03/03/2021
هێرشه‌كه‌ی شه‌وی (15ی شوباتی 2021)ی سه‌ر هه‌ولێر زۆر پرسی گرنگی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست گۆڕی، كاردانه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) به‌رامبه‌ر به‌و ده‌ستدرێژییه رێك هاوشێوه‌ی ئه‌و كاردانهوانهبوو كه له به‌رانبه‌ر پاراستنی كوێت گرتیانه‌به‌ر له2ی ئابی 1990.
كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر جیاوازبوو، ده‌كرێت له گۆشه نیگای دیكه‌وه خوێندنه‌وه بۆ واقعی كوردستان بكرێت، به‌شێك له رووداوه‌كه میدیا لێكدانه‌وه‌ی بۆ نه‌كردووه، به‌هێزترین خاڵ هه‌ر دوای هێرشه‌كه ئه‌وه بوو كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان له رێگەی ته‌له‌فۆنه‌وه قسه‌ی كرد و په‌یامی ئه‌مریكای گه‌یانده كوردستان، دواتر ئەوه‌ی جێگەی تێڕامانە ئه‌مریكا به‌فه‌رمی ئاگاداری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی كرده‌وه كه ناسنامه‌ی هێرشبه‌ران دیاری بكرێت.
ئەمریكا یه‌كه‌م هه‌نگاوی گۆڕانکاری ستراتیژی له عێراق گرته‌به‌ر، به‌وه‌ی له ئه‌نجامی هه‌ر هێرشێك ئەمریكا بێ وه‌ڵام نابێت، ئەمه‌ش واده‌كات كه شه‌ڕی ئەمریكا له ده‌ركردنی به‌یاننامە و ئاگاداركردنه‌وه له كۆشكی سپییه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ شه‌ڕی مه‌یدانی له‌گه‌ڵ رێكخراوه تووندڕەوەکان و میلیشیكان و حه‌شدی شه‌عبی، ئەوه‌ی له هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌و گۆشه نیگایه‌وه باس نه‌كراوه ئه‌وه‌بووه كه (یه‌نس ستولتبریگ)، ئه‌مینداری گشتیی هاوپه‌یمانیی باكووری ئه‌تڵه‌سی رایگه‌یاند، ژماره‌ی سه‌رباز و راوێژكاره‌كانیان له عێراق هه‌شت به‌رانبه‌ر واته له (500 بۆ 4000) زیاتر ده‌كه‌ن و كاری ئه‌و راوێژكارانه له ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا ده‌بێت، واته له بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان ده‌بن كه یه‌كێكیان له (عەین ئه‌سه‌د) له پارێزگای ئەنبار و ئەوی دیكه‌ش له هه‌ولێر ده‌بێت.
هه‌ولێر گۆڕانكاری گه‌وره‌ی خسته نه‌خشه‌ی جیهانه‌وه، به‌م لێدوانه‌ی (ناتۆ) هاوكێشه‌ی نێوان (واشنتن و ناتۆش) گۆڕانكاری بەسهردادێت، ئێواره‌ی 19ی ئابی 2021 كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش و به‌رگری له ئەڵمانیا به‌شێوه‌ی ئۆنلاین كرا کە له ده‌ستپێكدا جۆبایدن سه‌رۆكی ئەمریكا گوتارێكی پێشكه‌ش كرد كه جیاواز بوو له‌وه‌ی دۆناڵد ترەمپ، چونكه ترەمپ ههڕەشهی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی له هاوپهیمانری باكووری ئەتڵهسی و پێداچوونه‌وه به په‌یوه‌ندی ده‌كرد، به‌ڵام بایدن رایگه‌یاند كه ئەمریكا جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پشتگیریی ناتۆ، بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی و زیاكردنی هێزه‌كانیان له عێراقدا، لێره‌دا ده‌ركه‌وت كه ناوه‌ندی گرنگیی جیهان بۆ هه‌ولێر له ئاستێكدا بوو كه ئەمریكا دوای هێرشه‌كه دووباره پێداچوونه‌وه‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ناتۆ ده‌كات.
لێره‌وه په‌یامێك هه‌یه ده‌بێت هه‌موومان تێی بگه‌ین كه گرنگه جیهان بگه‌ڕێته‌وه بۆ گرێبه‌ستی (مادده‌ی 5ـی باكووری ئەتڵهسی) و به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی جیهانی دروستبكرێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، چونكه ئێستا تیرۆر له ته‌قاندنه‌وه و كوشتن ده‌رچووه، به‌ڵكو ئارامیی شاره گه‌وره‌كان ده‌كاته ئامانج، له‌نێویاندا هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندی ستراتیژیی گرنگی جیهان. گرنگه ئیداره‌ی بایدن شێوازێكی نوێ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی تیرۆر دابنێن، چونكه به‌رده‌وامیدان به‌م تووندوتیژییانه، دواجار كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی زهرهرمەند ده‌كات، له‌ناویاندا ئابووریی ئەمریكا كه له هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر وه‌به‌رهێنه‌رێكی ناوداریان كوژرا و له داهاتووشدا ئه‌و پلانه‌ی ئه‌مریكا تێک ده‌دات كه بڕیاره چه‌ندین كۆمپانیایان بۆ ده‌رهێنانی گازی سرووشتی سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن و وه‌به‌رهێنانیش بكه‌ن، لێره‌وه به ئامانجگرتنی ئەمریكا ته‌نیا كوشتنی سه‌ربازێك نییه، به‌ڵكو جێهێشتنی ئابووریی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه و جێگرتنه‌وه‌ی وڵاتی چینه وه‌ك ركابه‌ری سه‌ره‌كیی ئەمریكا.
كاردانه‌وه‌كانی ئەمریكا و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی، عێراق ده‌خەنە به‌رده‌م ئەو پرسیاره‌ی كه ئایا به‌م شێوه‌یەی ئێستا،
عێراق ده‌توانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت؟ یان میلیشیاکان حوکم به‌م وڵاته‌وه ده‌كه‌ن؟
ئەگه‌ر عێراق خاوه‌نی سه‌روه‌رییه، ئەوه ده‌بێت توانای ئەوه‌ی هه‌بێت ئەمریكا و ناتۆ بهێنێته سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه چیتر هێرش نه‌كرێته سه‌ر باڵیۆزخانه و دیپلۆماتكاره‌كانیان، له ئەگهری وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی ئەو پرسیارەش، بژارده‌ی دیكه هه‌یه یان ئەوه‌تا عێراق ناچار ده‌كرێت یاسای ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان دووباره هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه له په‌رله‌مان. یان ئەوه‌تا هاوپه‌یمانان و ناتۆ خۆیان راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی هێرشه‌كان ده‌كه‌ن، چونكه دامه‌زراوه ئەمنییه‌كانی عێراق توانای پاراستنی ئەمنیه‌تی عێراقیان نییه، له هه‌مان كاتدا (ناتۆ) و هاوپه‌یمانان ناچار ده‌كاته‌وه ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری ئەمنییه‌تی عێراق، ئەویش دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م میلیشیاكانه له سنووری ناوچه گه‌رمه‌كان و جێگیركردنی هێزی هاوبه‌شی (ناتۆ و هاوپه‌یمانان) و دانانی بنكه‌ی نوێی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئەوه‌ی راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیی ئەو ئۆپه‌راسیۆنانه بكه‌ن كه ده‌یانه‌وێت، خاڵێكی گرنگ هه‌یه لێره‌دا ئەویش ئەوه‌یه كه به‌داخه‌وه ئەمریكا له 2003 تاوەکو ئێستا سه‌دان تریلیۆن دیناریان بۆ هێزه ئەمنییه‌كانی عێراق خه‌رج كردووه، ئەوه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئیداره‌دانی عێراق، به‌ڵام ده‌رئەنجام عێراق له‌و ئیداره‌دانه شكستخواردوو بوو و نه‌یتوانی سه‌ركه‌وێت.
به‌شێكی دیكه‌ی مه‌ترسییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئه‌منییه‌تی عێراق كه كاتی خۆی به زنجیره وتارێك له (2012 بۆ 2019) خسته‌مه روو، ئه‌وه بوو كه ئه‌م گرووپه میلیشیایانه بكرێنه گرووپی سیاسی و له په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تییان هه‌بێت، ئێستا هه‌مان سیناریۆ هاته‌وه پێشه‌وه، ئەم گرووپانه له په‌رله‌مان كورسییان هه‌یه و به‌هێزن و به‌و ئاراسته كاركردنه‌وه بینیمان به‌بێ كورد و سوننه له په‌رله‌مانی عێراق، به نه‌فه‌سی تۆڵه‌كردنه‌وه یاسایه‌كیان ده‌كرد بۆ ده‌ركردنی هێزی هاوپه‌یمانان له عێراقدا، كه‌وایه ئەگه‌ر له په‌رله‌مان ئه‌مانه زۆرینه بن و به‌هێزبن، چۆن سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌توانێت بڕیاری ئه‌وه بدات كه ره‌زامه‌ندبێت له‌سه‌ر زیادكردنی هێزی هاوپه‌یمانان و ناتۆ؟
له ئەگهری ره‌تكردنه‌وه‌ی ئەم بڕیاره، ئەو كاته دۆخی دیپلۆماسی و ئەمنی و سیاسی هاوپه‌یمانان و ناتۆ له عێراق و كوردستاندا چی ده‌بێت؟
ئایا هه‌ر ده‌كه‌وێته به‌رده‌م ره‌حمه‌تی مووشه‌كی به‌رده‌وامی میلیشیاكانه‌وه، یان ده‌بێت ده‌رچه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه، چونكه ئه‌گه‌ر ئەمریكا و (ناتۆ) به ته‌نیا له ئاسمانه‌وه سه‌یری دۆخه‌كه بكه‌ن، له‌وه‌ی ئێستا باشتر نابێت كه هه‌ر رۆژه و مووشه‌كبارانی ناوچه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، بۆیه بژارده‌ی دروست ئەوه‌یه كه هێزی زه‌مینی ناتۆ و ئەمریكا زیاتر بكرێت و رووبەڕووبوونهوهكان له قۆناخی ئاسمانییه‌وه بۆ زه‌مینی ده‌ربچن. بۆ ئەم مه‌به‌سته‌ش چه‌ند بژارده‌یه‌ك هه‌یه كه ده‌بێت هاوپه‌یمانان وه‌ك ستراتیژ كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
یه‌كه‌م: دروستكردنی پشتێنه‌ی ئەمنی له ده‌وری هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت هه‌ولێر كه له داهاتوو ده‌بێته ناوێكی به‌هێزی دیپلۆماسی و سیاسی گرنگی ئەمریكا. به‌بێ ئه‌م پشتێنهیە، هه‌ولێر پارێزراو نابێت و مه‌ترسی دووباره بوونه‌وه‌ی هێرش هه‌یه.
دووه‌م: كشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م میلیشیكان له سنووری كوردستان و دروستكردنی هێزی هاوبه‌ش له‌نێوان پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان و سوپای عێراق.