كه‌شتییه‌ ته‌قێنراوه‌كه‌: ئیسرائیل گۆڵێكی ستراتیژی تری له‌ئێران كرد!

03/03/2021

شەریف هەژاری


وته‌یه‌كی باوی كورد هه‌یه‌، ده‌ڵێت: "ئاژه‌ڵ به‌سه‌ر لوغم دا بردن". یاخود: "ئاژه‌ڵ به‌سه‌ر لوغم دا ته‌قاندنه‌وه"‌.


له‌ 2012 ه‌وه‌ ده‌یانجار لێكم داوه‌ته‌وه‌، كه‌: "ستراتیژی ئه‌مریكا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێستای ئێرانه‌.

چونكه‌ ستراتیژی دوری ئه‌مریكا: ده‌وره‌دانی ڕوسیایه‌! بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، هه‌ر ده‌بێت ئه‌مریكا له‌ ناو ئێران دا بێت، تا به‌ ته‌واوه‌تی چوارده‌وری ڕوسیا ده‌گرێت و، ڕێگا له‌ هه‌ژمونی ڕێگای ستراتیژی بازرگانی چینیش بگرێت".

له‌ 2012 ه‌وه‌ ئه‌مریكا چی كرد؟ ئۆباما له‌ عێراق كشایه‌وه‌، ئینجا ئه‌مریكا ئێرانی ڕاكێشایه‌ ناو شه‌ڕه‌كانی سوریا، یه‌مه‌ن، فه‌له‌ستین، لوبنان و عێراقه‌وه‌!

ئه‌وكاته‌ی‌ ده‌وترا: "ئێران بۆته‌ ئیمپراتۆریه‌ت و تازه‌ ڕوخاندنی سه‌دان ساڵی ده‌وێت". 
هه‌مو خوێنه‌ران شاهیدن، من هه‌م به‌ لێكدانه‌وه‌و، هه‌م به‌ ده‌یان چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنیی، ده‌منوسیی و ده‌موت: "ئێران ڕاده‌كێشنه‌ ناو شه‌ڕی سوریا، یه‌مه‌ن، لوبنان، فه‌له‌ستین و عێراقه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕوی هێزی ئابورییه‌وه‌ بیپڕوكێنن و، بیانویان به‌ده‌سته‌وه‌ بێت هێدی-هێدی چوارده‌وری بگرن و بیگوشن. ئینجا دواتر له‌ ناوخۆییدا ده‌یته‌پێنن".

ئه‌مریكا واته‌: ئیسرائیل! ئیسرائیلیش واته‌: ئه‌مریكا!
ئیسرائیل ئێستا ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكاشمان له‌گه‌ڵ نه‌بێت، ئێمه‌ ناهێڵین ئێران ببێته‌ خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمیی و له‌ هه‌مو شوێنێكه‌وه‌ هێرشی ده‌كه‌ینه‌سه‌ر".
ئه‌و وته‌یه‌ی ئیسرائیل: فێڵێكی ساده‌ی دبلۆماسییه‌.

چونكه‌ به‌هۆی نوسینی تێزی دكتۆراكه‌مه‌وه‌ به‌وردی له‌ ڕوی زانیاری زانستی دبلۆماسییه‌وه‌ ده‌زانم: به‌ریتانیا و ئه‌مریكا و ئیسرائیل، وه‌ك فێڵێكی ساده‌ی دبلۆماسیی له‌ پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دا، هه‌ندێكجار سه‌باره‌ت به‌ وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خۆیان جیاواز ده‌رده‌خه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی جار ستراتیژی دبلۆماسییان: هاوته‌ریبه‌! 

ئه‌و وته‌یه‌ی ئیسرائیل: فێڵێكی ساده‌ی ئه‌مریكا-ئیسرائیله‌ و‌ بۆ دوو مه‌به‌سته‌:-
یه‌كه‌م:-بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێران فشاری بكه‌وێته‌سه‌ر و له‌ دانوستاندنه‌ نهێنییه‌كانی له‌گه‌ڵ تیمی بایدن، سازشی گه‌وره‌ بۆ ئه‌مریكا بكات.
دووه‌م: بۆ ئه‌وه‌شه‌ كه‌ ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌ش بهێڵنه‌وه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێران سازشیش بۆ ئه‌مریكاش بكات و له‌گه‌لیشی دا ڕێك بكه‌وێت، ئه‌مریكا هه‌ر هه‌ڵده‌ستێت به‌ ئیعازی نهێنیی ئیسرائیل به‌رده‌داته‌ ئێران! 
واته‌: كاتێك كه‌ ئیسرائیل ده‌ڵیت "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكاشمان له‌گه‌ڵ نه‌بێت، ئێمه‌ ناهێڵین ئێران ببێته‌ خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمیی و له‌ هه‌مو شوێنێكه‌وه‌ هێرشی ده‌كه‌ینه‌سه‌ر".

مانای وایه‌: ئه‌مریكا هه‌ر له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئێران ناوه‌ستێت و، هه‌ر له‌ ستراتیژ دا ئێران ده‌ڕوخێنێت. ئایا ئه‌و ستراتیژه‌ چه‌ند ساڵی تر ده‌خایه‌نێت، ئه‌وه‌ به‌گوێره‌ی ڕۆشتنه‌ پێشه‌وه‌ی ته‌كتیكه‌كانی ناو ستراتیژه‌كه‌ كاته‌كه‌ی دیاری ده‌كه‌ن! دوو ساڵه‌، یا چوار ساڵه،‌ یان ده‌ ساڵی تره‌. ئه‌وه‌ پشت ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاوی ڕۆشتنه‌ پێشه‌وه‌ی ته‌كیتكه‌كانی ناو ستراتیژه‌كه‌.

كه‌وابو كه‌شتییه‌ ته‌قێنراوه‌كه‌، ئه‌و كه‌شتییه‌ی ئیسرائیل كه‌ له‌ زه‌ریای عومان بۆمبی پیاته‌قێنرایه‌وه‌،  گۆڵێكی ستراتیژی تر بو كه‌ ئیسرائیل له‌ ئێرانی كرد! به‌ومانایه‌ی: "ئه‌و كه‌شتییه‌ ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ بو كه‌ ئیسرائیل به‌سه‌ر لوغم دا بردی و، له‌ پێناو مه‌به‌ستێكی ستراتیژی لوغمی پیاته‌قاندنه‌وه!".

به‌و كارانه‌ی ئێران، ‌ ئیسرائیل  پلانی خۆی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ستراتیژییه‌كانی ئێران، ڕه‌وایه‌تی پێ ده‌دات!‌ كه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مریكا و ئیسرائیل ته‌وقیته‌كه‌ی دیاری ده‌كه‌ن! مانگێكی تره‌ یان پێنج ساڵی تره‌! به‌ڵام ده‌یڵێمه‌وه‌ كه‌ تێفكرینم نۆ ساڵه‌ هه‌ر وابوه‌و وایه‌: "هه‌مو هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مریكا-ئیسرائیل بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێران كه‌له‌بچه‌ بكه‌ن و، به‌ره‌ی ئێران به‌ره‌ی داڕوخاوه‌كانه"‌.

كورد ده‌بو وه‌به‌رهێنانی ستراتیژی به‌و موشه‌كانه‌وه‌ بكات كه‌ به‌ره‌ی ئێران به‌ هه‌ولێرییه‌وه‌ نا. 
ڕونه‌، وه‌ڵامی بایدنیش بۆ ئه‌و هێرشه‌ ئه‌وه‌ بو كه‌‌ به‌ره‌ی ئێرانی له‌ ناو سنوری سوریا كرده‌ ئامانج.
وه‌ڵامه‌كه‌ی بایدن: له‌ ڕوی دبلۆماسیی و سیاسییه‌وه‌ گرنگ بو.

واتای ئه‌وه‌ی گه‌یاند: هه‌ولێر پێگه‌یه‌كی گرنگه‌ لای ئه‌مریكا! به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی كورد نه‌ له‌ داڕشتنی پلانی ستراتیژی و، نه‌ له‌ داڕشتنی ستراتیژی دبلۆماسیی، شاره‌زا نین!

به‌هه‌رحاڵ، له‌ 2012 ه‌وه‌ سه‌دانجار نوسیومه‌ و له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كان وتومه‌: "له‌ ستراتیژدا، ئێران به‌ره‌ی داڕوخاو و دۆڕاوه‌كانه‌. تكام ئه‌وه‌یه‌: ئه‌و هێزه‌ كوردانه‌ی له‌ به‌ره‌ی ئێرانن، وردتر داهاتو بخوێننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر نا: ئه‌مریكا-ئیسرائیل له‌ كاتی خۆیدا ئینشیقاق ده‌خه‌نه‌ ناو ئه‌و حیزبانه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌ی ئێران دان. چونكه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ته‌كێته‌كانی ئیسرائیل له‌ سیاسه‌ت دا پارچه‌-پارچه‌كردنی به‌رانبه‌ره‌كانییه‌تی". 
  
ئه‌و نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و مامۆستای زانكۆ و سیاسییه‌ كوردانه‌ش كه‌ ده‌ڵێن: "گه‌ر هه‌رێمی كوردستان یه‌كده‌نگ بێت ده‌توانێت كوردستان له‌ ئاگری ئێران بپارێزێت و هه‌رێم بێ-لایه‌ن بكرێت له‌ نێوان ئه‌مریكا-ئێران دا".
پێموایه‌: لێكدانه‌وه‌كانیان نا سیاسییانه‌ و نا دبلۆماتییانه‌یه‌!

یه‌كێك له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی كه‌ كاریگه‌ری له‌ سیاسه‌ت و دبلۆماسییه‌ت ده‌كات، بریتییه‌ له‌: جیۆپۆله‌تیك! پێگه‌ی جیۆپۆله‌تێكی هه‌رێمی كوردستان واده‌كات كه‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت خۆی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ئاگری ئێران بپارێزێت و له‌ ململانێی نێوان ئه‌مریكا و ئێران بێ-لایه‌ن بێت یاخود خۆی بپارێزێت.

به‌ڵام ده‌بێت هه‌رێم بیر له‌ ستراتیژی دبلۆماسیی تۆكمه‌ بكاته‌وه‌! 
سیاسییه‌كانی هه‌رێم پێویسته‌ ورد بیر له‌م پرسه‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گینا ئه‌مه‌ش له‌ ده‌ست كورد ده‌ده‌ن! هه‌م سیاسه‌ت و هه‌م دبلۆماسییه‌ت، زانست و هونه‌رن. ده‌مبازیی و ڕه‌وانبێژیی و قسه‌كردن نین! بیری ورد و زانست و تێفكرینی قوڵیی ده‌وێت!