15/04/2021
ئەوەی خەڵک لێی دەترسا رویدا، بەهای یەک دۆلار لە ١١٨٠ دینارەوە بەرزکرایەوە بۆ ١٤٦٠ دینار (بە زمانی بازاڕ، گەڵایان کرد بە ١٤٦ هەزار دینار لە ١١٨ هەزارەوە)، ئیتر شتێک نەما لێی بترسن.
تەنها بڕیاربەدەستی سیاسەتی دراوی عێراق، کە بانکی ناوەندییە، هەر ئەمەی دەویست کە کردی.
نە زیاتر و نە کەمتر، وە نە لەم بەزمەیشی بەردەوام دەبێت.
بە ئاشکرا پێداگیریش دەکات لەسەر سەقامگیری ئەم بەهایەی دینار.
ئیتر پێویست ناکات کەس لە گرانبوونی زیاتری دۆلار بترسێت.
لەم رۆژانەی دواییدا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار جارێکی تر هاتەوە سەردێڕی هەواڵەکان.
لەراستیدا ئەم بەرزبوونەوەیە هیچ نیگەرانی و ترسێکی ناوێت و ئەوەی دۆلاری ناوێت بۆ کاری رۆژانەی پێویست ناکات دینارەکانی بگۆڕێتەوە.
یەکەم بانکی ناوەندی توانای هەیە پشتگیری نرخی دینار بکات.
دووەم ئیدارەدانی سیاسەتی دراوی و راگرتنی نرخی فەرمی و جێگیری دیناری عێراقی بەدەست ئەم بانکەوەیە و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری نرخی فەرمی دینار دەکات، ئەو جیاوازیە رێژەیی و بچوکەی لەنێوان نرخی فەرمی دینار و نرخی بازاڕدا هەیە (تا ئێستا کەمتر بووە لە ٤%) هەروا بە بچوکی دەمێنێتەوە.
بە گشتی ئەم جیاوازیەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە:
١- بانکە ئەهلیەکان، کە هی سیاسە دەسەڵاتدارەکانن، بازاڕی گۆڕینەوەی دۆلار بە دیناریان قۆرغکردوو.
هەر خاوەنی ئەم بانکانە خۆیان میدیاو پەرلەمانتارو میلیشیاو هێزی چەکدارو پارەی کاشی زۆریان هەیەو کەی بیانەوێت ئەم بەرزی و نزمیەی نرخی دراو دروست دەکەن تا لەم گۆڕانکاریەکەدا قازانج بکەن. بۆ نمونە گەر بیانەوێت دۆلار بکڕن، هەڵمەتی دابەزینی نرخەکەی دەست پێدەکەن تا دۆلارێکی زۆر دێتە بازاڕەوە و، کەی بیانەوێت بیشیفرۆشنەوەو قازانج بکەن ئینجا هەڵمەتێکی تری پێچەوانە دەست پێدەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بەهاکەی. هەمان شت بۆ دیناریش هەر راستە. چۆن ئەم بانکانە دەتوانن ئاوا یاری بە بەهای دینار بکەن؟
نزیکەی ٩٠% ی پارە لە عێراقدا، بە دینارو دۆلاریشەوە، لەدەرەوەی بانکی ناوەندیە.
ئەم پارانە بە دەست خەڵک و بانکە ئەهلیەکانەوەیە.
ئەم خەڵکانە زۆر بەئاسانی بە هەواڵ و چەواشەکاری میدیاکان دەترسێنرێن و بڕیاری گۆڕینەوەو خەرجکردنی پارەکانیان پێ دەدرێت.
ژێرخانی دارایی عێراق زۆر کۆن و دواکەوتووەو هەمیشە دەکرێت ئەم یاریانەی پێ بکرێت.
هەر ئەو کەسەی کە پارەو پەرلەمانتارو میدیاو بەرژەوەندی هەیە، لە یەک رۆژدا هەمووی دەخاتە گەڕ بۆ ئەم ئامانجە.
٢- ئەم گەمەیە دەکرێت لە بەرژەوەندی دینارو لە دژی دۆلاریش بکرێت، (رۆژێک دەڵێن دۆلار دابەزی و رۆژێکی تر دەڵێن بەرزبویەوە) گەر بانک و کۆمپانیای سیاسیەکان ئەوە بخوازێت.
لەماوەی رابردوودا کە بانکی ناوەندی بەهای دۆلاری بەرزکردبووەوە بۆ ١٤٦٠ دینار بەرامبەر ١ دۆلار، بەهای ئاڵوگۆڕی بازاڕ لە بەرژەوەندی دیناردا بوو، ئەو یەک دۆلارە بە ١٤٣٠ دینار (یەک گەڵا بە ١٤٣٠٠٠ دیانر دینار مامەڵەی پێوە دەکرا)، ئەمەش هەر بەشێک بوو لەو گەمەی کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێکرا.
سیاسیەکان پەرلەمانتارەکانیان و میدیاکانیان خستبووە گەڕ و هەر رۆژەو لێدوانێکیان بڵاو دەکردەوە و هەڕەشەی گەڕاندنەوەی بەهای ئاڵوگۆڕی دراویان دەکرد بۆ ١٢٠٠ دینار یان ١٣٠٠ دینار بەرامبەر هەر دۆلارێک، لە کاتێکدا بەپێی دەستوری عێراق ئەمە نە ئیشی ئەوان بوو، نە دەبوایە قسەیشیان لەسەر بکردایە.
بەڵام ئامانج لە هەموو گەمەکە هەرزانفرۆشکردنی ئەو دۆلارانەبوو کە لە گیرفانی خەڵکی ئاساییدا بوو، نەک سیاسیە خاوەن بانکەکان.
٣- بە گشتی لۆجیک و هاوکێشەی خواست و خستنەڕوو دەستنیشانی بەهای دۆلار دەکات بەرامبەر دیناری عێراقی، بانکی ناوەندی ئەرکی کۆنترۆڵکردنی بڕی خستنەڕوی دۆلاری هەیە بە پێی ئەو خواستەی کە لە بازاڕدا هەیە.
هەروەها توانای ئەم کۆنترۆڵکردنەشی بە باشی هەیەو پێویست ناکات ئیتر هیچ کەسێ نیگەران بێت لەبەرامبەر کەمبوونەوەی یەدەکی دراوە بیانیەکانی، چونکە نرخی نەوتی خاو بەرزبۆتەوە (کە سەرچاوەی بەدەستهێنانی دۆلارە) و داهاتی حکومەت زیادی کردووەو گرانی و هەژاریش بڕی هاوردەکردنی بۆ ناو عێراق کەمکردۆتەوە.
ئەو جیاوازیە بچوکەی کە لە نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕو نرخی بازاڕدا هەیە هەروا دەمێنێتەوە، بەڵام بە بچوکی، ئەمەش دەرهاویشتەی لاوازی و دواکەوتووی سێکتەری بانکی و دارایی عێراقە و هی ئەوە نیە بەم زووانە چارەسەر بکرێت.
٣- ناسەقامگیری نرخی دراو زیانێکی زۆری هەیە بۆ بازاڕو سەرچاوەیەکی گەورەی ترس دروستکردنە لای وەبەرهێنەران؛ دەبێتە هۆی هەڵاوسان کە هەمیشە هەژارەکان و چینی ناوەڕاست باجەکەی دەدەن، موچەخۆران و ئەوانەی کە داهاتێکی سنورداریان هەیە لێی زیانمەند دەبن. لە بەرامبەردا سیاسیە خاوەن-بانکەکان قازانجی لێدەکەن، ئەم سیاسیانە وەک خاوەنی قومارخانەکان وان؛ هەمیشە ئەوان براوەن لە هەموو ئەو یاریانەی بە نرخی دراوەوە دەکرێت چونکە هەر خۆیان چوارچێوەو رێسای گەمەکەیان داڕشتووە.
لە ئێستادا دۆخی ئابوری و دارایی عێراق وەهایە و پێنوێنیەکان هیچ شتێکی نیگەرانکەرمان نیشان نادەن لەبارەی دابەزینی بەهای دینارەوە.
ئەگەر ماوەیەکی تر گۆڕانکاریەکی تری وەک پەتای کۆرۆنا هات و دۆخەکەی تێکدا، ئەو کات هاوکێشە دارایی و ئابوریکانیش لە گەڵ خۆیدا دەگۆڕێت، رەنگە لە دژی یان ، لە بەرژەوەندی بەهای دینار، بەڵام لە ئێستادا هیچ لە ئارادا نیە.
قەیرانە ئابوریەکە بەرەو رەوینەوە دەڕوات، بەڵام بە خاوی، بەدڵنیاییەوە بانکی ناوەندی دەیەوێت و دەشتوانێت بەهای دینار لێرەدا رابگرێت.
ئەمەش سیاسەتی فەرمی بانکەکەیە.