دکتۆر "کەمال مەزهەر"م چۆن ناسی

28/03/2021

دكتۆر جەعفەر عەلی

(١)

هەموو رۆژێک وەرە تا شەرم دەمگرێ
ئەو کاتەی خوێندکاری بەشی مێژووی زانکۆی بەغدا بووین لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، دکتۆر کەمال مەزهەر یەکێک لە مامۆستاکانی ئەم بەشە بوو. بۆ ئێمە، بوونی مامۆستای کورد لە ناو زانکۆدا، تایبەتتریش لە بەشەکەماندا، دەیتوانی فاکتەرێکی گرنگی هاوکاری و یارمەتیدان بێت بۆ هاندان و دەوڵەمەندکردنی مەعریفەی مێژوویی و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستیمان.

ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، جگە لەوەی گەرمەی جەنگی عیراق- ئێران بوو، سەردەمی زۆرترین و گەورەترین ستەم و پەلاماری دەسەڵاتی حیزبی بەعسیش بوو دەرهەق بە گەلانی عیراق بەگشتی و کورد بە تایبەتی.
ئێمە بۆ زۆر شت روومان لە د.کەمال دەنا، بۆ پرس و راوێژ، بۆ سەرچاوەی مێژوویی، بۆ رێنمایی و نوسینی توێژینەوەو... هتد.

ئەو رۆحێکی گەورەی یارمەتیدانی بۆ خوێندکارەکانی هەبوو، هێندەی ئێمە ئامادەییمان بووبێت، لە گفتۆگۆی نامەکانی ماستەر و دکتۆرادا، سەرسەختانە داکۆکی لە خوێندکارەکانی دەکرد.

بیرمە رۆژێک پێویستیم بە کتێبەکەی (میر)ی نیکۆلۆ مەکیاڤیللی هەبوو، بۆ ئەم مەبەستە لە بەشی مێژوو و لە ژوورەکەی خۆی سەردانم کرد، بەو پێیەی کە ئەو لێکۆڵینەوەیەکی زیاد لە هەشتا لاپەڕەیی لەگەڵ ئەم کتێبەدا دەربارەی مەکیاڤیللی و مەکیاڤیللیزم بڵاوکردبووەوە، داوای دانەیەک لەم کتێبەم لێکردو گووتی: بە سەرچاو بۆت دێنم.
یەک دوو جار بۆ کتێبەکە لە ژوورەکەیدا سەردانم کرد، دەیگووت: کاکە گیان بە خوا بیرم دەچێت، بیرم خەرەوە هەر بۆت دێنم.

لە ماوەی مانگێکدا، چەند جارێکی کەمی دیکە بۆ هەمان مەبەست سەردانم کردەوە، بەڵام دیاربوو هەموو جارێک بیری دەچوو کتێبەکە بهێنێ. بۆیە گووتی: کاکە گیان زۆر سەرقاڵم، بۆیە بیرم دەچێت، هەموو رۆژێک وەرە بۆ لام تا بۆت دێنم، گووتم: دکتۆر گیان بە راستی شەرم دەکەم هەموو رۆژێک بۆ ئەم مەبەستە سەردانت بکەم، گووتی: نا کاکە گیان، هەموو رۆژێک وەرە تا شەرم دەمگرێ و بۆت دەهێنم. لێرەدا هەم هەستم بە گەورەیی ئەم مرۆڤە سادەیە، هەم بەم رۆحە گەورەی هاوکارییە کرد، کە بۆ خوێندکارەکانی هەیبوو.

(٢)

مام جەلال خۆی بۆم دەنێرێت
دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی (ئەمین قادر/ ئەمنی ستراتیجی عیراق و سێکوچکەی بەعسیان) لە شاخ، دانەیەک لەم کتێبە لە نێو بەشێک لە خوێندکارەکانی زانکۆدا دەستاو دەستی پێدەکرا. کتێبەکە بە کاغەزێکی رۆژنامەکانی عیراق بەرگ کرابوو، لە سەر ئەم بەرگەشەوە کاغەزێکی سپی کە بە زمانی عەرەبی لە سەری نوسرابوو (الزراعة الديمية في شمال العراق) دانرابوو، ئینجا بە نایلۆنێکی روون بەرگ کرابوو. ئەمەش هەمووی بۆ ئەوە بوو تا بەرگی سەرەکی کتێبەکە و ناوەڕۆکەکەی بشاردرێتەوە.

رۆژێک بە تەنیا چووم بۆ لای دکتۆر لە ژوورەکەی خۆیدا، هەرچەندە ئەو ژووری تایبەت و سەربەخۆی نەبوو، لەگەڵ چەندین مامۆستای دیکەدا لە هەمان ژووردا بوون، بەڵام دوای سڵاوکردن بە هێواشی پێمگووت: دکتۆر ئەم کتێبەت هەیە؟ سەیرێکی بەرگی دەرەوەی کرد (الزراعة الدیمیة في شمال العراق)، گووتی: نەوەڵڵا، گووتم دکتۆر ئەوە ناونیشانەکەی نییە، سەیری بەرگی ناوەوەی بکە ناونیشانە راستەکە لەوێدایە (ئەمنی ستراتیجی عیراق و سێکوچکەی بەعسیان)، کە سەیری کرد، گووتی: نە وەڵڵا نیمە، یەکسەریش پرسی، ئەوە هی کێیە، مەبەستی نوسەرەکە بوو، کتێبەکە بە ناوی خوازراوی (چیا)وە بڵاوکرابووەوە، ئەو کات ئێمەیش نەماندەزانی نوسەرە راستەقینەکەی کێیە.

ئێمە پێمانوابوو کە (چیا) بریتییە لە (مام جەلال)، واتە نوسەری کتێبەکە لای ئێمە بریتیبوو لە (مام جەلال)، بۆیە لە وەڵامدا پێمگووت: وا بزانم نوسەرەکەی (مام جەلال)ە. ئینجا پێمگووت: ئەگەر دەزانی پێویستە تا دانەیەکت بۆ کۆپی بکەم (لەگەڵ نوسینگەیەکی چاپ و فۆتۆکۆپی لە گەڕەکی وەزیرییەی بەغدا، کە خاوەنەکەی کورد بوو، ببووین بە هاوڕێی نزیک و هەموو شتێکی بۆ کۆپی دەکردین/ مکتب الغروب)، لە وەڵامدا گووتی: پێویست ناکات، ئەگەر هی مام جەلال بێت، خۆی بۆم دەنێرێت.
(٣)
کیمیابارانی هەڵەبجە
ساڵی هەشتاو هەشت، کاتێک لە ١٦/٣ ئەو ساڵەدا، هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە بە بۆمبی کیمیایی بۆردومان کرا، ئێمە ئەو کاتە لە بەغدا بووین. دوای کیمیابارانەکە، سەردانێکی د.کەمالم کرد، جگە لەوەی توڕەییەکی زۆر بە روخسار و گفتوگۆکانییەوە دیاربوو، یەکسەر پێیگووتم: ئەو "سەگبابانە" دەڵێن چی؟

(مەبەستی ئەو خوێندکارانە بوو کە ئەندامی حیزبی بەعس و هاوکاری بوون). گووتم: دکتۆر، دەڵێن: ئێران هەڵەبجەی کیمیاباران کردووە، بەشێکی زۆریشیان ناوێرن هیچ قسەیەک بکەن و دەترسن ئەگینا راستییەکە دەزانن، لانیکەم دەزانن ئەگەر کارێکی وەها لەلایەن ئێرانەوە کرابێت، خەڵکەکەی بەرەو ئەو وڵاتە کۆچیان نەدەکرد. کارەساتی هەڵەبجە یەکێک لەم رووداوانە بوو، کە ئازارەکەی بەسەر روخساری د.کەمالەوە بە روونی دەرکەوتبوو، هەر ئەوەش بوو وایکرد لە توڕەییدا وشەی "سەگباب" بەکاربهێنێت.
(٤)
توێژینەوەی دەرچوون
بەپێی ئەو قانونەی کە لە خوێندنی باڵادا کاری پێدەکرێت، هەموو خوێندکارێک لە دوا قۆناغی خوێندنیدا و بەر لە ماڵئاواییکردنی لە زانکۆ، دەبێ بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی کە بڕیاری لەبارەوە دراوە، توێژینەوەیەک بە نوسین پێشکەش بە بەشەکەی بکات.
لە کاتی ئێمەدا، لیستێکیان لە تابلۆی ئاگادارییەکانی بەشی مێژوودا هەڵدەواسی و ئەو ناونیشانانەی تێدا دیاریدەکرا، کە دەبوایە خوێندکارانی بەشەکە بەپێی ئەو لیستە راگەیەنراوە ناونیشانێک هەڵبژێرن و بیکەنە بابەتی توێژینەوەکەیان. کاتێک سەیری ناونیشانەکانم کرد، هیچ ناونیشانێکی سەبارەت بە کورد و پەیوەندیدار بە مێژووی کوردی تێدا نەبوو، هەروەها سەبارەت بە ئێرانیش هیچ ناونیشانێک نەبوو، دوو بابەت، کە من ئەو کات حەزم دەکرد زانیاریان لەبارەوە بزانم، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی بەعس لەگەڵ هەردووکیاندا، دەوڵەتی ئێران و گەلی کورد، لە دوژمنایەتی و شەڕێکی تونددا بوو.

بۆیە سەردانی د.کەمالم کرد و سەبارەت بە ناونیشانێک لە بارەی مێژووی کوردەوە گفتوگۆمان کرد، گوتم، حەزدەکەم لەبارەی بابەتێک بنوسم پەیوەندی بە کورد و مێژووی کوردەوە هەبێت، گوتی، کاکە گیان ناهێڵن، خۆت دەتوانی شتی لەبارەوە بخوێنیتەوە. دواتر ئەم ناونیشانەی بۆ پێشنیار کردم (الحیاد الایرانی فی الحرب العالمیە الاولی/ بێلایەنی ئێران لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا) و گوتی ئەگەر قبوڵیان کرد ئەمە ناونیشانێکی باشە و دەتوانی دەربارەی ئەوە بنوسی. منیش دواتر بۆ بەش پێشنیارم کرد، دوای ئەوەی پرسیان کە ناونیشانێکی وەها لە لیستە هەڵواسراوەکەدا بوونی نییە، ئینجا پرسیان کێ بۆی پێشنیار کردووی، منیش گوتم، دکتۆر کەمال مەزهەر، سەرەنجام ناونیشانەکەیان قبوڵ کرد، کە پێدەچوو زیاتر بە هۆی رێزگرتن و ناو و پێگەی د.کەمال، بە ناونیشانەکە رازی بووبن، لە کۆتاییشدا لەلایەن سەرۆکایەتی بەشەوە هەر د.کەمال خۆی بۆ گفتوگۆی توێژینەوەکە دەست نیشانکرا.

لە جێگەی پشوودان و لە ژوورەکەیدا دەستی بە گفتوگۆی توێژینەوەکە کرد، دوای تەواوبوونی گفتوگۆکە، بە پێکەنینەوە گوتی، چەندت بۆ دانێم (نمرە)، گوتم، توێژینەوەکە شایستەی چەندە هەر ئەوەندەم بۆ دابنێ (بە دڵنیاییەوە رەنگە پێمخۆش بووبێ نمرەی بەرزم بۆ دابنێت، بەڵام شەرمم دەکرد شتێکی وەها بدرکێنم)، سەرەنجام ٩٠ی بە توێژینەوەکە بەخشی و زۆریشی بە دڵ بوو. تا ئێستایش توێژینەوەکە لای خۆم پارێزراوە.
(٥)
گفتوگۆی نامەی ماستەرەکەم
کاتێک پرسی دانانی لیژنەی گفتوگۆی نامەی ماستەرەکەم (ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی) هاتە پێش، دکتۆر نەبەز مەجید ئەمین، کە ئەو کات راگری کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی بوو، پێشنیاری بۆ کردم، کە بۆچی داوا لە د.کەمال مەزهەر نەکەین ببێتە ئەندامی لیژنەی گفتوگۆی نامەکەت، منیش زۆرم بە لاوە باش و پەسەند بوو، گووتم ئەگەر دەرفەتی هەبێت و رازی بێت، کارێکی زۆرباش دەبێت. سەرەنجام گەیشتینە رێککەوتن بەو مەرجەی کە دەبێ خۆم پەیامەکە بە د.کەمال بگەیەنم.

ئەو کات هەر یەک لە د.وریا عومەر ئەمین و د.عەبدولڕەحمانی حاجی مارف، هەفتانە لە زانکۆی بەغداوە دەهاتن و لە کۆلیژی زمانی زانکۆی سلێمانی وانەی خوێندنی باڵایان هەبوو. نامەیەکم بۆ د.کەمال نوسی تا بۆچوونی ئەو بزانم لەبارەی ئەوەی دەتوانێ لە لیژنەی گفتوگۆی ماستەرنامەکەمدا بەشدار بێت یان نا، ئەم نامەیەم بە کراوەیی لە بینای کۆلیژی زمانی زانکۆی سلێمانی، بە دەستی خۆم دایە دەست د.وریا عومەر و مەبەستەکەشم بۆ روونکردەوە و بە زاریش پێمگووت، کە نامەکە دانەخراوە، گووتی بەسەرچاو بگەڕێمەوە دەیگەیەنم و وەڵامەکەشت بۆ دەهێنمەوە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نە نامەکە گەیەنرا و نە وەڵامەکەش گەڕایەوە.

دوای مانگێک، ئەمجارەیان نامەیەکی دیکەم نوسی و بردم بۆ د.عەبدولڕەحمانی حاجی مارف، گووتی بە زووترین کات دەیگەیەنم، سەر راستانە لە ماوەی یەک هەفتەدا نامەکەی گەیاند و وەڵامەکەشی بە ئەرێنی بۆ گەڕاندمەوە.

رۆژی ١ ئەیلول بۆ گفتوگۆ دیاریکرا و لە بەش گوتیان دەبێ خۆت نوسراوە فەرمییەکە و دانەیەک لە ماستەرنامەکەت بگەیەنیتە د.کەمال لە بەغدا. بە زیاتر لە مانگێک بەر لە وادەکە سەردانی بەغدام کرد، یەکەمجار چووم بۆ کۆلیژی ئاداب، بەشی مێژوو، دکتۆر لەوێ نەبوو، چووم بۆ بەشی جوگرافیا و لەوێ چاوم بە د.فوئادی حەمە خورشید کەوت، پرسیاری د.کەمالم لێکرد، گوتی ئەمڕۆ نایەت بۆ زانکۆ، گوتم ناونیشانی ماڵەکەیان، گوتی کەمێ چاوەڕێ بکە، خۆم دەتگەیەنم، بە سوپاسەوە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی، گەیاندمی بۆ ماڵی د.کەمال. پیاوێکی بەڕێز و هێمن لە ماڵێکی ئارامدا، دوای هەواڵپرسین و پشودان، گوتم فرمانی کۆلیژم بۆ هێناوی، ١/٩ بۆ گفتوگۆی نامەی ماستەرەکەم دیاریکراوە و بەڕێزیشت سەرۆکی لیژنەی گفتوگۆکەی.

گوتی، بە خوای کاکە گیان، بۆ ١/٩ ناتوانم، ئیدی سەرقاڵییەکانی خۆی بە سەرپەرشتیکردنی تێزی دکتۆرا و نامەی ماستەر و زۆر کاری دیکەوە بۆ ژماردم، گوتی ئەگەر دەتوانن دوای بخەن بۆ کاتێکی دی، بە سەرچاو ئامادە دەبم.

گوتم بۆ کەی گوتی بۆ مانگی یازدە، گوتم باشە ئەگەر گونجا دەیکەین بە ١/١١ و نامەکەشم بۆ جێهێشت.
لە کۆتاییدا ١/١١/٢٠٠٣ نامەی ماستەرەکەم بە سەرۆکایەتی د.کەمال مەزهەر گفتوگۆکرا.

لە نۆبەی خۆیدا و بەر لە گفتوگۆی نامەکە، ئەم چەند رستەیەی گێڕایەوە و گوتی: (کاتێک هاتم بۆ ناو زانکۆی سلێمانی، رەتێکم برد خەریک بوو بکەوم، هەرچی کتێبی بە دەستمەوە بوو بە عەینەکەکەی چاویشمەوە کەوتنە سەر ئەرز و عەینەکەکەشم شکا، تەنیا ماستەرنامەکەی تۆم بە دەستەوە مایەوە و نەکەوت، تۆ چانسێکی باشت هەیە، ئێستا عەینەکەکەم شکاوە و ناتوانم بە باشی بخوێنمەوە).

لە کاتی گفتوگۆشدا، جگە لەوەی زمانی نوسینەکە، کۆی نامەکە و ناوەڕۆکەکەی زۆر بە دڵ بوو. ناچمە سەر ستایشی نامەکە، بەڵام بیرمە بە هۆی ئەوەی وشەی (من)م زیاد لە پێویست بەکارهێنابوو، گوتی: کاکە گیان ئەو (من منەت) لە چییە، تۆزێک کەمیان بکەرەوە، ئەوە هێمایە بۆ سەرسام بوون بە خۆت و لە رووی زانستییەوە کارێکی دروست نییە.

راستییەکەی بەکارهێنانی ئەو هەموو (من)ە لە نەشارەزاییەوە بوو، نەک لە سەرسامبوون و خۆ بە باڵا بینین. ئێستایشی لەگەڵدا بێت، ئەگەر وتارێکیش بنووسم، ئەو (منەم) بیرە و هەوڵدەدەم تا بتوانم لە جێگەی زۆر پێویست نەبێت، بەکارینەهێنم.
(٦)
تێزی دکتۆرا
ئەو کاتەی خوێندکاری دکتۆرا بووم، خۆم حەزی ئەوەم هەبوو، کە د.کەمال مەزهەر سەرپەرشتی تێزەکەم (سۆفیزم و کاریگەری لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورددا) بکات. ئەم بابەتەم لەگەڵ د.نەبەز مەجید ئەمین، سەرۆکی ئەوکاتی زانکۆی کۆیە باسکرد، هانیدام و گوتی کارێکی زۆرباش دەبێت، هەر بوونی ئیمزای ئەو لەسەر تێزەکە بایەخی زانستی و ئەکادیمی خۆی دەبێت. سەرەنجام خۆم لەگەڵ د.کەمال قسەم کرد و رازیبوو.

لە ماوەی سەرپەرشتیکردنی تێزەکەدا، د.کەمال بە هۆی نەخۆشییەوە رووی لە وڵاتی بریتانیا کرد، ناچار یەکدی بینینمان نەما و دەبوایە لە رێی کەسی دووەمەوە پەیوەندییەکانمان درێژە پێبدەین، چونکە خۆی شارەزایی و سەلیقەی تەکنۆلۆژیای هێندە نەبوو، بتوانێت لە رێی ئیمەیڵ و ئینتەرنێتەوە پەیوەندی بگرین.

بە سوپاسەوە کاک موفید عەبدوڵڵا لە بریتانیا، کە خزم و دۆستی خۆی بوو، ئەم ئەرکەی بە ئەستۆ گرت و کارەکەی بۆ ئاسان کردین. تا کۆتایی تێزەکە، هەر باسێکی دەمنوسی دەمنارد بۆ کاک موفید و ئەویش دەیگەیاند بە د.کەمال و وەڵام و سەرنجەکانی ئەویشی بۆ دەگەڕاندمەوە. نوسینی دکتۆراکە کۆتایی هات و بە داخەوە رۆژی گفتوگۆکەش، هەر بەبێ ئامادەبوونی سەرپەرشتیار بەڕێوەچوو.

لە هەموو ئەو ماوەیەی، چ لە قۆناغی بەکالۆریۆس، چ لە ماستەر و دکتۆرا، کە د.کەمالم تێدا ناسی و لێی نزیک بووم، جگە لە سادەیی و رۆحی هاوکاری و یارمەتیدانەکەی، بە هیچ جۆرێک سازشی لەسەر بنەما زانستی و ئەکادیمییەکان نەدەکرد، ئەو سەرنجی خۆی دەدا، بەڵام هەرگیز، تەنیا جارێک وەک سەپاندن نەیگووت، دەبێ ئەم وشەیە، یان ئەو رستەیە، یان ئەو بۆچوونەت بگۆڕی و بە جۆرێکی دی بینوسیتەوە، یان مادام فڵان وشە و رستەت نوسیووە، دەبێ ئەمەش بنوسیت. ئەو ئەکادیمیستێک بوو نوێخواز و پێشکەوتووخواز، مێژوو وەک زانست لە ئەخلاق و رۆحیدا بوو، خوێندکارانی خوێندنی باڵا داوایان لێدەکرد تا سەرپەرشتی نامە و تێزەکانیان بکات، نەک وەک زۆر (ئەکادیمیست)ی ناشیرین، خۆی بسەپێنێ، یان لە لینکی جیا جیاوە پەیوەندی لەگەڵ خوێندکارەکانی بگرێت و داوایان لێبکات تا وەک سەرپەرشتیار دەست نیشانی بکەن.

راستە رەنگە کۆی بۆچوون و نوسینەکانی، باری سەرنج و لێکدانەوەکانی بە دڵی هەمووان نەبن، یان سەبارەت بە هەندێ رووداو و کەسایەتی جۆرێک لە پەلەکردن لە بڕیاردان لە یەکلاکردنەوەی هەڵوێستێکی مێژووییدا هەبێت، تایبەت کاتێک خۆی موشیری حەمەی سلێمان وەک کەسێکی ناپاک دەناسێنێ، بەڵام دوای دەیان ساڵ پێچەوانەی ئەم بۆچوونەی، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک پێشانبدات، دەیەوێت وەک کەسێکی نیشتیمانپەروەر پێناسەی بکاتەوە. هەرچەندە کاتی خۆی، بەر لەوەی ببمە خوێندکاری خوێندنی باڵا، منیش یەکێک بووم لەو کەسانەی لە ژێر کاریگەری نوسینەکەی ئەودا، کە باوەڕم وابوو دواتر بەڵگە دەخاتە روو، وتارێکی سادەی رۆژنامەییم بۆ پشتگیری لەو بۆچوونەی نوسی، بەڵام راستییەکەی بێ بەڵگەی مێژوویی، مرۆڤێک لە ناپاکی، پاک ناکرێتەوە. بۆیە ئەو بۆچوونەی د.کەمال، چونکە بە هیچ بەڵگەیەک پشتڕاست نەکرایەوە، دەبێ لە ژێر گوماندا بهێڵرێتەوە، نەک وەک راستی و حەقیقەتێکی مێژوویی مامەڵە بکرێت.

بێگومان سەرنج و روانینی جیاواز بۆ بەشێک لە بۆچوون و لێکدانەوەکانی دیکەیشی هەن، تایبەت بەشێک لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەبارەی بەشێک لە سەرکردە و بنەماڵە سیاسییەکانی کورد، کە دوای گەڕانەوە و جێگیربوونی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵیدا ئەنجامدراون.

وێڕای هەموو ئەمانە، د.کەمال نە تەنیا بۆ خوێندکارەکانی، بەڵکو بۆ مێژووی نوێ و هاوچەرخی عیراق و ناوچەکە بەگشثی و کورد بە تایبەتی گەنجینەیەکی پڕ زانیاری و عەقڵێکی پڕ لە مەعریفەی مێژوویی بوو، ئەکادیمیستێک بوو بە میتۆدێکی عەقڵانی، زانستی و پێشکەوتووخوازانە مامەڵەی رووداوی مێژوویی دەکرد و تا دوا ئەندازەش هەوڵیداوە لە زاڵبوونی هەستی نەتەوەیی، دینی، یان ئایدیۆلۆژی لە لێکدانەوەی رووداوەکاندا خۆی بپارێزێت. کاتێکیش قسە لەبارەی مێژوونووس دەکرێت، دەبێ هەموومان ئەو بۆچوونەی مێژوونووس و بیرمەندی بریتانی (تۆینبی) بە بایەخەوە وەربگرین، کە دەڵێت: "پێویستە ئەو بنەما و بنەڕەتەمان لە یاد بێت، کە وەک خاڵی سەرەتا و دەستپێک لە توێژینەوەی مێژووییدا لەبەرچاومان گرتووە".

ئەو بنەڕەتەی کە دەڵێت، هەر بیرکردنەوەیەکی مێژوویی بە دڵنیاییەوە رێژەییە و سەر بە بارودۆخی (کات و شوێن)ی بیرمەند و مێژوونووسەکەیە، ئەوە قانونی سروشتی مرۆییە و ناشێت هیچ مرۆڤێکی بلیمەتی لێ بەدەر بکرێت.