24/02/2021
لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کێشەیەکی بونیادی ئیداری هەیە، ئەم کێشەیە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە هەیکەلەی ئیداری حکومەتی عێراقەوە.
کێشە بونیادیەکە ئەوەیە لەسنوری هەر پارێزگایەکدا کۆمەڵێک دەسەڵاتی ئیداری وەکو (پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا، قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان) تێکەڵ و پێکەڵ دەبن و، هەریەکەیان بەجیا و هەمووشیان پێکەوە ڕۆتینێکی کوشندە و ئاڵۆز وبێ سنور بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن.
ئەمە بێجگە لەوەی کە هەر یەکێک لەم دەسەڵاتانە پەیوەستن بە وەزارەتێکی تایبەتی وەکو (ناوخۆ و شارەوانی، تەندروستی و مالیە) وە، ئەم دەسەڵاتانە جگە لەوەی پێگە و بەرپرسیارێتیان تێکەڵ بەیەکتر دەبێ ، هاوکات تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکانیان ، دوو کێشەی گەورە لەدوای خۆیان دروست دەکەن.
یەکەمیان بریتییە لە دروستبونی ڕۆتینێکی کوشندە بۆ خۆیان و هاوڵاتیان.
دووەمیان بریتییە لە ناڕونی ونبوونی بەرپرسیاریەت لای هەریەکەیان.
چەسپاندنی لامەرکەزیەت لە ئەرزی واقیعی ئەم هەرێمەدا زەحمەت دەبێت تا دەسەڵاتی شارەوانیەکان (کۆمۆن) بەهێز نەکرێ، بەمانایەکی تر زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی مەرکەزی بدرێتە ئەنجومەنی شارەوانیەکان، وەکو ئەوەی لە زوربەی وڵاتانی ئەوروپی و پێشکەوتودا بەرقەرارە، لە زوربەی جیهانی پێشکەوتوی ڕێز لەخۆگیراودا، شارەوانیەکان بەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعەتی خۆیان بۆ چوار ساڵ وەردەگرن، بە یاساش دەسەڵات و پێگە و بەرپرسیارێتیان دیاری دەکرێ.
بەشێوەیەکی گشتی کاروبای هاوڵاتیان لە زوربەی فەرمانگەکانی هەرێم دا زۆر بە خاو و خلیچکی و پڕ لە ڕۆتین بەڕێوە دەچێت، کاری مۆڵەت وەرگرتنێک لەهەر دەزگایەک چەندین هەفتە و مانگ و ڕەنگە ساڵ بخایەنێت، کە ڕەنگە هەمان کاری مۆڵەت وەرگرتن لە وڵاتێکدا کە سیستەمی کۆمۆنەکان پەیڕەو دەکرێ زۆر بەئاسانی و بەپێی یاساکانی بەردەست بەزووترین کات مەیسەر ببێ.
بەڵام ئەم تێکەڵابوونی دەسەڵاتانەی لای خۆمان، ڕۆتینێکی کوشندەی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە، بێجگە لەوەی کە هیچ ئیشێکی هیچ هاوڵاتیەک بە ئاسانی جۆر نابێ، هاوکات لەکاتی دواکەوتن و کەمتەرخەمی هەر دامودەزگایەک، بەڕێوەبەرایەتیەک لە ئیش و کاری هاوڵاتیاندا، هاوڵاتی نازانێ و ناتوانێ دروست سکاڵا لە دژی کام لەو دەزگایانە بکات.
ئەگەری سەرکەوتنی لامەرکەزیەت کاتێک دەبێت، کە هەموو دەسەڵات و پێگە و هەژمونی ئیداری پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەی ناحیەکان بدرێت بە ئەنجومەنی شارەوانیەکان، ئەنجومەنی شارەوانی هەر شارە دێیەک باشتر لە مەرکەز شارەزای واقیعی سنورەکەی خۆیەتی، هاوڵاتیان ئاسانتر و زووتر و بێ ڕۆتینیاتی ئیداری زۆر دەتوانن پەیوەندی بکەن بە نوێنەرەکانانەوە لە ئەنجومەنی شارەوانیەکانیان، بۆ نمونە..
ئەگەر هاوڵاتیانی شارەدێیەکی سنوری شارێک لە وڵاتانێک کە تەنها دەسەڵاتی کۆمۆن (شارەوانی) و دەسەڵاتی حکومەت یان هەیە پێداویستیان بەدروستکردنی، نەخۆشخانەیەک، قوتابخانەیەک، باخچەیەک، کتێبخانەیەک، شانۆیەک، یاریگایەک...تاد هەبێ، دەتوانن داخوازیەکەیان بخەنە بەردەم مەجلیسی شارەوانی سنورەکەی خۆیان، مەجلیسیش لەکۆبونەوەی خۆیاندا لەبەر هەلومەرج و توانای بودجەی ساڵانەی شارەوانیەکەیان بڕیاری پەسەندکردن یان نەکردنی داخوازی هاوڵاتیەکان لە نزیکترین کات و بەبێ هیچ ڕۆتینێکی پارادۆکسیانە دەدات.
دەسەڵاتی شارەوانیەکان حکومەتێکی بچوکراوەیە بۆ هەموو خزمەتگوزاریەکانی، تەندروستی، فێرکاری، هاتوچۆ، ئاو و کارەبا و هەلی کار و باج و ڕسومات.
دەشێ شارەوانیەک لە شارەوانیەکی تر گەورەتر و دەوڵەمەندتر بێت، هەلی کار و ئاستی خوێندن و داهاتی ساڵانەی تاک باشتر و پێشکەوتوتر بێت لەشارەوانیەکی تر، ئەمەش جۆرێک لە ڕکابەری پۆزەتیڤ لە نێوان شارەوانیەکاندا دروست دەکات.
ئەم مۆدێلە لە لامەرکەزیەت و دەسەڵاتی شارەوانیەکان لە وڵاتانی ئەوروپا و لەم دەوروبەرەی خۆشمان لە تورکیا نمونەی بەرچاون.
نمونەیەکی تر..
ئەگەر خەڵکی دانشتوانی ناحیەی عەربەت بیانەوێت قوتابخانەیەکی دواناوەندی دیکە لەسنوری ناحیەکەیان بکرێتەوە، بابزانین چەندە دەسەڵاتی ئیداری بڕیار دەدات بۆ ئەو داخوازیەی دانیشتوانی عەربەت، هاوکات چ ڕۆتینێکی سەرژانکەر و کوشندە و تاقەتپڕوکێن ڕوبەڕوی هاوڵاتیان دەبێتەوە، ئەمە بێجگە لەو هەموو کاتە زۆرە لە هێنان و بردنی هاوڵاتیاندا لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ناحیە و قایمقامیەتی قەزای مەرکەزی شار لەلایەک و ڕۆتین و تێکەڵاوبوونی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مەرکەزی شار و دەسەڵاتی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و وەزارەتەکانی پەروەردە و ناوخۆ و دارایی و شارەوانی لەلایەکی ترەوە لەو لاوە بوەستێ...!
جا دەسەڵاتی مۆدێلی سیستێمی حوکمڕانی مەرکەزی بێت یان لامەرکەزی، پەرلەمانی بێت یا سەرۆکایەتی، پێویستە لە گەمەی دروشمبازی و بانگەشە و موزایەدەی سیاسی هەرزان قیمەت دووربخرێتەوە.
ئێستا وڵاتەکەی ئێمە پێوستی بە حکومەتێکی بەهێزە کە بتوانێت یاساکانی پەرلەمان کە لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکدان جێبەجێ بکات.
حکومەتێک بتوانێ ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکات، هەلی کار و دەرفەتی یەکسانیان بۆ فەراهەم بکات.
دەسەڵاتدار و هاوڵاتی لەبەر دەم یاسادا یەکسان بن.
حکومەتێکی بەهێز نەک حکومەتێکی لاوازی بەردەستی حیزب.