16/03/2021
فاکتی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره، ئه‌گه‌ری پهنابردنهوه به‌ر زه‌بروزه‌نگه له یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ململانێی نێوان هێزه سیاسییه‌کانی کوردستاندا.
بە واتایەکی دی، مه‌ترسی پشتکردنه سیاسه‌ت و ساتمه‌کردنی به‌شداریی سیاسییه.
ئاخۆ کورده‌واری شه‌ڕی براکانی به ڕابردوو سپارد یان شه‌ڕ هێشتا له‌ناوماندا ده‌ژی؟
كامانه‌ن ئه‌و ئامڕازانه‌ی كه ده‌شێت لێیه‌وه زه‌بروزه‌نگ یاساغ بكرێت و له بریتی شه‌ڕ و ئاشوب په‌نا بۆ دیالۆگ ببرێت؟
***
بۆ وه‌ڵامی پرسیارێكی له‌م جۆره پێوسته پێش هه‌ر شتێک به‌شوێن ئاماده‌بوون یان نائاماده‌یی ئه‌و هانده‌ر و كهرهستانهدا بگه‌ڕێین كه شه‌ڕی ناوخۆی لێده‌كه‌وێته‌وه.
ڕاستییەکەی مۆتیڤی پهنابردنهوه به‌ر تووندوتیژی و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕ هێشتا مۆتیڤێكی زیندووه.
ئێمه حاڵی حازر خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك هێزگەل و کاراكتهری سیاسیین كه هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌ڵگری یاده‌وه‌ریی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، یاده‌وه‌رییه‌ك كه لێوان لێوه له شه‌ڕو تۆڵه و هه‌وڵی لوتشكاندنی ئه‌وی دی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی چه‌ندین هه‌ڵبژاردن به تایبه‌تیش پاش روخانی فاشیزمی به‌عسی و كرانه‌وه‌یه‌كی سنوورداری دەسەڵاتی سیاسیی كوردی به‌سه‌ر خۆیدا، به‌ڵام دواجار ئه‌م دەسەڵاته بۆوه به خاوه‌نی ئه‌و کاراکتەر و هێزانه‌ی كه هه‌ر یه‌كه‌یان لای خۆیه‌وه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك گرێ و یاده‌وه‌ری دژ به یه‌کدین.
ئه‌و زمانه‌ی حاڵی حازر سیاسییه‌کان و میدیاکارانی لایه‌نه جیاجیاکان خه‌ڵکی پێ پڕده‌که‌ن، جارێكی تر ختوكه‌دانی یاده‌وه‌رییه، هێنانه‌گۆی ئه‌و زمانه‌یه كه له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه تاكه زمانی موخاته‌به‌كردنی ئه‌وی دی بووه. ئاخاوتن به‌م زمانه ئه‌گه‌ر هیچمان بۆ نه‌سه‌لمێنێت، بوون و مه‌ترسی ئه‌و هێزه تووڕه متبووهمان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه هێشتا له ناوماندا ده‌ژی.
ئه‌و هێزه ترسناكه‌ی گه‌ر له قومقومهكهی سه‌ری كێشایه ده‌ره‌وه ئیتر جگه له كاره‌سات و ماڵوێرانی هیچی تر ناخوڵقێنێت.
گرفتی ئه‌م نوخبە سیاسییه‌ی كوردستان له‌وه‌دایه که نه خاوه‌نی یاده‌وه‌رییه‌کی هاوبه‌ش که پێشمه‌رجێکی گرنگی دروستکردنی نەتەوە و نه خاوه‌نی ستراتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش که پێشمه‌رجێکی گرنگی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و دواجاریش نه خاوه‌نی کولتورێکی سیاسیی هاوبه‌شه که پێشمه‌رجێکی گرنگی دامه‌زراندنی دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتییە.
بۆیە له غیابی ستراتیژێكی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شدا، پهنابردنهوه بۆ چه‌ك و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌میشه ئه‌گه‌رێكی زیندووه.
چونكه نه‌بوونی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش مانای نه‌بوونی داهاتووی هاوبه‌ش و ناوكۆیی هاوبه‌ش.
ئیتر لێره‌شه‌وه‌یه كه نه‌ته‌وه له بریتی یه‌ك یاده‌وه‌ری، ده‌بێته خاوه‌نی چه‌ندین یاده‌وه‌ری و له جیاتی نه‌ته‌وه، حیزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان ده‌بنه میراتگر و خوڵقێنه‌ری یاده‌وه‌ری جیاجیا، ئەڵبەتە یاده‌وه‌ری دژ به یه‌ك.
***
کولتوری سیاسی هه‌روه‌کو لوسین پای ده‌ڵێت به‌رهه‌می هاوبه‌شی نێوان سیستمی سیاسی و مێژووی ژیانی ئه‌و کاراکتهرانهیه که سیستمه‌که‌یان پێکهێناوه.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، کولتوری سیاسی شێوازی بیرکردنه‌وه و باوه‌ڕ و ئینتیمای تاکه‌کانه بۆ سیستمی سیاسی و سیستمه‌که‌ش بۆ کۆمه‌ڵگه.
یه‌کێک له گرنگترین جومگه‌کانی دامه‌زراندنی کولتورێکی سیاسی هاوبه‌ش، به‌جه‌ماوه‌ریکردنی سیاسه‌ته (نه‌ک به حیزبیکردنی).
كوردهواری ئه‌مڕۆشی له‌سه‌ر بێت خاوه‌نی ئه‌و هێزگه‌له سیاسییه‌یه كه هێنده‌ی كار له سه‌ر دروستكردنی جه‌ماوه‌ری فهناتیكه ده‌كات، كار بۆ بهجهماوهریکردن و عهقڵانیكردنی سیاسه‌ت ناكات.
فهناتیكه له كورتترین پێناسه‌دا كه‌سێكی خاوه‌ن ئایدیا، هه‌ڵوێست، یاخود بڕوایه‌كی دیاریكراوه كه له غیابی لێبورده‌ییدا دژ به وانی دی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات.
فه‌ناتیزم ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی كۆنی هه‌یه و له كایه‌ی جیاجیای وه‌كو (ئاین، سیاسه‌ت، بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان..... هتد) سه‌رهه‌ڵده‌دات. ڕه‌نگه فه‌ناتیزم له سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌س مه‌ترسییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بێت، مه‌ترسی گه‌وره له‌وه‌دایه كه فه‌ناتیزم ببێته گروپ و ده‌سته و تاقم.
حیزب و بزووتنه‌وه سیاسییه كوردییه‌كان هه‌میشه مه‌كینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی له‌شكرێك له فهناتیكه بوون.
بۆیه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه گه‌ر پێمان وابێت كوردهواری پاش شه‌ڕه خوێناوییه‌كانی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، ئیتر پێی ناوه‌ته قۆناغی ئاشتی و زمانی دیالۆگ بۆته تاكه زمانی لێكتێگه‌یشتن.
به‌پێچه‌وانه‌وه، كوردهواری شه‌ڕی ڕاگرت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك كۆتایی به شه‌ڕ نه‌هێنا، هه‌موو ئه‌و مۆتیڤ و كه‌ره‌ستانه‌ی كه بوونه هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ نه‌ك هه‌ر له نێوان دوو حیزبه گه‌وره‌كه‌ی كوردستاندا، به‌ڵكو له نێوان هه‌ریه‌كه له‌وان و ئه‌وانی دیشدا، هێشتا مۆتیڤ و كه‌ره‌سته‌ی زیندوون و رۆژانه دركیان پێده‌كه‌ین و ده‌یانبینین.
ڕاستییەکەی كوردهواری له دۆخی وه‌ستانی شه‌ڕدایه نه‌ك له گۆڕنانی یه‌كجاره‌كی شه‌ڕ.
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ كارێكی حه‌تمییه، كوردهواری وه‌كو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه هێشتا له قۆناغێكی گواستنه‌وه‌دایه له نێوان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌دا، له توانایدایه له‌سه‌رێكه‌وه دۆخی شه‌ڕ تێپه‌ڕێنێت و به ڕابردووی بسپێرێت، به‌ڵام له سه‌رێكی تریشه‌وه مه‌حكومه به هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ و ماڵوێرانی.
لە هەمان سۆنگەوە تا رووبه‌ره‌كانی فه‌ناتیزم فراوانتر بێت، ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانه‌وه‌ی تووندوتیژی و به‌رپاكردنی شه‌ڕی ناوخۆ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان، ئه‌گه‌رێكی ئاماده ده‌بێت، دیاره پێچه‌وانه‌كه‌شی دروسته.
***
جه‌نگ به مانا گشتییه‌كه‌ی درێژه‌پێده‌ری سیاسه‌ته، به واتایه‌كی دی، مه‌به‌ست له جه‌نگ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵێك ئامانجی ئابوری و سیاسییه، ئه‌و ده‌مه‌ی لایه‌نێك ناتوانێت له ڕێی ئامڕازه‌كانی دییه‌وه ئامانجه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت، په‌نا بۆ جه‌نگ ده‌بات وه‌كو ئامڕازێك كه تیایدا له‌ڕێی زه‌بروزه‌نگ و به‌كارهێنانی توندوتیژییه‌وه به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ملكه‌چی خواسته‌كانی خۆی دەكات.
جه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌تان یاسا و ڕێسای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و بنه‌ماكانی به‌ڕێوه‌بردنی به‌گوێره‌ی هونەر و زانستی جەنگ بەڕێوە دەچێت. به‌پێچه‌وانه‌ی یاساكانی جه‌نگه‌وه، ناکرێت شه‌ڕی ناوخۆ وه‌کو درێژه‌پێده‌ری سیاسه‌ت لێی بڕوانرێت.
ڕاستییەکەی شه‌ڕی ناوخۆ له غیابی سیاسه‌تدا ڕووده‌دات، ئه‌و ده‌مه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا سیاسه‌ت كۆتایی پێ دێت ده‌بێت پێش هه‌ر شتێك ترسی سه‌رهه‌ڵدان و ته‌قینه‌وه‌ی زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژیمان هه‌بێت.
ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت حیزب مه‌كۆی دیموكراسییه، ڕاستییه‌كه‌ی دیموكراسیی مۆدێرن به‌بێ حیزب بوونی نییه، به‌ڵام گرفتی حیزبی كوردیی له‌م دەسەڵاتەدا له‌وه‌دایه كه سیاسه‌تی تا ئه‌و ڕاده‌یه په‌راوێز كردووه هیچ مانایه‌كی بۆ دیموكراسیش نه‌هێشتۆته‌وه.
پێش هه‌موو شتێك پێویسته دوو كایه له یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه، ئه‌وانیش كایه‌ی سیاسه‌ت و كایه‌ی حیزبایه‌تییه. له كوردستان جگه له‌وه‌ی هه‌ردوو كایه‌كه زۆر به ناشیرینی پێكه‌وه گرێ دراون، شتێكیشمان نییه ناوی كایه‌ی سیاسه‌ت بێت. ئاخر ئه‌مه‌شه نهێنی نه‌بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له كوردستاندا، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی پێش هه‌ر پێناسه‌یه‌كی تر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسییه.
به عهقڵانیكردنی سیاسه‌ت و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ وا ده‌خوازێت له بریتی زمانی شه‌ڕ، زمان بده‌ینه‌وه به سیاسه‌ت. ئه‌ڵبه‌ته كوردهواری هه‌مان كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی سه‌رده‌می راپه‌ڕین نییه، كوردهواری پێنگاڤی جیاجیای به‌ره‌و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ناوه.
جگه له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می راپه‌ڕیندا گولله تاكه ئامڕازی ده‌ربڕینی بوغز و دواجار نه‌فیكردنی به‌رامبه‌ر بووبێت، ئه‌وا ئه‌مێستاكه له‌ڕێی تۆڕه به‌ربڵاوه‌كانی ماسمیدیا و ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرنه‌وه به‌شێكی زۆری ئه‌م بوغزه له‌ڕێی تیڤی و سۆشیالمیدیاوە خاڵی ده‌كرێنه‌وه.
سەربەخۆیی نەتەوەیی و دامەزراندنی سیستم بەو کەرەستانە ناکرێن کە نیو سەدە زیاترە دوو مەیلی سیاسی لە نێوان خۆیاندا ململانێیەکی درۆزنانەی پێ دنە دەدەن. سەربەخۆیی و دامەزراندنی سیستم جا لەڕێی ڕیفۆرمەوە بێت یاخود شۆڕش، پێش هەر شتێکی دیکە بە تێپه‌ڕاندنی ئەم میراتە دەبێت؛ میراتی شەڕی ناوخۆ.