لادانی پاشگری ئیسلامی هۆکارێکی سەرکەوتن و پێشکەوتنە ؟!

20/02/2021

دڵشاد گەرمیانی

لادانی پاشگری ئیسلامی هۆکارێکی سەرکەوتن و پێشکەوتنە ؟! یان کردنەوەی دەرگای لادان و دڕینی پەردەی شەرم و شەرع پشت گوێ خستنە ؟

سەرەتا ڕوی قسەکانم لەبەڕێز م.علی باپیر نیە ، ئەمە بابەتێکی کۆنەو بەڕێزیان وەک شتی عام باسیان لێوە کردوە ، دۆست و دۆژمن ئەو دەناسن ، کەپیاوێکی ئیسلامیەو ، هیچ شتێکی ئیسلامی لاشەرم و پێ عەیب نیە .

 

دێمەسەر باسەکەم : ئەگەر لادانی ئەو پاشگڕە ئیسلامیە ، لەحەقیقەت و واقعدا ، نەک بەوەهم و خەیاڵ ، هۆکارێکی سەرکەوتن و ئۆمێدێکی بەهێزتر بێت ، بۆ زوتر گەڕانەوەی حاکمیەتی شەریعەتی خوداو ، بەدیهێنانی ئامانجە شەرعیەکانی تری کۆمەڵ و ، لەئێستاشدا بوبێتە بەربەستێک لەڕێگەی گەورەبون و فراوان بونی کۆمەڵی ئیسلامی ، ئەوە لادانی کارێکی پیرۆزە ، بەمەرجێ داکۆکی کەرانی ئەو بیرە ، بتوانن ڕاستی و دورستی بیردۆزەکەیان بسەلمێنن ؟!

 

ئەگەر لادانی پاشگرە ئیسلامیەکەش ، بەرنامەو دەستی هەندێ لەو خەڵکە فکر نەخۆشە بەناو ئیسلامیە ، بەسەروسیماو بەکردەوە عەلمانیانە بێت ، کەلەناخدا خۆیان ڕوخاون و شتێک لەمێشکیاندا نەماوە ، بەناوی ئامانجە شەرعیە ستراتیجیەکانی هەر جەماعەیەکی ئیسلامی و کارکردن بۆ جێبەجێ کردنی !؟

تەنها بیریان لای ئەوەیە ، دەنگەکان لەهەڵبژاردنەکان چۆن زیاد دەکات ؟! وەک گوڵە بەڕۆژەیان لێ هاتوە ، چۆن ئەو ڕوی لەخۆرەو بەدەوریدا دەسوڕێ ، ئەمانیش لەجیاتی ڕو لەڕەزامەندی خودا ، ڕویان لەدونیاو ، دڵی جەماوەرو دەنگدەرانە ، بەچی و چۆن ڕازی دەکرێن ئەوە ئامانجی سەرەکیانە !؟

سەری زمان و بنی زمانیان باسی گەندەڵکارانە ، کەچی خۆیان گەندەڵی لەپیشاندان و گیاندنی دینی خودا دەکەن ، وەکو خۆی نایگەیەنن و هەوڵ دەدەن لەگەڵ ویستی زۆرینەدا بیگونجێنن !!! شەرم لەپاشگری ئیسلامی و شانازی بەلەئامێزگرتنی دیمکراسیەوە دەکەن !!! پێیان شەرمە دیدی ئیسلامی لەسەر هەمو باس و بابەتێک وەکو خۆی باس و بەیان بکرێت !!!

بەڵکو دەیانەوێت جارێکیتر بەناوی خۆێندنەوەی نوێ ، بۆ تەفسیرو ماناو مەبەستی هەندێ لەدەقەکانی قورئان و سونەت ، بەلێکدانەوەو تێگەشتی خۆیان و هاوبیرەکانیان ، جیاواز لەتێگەیشتنی هاوەڵان و زانایانی پێشینی هەرسێ سەدە زێڕینەکە ، ماناو تەفسیر بکەن و لەگەڵ سەردەم و دونیای خۆیاندا بیگونجێنن ؟! ئەو جۆرە دیدو ئاکارو بیکردنەوانەشیان وای کردوە ، گومانی ئەوەیان پێ ببرێت ، مەبەستیان لەلادانی ئەم پاشگرە ئیسلامیە ، کەم کردنوە یان نەهێشتنی هەیمەنەی شەرع و‌ لادانی پێوەرە شەرعی و ئیسلامیەکان بێت ، لەکێشانەو پێوانەو هەڵسەنگاندنی کردارو هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و داماڵینی بەرگ و ناسنامە ئیسلامیەکەی !!!

هەنگاونان بەئاراستەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە ، لەم بارو دۆخە ناسک و هەستیارەی کۆمەڵ ، شتێک نیە خەڵکی دیندارو دڵسۆزی کۆمەڵ بتوانێ بێ دەنگی لێ بکا ، قبوڵکردنیشی لەقیادەو قەواعدە دڵسۆزەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ناوەشێتەوە ، وروژاندنیشی لەم کاتەدا باڵباڵێنێکی نەخوازراو دێنێتە کایەوەو !!! کۆمەڵ هیچ پێویستی بەوسەرئێشە زیادەیە نیە !؟ ئەگەر ئێوە دڵسۆزی کۆمەڵن و لەخەمی سەرکەوتنی دان ، دەبێ ئاگاداری ئەوە بن ، سەرکەوتن و بردنەوە بەلای خەڵکی مەبدەئیوە : سەرکەوتنی بیروباوەڕو پاراستنیەتی ، نەبەزاندنی سنورەکانی و پابەند بونە پێەوە ، بەردەوام بونە لەسەری و لانەدانە لێی ، مردنە لەپێناو سەرکەوتن و بەرز ڕاگرتنی دروشمەکانی .

بەلای خەڵکی بەرژەوەند پەرستیشەوە سەرکەوتن : سەلامەتی ڕۆح و جەستەو بەئامانج گرتنی سودو قازانج و زیادکردنی کورسی و دەس خستنی ئیمتیازاتە ، لەهەرکوێ بێ و بەهەنرخێ بێ ، بەبێ گوێدانە بیروباوەڕو بەزاندنی سنورو بنەماکانی .

خەڵکی دڵسۆزی کۆمەڵ سەرکەوتنێکی دەوێ دین و بیروباوەڕەکەی تیایدا بەرز ڕاگیرابێ و جێگای شانازێ موسڵمانان بێ نەک پێچەوانەکەی .

لەگەڵ ئەوەشدا کەباسمان کرد بێگومان خەڵکانێکی دڵسۆزیش لەونێوانەدا هەن ، کە نیەتیان پاکەو مەبەستیانە بەلادانی ئەوپاشگرە ئیسلامیە ، جەماوەرێکی زیاتر ڕو لەکۆمەڵ بکات و ژمارەی کورسەکانی زیاتر ببن ، بەڵام ئەوانە جیاوازن لەوانەی کەئیشیان بەلادانی پاشگرە ئیسلامیەکە هەیەو ، دەیانەوێت کۆمەڵیش وەک حزبە سیاسیەکانی تر کاربکەن و ، هیچ قیدو بەربەستێک بەهۆی بونی ناوی ئیسلامی لەسەر کۆمەڵ دەستیان نەگرێت و ، بەداماڵینی ئەو بەرگەو ، بەبیانوی بەجەماوەری کردنی کۆمەڵ و ، بەناوی کرانەوەو ، بەهیوای زیادکردنی دەنگ و کورسیەکانی ، خەڵکی نوێژنەکەرو پیاوی مەشروب خۆرو ئافرەتی بێ حیجاب لەڕیزی ئەندامانی کۆمەڵ جێگەیان ببێتەوە !!!

 

بەوەش زیاتر دەرگای ئینحراف و لادان دەکرێتەوەو پەردەی شەرم کردن پاش لادانی ئەو ناوو مۆرکە ئیسلامیە لەگەڵ تێپەڕبونی کات دەدڕێت و ، سەرپێچی و بێ شەرعی و بێ ئیلتزامی وردە وردە زیاد دەکات ، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە دەنگ و کورسیەکان کەئامانجی سەرەکیانە زیاد بکات !!! خەڵک و لایەنی تری ئیسلامی هەبون ، کەسەردەمانێک بەهۆی پابەندی و ئیلتزامی زیاتریان بەدینەوە ، هەموکەس شەرمی لێ دەکردن و ، سەرمەشقی بانگەواز و نوری هیدایەتی خاڵک و ، ئومێدی زۆرینەی موسڵمانان بون ، بەڵام بەداخەوە پاش ئەوەی ڤایرۆسی کرانەوە لێیدان و ، دەرگاری بیشەرعیان لەخۆیان کردوەو ،(سمع و طاعە) گوێڕایەڵی بەرپرس و براگەورەکانیان لەئەرکێکی شەرعیەوە کردە هەوەس بازی و کەوتنە ژێرکاریگەری ئەوخەڵکانەیان (کە ئێستا خەڵکانێکی ئێمە دەیانەوێ چاویان لێ بکەن) ، هەستان بەمەبستی کۆکردنەوەی دەنگ و سەرکەوتن لەهەڵبژاردنەکان ، هەڵپەڕکیان لەسەرشاشەی تەلەفزون کردو ، سرودی ئەی ڕەقیب و تێکەڵاوی کوڕو کچیان حەڵاڵ و پیرۆز کردو ؟!

 

بەوەش لەهەیبەتی خۆیان هێنایە خوارو ڕابردوی خۆیان خستە ژێر پرسیارو ، دەرئەنجام کورسەکانیان کەمیان کردو ، زۆرێک لە خەڵک و جەماوەرە دیندارو دڵسۆزەکانی خۆیان ڕەنجاند . نەئەی ڕەقیبەکە دەنگی عەلمانیەکی بۆهێنان ، نەهەڵپەڕکێکەشیان هیچ سودێکی هەبو !!! پاشان ئەم پاشکۆ ئیسلامیە لەئێستادا نەبارێکی گرانە هەڵگرتنی پشتی ئێشاندبن !!!

نەعەیب و شورەییەکە لەکەداری کردبن !!

نەشتێکی نامۆیە تەنها بەناوی کۆمەڵەوە لکابێ !!

لەسەرتاسەری جیهاندا ، حزابەکان بەشانازیەوە نسبەتی خۆیان دەدەنە لای جۆری سیستەمی حوکم ڕانی و فکرو بیروباوەڕە جیاوازەکانیان ، چ قەومی بن ، یان دیمکراسی و شوسیالییتی و هەر فکرو بیروباوەڕێکی تر ، لەبەرانبەر ئەوانیشدا ئیسلامیەکان نسبەتی ئیسلامیان داوەتە لای خۆیان ، هەروەک چۆن زانایانی ئیسلام کاتی خۆی زاراوەی ئەهلی سونەو جەماعەیان لەبەرانبەر ئەهلی بدع و فیرقە گومڕاکان دانا ؟!

پەلەپەلیشی ناوێ ، جارێ با دو چوار ساڵی تر چاوەڕوان بین بزانین ، بەرهەمی بیردۆزەکە ، لای خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی کەکاک (ئارام قادر)ە ، چ بەرهەمێکی کرداری دەبێ و؟؟

تا چ ڕادەیەک لەهەنگاوە ترسناک و ، موجازەفە خەتەرناکە سەرسوڕهێنەرەکەی سەرکەوتو دەبێ و ، دەتوانێ ئاگربڕی خەرمانی کارو خزمەتی چەندەها ساڵەی ڕابردوی لەکاروانی دینداری و باگەوازو خواپەرستی ، لەسوتان و پوچەڵ بونەوە بپارێزێ !!!

ئەوکات ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی نزیک و زیندوتان ، لەپێش چاوو لەبەردەست دەبێ .

موسڵمانی ڕاستەقینە دەتوانێ سەدان جار موجازەفە بەڕوح و گیان و ماڵ و منداڵی خۆیەوە بکات ، لەپێناو دینەکەی و سەرخستنی بیروباوەڕەکەی ، بەڵام ناتوانێ و جورئەتی نیە موجازەفە بەدینەکەیەوە بکات بۆ هیچ شتێکیتر ...

لەکۆتایدا ئەوە دەڵێم : گریمان ئێمە هەڵەین و ، ئەو بۆچونە تەواوەو ، کۆمەڵ بەو هۆیەو بۆ ئەو مەبەستە ، لەسەرقسەی ئەوبرایانەی ، کەبەویستی خۆیان ڕیشی خۆیان تاشی و ، ئێستاش دەیانەوێت بەگوێزانە کولەکەی خۆیان پاشگرە ئیسلامیەکەی کۆمەڵیش کەموڵکی هەموانە بتاشن و ، چەند کورسیەک بەحسابی خۆیان بۆ کۆمەڵ زیادکەن... دەپرسین : نەک چەند کورسی ئەگەر کۆی هەمو کوسیەکانی پەرلەمان بەدەس بێنن؟؟؟

چ گرنتیەک هەیە کۆمەڵ دەسەڵاتی ڕادەس دەکرێت ؟!!

چ بەڵگەو نیشانەو دڵنیاییەک هەیە وەکو ئیسلامیە سەرکەوتوەکانی میسرو جەزائریان بەسەرنایەت ؟!!

ئەگەر ڕادەستیشیان کردن ، ئایا ڕێگەدەدەن قورئان و شەریعەتەکەی خودا سەروەر بێ و ؟!

دەستی دزو گەندەڵکاران ببڕن و دادگەری بچەسپێنن بەسەر خاڵکانێکدا ، کەبەرپرسەکانیان خاونی هێزی تایبەت بەخۆیانن و حزبەکانیان خاوەنی هێزی سەربازین ؟! کەواتە لەکاتێکدا کەهیچ ضەمان و گرنتیەک نەبێت بۆ پاش سەرکەوتن ، کەخودا دەزانێ ، بەچەند چوار ساڵی تر دەبنە زۆرینە ، ئەگەر هەرچوارساڵەو دو تا سێ کورسیەک زیادکەن و شکستی تێدا نەبێ !!

باشە ئەم سەرابی دیمکراسیە ئەوە دەهێنێ هەمو جوهدو ڕەنج و توانای ئیسلامیەکان لەو تورەکە دڕاوەی دیمکراسی بکەن و ، بەهەمو هێزی خۆیانەوە بەئاراستەی کۆڵانە بن بەستەکەی دیمکراسی هەنگاو بنێن و ، هەرڕۆژەو دیاردەیەکی ئیسلامی لەخۆیان داماڵن و ، تەمەنی خۆیان و ئەندامانیان لەخزمەت دیمکراسی و لەناو جستەی گەنیودا بەسەربەرن و ، هەموشتێکی بەقوربان کەن ؟!

لەکۆتایشدا سەریان لەهیچەوە دەرچێ ؟!