پەرلەمانی کوردستان: زانست و ئاوەز یا کوێرەڕێ

13/04/2021

فەرهاد شاكەلی

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە پارلەمانی کوردستان پێشنیازێکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ڕۆژێک بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی دیاری بکرێت.

ڕۆژەکەیش، وەک لە هەواڵەکەدا خوێندمەوە، گوایە ٢٢ی نیسان دەبێت.

ڕاستییەکەی من ئاشنایەتییەکی ئەوتۆم لەگەڵ شێوەی کارکردنی پارلەمانی کوردستاندا نییە، بەڵام وای بۆ دەچم ئەویش، کەم تا زۆرێک، هەر هاوشێوەی پارلەمانەکانی دیکەی جیهان بێت.

لەم نووسینەدا، هەر بە کورتی، چیرۆکێک دەگێڕمەوە، کە شانزدە، حەڤدە ساڵ لەمەوپێش، لێکۆڵینەوەم لەبارەیەوە کردووە و گەیشتوومەتە ئەنجامی بنجبڕی وەها، کە هەر کەسێکی زانستخواز بیخوێنێتەوە، لەوە دەگات کە باسەکە بڕاوەتەوە و ئەوەی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا پێی گەیشتووم، ئیدی ناشێ و ناکرێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

بەندە، ساڵانی دوورودرێژ، لە کۆنترین و گرنگترین زانستگە (زانکۆ)ی وڵاتی سوێددا، کە زانستگەی ئوپسالایە، مامۆستایەتیی زمان و ئەدەبی کوردیم کردووە و هاوکاتیش، هێندەی بۆم لوابێت، لێکۆڵینەوەی زانستیم ئەنجام داوە. لە پاڵ زمان و ئەدەبی کوردیدا، چەند ساڵێک وانەی مێژووی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستانیشم کردبووە بەشێک لە بەرنامەی خوێندن، مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردییش بابەتێک بوو لە بەرنامەکە. هەر لە سەرەتاوە، لەبارەی ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ی بەدرخانییەکانەوە گومانێکی وام لا پەیدا بوو، کە ئەو مێژووە هەڵەیە، بەڵام خۆمم ناچار کرد، کە ناکرێ بابەتێکی لەم جۆرە بە ئاسانی وەربگردرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.

دەبێ بخرێتە ژێر ڕووناکیی لێکۆڵینەوەی زانستی و لۆگیکییەوە و بە بەڵگەی زانستیی ئاوەزکارانە پشتگری بکرێت. هەر وایشم کرد.

لە ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکدا، دەستم کرد بە خوێندنەوەی، یا سەرلەنوێ خوێندنەوەی، ئەو سەرچاوە گرنگانەی دەمتوانی سوودیان لێ وەربگرم (١٤ سەرچاوە بە کوردی، ٢ بە عەرەبی و ٨ بە ئینگلیزی).

ئەنجامەکەیش ئەوە بوو، کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٦دا گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان، واتە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە مێژوودا، ڕۆژی ٢١ی نیسانی ١٨٩٨ بڵاو کراوەتەوە. هەرچییەکی دیکە لەو ڕووەوە بگوترێ، هەڵەیە و نابێ پشتی پێ ببەسترێت.

ئەنجامی کارەکەمم لە لێکۆڵینەوەیەکدا داڕێشت، بەڵام دوودڵ بووم هەر یەکسەر بڵاوی بکەمەوە یا نە؟ بڕیارم دا پەلە نەکەم و هەڵیبگرم بۆ بەهاری ٢٠٠٧ و لە ڕۆژی ٢٢ی نیساندا بڵاوی بکەمەوە.

ئەو دواخستنەیشم بۆ ئەوە بوو کە بە وردی بە هەموو زانیاری و سەرچاوە و ئەنجامگرییەکاندا بچمەوە، چاویان پێدا بگێڕمەوە و نووسینەکە کاتێک بڵاو بکەمەوە کە ١٠٠٪ دڵنیا بم و ئامادە بم بۆ وەڵامدانەوەی کەسانێک کە هێشتا گومانێکیان لا مابێت.

لە ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٠٧دا پێوەندیم کرد بە ڕۆژنامەی (ئاسۆ)وە و داوام کرد هەواڵەکە ڕۆژی ٢١ی نیسان و نووسینەکەیش ڕۆژی ٢٢ی نیسان بڵاو بکەنەوە.

وتاری (ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی چلساڵە)، لەو ڕۆژەدا، لە ژمارە (٤١٣)ی ڕۆژنامەی ئاسۆدا بلاو کرایەوە.

هەر دوا بە دوای ئەوەیش ناردم بۆ حەفتەنامەی (هەولێرپۆست) و لەوێیش بڵاو کرایەوە.

لەناو هاوڕێکانمدا، ئەوانەی شارەزای لێکۆڵینەوەی زانستین، هەبوون کە بۆچوونەکەمیان پێ ڕاست نەبوو. یەکێکیان، کە زیاتر ئاشنای کاری ئەکادێمی بوو، لە سەرەتادا دژی ئەنجامگرییەکەی من بوو.

هەر ئەو برایە، چونکە باوەڕی بە کاری زانستی هەیە و لێی دەزانێت، یەک دوو مانگێک دواتر، ئاگاداری کردم، کە ئەویش لێی کۆڵیوەتەوە و گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە من باشی بۆ چووم.

لەم دوو سێ ساڵەی ڕابوردوودا، خۆشبەختانە گەلێک ڕووناکبیر و مامۆستای دیکەی کوردەواریی خۆمان پشتگریی بۆچوونەکەیان کرد و دڵنیا بوون کە ئەنجامگرییەکەی من ڕاستە.

من نازانم لەناو ئەندامانی پارلەمانی کوردستاندا، یا لە لێژنەی ڕۆشنبیریدا، چەند کەسیان ئاگاداری ئەو بوارەن یا لێکۆڵینەوەیان تێدا کردووە، بەڵام پارلەمان بۆ بڕیارێکی وا کە جێگەی متمانە و باوەڕی خەڵک بێت، دەبێ پشت بە بەڵگەی زانستی و ئاوەزکارانە ببەستێت، دەبێ سوود لە کار و بەرهەمی کەسانی شارەزا وەربگرێت و ناکرێ هەر لەبەر ئەوەی لە سەرچاوەکانی مێژووی کورددا نووسراوە یەکەمین ژمارەی کوردستان ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ بڵاو کراوەتەوە، ئیتر ئەم زانیارییە وەک تێکستێکی پیرۆز وەربگرن.

بناغەیەکی یەکجار گرنگی کاری زانستی گومانکردنە، نەک وەرگرتنی زانیارییەکان بێ ئەوەی بخرێنە ژێر پرسیارەوە.

لە مێژووی کوردستاندا هەندێک بابەت هەن، کە زۆربەی خەڵک، خوێندەوار و لێکۆڵەر و ڕووناکبیران، وەک ڕاستی وەریانگرتوون، یا لەبەر هەر هۆیەک بێت، نایانەوێ گومانی لێ بکەن.

لەم یەک دوو ساڵەی ڕابوردوودا لە بواری مێژووی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستاندا خەریکی لێکۆڵینەوە بووم.

لە هەندێ بابەتدا گەیشتوومەتە ئەنجامی وەها، کە بە تەواوی دژی ئەو زانیارییە باوەیە کە لەناو زۆربەی خوێنەرانی کورددا جێی گرتووە. ئێستا پەلەی ئەوەم نییە هیچ شتێک لەو ڕووەوە بدرکێنم، خوا یار بێت، کە کاتی هات، وەک ئەم هەڵەیەی ڕۆژنامەگەریی کوردی ئەوانەیش ڕاست دەکەمەوە.

ڕەنگە هەندێک جار جیاوازی و ناکۆکیی زانستی و مێژوویی لەسەر یەک ڕۆژ بێت، وەک ئەم بابەتە.

ڕەنگە هەبن بڵێن جا یەک ڕۆژ چییە؟

با ٢١ نەبێت، ٢٢ بێت، بەڵام زانست و ئاوەز وا ناڵێن. بۆ زانست و ئاوەز یا ٢١ ڕاستە یا ٢٢، ناکرێ هەردوویان ڕاست بن.

ئەم نووسینە بە هەل دەزانم لە چەند ڕستەی کورتدا، کرۆکی ئەنجامگریی ئەو لێکۆڵینەوەیەم دووبارە بکەمەوە: [یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممەی ٢٩ی زولقەعدەی ساڵی ١٣١٥ی کۆچی، ٩ی نیسانی ساڵی ١٣١٤ی ڕوومی و ٢١ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی دەرچووە. ئەو باوەڕەی کە تا ئێستا لەو بوارەدا لە ئارادا بوو، لەگەڵ بنەماکانی لێکۆڵینەوەی زانستیدا ناکۆک و نەگونجاوە.

ئەگەر تا ئێستا ڕۆژی ٢٢ی نیسان بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەزانرا، دەبێ لە ئەمڕۆ بە دواوە ٢١ی نیسان، بە شێوەیەکی ڕەسمی، ببێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی].

من هێندەم پێ دەکرێ ئەم پەیامەی خۆم بگەیێنمە بەرچاوی خوێنەر و توێژەر و ڕووناکبیری کورد، بەڵام پارلەمانی کوردستان دەکەوێتە بەردەم دووڕێیانێک: ڕێگەی ڕاستی زانست و ئاوەز دەگرێت یا کوێرەڕێ؟ هیوادارم بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ڕاست هەرگیز دوودڵ نەبن.