پارتی ‌و یەكێتی وەك كۆڵەكەی ڕاگری یەكتر

28/10/2021

كه‌مال ره‌وف


كۆتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەك ڕاپرسییەكیش دەركەوت بۆ نشاندانی ئاستی متمانەی خەڵك بەدەستەبژێری سیاسی‌و شێوازی حوكمڕانی چەقبەستوو، ڕادەی بەرزی بایكۆت‌و بەشدارینەكردنی خەڵك تەنها پەیامی هۆشدارینەبوو، بەڵكو ڕەتكردنەوەی زۆرینەی خەڵك بوو بەمشێوازی حوكمڕانییەی كە ئێستا بونی هەیە، ئەم قسەیە بۆ هەرێمی كوردستانیش ڕاستە، بۆیە هەقوایە هیچ لایەنێك خۆی بەبراوە نەزانێت بەوانەشەوە كەكورسی زۆریان بەدەستهێناوە.


پارتی‌و یەكێتیی كە ماوەی زیاتر لە30 ساڵە بەمشێوەیە حكومڕانی دەكەن، نەك هەر گوێی خۆیان لەڕەخنەو بۆچونی جیاواز ئاخنیوە، تەنانەت هەندێكجار ئەوانەش تۆمەتبارو تەخویندەكەن كە وەك ئەوان بیرناكەنەوە. ئەوان چارەكە سەدەیەكە لەسەرئەوە ڕێككەوتون، ئیدارەو حوكمڕانی هەرێم، بەو لۆژیكە بڕوات بەڕێوە، كە دوو ئیدارەیی‌و دوو زۆن‌و دوو دەسەڵات لەناوچەی سەوزو زەردبونی هەبێت، واتە دوو هێزی سیاسی‌و چەكدار، دوو دەزگای ئەمنی‌و ئیدارەی لەپاڵ حكومەتدا بەمیزانییەی حكومەت بونی هەبێت، بۆیە هەڵبژاردنەكان گەر هەرلایەكیان دەنگی كەمبكات یان زیاد، ئەوا هیچ لەو واقیعە سیاسییە ئیدارەییە ناگۆڕێت، چونكە ئەوان دواتر وەك كۆڵەكەی ڕاگریی یەكتری پێكەوە حكومەت پێدەهێننەوەو بەردەوامدەبن‌و حكومەتیش لەسەر بنەماو ڕێككەوتن‌و سازانی مەزاجی دەستبەكاردەبێت.


بەكورتی تا پارتی‌و یەكێتی بەجیا خاوەندارێتی لەهێزی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەكانیان بكەن، ژمارەی كورسی‌و دەنگدەر تەنها ژمارەیەك دەبێت لەژمارەكان‌و هیچ لەو واقیعە دوو ئیدارەییە ناگۆڕێت كە 30 ساڵە بەردەوامە، چونكە لەكۆتایدا بینیمان نە پارتی ڕەزامەند دەبێت ملكەچی زۆرینەی پەرلەمان بێت، نە یەكێتی كەمكردنی كورسییەكانی وای لێدەكات دەستبەرداری ئیدارەو ناوچە نفوزەكەی خۆی ببێت.


كێشەی پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك

جاران بیركردنەوەیەكی هەڵە لای پارتی‌و هەبوو، وابیریان دەكردەوە كەمكردنی دەنگی یەكێتی یەكسانە بەزیادكردنی دەنگی پارتی، بەڵام لەدوای دروستبونی گۆڕان تائەوكاتەی لەدوا هەڵبژاردن گۆڕان شانسی بردنەوەی هیچ كورسییەكی نەبوو، دەنگی پارتی كەمیكرد زیادینەكرد، پارتی بەحوكمی ئەوەی هێزێكی دامەزراوترە لەوانی تر، بەهۆی پەیوەندیەكانی‌و بونی دامەزاوەكانییەوە، توانای خوێندنەوەو بینینی بەرژەوەندیەكانی خۆی زیاترە، ئێستا پارتی تەنها بەدوایی شكستی ڕكابەرە مێژینەكەی وێڵ نییە، بەڵكو بەشوێن ئەو پنت‌و هۆكارانەدا دەگەڕێت كە وادەكات دەنگە هەڵوەریوەكانی یەكێتی بكەوێتە سەبەتەكەی ئەوەوە، دەنا بەپێچەوانەوە هەڵوەرینی دەنگەكانی یەكێتی ڕەنگە لەسبەینێدا مەترسی‌و سەر ئێشەش بۆ حكومەت‌و باڵادەستی خۆی دروستبكات‌و نائارامی بۆ حكومەت بەرهەمبهێنێت كە خۆی خاوەندارێتی لێدەكات. بۆیە پارتی لەوە زیرەكترە كە بیەوێت لەكزبونی یەكێتی لەم قۆناغەدا، ناوچە نفوزەكەی ڕاستەوخۆ بخاتە ژێر قەڵەمڕەوی حوكمی خۆیەوە، چونكە دڵنیایە لەوەی ناتوانێت بەڕێوەیبەرێت، بۆیە دوو ئەركی بۆ پێش ئەو قۆناغە خستۆتە بەرنامەی كاری خۆیەوە:


یەكەم: "كە دەمێكە دەستیپێكردوە"، ئەویش بەهێزكردنی پێگەی خۆیەتی لەناو یەكێتی، ئەمەش لەڕێگەی ئەوەی پێگەی حكومی‌و حزبی ئەوكەسانە بەهێزبكات كە بەپڕۆپارتی ناسراون، تا لەم ڕێگەیەوە ئیرادەی حزبیان بشكێنێت تاڕادەی ئەوەی بەپاشكۆی پارتی ناوزەند بكرێت.


دوەم: دەستبردن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی كە مقەوەماتی یەكێتی لەحزبێكی گشتی‌و گەورەوە دەگۆڕێت بۆ پارتێكی لۆكاڵی ناوچەیی، بۆیە لەدوای تاڵەبانی بەردەوام پارتی پێداگریكردوە لەسەرئەوەی، سەرۆك كۆمار بەویستی ئەو دابنرێت‌و پارێزگای كەركوكیش لەبندەستی خۆی بێت، لەقۆناغی یەكەم سەركەوتوو بوو، بەڵام لەقۆناغی دوەم ئیرادەی یەكێتی شكستی پێهێنا.


دیارە پارتی ‌و یەكێتی لەهەرێم بەحوكمڕانیەكی لاسەنگ هاوبەش‌و شەریكی یەكن، پێداگریی پارتی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانە كە پێشتر لای یەكێتی بون، لاسەنگییەكە زیاتر دەكات‌و ئەمەش دوو ئەنجامی لێدەكەوێتەوە، یان ئەوەتا سەركردایەتی یەكێتی ملدەدات بەخواستی پارتی‌و ئەو حزبە لەئامانجەكەی نزیكتر دەكاتەوە، یان بەپێچەوانەوە شەراكەت‌و ڕێكەوتنی لەگەڵ پارتی لەهەرێم‌و بەغدا دەكاتە یەك پاكێج‌و ئیستێك بەپارتی دەكات‌و ئەمەش دەكاتە سەرەتایەك بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو لاسەنگییەی لەزمانی سەركردەكانی خۆیانەوە بەردەوام دەبیسترێت، چونكە لەكۆتایدا تا بەم لۆژیكەی ئێستا حوكمڕانی بكرێت، ئەوان كۆڵەكەی ڕاگرتنی یەكترن لەحوكمڕانی‌و پارتی ناتوانێت بەبێ یەكێتی خاوەنی باڵادەستی‌و حكومەتێك لەچەشنی ئێستا بێت.