08/03/2021
لەم ڕۆژەدا ، ڕۆژی جیهانی ژنان :
سەرەخۆشی لە خۆم ولەو ژنانە دەکەم هەتا دواتنۆکی ناو شوشە عەترەکانیان ، هەتا دوا سنوری غەزەلەکانی بۆ زوڵف وکەمەر گوتراون ، هەتا دوا هەناسەی مانەوە لە پێستی ناسکی ژنبوندا بەرگری لە ژنبون دەکەن و نەیانەوێت ونەیاندەویست ببن بە پیاو ، یان بە ژنێکی پلاستیکی ، هەروا سەرخۆشیش لەو تاکە تاکە پیاوانە دەکەم کە لە شەقامی بەختەوەری ژنێکدا جار جارە ڕێکەوتیان دەکەین ، ئەو پیاوانەی کە دوا گردو تەپۆڵکەی وخەرەند وشاخی ململانێ لەگەڵ ئەم ڕۆژگارەدا لەبەرگریەکی سەختدان ، بەرگری لە پیاوەتی خۆیان کە چیدی لەوەی زیاتر دایاننەماڵێت لە جوامێری و شکۆمەندی ،ئەو پیاوانەی بە مردویش هێشتا هاوسەرەکانیان شکۆمەند وبەختەوەر وپر ناموس کردوە ، ئەوانەی بۆ نیشتمان بەپێوە مردن و بە دەستی خۆیان ملیان خستە گەردن ، ئەو پیاوانەی کە ڕاست دەدوێن ، کە ناموس دەپارێزن ، کە جەنگاوەرن ، کە پڕن لە غیرەت و ئازایەتی و میهرەبانی ، ئەو پیاوانەی هێندە بەهێزن ژنەکان پڕ دەکەن لە ڕیز ومیهرەبانی ، ئەوەندە جوامێرن ناتوانن توندوتیژ بن ، ئەوەندە ڕاستگۆن کە عاشق دەبن دەمردن و درۆ ناکەن ، ئەوەندە پڕن لە پیاوەتی ئەگەر هەر بە بەسێبەرەکەشیدا گوزەر بکەیت هەمو ڕۆحت پڕ دەبن لە ژنێتی و شانازی بە ژنبونی خۆتەوە بکەیت ، ئەو پیاوانەی کە پڕن دەکەن لە ئارامی و تەناهی وخۆشبەختی ! بەڵام ئەو پیاوانە لە کوێن ؟؟
حەیف لە خۆمان ، لەوژنانەی ناسکن وەکو ئاو ، هەم بەهێزن وەکو شاخ ،ژنانی پۆست پیاوەتی وپۆست ژنێتی ، حەیف لە خۆمان کە ژنێتیمان بە شەقامی ڕۆگارێکدا تێدەپەڕێت ژنی ناسک بەو سێبەر و ژنە پلاستیکی و کۆپیکراونە دەگوترێت کە ژێر پێستەکانیان پڕە لە بۆتۆکس وفیللەر و خاڵی لەهەموو سۆز و گەرمی ومیهرەبانی و ومتمانەیەک .
ژنی ناسک کورتکراوەتەوە بۆ بونەوەرێکی پلاستیکی ، شوشەیەکی بۆش و بەتاڵ کە بە بچوکترین فشار دەشکێت و دەبێتە هەزار پارچەوە ، بونەوەرێک کە بازاڕی هەرزانی سەرمایە ، کە بەبازاڕبونی وولات خەریکە لەگەڵ داکەندنی جلەکانی بەریدا ئەویش دەخاتە بازاڕە هەرزان ودڵڕەقەکەیەوە ، یان بونەوەرێک لەبەردەم هاتنەپێشەوەی ڕوخساری ناشرینی ژیاندا ، لەبەردەم نادیاری داهاتوو ، لەبەردەم دەروازە داخراوەکانی پاشەڕۆژدا هەڵدێت وئاوادامان خۆی دادەپۆشێت و لە ئاپورای باوەڕدارانی تەسلیمبودا خۆی وون دەکات و ژنێتیشی بۆ ئەبەد لە بێدەنگیەکی بکوژدا دەکوژێتەوە .
ڕۆژگاری پۆست پیاوەتی وپۆست ژنێتی ، نەک شێواز وڕوخسارمان بەڵکو ناسنامەی ئازارەکانیشی گۆڕیوین ، جاران ناسکی ونازداری ژن لەو سنورانەدا بوو کە ڕۆژگارێک عیزەتی نەفس و،شەرم وکبریا و پیرۆزی ژن و بۆ ئابڕوی خۆی ، بۆ جەستەی خۆی ، بۆ ڕۆڵی خۆی وەکو دایک ، وەکو عاشق ، وەکو مەعشوق ،وەکو مرۆڤ بۆ خۆی کێشا بو ، ناسکیی ژن ئەو سنورەبوو کە هیچ هێزێک نەیدەتوانی بیبەزێنێت ، ئێستا ژنی ناسک بەو بونەوەرانە دەگوترێت کە لەفەزای گشتی ، لەساشەکانەوە ، بە شەقامی ژیان ولە هەمو لایەکەوە بەریان دەکەوین و دەیانبینین ، بونەوەرێکی ژن کە هێندە دڕ و بەنینۆک و بەرباد و هەرزان بوە کە بچوکترین پیاو ، بودەڵەترین پیاو دەتوانێت خۆی بەو سنورانەدا بکات و داماوی بکات .
جیاوازی زۆرە لە نێوان ژنی بەهێز وبەهێزیی ژن ، جیاوازی زۆرە لە نێوان ژنی ئازاد و ئازادیی ژن ، لێسەندنەوەی ناسنامەی ژنێتیم بە ناوی ئازادیەوە ، بەناوی یەکسانیەوە لێسەندنەوەی هەمو خۆشی وچێژەکانی ژیانە ، نامەوێت ببمە پیاو ، ناخوازم ژنێکیش بم لەبەر ئەوەی بەو ستانداردە پیاوانە هەرزانەی بۆ جوانی دەخرێتە باازاڕەوە ، بەو ستاندەردە نزم و بۆش وهەرزان وبازرگانی و بێڕۆحەی بە ناوی جوانیەوە دەخرێتە بازاڕەوە تێکڕای لەشولار وڕوخسارم پڕ کەم لە مادەی کیـمیایی ومێشک ودڵ وڕۆحم خاڵی کەمەوە لەوغەزەلانەی کە ژنێتیم ئاودەدات هەست و سۆز وعەتری میهرەبانی و حورمەتی زۆر ، بەو هەستە قوڵەی عەشق وخۆشەویستی ، ئەو دو ووشەیەی کە خەریکە دەبێتە بەشێک لە مێژوو .
حەیف لە خۆمان کە لەدەوروزەمانێکدا ژنێتیمان وەکو بەجێماوترین باخ ، بیرکراوترین کەناردەریا و تەنهاترین ڕەوە ئاسک بە ژیانێکدا ڕێدەکات کە پیاوان ، پیاوەتی لەوپەڕی لەناوچوندایە، دەگمەن نەبێت ڕێکەوتی پیاوێک ناکەیت لەم بەرەهوتە.
جاران لەگەڵ خەونی شاسواریکدا گەورە دەبوین کە ڕۆژگارێک، قەدەرێک دەگاتە کەناری چارەنوس وکلیلی ژیان وبەختەوەری وعەشق وئازادیمان لەسەر دەکاتەوە ،سیحری ژیانمان پێببەخشێت ، ئێستاکە خۆمان دەبێت بەسەر ئەسپی ژیانەوە خەریکی ڕاوکردنی ژیان ، ڕاوکردنی نان و بەدەستهێنانی خۆشبەختی بین ، چونکە پیاوە شاسوارەکان ، پیاوە جوامێرەکان بەسەرچون ، باشترینیان ئەوانەن کە لەژێر خاکەوەن.
لەم ڕۆژەدا کێشەم نیە شەپۆلەکانی فێمینستی یەکەم و دوەم وسێهەم بە کوێ گەشتوە ، کێشەم نیە سیمینار وڕێپێوان ومانشێتەکان چی دەڵێن ، کێشەم نیە ژنێکی بەپیاوبو بەناوی ژنانی کوردەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش یان نەتەوە یەکگرتوەکان یان لەسەر شاشەی بەناوبانگترین تەلەفزیۆن دەیکاتە هەرا لەسەر ئەو هەمو مەینەتی وئازار و بەدبەختیەی کە ژنانی وولاتەکەی من بەدەست پیاوی توندوتیژ و پیاوی بودەڵەو ناپیاوەکانەوە دەیچێژێت .
پێموایە ئازارەکەی ئێمە لە نەمانی بەهای پیاوەتیدایە ، لە وونبون ولەناوچونی پیاوی راستەقینەدایە ، ئەو پیاوانەی مێژویان تۆمار دەکرد وجەنگەکانیان بەرپادەکرد ونیشتمانیان ئازاد دەکرد و سڵیان لە مەرگ وخوین نەدەکردەوە ، بەدبەختی ئێمە لە تەواو بونی ئەو پیاوانەدایە ، لەبەسەر چونی خەسڵەتەکانی پیاوبون ، لە لەناوچونی یەکجارەکی ئەو بونەوەرە جوانەوە سەرکێش ویاخی وبەهیزەی کە پێیان دەگوت پیاو !
حەیف لە خۆمان ، لە ژنێتی وناسکی وجوانی و جەستەی گەرمی ژنێتیمان کەلە سەردەمێکدا دەژین پیاوەکان وەکو وورچی پاندا ڕولەناوچونەو، پیاوەتی داستانی جوامێری وئازایەتی وغیرەت و شەهامەت وەکو حیکایەتی دایناسۆرەکان بۆتە داستان و ڕابوردوو.
کێشەی ژنی ئەم ڕۆژگارە ، ژنانەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ، ژنانی بریندار نەمانی پیاوەکانە ، ئەوەی کە هەن سێبەر وکۆپی ناتەواوی ئەو بونەوەرە جوانەیە ک پێی دەڵێن : پیاو .
جاران پیاوەکان پشت وپەناو هێزی پاراستنی ماڵ ونیشتمان و ژنەکان بون ، ماڵەکان بەوانەوە پارێزراو بون ، ئێستا سەردەمی ئەو پیاوە بودەڵەو داماوانەیە کە
خۆیان دەرگای ماڵەکان دەخەنە سەرپش، دیوارەکان دەشکێنن وزۆر جار خۆیانن ئابڕوی ژنەکانی بنەمالە دەخەنە بازاڕەوە !
ئەوەنیە بە ڕۆژگارە داستانی بازرگانیکردنی پیاوان دەبیستین بە وێنەی کجان وژنان و هەراسانکردنی سێکسی و بلاوکردنەوەی وێنەکانیان لە سۆشیال مێدیادا ئەگەر پارە نەدەن!
جاران پیاوەتی بەرەنبەر بو بە کەرامەت و جوامێری ، بە داپۆشین ونهێنبڕی ، هەنوکە پیاوی بودەڵە و بجوک ئاسایشی دەرونی مەملەکەتی تێکداوە.
جاران پیاوەکان ،جەنگاوەر بون ، ئەفسانەی خۆڕاگری و بەرەنگاری وئازایەتی بون ، پیشمەرگە بون ملیان لە چەقۆ هەڵدەسو ،لە زیندانەکاندا مردنیان بە چۆکدا دێنا ، لە پێناوی ئازادی ولە پێناوی بەردوخۆڵی ئەم خاکەدا ، ئەو پیاوانە ژنێتی ئێمەیان پڕ دەکرد لە شانازی و کبریاء ، پڕیان دەکردین لە هێز ولە خۆڕاگری وپڕیان دەکردین لە ناسکی و دڵنیایی ، پیاوەکانی هەنوکە ، پیاوانی پۆست پیاوەتی ،
هەندێکی سەرقاڵی فرۆشتنی نیشتمانە بە داروبەرد ودرەخت وئاوی کەوسەر و ونەوت وهەواکەشیەتی .
هەندێکی تەماشاچی و وەکو پڵنگی پیر نینۆکەکانی کول و نیگاکانی تێکشکاوە و سیحری نێربونی لەدەستچوە ئەمانە بە تەواوی تەسلیم بەو ڕاستیە بونە کە پیاوەتی ، جوامێری لە گیانەڵلادایە ، ئەو توندوتیژیەی کە هەمو ڕۆژێک لە کوچە وکۆڵان وپشت دەرگا داخراوەکانەوە قیژە لە ژنێتی هەڵدەستێنێت ، ئەمانە دەزانن کە بەشێکی زۆری هۆکارەکەی نەمانی جوامێری و کاڵبونەوەی پیاوەتیە !، هەندێکی سەرقاڵی پڕۆژەی هاوردەکردنی هەموو شتێکە ، لەدەرمان وحەشیش و شیر وخواردنی بەسەرچو هەتا هاوردەکردنی لەشفۆرش ، ژنی هەرزان و پوچ و پاتاڵ بۆ پڕکردنەوەی ئەو هەستە قوڵەی هەڵوەرینی پیاوەتی ، پوکانەوەی جوامێری ، دیارنەمانی شەهامەت ،کە وەکو دەردێکی کوشندە هەر ڕۆژە نیشانەیەکی نوێ بەجەستەی نیشمانەوە دەردەکەوێت .
لە نەمانی پیاوەتیدایە ، لە کوژانەوەی شوعلەی جوامێری پیاوە مەزنەکانن ، لە نەمانی جەنگاوەرو سەرکردە و پیاوە راستەقینەکاندایە کە هەزاران ژنی هەژار بۆ پاروە نانێک ڕژاونەتە بازاڕی بێڕەحمی کارەوە. ئاخر پیاوی جوامێر دزی ناکات لە لە قوتی ئەوانی دی.
پیاوی جوامێر شەهامەتی ڕێگای نادات دەست بۆ گیرفانی ژنەکان بەرێت .
پیاوی جوامێر لە خۆی نابورێت سەرڕاست ودەسپاک وخاوەنی ووەعد وپەیمان نەبێت ، دەبینین لە ڕۆژگاری پۆست پیاوەتیدا کۆمەڵگا ونیشتمان ، بەچی دەردێک چوە ، گەورەترین درۆزن و ترسناکترین قۆڵبڕ و مەترسیدارترین پەیمانشکێن ئەو پیاوە بودەڵانەیە کە لەسەری سەرەوەی دەسەلاتەوە ئاراستەمان دەکەن هەتا ناو ژوری نوستنەکان .
لە ڕاستی بودجە وداهاتی ووڵاتەوە درۆمان لەگەڵ دەکەن (ئەم پیاوانە)هەتا داهاتی نێوان ژن ومێردەکان ، لەبەرپرسیاری میللەتێک ڕادەکەن هەتا بەرپرسیاری ژن و منداڵەکانی خۆیان ، ئێستا مۆدێلێلک پیاوانێک پەیدابونە کە مشەخۆرن بەسەر ژن و منداڵ و ژنەکانەوە ، هەروەکو چۆن ئەم دەسەلاتە(پیاوانەیە) مشەخۆرە بەسەر ژنان وکچانی ئەم میللەتەوە!
مەترسیدارترین درۆ ، ئەو درۆیانەیە کە پیاوەتی بە ناوی عەشق وخۆشەیستی ، تەنانەت بەناوی خێزان وزەواج وهاوسەرگیری لەگەڵ ژنەکانیدا دەگەن ، بەدبەختی ، نائومێدی ژنەکانی پۆست پیاوەتی ، برسێتی وهەلی کار وژنی سێهەم ودووەم نیە ، بەدبەختی ئێمە بەسەرچونی ئەو مەخلوقە جوانە بوو کە پێی دەگوترێت: پیاو .
جاران پیاوەتی مانای نهێنپارێزی بوو ،هەڵگرتنەوەی ئابڕو ، پاراستنی نهێنیەکان بو ، نە نهێنی نیشتمان ، نە نهێنی ژنەکان ، ئێستا پیاوەکان سەرقاڵی بازرگانیکردنن بە نهێنیەکانەوە ، بەقولاپی سۆشیال میدیادا ڕۆژانە هەزاران ژن ڕاودەکرێن و پاشان بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئابڕوی ژنەکان لەسەر پەیج وبەناو پانوپۆڕی کۆمەڵگادا بازرگانیەکە دەگاتە دەسکەوت وقازانج .
پیاوی جوامێر ، جوامێریی پیاو ناهێڵێت دەست بۆ ئابڕو ،کەرامەتی ژنێتی بەریت .
لەسەردەمی پۆست پیاوەتیدا لەم دەڤەرە شتێک نەماوە بە ناوی نیشتمان ونهێنیەکانی ، نیشتمان و ویقاری پیاوەکانی ، بەڵکو هەمو چەکمەیەکی بێگانە ، هەموو پیاوێکی بچوک لە دەوروبەردا دەتوانێت بێتە ناو نیشتمانە دڵشکاوەکەی ئێمە .
هەورەکو ئەو پیاوە بودەلانەی کە ژنەکانیان ،هاوسەرەکانیان لە بازاڕی تەنهایی و،پشتگوێ خستن وپەڕاویزکردن وبریندارکردن وبێبەشکردندا ، لەبازاڕی ڕەتان و ئیستغلال وچەوسانەوەدا دەکەن بەنێچیری توندوتیژی و ئازار و نائومێدی .
پیاوەتی خۆی هێز وسەرچاوەی هیزی ژیان بوو ، ئێستا هێز بە بەبێ شەهامەت ، بە بێ پیاوەتی ژیانی کردۆتە تەنهاییەکی بێسنور وتوندوتیژی بۆ مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرە.
ئەوسا پیاو دڵنیایی بوو چونکە پڕ بوو لە غیرەت وجوامێری ، ئێستا کە پیاوانی پۆست پیاوەتی خۆیان سەرچاوەی نادڵنایی وگومان و ئابڕوچونیش .
ئەوسا پیاوەتی کە پەیمانی دەدا نەدەکرا بیشکێنێت ئەگەر سەری خۆی پێدەبەخشیت ، ئێستا درۆکردنی پیاوەکان ، پەیمانشکێنی پیاوەکان ، فێڵ و بێوەفایی پیاوەکان ژنێتی لەم مەملەکەتەدا کردۆتە برینێکی قوڵی پر لە خوێن .
جاران پیاوەتی خاوەنی ئابڕوکەرامەت بوو ، پێی نەدەنایە ژنێتیەوە ، کەرامەتی ژنەکان سنوری سور بو ، سنوری پیاوەتی پیرۆز وبەنرخ بوو هەربۆیە لە تەنیشت سنوری پیاوێکی لەوجۆرە ژنبونیش نیشتمانێکی سەوزی پارێزراو بوو ، ئێستا پیاوێکی لەوجۆرە بۆتە خەونێکی بەدینەهاتوی هەزاران ژنی بریندار ، دەیان ژنی تیرۆرکراو ،سەدان ژنی دڵشکاو وهەزاران ژنی ڕۆحکوژراو .
حەیف لە خۆمان لە ڕۆژگاری پۆست ژنبون وپۆست پیاوبن ، ئێستا ئازارەکانی ژنبون بەتەنها بەزۆر بەشودان و خەتەنەکردن و مامەڵەی نایەکسانی خێزان نیە لە نێوان کوڕوکچەکانیدا ، ەلی نایەکسان و هەڵاویردی ڕەگەزی و باڵادەستی پیاوەکان نیە ، بئازاری گەورەی ژنبون نەمانی پیاوەکانە ، بەسەرچون ونەهاتنی یەکجارەکی ئەو شاسوارەیە کە لە خەونی هەمو ژنەکاندا مانای دەدا بەژیان و خەیاڵی پڕدەکرد لە گوڵ وژنبونی دەدرەوشانەوە ، ئێستاکە خۆمان بوینەتە شاسوار ودەبێت شەڕی نان وژیان و پاشەڕۆژ خۆمان بیکەین ، گلۆریا سانتیا واتەنی : (خۆمان بوینەتە ئەو پیاوەی کە دەبو مێردی پێ بکەین ) . گەورەترین زوڵم لە ژنێک بکرێت ئەوەیە کە ناسنامەی ژنبونی لێوەرگریتەوە وبیکەیتە بونەوەرێکی دی کە خۆی نەبێت ، بەتایبەت بە دەستی سستەمێکی پیاوسالارانەوە کە جەنگاوەرەکانی ئەو پیاوانە بن کە بەس پیاو نین !!