31/01/2019
لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکرایەوە، دەستەی دەست پاکی هەرێم ، بەڵێنامە بە سەرجەم فەرمانبەران و مونتەسیبینی حکومەتی هەرێم پڕ دەکاتەوە . دوای ئەوە وێنەی بەڵێنامەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە . هێشتا زانراو نیە ئامانجی ئەم بەڵێنامەیە چیە ؟ ڕوون نەکراوەتەوە بۆ فەرمانبەران ، تەمو مژاویەو تاڕادەیەک جێ گومانە لای کارمەندان .
سەبارەت بە خودی بەڵێنامەکە و ناوەڕۆکەکەی کەمو کورتی زۆرەو ناڕونی فرەی تێدایە ، نوسراوە (( پاڵپشت بە بڕگەی ۷ لە مادەی ٥ ی یاسای دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ژمارە ۳ ی ساڵی ۲۰۱۱ ی هەموارکراوو مادەی ۲٦ لە ڕێنمایی ژمارە ۱ ی ساڵی ۲۰۱٦ ی ڕێنمایی ڕفتاریی پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن دەستەی دەست پاکی هەرێمەوە دەرچووە )).
نازانم ئەمە هەڵەی چاپە یان هەڵەی دەربڕین و تەعبیرە یان فەقیر حاڵی دەستەی دەستپاکیە لەڕووی زمانەوانیەوە ، دیار نیە ئەم یاساو ڕێنمایانە پەرلەمان دەری کردوە یان دەستەی ناوبراو ، دەرکردنی یاسا ئەرکو دەسەڵات وئیشی پەرلەمانە یان دەستەی دەست پاکی ؟
لە بڕگەی دووهەمیدا هاتوە (( بەڵێن دەدەم کە پابەند بم بە؛سەرجەم حوکم و بنەما ڕەوشتیەکانی ڕەفتاری پیشەیی فەرمانبەرێتی کەرتی گشتی کە لە ڕێنمایی ئاماژە پێکراوی سەرەوەدا هاتووە بە پێچەوانەوە ئامادەم کە ڕێکاری یاسایی بەرانبەرم بگیرێتە بەر ))
ئەمە زۆر لاستیکی و ناڕوونەو نادیار (( سەرجەم حوکم و بنەما ڕەوشتیەکانی ڕەفتاری پیشەیی فەرمانبەرێتی کەرتی گشتی )) مەبەست چیە ؟؟ ئەو بنەمایەنە چین کێ دایناوە ؟؟ ئەی ڕێنمایی ئاماژە پیکراوەکان کامانەن ؟ چین ؟لە کوێن ؟؟
دەستەی دەست پاکی هەر لە ناوەکەیەوە دەخوێنرێتەوە کە مەهام و ئەولەویەتی کاری لێکۆڵینەوەو ڕێگریی کردنە لە گەندەڵی دارایی و دزینی سامانی گشتی وڵات .
ئیتر تێ ناگەم ئەی ئەم یارییە چیە ؟؟ دەستەین دەستپاکی دەیکات ئامانجی چیە ؟ چی لە پشتیەوەیەتی ؟؟خودا بکا مەرامیان هەر مەشغوڵ کردنی خەڵک بێت بەڵایەکی تر نەبێت .
بۆ دەبێت فەرمانبەرێکی ئاسایی ، یان مامۆستایەکی موچە دزراوو پاشەکەوت کراو بەڵێنامەی پێ پڕ بکرێتەوە ، ئەمە چ هونەرێکە ئەیانەوێت خۆیانی پێ بخافڵێنن و خەڵکی پێ سەرقاڵ بکەن ، فەرمانبەرێک موچەکەی ٤۰۰ هەزار بێت ، لای هەرە زۆرەکەی ئەگەر ملیۆنێک و ۳۰۰ هەزاریش بێت ، ئەویش ئەگەر خزمەتی ۳٥ ساڵی پشت سەرنابێت .
بەڵێن بەین ڕێکاری چیمان بەرانبەر بگیرێتە بەر ، مەگەر ئەرکو مافی فەرمانبەری حکومەت بە یاسای ( ڕاژەی شارستانی ) و چەن یاسایەکی تر ڕێک نەخراوە ؟
باشە هەر یاسایەک لە وەقایع بڵاوکرایەوە مەگەر نابێت هەموو ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە پێوەی پابەند بن ئیتر بۆچی بەڵێنامە پڕ کەینەوە ؟
ئەم ڕۆتینیات و کات بەفیڕۆدانەو وەرەقە زایەکردنە بۆ ؟؟!! ئەم ماسە چ مویەکی تێدا شاردراوەتەوە ؟؟
باشە دەستەی دەستە پاکی بۆچی ناچن بەرپرسە باڵاکانی حزب و حکومەت و بنەماڵە ناچار بکەن سامانەکانیان ئاشکرا بکەن و پێیان بڵێن :ئەمەتان لە کوێ هێناو؟؟ چۆن دزیوتانە ؟؟ بۆچی لە مەکتەب سیاسی و وەزیرەکان و سەرکردایەتیەکانی یەکێتی و پارتی ناپرسنەوە ؟؟
بۆچی لە داهات و سامانەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت و دەرمان و ... هتد ی حزب ناکۆڵنەوە کە خەریکە خۆشمان لوش دەدەن .
بۆچی لە دەوامی من دەکۆڵنەوە کە وەکو مانگی چواردە لەشەوی ساماڵدا دیارە ڕۆژانە سەعات هەشت دەڕۆم دوانزە کۆتایی دێت ، دوای دوانزە ساڵ خزمەت موچەکەم ۷۰۰ هەزاریش نابێت ، خانووم نیە ، سەیارەکەم بایی ۸۰ وەرەقەیە مۆدیل ۲۰۰۸ ە نزیکەی٥۰ وەرەقە قەرزارم ، هەڵبەتە منیش نموونەی موچە خۆرانی ترم و زۆربەیان وەکو منن خراپتریش هەیە .
جەنابی ئەحمەد ئەنوەر بەڕێزم تکا دەکەم ئەگەر ناوێرن بە مەهامی ڕاستەقینەی خۆتان هەستن ، واز لە ئێمە بێنن ، کارەکەمان بە یاسا ڕێکخراوە سی ڕۆژ غایب بین فەسڵ دەکرێیین پێویست بە بەڵێنامە ناکات.
مەگەر بەرانبەرەکەمان کە حکومەت پابەند نەبێت و مافمان نەدات وەکو خۆی ولە کاتی خۆی لە ناچاریدا ئێمەش پەنا بەرین بۆ فشارو بایکۆت کردن .