ئاسایشی نەتەوەیی یان چەکوشی ستەم !

18/02/2021

هەڵۆ سەڵاح چاوشین

ئاشکرایە کە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی مانەوە و بەردەوامبونی گەلێک بریتیە لە (ئاسایشی نەتەوە) ، بە شێوەیەک گرنگیدان بەم ئاسایشە ئەبێتە هۆی خێر و خۆشی ژیان و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری سیاسی بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوی گەلەکە ، هەروەها پاراستن و پەرەپیدانی بەها نەتەوەیی و بیروباوەڕە پیرۆزەکانی گەل یەکێکی ترە لە ئامانجە لەپێشینەکانی ئاسایشی نەتەوەیی .


سەرهەڵدانی چەمکی (ئاسایشی نەتەوە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی کۆتایی جەنگی دوەمی جیهانی و بەتایبەتی ساڵی (١٩٤٥) ، لەگەڵ دەركەوتنی تیۆریەكان سەبارەت بە سەقامگیری نەتەوە تێگەیشتن لە (ئاسایش) لە هەمو ئاست و ڕەگەزە جیاوازەکانیدا بەپێی سروشت وبارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە .


لە پێناسەیەکی کورتدا ئەتوانین بڵێین ، ئاسایشی نەتەوە بریتیە لە (توانای دەوڵەت یان نەتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشەکەی لە هەڕەشە دەرەکی و ناوەکیەکان) ، هەروەها مێژویەكی نوێیە لەزانستە سیاسیەكاندا ، ڕەگەزە سەرەکیەکانی ئاسایشی نەتەوە بریتین لە ئاسایشی (سەربازی ، سیاسی ، ئایدۆلۆژی ، کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، ژینگە ) .
(ڕۆبێرت ماکنمارا ١٩١٦ – ٢٠٠٩) وەزیری پێشوتری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و یەکێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی ستراتیژی ئەو وڵاتە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی (جەوهەری ئاسایش) نوسیویەتی : (ئاسایش بەواتای گەشەکردن دێت ، گەشە لە بوارەكانی ئابوری وكۆمەڵایەتی و سیاسی لە پاڵ پاراستنیكی ڕاستەقینە ) ،
بەڵام ئەم پێناسەیە بۆ نەتەوەی کورد جۆرێکی ترە ! بۆ هەرێمی باشوری کوردستانیش تایبەتیترە !


ئاسایشی نەتەوەیی ئەم هەرێمەی ئێمە پەیوەندیەکی تەواوی هەیە بە هەرسێ وڵاتی (عێراق، ئێران ، تورکیا) وە کە ئێمەی میللەتی کوردی تێدا دابەشکراوە و بە زۆر لکێنراوین بەم دەوڵەتانەوە ، کارکردن بۆ دروستکردنی جۆرێک لە ئاسایشی نەتەوەیی دور لە هەژمونی ئەم سێ دەوڵەتە داگیرکەرە بۆ ئەم بەشەی کوردستان کارێکی زۆر گرنگە .


ئاسایشی نەتەوەیی پەیوەندیەکی تەواوی هەیە بە چەمک و ئامانجە نیشتیمانیەکان بەتایبەتی لە ڕووی مانەوەی قەوارەی دەوڵەت و پاراستنی قەوارەکەوە ، لەلایەکی تریشەوە ئاسایشی نەتەوەیی و دادپەروەری دەسەڵات و بە تایبەتیتر بێلایەن بونی دەسەڵاتی دادوەری بەرامبەر تاکەکانی کۆمەڵگا بە پەیوەندیەکی ڕاستەوانە پێکەوە ئەبەسترێنەوە ، بە شێوەیەک هەرکاتێک دادپەروەری بەرامبەر ڕۆڵەکانی نەتەوە لاواز بو ئەوا ئاسایشی نەتەوەییش بەرەو لاوازی ئەچێت ! پەیڕەوکردنی ئەو تیۆریەی کە ''ئازادی سیاسی ئاسایش دروست ئەکات'' کارێکی گرنگە چونکە ئاسایشی نەتەوەیی بەواتای ئاسایشی گشت تاکەکانی کۆمەڵگا دێت کە دواجار و تێکڕا (نەتەوەکە) دروست ئەکەن .


گەورەترین هۆکاری یارمەتیدەر بۆ دروستکردنی (ئاسایشی نەتەوە) بریتیە لە پەیوەندی و مامەڵەی باش و دادپەروەرانە لەنێوان خەڵک و حکومەتدا ، کارکردن بۆ خۆماڵیکردنی حکومەت و دروستکردنی متمانە بە دام و دەزگاکانی ئەولەویەتی کارەکانە بۆ دروستکردنی جۆرێک لە ئاسایش ، بەڵام ئایا ئەمە کراوە ! هەوڵی بۆ ئەدرێت ؟ ئایا دامەزراوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن کەسانی خاوەن توانا و بێلایەن و نیشتیمانیەوە بەڕێوە ئەبرێن ! دواجار ئایا ئێمە دەزگایەکمان هەیە بە ناوی (دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان) ، ئایا یاسایەکمان هەیە بەناوی (یاسای ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان) تا تاکەکانی کۆمەڵگای لەسەر سزا بدرێت ! بێگومان نەخێر .


(ئاسایشی نەتەوە) ئەبێت فاکتەری ڕەواندنەوە و نەهێشتنی ترس بێت ، ئەبێت چەمکێکبێت بۆ سەقامگیری و ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە نێوان ئاین و ڕەگەز و پارتە جیاوازەکانی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ، بەڵام ! ئایا لەم هەرێمەی ئێمەدا چەمکی ئاسایشی نەتەوە بە مانا نیشتیمانی و ڕاستەقینەکەی خۆی جێبەجێ ئەکرێت ؟ ئایا کۆدەنگیەکی نیشتیمانی هەیە سەبارەت بە داڕشتنی یاسایەک بۆ (ئاسایشی نەتەوەیی) لەنێو تاکە دامەزراوەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان کە (پارلەمان) ی کوردستانە !


بۆ دروستکردنی ئاسایشێکی دورمەودا بۆ ئەم نەتەوەیە پێویستە واز لە ترس و تۆقاندن و حکومکردن لە ڕێگەی (چەکوشی ستەم) ەوە بێنین ، واز لە لەقاڵبدانی مەوداکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادیە تاکەکەسیەکان ی ڕۆڵەکانی گەل بێنین .


پێویستە هەرچی زوترە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دروستکردنی ئاسایشێکی نەتەوەیی بنیاتنراو لەسەر ڕەهەند و تەوەرە ڕاستەقینە و سەرەکیەکانی ئەم زانستە سیاسیە نوێیە بکات ، بەجۆرێک کە سەنتەرێک بێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ستراتیژی دورمەودا و نزیک مەودا و لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و نیشتیمانیەوە بەڕێوە ببرێت ، کارێک بکرێت ئاسایشێکی نەتەوەیی گۆشکراو بە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل و نیشتیمان و دور لە دەستوەردان و ململانێی حیزبی بنیات بنرێت ، بەشێوەیەکی وا کە درز و قڵیشی پەیوەندی خەڵک و حکومەت لەوەزیاتر دەم نەکاتەوە ، کارێک نەکرێت لە داهاتودا و لەسایەی بونی ئەم جۆرە تایبەتەی (ئاسایشی نەتەوە) لەم هەرێمەدا نەوەکانمان فرمێسک بڕێژن !