وڵاتانانی كه‌نداو بۆ سیستمی به‌رگری‌و سیخوری په‌نا بۆ ئیسرائیل ده‌به‌ن

26/01/2019

نێری زیڵبر

لەم چەند ساڵەی دوایدا مەترسیەكان ئێرانی گه‌وره‌بوون، گۆڕانكاریەكانی ئەم دوایانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكنزیك بوونەوەی بەرژوەندی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و سەردانی بەرپرسانی دیاری ئیسرائیل بۆ ئەو وڵاتانە و گەشەكردنی هاوكاری هەواڵگری لەنێوان ئەو دوولایەنە بۆتە روداوێكی رێكخراو، پەیوەندیە رۆشنبیری و ئابورییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتانە بەرەبەرە ئاشكرا دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین وردبینی لەم پەیوەندیە بەشێوەیەكی گەورە لە بواری سیبرانی ( خواستی حكومەت بۆ چاودێریكردنی بەكارهێنانی ئینتەرنێت) هەیە.
بەپێی ئاماژە ئاشكراكان وڵاتانی عەرەبی تەكنەلۆجیای ئیسرائیلیان بۆ بەرگریكردن لە سیستمەكەیان دژی هێرشی ئەلیكترۆنی و دەستگیركردنی تیرۆرستان بەكارهێناوە، هەروەها بۆ بەئامانج گرتنی رەخنەگرانی ناوخۆی وڵاتەكانیشیان سودیان لەتەكنەلۆجیای ئیسرائیل وەرگرتووە، وەك ئەوەی كە پێدەچێت دژی رۆژنامەنوسی كوژراو جەمال خاشوقچی بەكارهێندرابێت.
هەرەشەكان و بەرژوەندی هاوبەش
باشبوونی پەیوەندیەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەستی پێكرد، ئەویش دوای رێككەوتنی ئۆسلۆ و پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان ، ئیسحاق رابین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ساڵی 1994 سەردانی شانشینی عومانی كرد و دوو ساڵ دواتریش ئیسرائیل نوسینگەیەكی بازرگانی لە قەتەر كردەوە، لەهەمان كاتدا و لەمیانی گفتوگۆكان بۆ فرۆشتنی فرۆكەی ئێف 16ی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ئیمارات، حكومەتی ئیمارات دژی ئەوەنەبوو كە تەكنەلۆجیای ئیسرائیلی لەو فرۆكانەدا بەكارهێندرابوو، هەروەك بەرپرسێكی ئەمریكی لەمانگی حوزه‌یرانی رابردوو  بە رۆژنامەی( نیویۆركر)ی راگەیاند" ئیماراتیەكان هەموو ئەو شتانەیان دەوێت كەلای ئیسرائیلیەكان هەیە".
لەدەیەی رابردوو هەڕەشە زۆر و زەوەندەكانی ئیران و هاوپەیمانەكانی و گروپە سوننیەكانی وەك داعش، بووە هۆی هاوكاری ئەمنی بەهێز لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، یەكەمجار ئەو پێویستیە لەساڵی 2007 دەركەوت، كاتێك ئیمارات پەنای بۆ كۆمپانیای (فوردی) برد ( كۆمپانیایەكی بواری ئەمنیە) و خاوەنداریەتیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل و ناوەندەكەی لەویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكایە ئەویش لەپێناوی تازەكردنەوەی سیستمی بەرگری وڵاتەكەی لەدامەزراوە وزەییه‌ هەستیارەكاندا و دامەزراندنی سیستمی چاودێری زیرەك لەسەر ئاستی شاری ئەبوزەبی.
بەپێی راپۆرتی ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن كۆمپانیای (ئەی جی تی ئینتەرناشوناڵ) كە كۆمپانیایەكی سویسریە و خاوەنداریەتیەكەی دەگەرێتەوە بۆ خاوەنی كۆمپانیای فۆردی ( ماتی كوخافی ) گرێبەستێكی 6 ملیار دۆلاری  لە ئیمارات بەدەست هێناوە و كۆمپانیای ( لۆجیك ئیندستریز)ی سەر بەو كۆمپانیایەش كە ناوەندەكەی لە ئیسرائیلە شارەزایی هونەری پێشكەشی ئەو پرۆژەیە كردووە.
ئەو سیستمە كە  زۆر جار پێی دەگوترێت ( فاڵكۆن ئەی) ( چاوی هەڵۆ) لە ساڵی 2016 تەواوكرا، ئەو سیستمە تۆڕێكی كامێرا و ئامێری هەستیار و زیرەك لەخۆ دەگرێت، كە هەموو جۆرە زانیاریەك دەخاتەڕوو لە كۆنترۆڵكردنی جوڵەی هاتوچۆ تا دەگاتە چاودێری ورد، چەند راپۆرتێك دەڵێن لەساڵی 2014 دا چەند كەسێك ئەو سیستمەیان بەكارهێنا بۆ دەستگیركردنی ژنێكی توندڕەو دوای ئەوەی بەچەقۆ هێرشی كردەسەر مامۆستایەك، دواتر رێگە درا بەهەمان ئەو گروپە كۆمپانیایەی كە خاوەنداریەتیەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیلیەكان بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە كەمكردنەوەیەك بۆ چارەسەری كێشەی  قەرەباڵغی حەج لەشاری مەككەی موكەرەمە، لەگەڵ ئەوەی كەمكردنەوەكە سەركەوتوونەبوو، بەڵام ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە كە دواتر دەسەڵاتدارانی سعودیە سیستمێكی ئەلیكترۆنی هاوشێوەیان دانا.
هەروەك سعودیە هەوڵی دا هاوكاری ئیسرائیل بۆ چارەسەری ( سیبرانیەتێكی تر ) بەدەست بهێنێت، ساڵی 2012 كاتێك هێرشێكی گەورەی ئەلیكترۆنی كرایە سەر گەورە كۆمپانیای نەوتی سعودی ( ئارامكۆ)  كە خاوەنداریەتیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت( هێرشەكە بووە هۆی سڕینەوەی زانیاریەكانی سێ لەسەر چواری كۆمپتەرەكانی كۆمپانیاكە كە نزیكەی 30 هەزار شوێنی كاركردن بوو) و ئەو كاتەش هێرشەكە وەك گەورەترین هێرشی ئەلیكترۆنی بازرگانی لەمێژوودا وەسف كرا.
بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا پێیان وایە هێرشبەرەكان كە ڤایرۆسی شەمعونیان بەكارهێنا لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە پاڵپشتی كران، دوای تێپەربوونی چەند ساڵێك خاوەن كارێكی ئیسرائیلی كە شارەزای بواری تەكنەلۆجیای پێشكەوتووە و پێشتریش پەرلەمانتار بووە بەناوی ئەریئێل مارگالیت بە رۆژنامەی ( كالكالیست)ی راگەیاند پەنا بۆ كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی وڵاتەكەی براوە بۆ ئەوەی هاوكاری كۆمپانیای ئارامكۆ بكەن بۆ چاككردنەوەی بەشە زیان لێكەوتووەكان و پرۆسەكەش چەند مانگێكی خایاندووە.
ساڵی 2015ش سعودیە پەنای بۆ كۆمپانیای( ئینتیو ڤیوی) ئیسرائیلی برد بۆ ئەوەی هاوكاری بكات بەمەبەستی چاودێریكردنی توندرەوەكان لەتۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە، ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە كۆمپانیاكە پرۆگرامێكی بەكارهێناوە كە رۆژانە توانای چاودێریكردنی 4 ملیۆن بەشداری بووی تۆڕی فەیسبووك و تویتەری هەبووە، هاوشێوەی چەندین كۆمپانیای ئیسرائیلی كە لەكەنداو كاردەكەن كۆمپانیای ئینتو ڤیو كۆمپانیایەكی نێوەندگیری بەكارهێنا بۆ ئەوەی سعودییەكان بتوانن كاركردنی كۆمپانیا ئیسرائیلیەكان رەتبكەنەوە.
رۆژنامەی هائارتیسی ئیسرائیل، بڵاویكردەوە كە بەحرەین لەدوای ساڵی 2011 وە سیستمێكی هاوشێوەی بۆ چاودێری تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بەدەستهێناوە ئەویش لەرێگەی كۆمپانیای ڤیرینت كە لەئیسرائیلە و بەپێشەنگ لەو بوارەدا دادەنرێت.

  1. لە بەرگریكردنەوە بۆ هێرشبردن

كارێك كە ناكرێت ئاماژەی ئەرێنی لێ بخوێندرێتەوە فراوانبوونی چوارچێوەی كاركردنی كۆمپانیای ئینتو ڤیویە لەگەڵ سعودیەكان، بۆ ئەوەی پرۆسەكە چاودێری رایگشتی دەربارەی خێزانی فەرمانڕەواش لەخۆ بگرێت لەگەڵ تیشك خستنە سەر  ئەوەی كە هێڵی هێرشكردن و بەرگریكردن لەبواری سیبرانی ناسەقامگیرە، رێكارەكانی سیبرانی بۆ بەرگریكردن پێویستی بەرێكاری گونجاو هەیە بۆ ڕووبەرووبونەوەی هەرەشە چاوەڕوان كراوەكان، بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی پێش وەخت و دیاریكردنی لایەنی هێرشبەر و بەهێزكردنی بەرگری، هەموو ئەمانە جۆرێك لە توانا دەخولقێنن كە دەكرێت بۆ شتی تر بقۆزرێتەوە، لەناویشیاندا چاودێریكردن و لەناوبردنی هەركەسێك كە وەك دووژمنی دەوڵەت ئەژمار دەكرێت.

پێداویستی سەبارەت بە پاراستنی ژێرخانی ئابوری و ئاسایشی گشتی و چاودێریكردنی توندرەوەكان لەوڵاتانی كەنداو هاتۆتەگۆڕێ، كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری كاریگەری لەسەر زانیاری كەسە نەیارە دیارەكان بۆتە كارێكی ئاڵۆز، وەك رۆژنامەی واشنتن پۆست لەمانگی كانونی یەكەمی رابردوو بڵاویكردەوە، یەكێك لەكۆمپانیا ئیسرائیلیەكان بەدیاریكراوی لەو پرۆسانە تێوەگلاوە ئەویش كۆمپانیای ئێن ئێس ئۆ گروپ بووە كە پرۆگرامێكی تایبەتی بۆ سیخوڕی كردن بەناوی( پی جاسوس) دروستكردووە كە توانای ئەوەی هەیە بچێتە ناو مۆبایلی هۆشمەند لە دوورەوە بۆ ئەوەی جوڵەی بەكارهێنەرەكە دیاری بكات، و چاودێری نامەكان بكات، و وەكۆنترۆڵی كامێرا و مایكرۆفۆنی مۆبایلەكەش دەكات، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە كە ئیماراتی عەرەبی لەساڵی 2013 وە پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیای ئین ئێس ئۆ گروپ دروست كردووە، و لەكۆتایشدا داوای هاوكاری لەو كۆمپانیایە كردووە بۆ چاودێری كردنی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكانی بەرپرسانی قەتەری ، و یەكێك لە ئەمیرەكانی سعودیە و لەساڵی 2016 دا بۆ سیخوری بەسەر پەیوەندیەكانی سەرۆك وەزیرانی لوبنانیشەوە بەكارهێندراوە، باسی ئەوەش دەكرێت كە سیستمی پی جاسوس بۆ بەئامانج گرتنی ئەحمەد مەنسور هاوڵاتی ئیمارات و نەیاری حكومەت بەكارهێندراوە.
 تاقیگەیەكی مەدەنی هەیە سەر بەزانكۆی تۆرنتۆیە بەرێوەبەرانی ئەو تاقیگەیە دەڵێن گومان دەكرێت سیستمی پی جاسوس  ڤایرۆسی دژی ئامێری ئەلیكترۆنی لە 45 وڵات بەكارهێنابێت، لەناو ئەو ئەو وڵاتانەش جەزائیر و بەحرەین و عێراق و فەلەستین و سعودیە هەن.
دوو فەرمانبەر لە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەناو ئەو كەسانەدان كە لەم جۆرە رووداوانەدا كراونەتە ئامانج، یەكێكیان لە سعودیە نیشتەجێ بووە، هەروەها عومەر عەبدولعەزیز ئامانجێكی تری ئەو سیستمە بووە ( هاوڵاتیەكی سعودیە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتە لە كەنەدا نیشتەجێیە)
تاقیگەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە عومەرعەبدولعەزیز بەیەك رۆژ پێش كوشتنی پەیوەندی بە خاشوقچیەوە كردووە، بەهۆیەوە سكاڵایەكی لە تەلئەبیب بەرزكراوەتەوە بەوەی ئەو زانیاریانەی دەسەڵاتدارنی سعودیە لەرێگەی سیستمی پی جاسوسەوە دەستیان كەوتووە كاریگەری لەسەر بریاری كوشتنی خاشوقچی هەبووە، بەوەش كۆمپانیاكە بەشداربووە لە بریاری كوشتنی ئەو رۆژنامەنوسە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردەوە كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری وڵاتانی رۆژئاوا دڵنیابوونەوە كە پرۆگرامەكانی كۆمپانیای ئین ئێس ئۆ بە سعودیە لەرێگەی كۆمپانیایەكی لاوەكی بەناوی ( كیو سایبەر تەكنەلۆجیا) وە فرۆشراون، ئەو كۆمپانیا لاوەكیەش ناوەندەكەی لە لۆكسمبۆرگە.
ئەگەرچی تا ئێستا بەتەواوەتی پەیوەندی نێوان ئەو سیستمە و خاشوقچی ته‌ئكید نەكراوەتەوە، بەڵام بەپێی راپۆرتێك كە لە رۆژنامەی هائارتس بڵاوكرایەوە جەخت لەوە كراوەتەوە كە نوێنەری كۆمپانیای ئێن ئێس ئۆ چەندین جار چاویان بە دوو بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگری سعودیە لەساڵی 2017 دا كەوتووە، مەبەست لەو كۆبونەوانە كە لەژمارەیەك شاری وڵاتانی ئەوروپا بەرێوەچووە كڕینی سیستمێكی پێشكەوتووی پی جاسوس بووە، دەگوترێت بەهاكەی گەیشتۆتە 55 ملیۆن دۆلار، شایەنی باسە لە دوای ئەو كۆبونەوانە و لەهەمان ساڵدا محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە پرۆسەیەكی فراوانی دژی نەیارەكانی لەناوخۆی وڵاتەكەی دەست پێكرد، دوای ئەوە رۆژنامەی ( وول ستریت جۆرناڵ) بڵاویكردەوە كە یەكێك لەیاریدەدەرەكانی شازادەی جێنشین ( كە تۆمەتبارە بە كوشتنی خاشوقچی) نێوەندگیری كردووە بۆ دەستخستنی گرێبەستی پی جاسوس، یەكێك لەیاریدەدەرەكانی شازادەی جێنشینی چۆتە ئیسرائیل.
مافی مرۆڤ لەبەرامبەر دۆخی سیاسی
لەگەڵ ئەوەی كۆمپانیای ئین ئێس ئۆ ناوی ئەو شوێنانەی ئاشكرا نەكردووە كە كاری بۆیان كردووە، بەڵام رایگەیاندووە پابەندی هەموو یاساكانی ئیسرائیل دەبێت دەربارەی فرۆشتنی چەك، بەواتایەكی تر پێویستە كۆمپانیاكە رەزامەندی حكومەتی ئیسرائیل لە بەرزترین ئاستدا وەربگرێت بۆ ئەوەی سیستمەكەی بە وڵاتانی عەرەبی بفرۆشێت، لە چاوپێكەوتنێكیشدا كە لەم دوایانە لە رۆژنامەی ( یەدیعوت ئەحرونوت) بڵاوكرایەوە بەرێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە رەتیكردەوە كە جەمال خاشوقچی لەرێگەی هیچ بەرنامەیەكی دروستكراوی كۆمپانیای ( ئین ئێس ئۆ) وە كرابێتە ئامانج، لەگەڵ ئەوەشدا بەتەواوەتی ئەوەی رەت نەكردەوە كە سعودیە لە كڕیارانی سیستمی كۆمپانیاكەیان نە بێت.
ئاسایشی سیبرانی بەیەكێك لە كەرتەكانی كاركردنی ئیسرائیل دادەنرێت، قازانجی ئەو وڵاتە بە نزیكەی 20%ی تەواوی بەرهەمی جیهانی ئەو بوارەدادەنرێت، ساڵانە بای نزیكەی 4 ملیار دۆلار بەرهەمی هاوشێوەی ئەو سیستمە رەوانەی دەرەوەدەكات،بەشێكیان لەرێگەی راستەوخۆوە و بەشەكەی تریشیان لەرێگەی كۆمپانیا لاوەكیەكان لە ئەوروپاوە دەفرۆشرێن، كۆمپانیاكە هاوكاری وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەكات بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵنگاریە ئەمنیە هەستیارەكاندا، سەرباری ئەوەش چەند راپۆرتێك ئاماژە بەوە دەكەن كە كۆمپانیا ئیسرائیلیەكان دەیانەوێت لەداهاتوودا وەبەرهێنان لە شارێكی تەكنەلۆجی سعودیە بكەن كە ناوی لێدەنرێت ( نیوم).
لەگەڵ ئەوەشدا توانای بەشێك لەو سیستمە بۆ سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆن لەناوخۆدا بەكارهێندراوە، ئەوەش گرنگیدانی ئیسرائیل بە ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەبواری دیبلۆماسی و ئابوری و سەربازی دەردەخات.
هەروەك نەتەنیاهۆ لەمانگی رابردوو كاتێك كشێشەی كوشتنی خاشوقچی خرایە روو  رایگەیاند ( تێبینی ئەوە دەكەن كە سادەترین مافی مرۆڤ كە ژیان و ئازادی رۆژنامەنوسیە پێشێل دەكرێت، بەڵام لەلایەكی تریشەوە دۆخێكی سیاسی هەیە من نامەوێت ئەوە ئینكاری بكەم، بەبەردەوامی هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوانەدا هەیە)
بۆیە لە راستیدا رەچاوكردنی هاوسەنگی كارێكی پێویسە بەتایبەتیش بۆ ناوبانگی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و خستەرووی ئەوەی كە وڵاتانی عەرەبی ڕووبەڕووی دەنگدانەوەیەكی گەورەی میدیای دەبنەوە كاتێك ئەو پەیوەندیانە ئاشكرا دەبن، هەروەك یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی سعودی مانگی كانونی یەكەم بە رۆژنامەی ( وول ستریت جورناڵ)ی راگەیاند، پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل دوای كوشتنی خاشوقچی تەواو بووە، و پێویستە لەسەر سەركردەكانی ئیسرائیل و كەنداو لە قۆناغی داهاتوودا بەهۆشیاریەوە هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی پەیوەندی مێژووی نێوانیان لەم جۆرە كێشانەدا.