ئەگەری جەنگ لەدژی ئێران نادیدە مەکەن

23/01/2019

شیرین هەنتەر

بەپێی هەندێ ڕاپۆرتە هەواڵ ئێران بەتەواوی هیوای لەدەستداوە بەوەی یەکێتی ئەوروپا بتوانێت (یان باشتر بڵێین خواستی هەبێت) کە سیستمێکی دارایی ڕێکبخات یارمەتیدەر بێت بۆئەوەی تاران بتوانێت بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا بکات. نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆریش لەژێر فشاردایە لەلایەن دانیمارک و هۆڵەنداوە، بەهۆی ئەوەی یەکێتی ئەوروپا گەمارۆی خستووەتەسەر وەزارەتی هەواڵگری ئێران و دوو کەس بەتۆمەتی ئەوەی پیلانیان داڕشتووە بۆ کوشتنی سەرکردەکانی بزوتنەوەی جوداخوازەکانی ئەهواز لە ئەوروپا. کە ئەو گروپە دەستی هەبووە لەو هێرشانەی لە ئەهواز لە ئەیلولی ٢٠١٨دا ڕوویدا. 
ئەو گۆڕانکارییانە بەشێوەیەکی جدی چانسی جێبەجێکردنی پلانی کردەیی هاوبەشی گشتگیر لەناودەبەن، کە بەڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ناسراوە.ئێران دەکەوێتە بارودۆخێکی سەختترەوە ئەگەر نەتوانێت بەردەوام بێت لە پەیوەندیە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی وەکو هیندستان و چین، یان لەوەش گرنگتر نەتوانێت ئەو پارەیەی وەربگرێت کە بڕیارە لەبەرامبەر هەناردەکردنی کەلوپەلەکانی وەریبگرێت. لەوبارودۆخەدا، لەگەڵ بوونی فشاری ناوخۆیی، بەتایبەت لەلایەن موحافیزکارەکانی ئێرانەوە کەلەسەرەتاوە دژایەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمیان دەکرد، دەبێتەهۆی ئەوەی حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی جێبهێڵێت و ئەو چالاکییە ئەتۆمییانەی دەستپێبکاتەوە کە لەپێشوودا وەستاندبووی.
لەڕاستیدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە ئێران دەچێتە دەرەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و دەستلەکارکێشانەوەی جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران زۆر نزیکە. حکومەت ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە. لەبەرئەوەی ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەقینە سوودمەند نەبووە لەو ڕێککەوتنە، لەبەرئەوە دەکرێت ڕای موحافیزکارەکان لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە مایەی تێگەیشتن بێت. ئەو بێمتمانەییەی کە لەلایەن ئەمریکاوە نیشاندراوە و لەئێستاشدا ئەرووپا گەمارۆ ئەتۆمییەکانی خۆیان دەستپێدەکەن وایکردووە کە کەڕووی ئەو ئێرانییانە پاک ببێتەوە کە دەیانوت تەنها چەکی ئەتۆمی ئەمنییەتی ئێران دەپارێزێت و قەڵغانێک دەبێت بۆ ئەو مەترسییانەی کە بەهۆی ئەمریکا و ئیسرائیل یان هەردووکیانەوە تووشی دەبێت. 
ئەگەر حکومەکەتەی ڕۆحانی نەتوانێت لەبەرامبەر ئەو فشارانەدا خۆڕاگر نەبێت، هەڵۆ ڕاوچییەکانی ئەمریکا و هەندێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان –هاوشان لەگەڵ ئیسرائیل، سعودیە و ئیمارات –ترەمپ هاندەدەن و لۆبی دەکەن تاوەکو هێرشی سەربازی لەدژی ئێران ئەنجام بدات. ئەو فشارانە دەگەن بەئاستێک کە ناتوانرێت بەریان پێبگیرێت. لەناو ئیدارەکەی ترەمپ، بەتایبەت جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرکردایەتی ئەو جوڵانەوەیە دەکات و پێناچێت مایک پامپایۆ هیچ دژایەتییەک بنوێنێت. ئەگەر ئێران لەسەر هەڵوێستێکی لەوشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا بۆڵتۆن و هەڵۆ ڕاوچییەکانی دیکەش بەردەوام دەڵێن کە ئەمریکا ناتوانێت ئاستی بەشداری سەربازی خۆی لەناوچەکانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا کەم بکاتەوە ئەگەرنا ئەوا ئێران ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە. بەپێی ئەو لۆژیکە، بەرلە کەمکردنەوەی ئاستی بەشداری سەربازی ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان، دەبێت ئەمریکا بەشێوەیەکی کاریگەر ئێران لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە لەکاربخات. 
لەوانەیە ئەمریکا هەست بەوە بکات کە بەهۆکاری دیکە فشاری لەسەر بێت بۆئەوەی هێرشبکاتەسەر ئێران. ئێران دواهەمین وڵاتە لەو لیستەدا کە لە سەردەمی ١١ی سێپتەمبەردا وەکو ئەو وڵاتانە دیاریکران دەبێت ڕژێمەکەیان بگۆڕێن، هەربۆیەشە تاوەکو ئێستا دەربازی بووە لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی ئەمریکی یان گروپەکانی سەربە ئەمریکا. عێراق لە ٢٠٠٣ داگیرکرا، لیبیا لە ٢٠١٠دا هێرشی کرایەسەر، و سوریا بەهۆی جەنگی ناوخۆوە کاول بووە. لەداهاتووی نزیکدا، هیچ یەک لەو وڵاتانە ناتوانن بەشێوەیەکی دیار کاریگەریان هەبێت لەسەر گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ناتوانن هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی بن بۆ هاوپەیمانە ئیقلیمییەکانی ئەمریکا، بەتایبەت ئیسرائیل. بەکورتی، ئێران دواهەمین لینکی ئەو ئەڵقەیەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی حوکمڕانی لەناوچەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەکاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، هەندێک لە ئەمریکا و لەناوچەکە خوازیاری ئەوەبوون کە سەرەتا هێرش بکرێتەسەر ئێران ئینجا عێراق. ئەو کەسانە هەست بە ئارامی و سەلامەتی ناکەن تا هێرش نەکرێتەسەر ئێران. 
ئامانجی سەرەکی هەڵۆ ئەمنییەکان لە ئەمریکا، لە ڕێوشوێنی پلانی بەرگری ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٢دا داڕێژراوە (کە وەکو بنەمایەک کاری لەسەر کراوە)، وەکو لەو پلانەدا هاتووە: "بۆ ڕێگریکردنە لە هەر هێزێکی شەڕانگێز کە نەتوانێت لە ناوچەکەدا زاڵ بێت لەکاتێکدا، کە لەو ناوچەیەدا سەرچاوەی ئەوەندە گرنگی تێدایە ئەگەر هێزێک بەتەواوی کۆنترۆڵی بکات ئەوا دەتوانێت ببێتە هێزێکی جیهانی." ئەو دۆکیومێنتە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیای وەکو یەکێک لەو ناوچانە دیاریکردووە. لەم ناوچەیەدا، ئێران وڵاتێکە کە ئامادەیی ئەوەی تێدایە بۆئەوەی ببێتە ناوەندی هێزێکی ئیقلیمی. ئەو سەرنجە لەبارەی توانای ئێرانەوە لەدوای شۆڕشی ئیسلامییەوە دروست نەبوو. گۆڕانی دڵی ئەمریکا لەبارەی شای ئێران بەشێکی بەهۆی ئەو خواستەیەوە بوو کە ویستی ئێران بکات بە هێزێکی خاوەن توانای ئابووری و سەربازی. هەر ڕژێمێکی دیکەی خاوەن توانا لەدوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ئێران، تەنانەت ڕژێمێکی ناسیۆنالیستیش، دەیەوێت سەرچاوەکانی وڵاتەکەی گەشەپێبدات. ئەوەش لەوانەیە یەکێک بێت لەهۆکارەکان کەبۆچی حکومەتی ئێستای ئەمریکا موجاهیدین خەلقی خۆشدەوێت، زیاتر لە هەر گروپێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، وەکو جێگرەوەیەک بۆ حکومەتی ئیسلامیی لە ئێران. زانیاری وابڵاودەکرێتەوە کە ئەمریکا هەندێک لە چەکدارانی موجاهیدینی خەڵقی بۆ عێراق ڕەوانە کردووەتەوە، پێدەچێت مەبەستی ئەوەبێت کە بیانگوازێتەوە بۆناو ئێران. موجاهیدینی خەڵق دەیانویست پشتیوانی لە سەدام حسێن بکەن و پارێزگای خوزستان ڕادەستی عێراق بکەن. ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ئەو گروپە ڕێککەوتنێکی لەوشێوەیە لەگەڵ ئەمریکا بکەن.
سیناریۆی ئایدیاڵی هەڵۆکان دابەشکردنی ئێرانە بەهۆی جیاوازی نەژادی و زمان، یاخود لەڕێگەی گۆڕانکاری بۆ فیدراڵییەکی شکستخواردوو لەگەڵ بوونی حکومەتێکی ناوەندی لاواز. ئەو ئامانجانە کە ناکرێت لەڕێگەی گەمارۆ و هەوڵدان بۆ ناسەقامگیری دروستکردن بەدی بهێنرێن، پێویست دەکات لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە ئەنجام بدرێت، ئەگەر بەتەواوی خاکی ئەو وڵاتەش داگیر نەکرێت. هێرشی بەرفراوانی ئاسمانی بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی بنەڕەتی ئێران کارێکی باش دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە. بۆماوەی چەند ساڵ دەبێت، کە زۆرێک لە توێژەران پشتیوانیی و پێشنیازی ئەو بژاردەیان کردووە. بۆنمونە، ئەمیتای ئێتزیۆنی جارێک وتوویەتی دەبێت ئەمریکا ڕووبەڕووی ژێرخانی شارستانی ئێران ببێتەوە ئەگەرنا مەترسی ئەوەی لەسەرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست بدات. بڕیاربەدەستە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ئیدارەی ترەمپ هەمان بۆچوونیان هەیە، بەهەمانشێوە هاوپەیمانە ئیقلیمییە سەرەکییەکانی ئەمریکاش هەمان بۆچوونیان هەیە. 
یەک هۆکاری دیکە هەیە کە بۆچی لەوانەیە ئەمریکا هێرش بکاتەسەر ئێران. زۆرێک لەوانەی لە ئەمریکان لە ئێران خۆشنەبوون بەهۆی شۆڕشی 1979 و قەیرانی دیلکردنی ئەمریکییەکان و ئەو مامەڵە شەڕانگێزییەی ئەنجامیاندا. ئەوان لەوبڕوایەدان کە ڕێگەدان بە ئێران بۆئەوەی بەوشێوەیە مامەڵە بکات پەیامێکی هەڵە دەدات بە تەحەدداکارە سەرەکییەکانی دیکەش. بەکورتی، ئێران حکومەتێکی شەڕانگێزی هەیە و پێویستە بێدەنگ بکرێت. 
بەدڵنیاییەوە، ڕژێمی ئێستای ئێران دەتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە و قبووڵی هەموو ئەو 12 مەرجانە بکات کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە دیاریکراون. بەڵام پێناچێت ئێران ئەوە بکات. لەجیاتی ئەوە، تاران هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەشێوەیەک ئەنجام بدات کە خەرجییەکی زۆر یان زیانێکی زۆر لە ئەمریکا بکات.
لەبەرئەوە، ئەوانەی لە ئەمریکان، هەروەها ئەوانەی لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکەن، کە نایانەوێت جەنگێکی دیکەی وێرانکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبدات پێویستە هەرچی دەتوانن ئەنجامی بدەن بۆ ڕێگری لە پێکدادانی ئێستای ئەمریکا و ئێران. یەکێک لەو ڕێگایانەی کە ڕێگری دەکات لەو کارەساتە ئەوەیە کە ئەمریکا بۆماوەی یەک ساڵ گەمارۆکانی لەسەر ئێران ڕابگرێت لەبەرامبەر ئەوەی کە ئێران ڕەزامەندبێت بە دانوستانی نوێ و گشتگیر لەسەر هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە. وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا دەتوانن ڕێککەوتنێکی لەوشێوەیە بهێننەدی. بەدڵنیاییەوە، بۆئەوەی ئەم پێشنیازە لەبەرچاوبگیرێت، پێویستە ئێران خواستی خۆی ڕابگەیەنێت بۆ چوونەناو دانوستانێکی فراوان و گشتگیر لەگەڵ ئەمریکا، و ئامادەبێت بۆ پێداچوونەوە بە گرنگترین پرسە مشتومڕ لەسەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی.