23/03/2021
١-رۆژهەڵاتناسی بەریتانی (إدوارد جیبون) لە فەرهەنگە بەناوبانگەكەی «The History of the Decline and Fall of the Roman Empire»
سەبارەت بە كەسایەتی صلاح الدینی ئەیوبی دەڵێت : صلاح الدینی ئەیوبی دوای ئەوەی دەركەوت وەك سەركردە هەرزوو وازی لە خۆشیەكانی دونیا هێنا، جلەكانی خورییەكی زبری سادە بووە، هەروەها كەسایەتیەكی زاهدو پاك بووە، وە باوەرێكی تۆكمەو پتەوی هەبووە، بەردەوام لە پێناو پارێزگاریكردن لە ئیسلام ومسوڵمانان هەوڵیداوە، پەیوەست بووە بە پارێزگاری كردن لە نوێژەكانی، وە لەكاتی بەرێكردنی سوپاكەیدا بەردەوام قورئانی دەخوێند.
٢- رۆژهەڵاتناسی انگلیزی هاملتون جب، لە پەرتوكی صلاح الدین الایوبی، سەبارەت بە صلاح الدینی ئەیوبی دەڵێت:
ئەو سەركەوتنانەی كە صلاح الدینی ئەیوبی بەدەستی هێناوە، لە دەرەنجامی ئەو خەسڵەتە ناوازانە هات كە لەكەسایەتی ئەودا رەنگی دابویەوە، وەك خۆشویستنی ئایین و سادەیی و چاكەخوزیی لە مامەڵە، بەو هۆیەوە دوژمانی لە ناوخۆو دەرەوە تێرامابوون لە رەفتارەكانی. ئەوان چاوەرێیان دەكرد صلاح الدین وەك ئەوان سیاسەت بكات، بەڵام دواتر بۆیان دەركەوت كە كەسێكی جیاوازەو وەك سیاسیەكانی تر نیە.
٣- هەروەها رۆژهەڵاتناسی ئەمریكی بەناوبانگ (ول دیورانت لە شاكارەكەی: قصة الحضارە) سەبارەت بە صلاح الدینی ئەیوبی دەنوسێت: وەك سەركردەیەك خاوەن بەهایەكی باڵا بوو لە مامەڵە كردن، گوێی لە داواكاری هەموو گەلەكەی دەگرت، بەچاوێكی زۆر كەم تەماشای ماڵ و سامان وپارەی دەكردو هەوڵی كۆكردنەوەی نەدەدا، لەدوای خۆی لە سەروەتی تایبەتی خۆی تەنیا یەك دیناری بەجێهێشت، كەمێك پێش مردنە سەبارەت بەمە وەسیەت دەكات بۆ كورەكەی. كە ئەمەش لە هیچ فەلسەفەیەكی مەسیحیدا بەدی ناكرێت.
هەمان رۆژهەڵاتناس لە شوێنیكی تر دەڵێت:
صلاح الدینی ئەیوبی بەخشەندەترین وجوامێرترین سەركردەی جەنگی خاچیەكان بووە.
٤- رۆژهەڵاتناسی بەریتانی رونالد الكولونیل بودلی 1892-1970 سەبارەت بە جەنگەكانی صلاح الدینی ئەیوبی دەڵێت:
كاتێك خاچیەكان لە ساڵی 1099 هاتنە شاری قودس وێرانكاری وكوشتنو خوێنرشتنی زۆریان ئەنجامدا، بەڵام كاتێك صلاح الدینی ئەیوبی قودسی رزگارکردەوە گیانی تۆڵەسەندنەوەی تیا نەبوو، واتە وەك خاچیەكانی نەكرد، بەڵكو مرۆڤانە مامەڵەی كرد.
٥-رۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی زیجرید هونكە، سەبارەت بە شێوازی رزگاركردنی شاری قودس لەلایەن صلاح الدینەوە دەڵێت:
كاتێك صلاح الدین قودسی گرتەوە وەك خاچیەكان مامەڵەی نەكرد، چونكە ئەوان خوێنی زۆریان رشت، بەڵام صلاح الدین بە نەرمونیانی مامەڵەی لەگەڵ خاچیەكان كرد، و لەگەڵ دیلەكاندا بەجوانی دەجوڵایەوە.
٦-رۆژهەڵاتناسی ئەمریكی جون فیفر: الحرب الصلیبیة الثانیة حرب الغرب المستعرة مجددا ضد الإسلام، دەڵێت:
سەلاحەدینی ئەیوبی كاتێك چووە قودس هاوشێوەی خەلیفە عمری كوری خەتتاب مامەڵەی لەگەڵ خاچیەكان كرد ، ئەو نەك تەنها رێگای بە مسیحی وپیاوانی ئایینی مەسیحی دا كە بچنە دەرەوەی قودس، بەڵكو بواری ئەوەی بۆ رەخساندن كە ماڵو سامانیشیان لەگەڵ خۆیان ببەن. ئەم هەڵوێستەی سەركردە صلاح الدین تەواو پێچەوانەی رەفتاری مەسیحیەكان بوو کە پێشتر لەشاری قودس بەرانبەر مسوڵمانەکان ئەنجامیاندا
٧-رۆژهەڵاتناس توماس أرنولد سەبارەت بە كاریگەری صلاح الدینی ئەیوبی لەسەر مەسیحیەكان دەنوسێت:
سیاسەت و ئاكاری صلاح الدینی ئەیوبی لەسەردەمی خۆیدا كاریگەری تەواوی هەبووە لەسەر مەسیحیەكان لەو سەردەمەدا، تا ئەو رادەیەی هەندێك لە مەسیحیەكان ئایینی خۆیان دەگۆری و كۆمەڵگای خۆیان جێئەهێشت و دەهاتنە نێو ئایینی ئیسلام.
٨-ئەفسانەی رۆژهەڵاتناسان و شانازی کردن بە صلاح الدینی ئەیوبییەوە بەرونی لە نوسینیەكانیاندا دەردەكەوێت، بە رادەیەک لە پەرتوكەكانیاندا هەوڵی ئەوە دەدەن كە نەژادی ئەم سەركردەیە بگێرنەوە بۆ مەسیحیەكان، لەم چوارچێوەشدا رۆژهەڵاتناسی ئەمریكی مایكل هاملتون مورجان تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە ئەو ئاكارو رەفتارو كەسایەتیەی كە صلاح الدینی ئەیوبی هەیەتی و پێیدەناسرێتەوە، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەم كەسایەتیە لە روی نەژادو خوێنەوە دەگەرێتەوە بۆ مەسیحیەكان. هەروەها رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی مكسیم رودنسون بەهەمان شێوە دەیەوێت نەژادی صلاح الدین بگێڕێتەوە بۆ مەسیحیەكان، دەنوسێت: جەنگاوەرێكی پاڵەوانی وەك صلاح الدین دەبێت نەژادی بگەرێتەوە بۆ مەسیحیەكان.
رای وایە كە صلاح الدین لە دایكێكی مەسیحی لەدایك بووە، تەنانەت دەڵێت صلاح الدینی ئەیوبی پێش مردنی بروای بە ئایینی مەسیحی هێناوە!.
٩-سەبارەت بە دوا ساتەكانی ژیانی صلاح الدین رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی (البیر شاندور) دەنوسێت:
لە هەفتەكانی سەرەتای ساڵی 589ك/1193ز صلاح الدینی ئەیوبی دوچاری نەخۆشی دەبێت تا ئەو رادەیەی لەكاتی پێشوازی لە حاجیان كە لەشاری مەككە گەراونەتەوە، بەتەواوی لێی دیاریی دەدات ودەكەوێتە جێگا
دواجار لە 19/ئازار/1193 بەهۆی نەخۆشیەوە گیان دەسپێرێت.
وە لەپاش خۆی تەنیا حەفتاوچوار درهەم وپارچەیەك ئاڵتونی بەجێهێشت.
*تێبینی: ئەم کورتە نوسینە پرۆژەی توێژینەوەیەکی زانستییەو سەرجەم زانیاریەکان لە سەرچاوەی سەرەکیی وەرگیراون.