05/03/2021
هیچ کوردێک شک نابەین نیکۆڵی لەشکۆمەندی و گەورەیی ڕاپەرینی ئازاری (1991)باشووری کوردستان بکات،
بەڵام گەر بەمیتۆدی زانستی هەمەلایەن توێژینەوە لەسەر دۆخ و ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دوای ڕاپەرین بکرێت.
دەتوانین زۆر به ئاسانی و سەرپێی ئاکام و دەرهاویشتەکانی پڕۆسەی سیاسی وحوکمڕانیمان دەستبکەوێت.
لەو ماوە زەمەنییەدا بەشێوەیەک کەمترین و سەرەتاترین گۆڕانی سیاسی و ئابووری تێدا ڕوویداوە، بەڕادەیەک ئەنجامەکەی بۆ دەسەڵات و هێزە سیاسیەکان بەتایبەتی (کابینەکانی حکومەت) ئەوپەڕی جێگەی شەرم و لەنگییە..
بابزانین بۆچی و لەبەرچی دوای( 30)ساڵ لە ڕاپەڕین ئەزموون و پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی بەم ئاستە زۆر خراپ ونابووتەی ئێستا گەیشتووە؟
یاخود بڵێین ڕاپەرین بۆ ڕووخان و نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتوری و بەئاراستەی هەنگاونان بەرەو ئازادی و سیستمی دیموکراسی و دابینکردنی ژیانێکی کەرامەتدارانەی هاوڵاتییانی بوو؟
بەداخەوە ئاڕاستەکە بەپێچەوانەوە بوو لەپنێناو سەپاندنی جاریکی تری کەڵکەڵەی دەسەڵاتگەری و سەرهەڵدانی بەچکە دیکتاتۆری و ستەمگەری دیکە بوو؟
هەڵبەتە لێرەدا بۆ سەلماندنی ئەو پرسیارانە قەناعەت و بۆچوونی خۆمان لەسەر ئەنجامگیری دوای ڕاپەڕین دەخەینە ڕوو:
یەکەم_ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پەیڕەوکردنی سیاسەت و ئیدارەدانی ناوخۆ پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و هەڵبژاردن و دەستەبەری حوکمڕانی ڕەشید و بونیادنانی بنەماکانی دەوڵەتدار هێشتا لەخاڵی سەفردایە و نەیانیتوانیوە سەرەتاترین هەنگاو بنێت و هەڕێمێکی پڕ لەقەیران و تەنگەژەی هەیه، بەجۆرێکی وەها هاوڵاتییانی هەرێم بەقوڵی هیواـ بڕاو و نیگەران و بێزاربن و دامەزراوە باڵاکانی سیستمی سیاسی کوردستان وەکو( پەرلەمان و حکومەت و دادوەری) هیچ ڕۆڵ و ئەرزشکێیان نییە لە زامنکردنی ئازادی و بەرەوپێشچوونی بنەماکانی دیموکراسی و دامەزراندنی لانی کەمی پاڕادایمی نوێی حکومەتی هاوڵاتیبوون نەبوو بێت، ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین ڕۆژنامەنوس و نوسەر و پەرلەمانتار و چالاکەوانی کۆمەڵی مەدەنی ئەوپەڕی سوکایەتییان پێدەکرێت و پانتای ئازادی ڕادەبڕین و چالاکییە مەدەنییەکانیان بەرتەسک دەکرێتەوە، یان ڕاپێچی زیندانەکان دەکرێن ..
دووەم_ دۆخی ئابووری و دارایی هەرێم لەنزمترین ئاستدایە بەڕادەیک حکومەتی توشی گەورەترین قەرزی ناوەکی ودەرەکی کردۆتەوە، هیشتا سەرەڕای ئەوەش بۆ ماوەی( 4)ساڵە فەرمانبەران موچەکەنیان پاشکەوت دەکرێت و لەیەک ساڵدا چوار بۆ پێنچ مانگ نیوەمووچە وەردەگرن و لەلایەن حزب و ئەشخاسی سیاسیەوە بازار داگیرکراوە و سەروەت و سامان و سەر و ژێر زەوی هەرێم تاڵان دەکرێت... هتد.
سێیەم_ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش بێکاری و هەژاری و کێشەی جۆراجۆری خێزانەکان و ڕاکردنی گەنجان بەرەو غوربەت و تەشەنەساندنی دیاردەی سواڵکردنی و دزی و لەشفرۆشی و بەکارهێنەرانی ماددەی قەدەغەکراوی بەشێوەیەکی مەترسیدار لەزیادبووندایە..
چوارەم_ لەبوار و شێوازی بەرێوەبردن و کارگێریدا دیاردەی بیرۆکراسی و ڕۆتینات و مەحسبوییەت بەشێوەیەکی بەرچاو و بەرفراوان بوونی هەیە و بەئاستێک ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر کاروباری خەڵک و چاکەی گشتی دروستکردووە.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا هۆکاری گەلی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی بێ ستراتیژ و بێ پلان و نەبوونی جیهانبینی نەیتوانیوە پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی دامەزراوەیی نیشتیمانی و بەرژەوەندی باڵا ڕێکبخاتەوە، ئەمەش وایکردوە هەرێم پێگەیەکی کاریگەر لەئاست گۆڕانکاریی و هاوکێشە و ململانێ هەرێم و نێودەوڵەتی و تەنانەت بەرامبەر بەغدادش لاواز و کەم بایەخ دەربکەێت.کەواتە دەتوانین بێ دوو دڵی ئەوە بڵێین ڕاپەرین تەنها وەک مەدلول و مەغزا ڕاپەرین وەچەرخان بوو..
ئەگینا دوای ڕاپەرین خەڵک و خاکی نیشتیمان زەلیل و ئەتککراوە و هیچ جۆرە ئینجازێکی گەورە و کاریگەری نەتەوەیی دروست نەبوو، ئەگەر پێش ڕاپەرین خەڵک گیرۆدەی دەستی یەک سیستمی دیکتاتۆری حزبی و سەرکردە بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ خەڵک گرفتاری چەند دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و بەچکە سەرکردەی خۆسەپێن و ستەمگەر بۆتەوە
واتە ڕاپەرین لەساتەوەختی خۆیدا وەچەرخان گۆڕانکاری بنەڕەتی بوو، بەڵام ئیدی پاش ڕاپەڕین ئەحزابی کوردی بەپاشخان و عەقڵییەتی دیکتاتۆریی و قۆرغکاریییەوە ئیدارەی کوردستانیان داوە. بەکوردی و کورتی ڕاپەڕین بۆ بەشێکی کەمی بەناو سەرکردە و گرووپگەلی دەسەڵاتخواز بوو بە نەیعمەت و دەستکەوتنی سەرمایەی زەبەلەح بۆ خۆیان و نەوەکانیان.. خەڵک و هاوڵاتی تەنها نەهامەتی و بی حورمەتکردنی پێ بڕاوە..