ئەم خولە، خراپترین خولی پەرلەمانە

28/10/2021

سەرتیپ جەوهەر



ئەم خولەی پەرلەمان، خراپترین خولی پەرلەمانە لەماوەی 30 ساڵی رابردوو. هیچ كام لەئەركە سەرەكییەكانی خۆی وەك پێویست جێبەجێناكات هەر لەقانون دانانەوە بگرە تا چاودێریكردنی حكومەت و دانانی بودجەی ساڵانە. ئەم دامەزراوەیە، كە لەبنەڕەتدا شەرعیەتی دەنگدانی خەڵكی هەیە، پێویست بوو بەهێزترین و دلێرترین دامەزراوەبێت و داكۆكی لەمافی خەڵك بكات و وڵامی هەبێت بۆ پێویستییەكانی خەڵك، مخابن ئێستا ئێستا كراوەتە دیلی حكومەت و بەشێك لەحوكمڕانان و بووە بەبەڵایەكی گەورە.

لەبری نوێنەرایەتی خەڵك بكات، نوێنەرایەتی كەمینەیەكی حوكمڕان دەكات. ئەم دۆخەی پەرلەمان لەخۆڕا نییە. ئەوانەی بەزۆر ئەنجامی هەڵبژاردنیان سەپاندو شەرعیەتیان دا بەزۆرینە ساختە، لێی بەرپرسن. كاتێك پەرلەمانتار بەدەنگی ساختە دەهێنرێتە پەرلەمان، دەبێ چاوەڕێی دۆرەنگێوی و جنێوفرۆشی و سوكایەتی بەخەڵكی لێبكرێت. بەرنامەی كاری ئەم خولەی پەرلەمان، لەدەرەوەی پەرلەمان دادەنرێت و دەسەپێنرێت، زیاتر بۆ چاوبەستكردنەو دوورە لەپێویستیی و كارە لەپێشینەكانی خەڵك. كاتێكیش بەشێك لە پەرلەمانتاران دەیانەوێ‌ قسە لەسەر ئەدای پەرلەمان و پێویستییەكانی خەڵك بكەن، باند دەكرێن یان بەدەر لەهەموو قانون و رێسایەك رێگەیان لێدەگیرێت!

بەكورتی ئەم خولەی پەرلەمان، لەچایخانەیەك دەچێت، مشتومڕێكی توندی لێدەكرێت. پەرلەمانتارانی حزبی زۆرینەو حوكمڕان بەدەر لەهەموو مەنتقێك لەبری بەرگری لەئەجێنداو سیاسەتی حزب و دایەلۆگ، پەلاماری پەرلەمانتارانی دیكە دەدەن، یاخود جنێو دەدەن! پەرلەمانتارانی بەرەی بەرامبەریش (لاحول ولا قوە) بە رەخنەو نوزانەوەو گازندە لەحكومەت حوكمڕانان خۆیان لەوێ‌ بەتاڵ دەكەنەوە، ئەگینا قسەكانیان وەك (موختار كوژ) لەدەنگ دەنگ زیاتر هیچی دیكەی لێ‌ شین نابێت.