لێکترازاندنی ناوماڵی شیعەكان وەک ستراتیژی کورد و سوننە

23/10/2021

د نەوزاد ھێتوتی



 پێكھاتەی شیعە تاکە لایەن بووە كە لە دوای ساڵی 2003وه‌، سەرەرای زۆری ناكۆكییەكانیان بەڵام لە كۆتاییدا توانیویانە بە یەك دەنگی بە سەر ناكۆكییەكانیان زاڵببن و لەرێگەی تەوافقی نێوانیان پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلابكەنەوە و كاندیدێكی ھاوبەش پیشكەش بكەن.

 ئەمەش لە راستیدا زۆر ھۆكاری لە پشتبووە.

 یەكەم؛ ھەبوونی مەرجەعێكی ئاینی وەك سیستانی كە پاڵپشت بووە بۆ یەكڕیزی شییعەكان.

 دووەم؛ ھەبوونی دەوڵەتیكی وەك ئێران كە كاریگەری زۆری ھەبووە لە سەر یەكریزی ناوماڵی شیعە و بەھێزكردنیان بەرامبەر كورد و سوونە.

 سێیەم؛ ترسی  شییعەكان لەوەی ناكۆكییەكانیان ببێتە ھۆكار بۆ ئەوەی كورد و سوونە سود لەو ناكۆكییانە وەربگرن یان خود پۆستی سەرۆك وەزیران لە دەست بدەن. واتە ترس لە كورد و سوونە.

 چوارەم؛ نەبوونی ھێزیكی باڵا دەست لە ناو شیعەكاندا كە بتوانیت زۆرینەی دەنگەكان دەستە بەر بكات.

 لە زۆربەی ئەو ھەڵبژاردنانەی کە كراون بەدەر لە ھەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021  زۆربەی کات رێژەی دەنگەكان لە نێوان ھیزە كاریگەرەكانی شیعەدا لە یەك نزیك بووە ئەمە رێگر بووە كە لایەنیك بتوانێت جڵەوی ھێزە شیعەكان بگرێتە دەست.

پێنجه‌م؛ كورد وسوونە نەیان توانیوه‌ درز و ناكۆكی بخەنە ناو ماڵی شیعە یان ترسیان ھەبووە لە وەی ئەو سیاسەتە پراكتیزە بكەن. كەچی لەبەرامبەردا ئێران و پێكھاتەی  شیعە ئەوەی  لە دەستیان ھاتووە بەرامبەر كورد و سوونە كردوویانە و بەردەام گەمەكەیان لەسەر بنەمای دابەشكردنی یەك ریزی لە نێو مالی كورد و سوونەدا بووە و توانیانە لەو رێگەیەوە  ھەم پێگەكەیان بەھێز بكەن وھەم كار بۆ لاوازكردنی كورد و سوونە بكەن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.

ئێستا ئەگەر سەیری ئەو فاكتەرانە بكەیت كە بونە ھۆی یەكریزی  ناو مالی شیعە بەشیكیان وەك خۆی نەماون، لەوانە؛ 

گۆڕانی ھەڵوێستی سیستانی.
 بەرزبوونەوەی دەنگەكانی سەدر.
 نەمانی ترسی شیعەكان لەوەی سەرۆك وەزیران لە دەست دەدەن.
بێگومان ئەمە دەرفەتیك دەدات ئەگەر كەمیش بیت بۆ ئەوەی ناوماڵی شیعە لێكبترازێت. دەبێت كورد و سوونە كار بەو ئاراستەیە  بکەن كە جاریكی دیکە شیعەكان یەك نەگرن بەڵام بە شێوەیەكی ناراستەخۆ.

من ناڵێم دەبیت كورد و سوون خۆیان لە سەر بەرەیەك ساخ بكەنەوە. بەڵام دەبیت ئەگەر بە نھینی یان ناراستەوخۆش بێت كار بكەن شیعەكان وەك پیشوو یەك نەگرن یان كاندیدی ھاوبەش پێشكەش نەكەن، چونكە  لە حاڵەتیكی وەھادا كورد و سوونە ھەر بە پاشكۆی شیعەكان دەمێننه‌وه‌ و ھه‌زار رێككەوتنیش بكەن وەك پێشتر كردوویانە لە دوای 2003 وه‌، یەك خاڵیش پراكتیزە ناكرێت.