەیمانێکی هەیە بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا پشتگیری لە مافەکانی کورد بکەن؟

سیامەندی موعینی: راستیەکەی ئەوەیە کە کوردستان لە هەمو بەشەکانی تری ئێران پۆلیتیزەترە و ئامادەترە بۆ جێگیربون لە سەر کۆمەڵگەی خۆی. ئێمە وەک پژاک لەگەڵ هەر هێز یان حیزبێکی ئێرانی دەتوانین لە چوارچێوەی رێزگرتن لە مافی یەکسانی و بە دیدگایەکی سکولار و ژینگەپارێزی و باوەر بە بەرابەری جنسیەتی هاوکار و هاوخەبات بین.