ئێران و كوردستان: یەك قەیران دوو ئەزمونی جیاواز

29/03/2021

گوڵاڵە سدیق

لە پاش تێکچونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، وە بەدیاریکراوی لە ساڵی ٢٠١٨ وە سەپاندنی چەندین سزای قورس بەسەر ئێراندا، دەرگای بازرگانی ئێران بە رووی دەوڵەتانی جیهاندا داخراو، ئابوری ووڵاتی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ  روو لەکزی و پاشەکشە بوو.


بەڵام، ئەگەر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانییەکان، کارەساتێکی ئابوری و دارایی بۆ هەمو جیهان خوڵقاندبێت، ئەوا کاتێک دیقەت لە ژمارە و داتاکانی ئێران ئەدەیت، دەبینین کە لەماوەی ساڵێکی رێکدا ئابوری ئێران قۆناغی پوکانەوەی تێپەڕاندوە و روو لە گەشەسەندنە.


بەشێوەیەک کە لە ساڵیکی دارایی (فارسیدا) وە بەدیاریکراوی لە ٢٠/مارس/٢٠٢٠ تـــــا ١٤/مارس/ ٢٠٢١، سەرەڕای سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کاڵاو شتومەکی ئێرانییدا، داهاتی غەیرە نەوتی ئێران بۆ ٣٣،٤ ملیار دولار بەرزبوەتەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی ئەو ووڵاتە بە ٢٧ ملیار دولار خەمڵاندبوی وەک پێشبینی ئابوری وەزارەتەکەی!


لەکۆی ئەم ٣٣،٤ ملیارە، نزیکەی ١١،٧ ملیار دولار هەناردەی ووڵاتانی رێکخراوی شەنگەهای کراوە کە پێکهاتوە لە ماسی، سەوزەوات، میوەهات، چنین، کەرەستەی کشتوکاڵی، کەرەستەی پیشەسازی، کەرەستەی ناوماڵ لەگەڵ چەرەسات.
وە  بڕی هاوردەی لەهەمان ئەم ووڵاتانە نزیکەی ١١ ملیار دولار بوە، کە زیاتر کەرەستە خاوەکانی پیشەسازی گرتوەتەوە.


سەرەڕای بەرزبونەوەی داهاتی غەیرە نەوتی لەئێران و بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانییەکان، دەوڵەت لە هەوڵی ئەوەدایە نەوتەکەشی لەژێر سزاکانی ئەمریکا رزگار بکات.
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، لە دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە تاوتوێکردنی، دەوڵەتی ئێران سەرقاڵی واژۆکردنی گرێبەستێک بوو لەگەڵ ووڵاتی چین.


ئەمڕۆ دواجار ئێران‌ و چین رێكەوتنی ٢٥ ساڵەیان واژۆ كرد، رێكەوتنێك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە نەوتی ئێران لەژێر سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رزگار دەكات‌ و ووڵاتی چین بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕ بۆ ماوەی 25 ساڵ نەوتی ئێران بۆ خۆی دەبات.
 ئەم رێکەوتنە تەنها رێكەوتنێكی ئابوری نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسی‌ و ئەمنیشی ھەیە لەبەرژەوەندی ئێران.

کاتێک مرۆڤ سەیری سیاسەتی ئابوری و گرێبەستەکانی ئەو ووڵاتانە دەکات، کە چۆن لە خەمی بەرزکردنەوەی داهات و تێپەڕاندنی قۆناغی پوکانەوەی ئابوری ووڵاتەکەی خۆیانن، وە کاتێک بەراوردێک لەنێوان سیاسەتی ئابوری ئەو ووڵاتانە بە ئابوری  کوردستان و گرێبەستە نەوتییەکانی کوردستان دەکات، مرۆڤ نازانێت چ ناوێک بدۆزێتەوە بۆ کاربەدەستانی ئەم کوردستانە کە تاکە ئامانجیان پڕکردنی گیرفانی حزب و بەتاڵکردنی قاسەکانی حکومەتە!.