06/02/2019
تائێستاش بەسرە خۆپیشاندان و نارەزایەتی جیاجیا بەخۆیەوە دەبینێت ئەوەش دوای ئەوەی لەمانگی تەموزی ساڵی 2018 دەستی پێكرد، زۆرینەی خۆپیشاندەران پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن كە ژێرخانی ئابوری لەباشوری عێراق كەم و كوڕی تێدایە، دروشەمەكانی دژی ئێران و هێرشكردنە سەر كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەبەررۆشنایی بێ ئومێدبوون بوو لە هەژمونی ئێران لەناوچەكەدا، بوونی هەژمونی ئێران خاڵێكی سەرنج راكێش بوو بەلای خۆپیشاندەرانەوە، بەتایبەتیش لەو هێرشانەی كە لەلایەن میلیشیا عێراقیەكانی نزیك لەئێران دژی خۆپیشاندەران ئەنجام درا، ئەو هێرشانە تیشكی خستە سەر پەیوەندی ئاڵۆزی میلیشیا بەهێزەكانی عێراق كە زۆرینەی ئەندامەكانیان خەڵكی باشورن لەلایەك و دانیشتوانی تری باشور لەلایەكی ترەوە.
میلیشا لەعێراقدا دوای ساڵی 2003 بۆتە دیفاكتۆ، و چەندین میلیشیای وەك جەیشی مەهدی و كهتائیبی حزبوڵا دروست بوون و ڕووبەڕووی سوپای ئەمریكا بوونەوە. سەركەوتنی موقتەدا سەدر لە فەرماندەی سوپای مەهدیەوە بۆ سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و تا گەیشتنە سەرۆكایەتی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دوایانە باشترین بەڵگەن لەسەر هەژمونی ئەو میلیشیایانە لەسەر ژیانی رۆژانە لەعێراقدا، بەڵام ئەو میلیشیایانە لە لەچالاكیەكانی هەرێمەكە تێوەگلاون، هەریەك لە رێكخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی هەق ( كە پێشتر بەشێك بوو لەسوپای مەهدی وئێستا سەربەخۆیە) لەسوریا پشتیوانی رژێمەكەی بەشار ئەسەدیان كرد.
میلیشیاكان پێگەی خۆیان لەعێراق بەهێزكرد و كۆنترۆڵی تەواوی عێراقیان كرد بەتایبەتیش دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ لەساڵی 2014 لەلایەن رێكخراوی داعش و تێكشكانی سوپای عێراق.
دوای كەوتنی موسڵ لەسەر دەستی داعش لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 ئایەتوڵا عەلی سیستانی داوای لەخۆبەخشەكان كرد چەك هەڵبگرن بەمەبەستی بەشداریكردن لە جیهاد دژی داعش، ئەوەش بووە هۆی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان میلیشیاكان و هاوڵاتیانی مەدەنی لەباشور، هێزی ئەم میلیشیایانە بەراورد بەسوپای عێراق بووە هۆی ئەوەی لەكۆتایدا حكومەتی عێراق میلیشیاكان بەیاسای بكات ئەوەبوو ساڵی 2016 یاسای حەشدی شەعبی دەركرا.
بەڵام لەوكاتەدا ئێران پارە و چەكێكی زۆری ( چەكی قورسیشی تێدابوو ) دایە هێزەكانی حەشدی شەعبی، هەروەها بەشێك لەسەركردە ئێرانیەكان هاتنە ناو ژمارەیەك میلیشیای حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی لەڕووبەڕووبونەوەی داعش یارمەتی دەربڕن، بەوەش هەژمونی خۆی بۆ دیاریكردنی ئایندەی پرۆسیەی سیاسی لەناوخۆی عێراقدا بەدەستهێنا.
ئەبومەهدی موهەندس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت رایگەیاند، ئێران بودجەیەكی زۆری بۆ پشتیوانی لەهێزەكانی حەشدی شەعبی خەرج كردووە، و عێراق هەزاران گەنجی رەوانەی ئێران كردووە بۆ ئەوەی مەشق و راهێنانیان پێبكرێت لەسەر بەكارهێنانی چەك و پاشان گەراونەتەوە عێراق بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش، لەهەمان كاتدا ئێران هەزاران چەكداری عێراقی رەوانەی سوریا كردووە بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی شیعە و رووبەڕووبونەوەی داعش لەوێ.
بەڵام هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر بەبەردەوامی لەبەردەم راگەیاندنەكان ئەو نمونانەی سەرەوە دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی وەك بەڵگە بەكاریان بهێنێت كە ئێران رۆڵێكی سەرەكی لەعێراق بینیوە لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ڕووبەڕووبونەوەی داعش و پیشاندانی نیازپاكی ئێران بەرامبەر عێراق، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە كە ئێران كۆنترۆڵكردنی تەواوی عێراقی لەرێگەی بریكارە سیاسیەكانیەوە لەناو حكومەتی عێراق بەلاوە گرنگە، لەگەڵ ئەو هێزەی هەیانە، بەڵام هەموو میلیشیاكان پەیوەندیان لەگەڵ پێكهاتە مەدەنیەكانی عێراق هەیە، بەنمونە رێكخراوی بەدر كە گەورەترین گروپی میلیشیایە و لەوانەیە بەناوبانگترینیشیان بێت لەسەردەستی ئایەتوڵا سەید محەمەد باقر الحكیم دروستكراوە و لەئێستادا لەلایەن هادی عامریەوە سەرۆكایەتی دەكرێت بەدەست خراپی ناوبانگیەوە لەناو سوپای عێراقی دەناڵێنێت، سەرباری ئەوەی راپۆرتە خۆجێبەكان باس لەوە دەكەن كە میلیشیاكانی دەرەوەی حەشدی شەعبی ساڵی 2005 سێ ئافرەتی مەسیحیان كوشتووە كە لەفرۆكەخانەی بەسرە كاریان دەكرد، هەروەها پیاوێكی مەسیحی لەساڵی 2016 دا كرایە ئامانج بەهۆی ئەوەی شەرابی فرۆشتووە ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقیەوە ئەو كارە قەدەغەكرا، لەهەمان كاتدا هێنانی مادەهۆشبەرەكان لەسنورەكانی عێراق- ئێران بووە هۆی ئالودەبوونی ژمارەیەك لەگەنجانی عێراقی.
بەڵام ژمارەیەكی زۆر لەگەنجەكان دەچنە ریزی میلیشیاكان بەهۆی كەمی دەسەڵاتی حكومەت و لاوازی خزمەتگوزاریە ئەمنیەكان لەعێراقدا، زۆر جار گەنجان دەچنە ناو میلیشیاكانی وەك رێكخراوی بەدر بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بەمەبەستی پارێزگاری لەخۆكردن و ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریەكان، جگە لەوەش ئەندامانی ئەو میلیشیایانە مافی ئەوەیان هەیە چەك هەڵبگرن، ئەوەش جێگەی شانازیە بۆ ژمارەیەكی زۆر لەگەنجانی عێراق، هەروەها میلیشیاكان نەخوێندەواری و نەزانی گەنجەكانیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی بیانكەنە چەكدار و بارەگاكانی خۆیان پێ بپارێزن و شەڕیان پێ بكەن.
جگە لەهەوڵەكانی ئێران بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ساڵی 2018 ، ئێران كاریگەری لەسەر پێكهاتەی دانیشتوانی ناوچەكانی باشوری عێراق هەیە، بەوپێیەی ئاڵۆزی تائیفی دروست كرد و كارئاسانی كرد بۆ ئەوەی كەمایەتیە ئاینیەكانی تر كۆچ بكەن بۆ باكوری عێراق یان بۆ دەرەوەی وڵات، میلیشیاكان لەچەند مانگی رابردوودا ژمارەیەك خۆپیشاندەریان دەستگیركرد، ئەوانەی ئاگریان لەكونسوڵخانەی ئێران بەردا لەشاری بەسرە، هەروەها میلیشیاكان هێزە ئەمنیەكانی عێراقیان ناچاركرد ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنوس دەستگیربكەن.
میلیشیاكان تۆمەتی بوونی پەیوەندی بەویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكایان دایە پاڵ ئەو خۆپیشاندەر و چالاكوانانە، لەناو ئەو تۆمەتباركراوانەشدا بەرێوەبەری یەكێك لەرێكخراوە ناحكومیەكان بەناوی ( یەكێتی فیردهوسی عێراق ) بەناوی فاتمە بەهادلی هەیە هەروەها رەهام یەعقوب چالاكوانی بواری مافی ئافرەتان هەیە، ئەو دوو چالاكوانە رۆژانە ڕووبەڕووی هەرەشە دەبنەوە بەهۆی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان.
فشاری هێزە میلیشیاكان بووە هۆی ئەوەی بەشێك لەخۆپیشاندەرانی بەسرە ناچاربن هەڵبێن بۆ توركیا بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان، محەمەد جەواد خەیر نمونەی ئەو هەنگاوەیە، لەكاتی خۆپیشاندانەكانی بەسرە محەمەد جەواد خەیر وێنەی میا خەلیفەی بەرزكردبۆوە ( ئەكتەری بواری وروژێنەری لوبنانیە) بۆ ئەوەی گاڵتە بەشەرەفی حكومەتی خۆجێی بكات و بەراوردی بكات بەكاری هاوشێوە، بەڵام دوای رووبەڕووبونەوەی ئەو هەرەشە جواد ڕوویكردە ئیستەنبوڵ بۆ پاراستنی ژیانی خۆی، هەروەها هەردوو خۆپیشاندەر محەمەد قاسم و حیدەر لەیس، رویانكردە شاری بولوی توركیا دوای ئەوەی ڕووبەڕووی هەشەی زارەكی بوونەوە.
ئێستا زۆرینەی خۆپیشاندەرانی بەسرە میلیشیاكان بە مەترسی لەسەر ژیانیان دەزانن، نەك وەك پاڵەوانی سەركەوتووی شەڕی دژی داعش، وەك ئەوەی سەركردەكانی حەشد دەیانەوێت، بەڵام هێزیان لەباشور جێگیربووە و واش دەردەكەوێت ئەو هێزە بۆ ئایندەیەكی نزیكیش بەردەوام دەبێت.