31/01/2021
ژنانی باشوری كوردستان وەك ژنانی گەلانی تری جیهان دڵسۆزی و خۆشەویستی زۆریان هەیە و هەبووە بۆ خاك و وڵاتەكەیان هەردەم هەوڵ و ئارەزووی زۆریان هەبووە بۆ ئەوەی بەشداربن لە بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگەكەیان و پاراستن و ڕزگار كردنی وڵاتەكەیان لە دەست دوژمنان.
ئاستی هۆشیاری و كلتوور و داب و نەریت تا ڕادەیەك و بوونی پارتی كۆنەپەرست ڕێگربوونە لە بەشداری ژنانی باشووری كوردستان لە خەباتی سیاسی و چەكداری. تەنانەت دوای درووست بوونی چەندین پارت كە هەڵگری بیر و باوەڕی نوێخوازی و دروشمی سۆسیالیستی وسۆسیال دیموكراتیان هەڵگرتبوو، ژن وەك پێویست شوێنی نەكرایەوە و ڕێگای پێنەدرا بە ئەركی خۆی هەستێت بەرامبەر بە خاك و خەڵك و وڵاتەكەی.
دوای دەیان ساڵ لە خەباتی سیاسی و چەكداری و حكومڕانی گەلی كورد لە باشووری كوردستان نەمانبینی ژنێكی سیاسەت مەدار هەڵكەوێت، ژنێك شان بە شانی پیاوان خاوەن بڕیاربێت، یان سەركردایەتی پارتێكی سیاسی بكات.
دەبێ هۆكارەكەی بێ توانایی ژنان خۆیان بن؟
یان هەل ومەرج بێت، یان زاڵ بوونی پیاوان بەسەر كایەی سیاسی و باوەڕ نەبوونیان بەتوانای ژنان، یان بە مەبەست كاریان كردبێ بۆ ئیفلیج كردنی توانای نیوەی كۆمەڵگە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵ كردنی كۆمەڵگەیان بۆ ئاسان تربێت؟ ژنی كورد لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی ڕێگری زۆری هەیە بەڵام دەستەوەستان نەوەستاوە هەوڵی خۆی داوە، لەبەرامبەردا پارتەكان هەوڵەكانیان بێ بەها سەیركردوە و بەهەندیان وەرنەگرتوە.
لە سەردەمی شۆڕشی شاخدا ژنان ڕێگا پێدراو نەبوون بەشداربن لە شۆڕش، ئەو ژنانەی كە ئێستا ناویان ناون ژنانی شاخ ئەوانەن كە بەهۆی مێردكردنیان بە پێشمەرگەكان لە شاخ بوون نەك بەهۆی باوەڕبوونیان بە خەباتی چەكداری و ڕۆیشتنیان بۆ شاخ بۆ بەشداری لە خەباتی چەكداری، ئەوەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە پیاوان ماف بە ژنان نادەن بەشداری ڕاستەقینە بكەن لە بڕیاری سیاسی هەردەم وەك پاشكۆی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن بە بیانووی ئەوەی ڕۆڵیان نەبووە لە شۆڕش، ئەوە پیاوان بوون سنگیان بە گولەی دووژمن نابوو نەك ژنان بۆیە بەرهەمەكەی ئێَمەی دەیخۆین و تەنها ئێمەین مافی بڕیاردانمان هەیە(مەنتقێكی دواكەوتوو خۆپەرستی و پیاو سالاری).
دوای ڕاپەڕین و درووست بوونی كەمێك لە ئازادی ژنان دەرفەتێكیان بۆ دروست بوو كە بە ئەركی سەرشانیان هەستن بەرامبەر بە وڵاتەكەیان، ژنانێكی زۆر هاتنە مەیدان و دڵسۆزانە هەوڵیان دەدا بۆ بەرەوپێشچوونی و بونیاتنانەوەی كۆمەڵگەكەیان ( بێ گومان ژنانێك هەبوون بۆ مەرام و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان كاریان دەكرد). فرسەتێكی باش هەبوو بۆ ئەوەی تەواوی تواناكانی كۆمەڵگە كە لە تواناكانی ژن و پیاو پێكدێت بەكار بهێندرێت بۆ گەشەكردنی كۆمەڵگە و دروست كردنی ژێرخانێك بۆ دروست كردنی ولاتێكی سەربەخۆ، بەڵام بیر كردنەو و شێوازی كاركردنی پارتە سیاسییەكان بەتایبەتر دوو پارتی دەسەڵاتدار لەم ئاستە نەبوو كە بەرزببنەوە و باوەڕ بەتواناكانی ناو كۆمەڵگەی كوردی بكەن، بە گشتی و بەتایبەت تر تواناكانی ژنان و هاوكاریان بن و ڕێز لەتوانا و هزریان بگرن، بە پێچەوانەوە هەوڵی زۆریان دا ئەو ژنانەی خاوەن توانا و دڵسۆزبوون و باوەڕیان بەخۆیان هەبوو دووریان بخەنەوە بە دروست كردنی بەربەست و پڕوپاگەندەی نەشیاو، تا وای لێهات زۆرێك لە ژنانی بەتوانا سڵ بكەنەوە و دووربكەونەوە لە حزبەكان و كایەی سیاسی لە پێناو پاراستنی خۆیان، ئەگەر هەلیان بۆ ڕەخسابا و بەربەستیان بۆ دروست نەكردبان ئێستا دەیان ژنی سەركردەمان دەبوو.
ژنی كوردیش هیچی كەمتر نیە بۆ ئەوەی بگات بە ئاستی ئەو ژنانەی كە گەیشتوونەتە پلەی بەرز لە بواری سیاسەتدا و وڵاتەكانیان بەڕێوەدەبەن و زۆریش سەركەوتوون.
هەر هەموو پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لە پەیڕوە و پڕۆگرامی پارتەكانیان دانیان بە زەرورەتی ڕۆلی ژن لە كایەی سیاسی و حكومڕانی داناوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا وەك كاڵایەك مامەڵیان لەگەڵ دەكەن. ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە لە حكومڕانی كوردیدا دۆخ و مامەڵەكردن لەگەڵ ژن لە ناو هەر هەموو پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان زۆر خراپە. ژن وەك دیكۆرێكی تەواوكەر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و بەكاردەهێندرێت، نەك وەك خاوەن توانا و شارەزا كە دەكرێ سوودبەخش بێت. بێ بەها كردنی ژن گەیشتۆتە ڕادەیەك تەنها وەك بونەوەرێكی لە ناوەوە بەتاڵ وشێوەیەكی جوان لەدەرەوە دەبیندرێت.
پارتە سیاسیەكان بۆ ئەوەی پێچەوانەی دروشمەكانی ناو پەیڕەوپڕۆگرامی حزبەكەیان نەبن و بۆ ئەوەی یاسای كۆتا جێبەجێ بكەن، ڕێگان بەم ژنانە داوە و پشتوانیان دەكەن كە لە ژێركۆنتڕۆڵی خۆیانن و لە قسەی ئەوان دەرناچن، نەك ئەوانەی دەنگ و ڕەنگی خۆیان و كۆمەڵگە كەیانن. ئەو ژنانەی پۆستی حكومی و تەشریعی وەردەگرن ئەوانەن كە پیاوانی حزبەكەی بڕیاریان لەسەر دەدەن ئەوانەن كە لە ژێركۆنتڕۆڵی پیاوەكانن و لە قسەی ئەوان دەرناچن، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی لە بەرزترین پۆستی حكومی و تەشریعیدان، بەڵام خاوەن بڕیار نین بوكەڵەیەكن و لە سەرەوەیان پیاوانی حزبەكەیان دەیانجولێنن و بڕیاردەدەن و ئەوانیش وەك توتی دەیڵێنەوە.
ئەو ژنانەی هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساندن كە لە پەرلەمان یا لە حكومەت بن نەیان توانی بیسەلمێنن كە ژنانی كوردیش دەتوانن وڵات بەڕێوەبەرن و سەركەوتووبن و كۆمەڵگە ناچاربكەن دان بەتوانا و لێهاتوویان بنێن و دیدی كۆمەڵگە و پارتەكان بگۆڕن تەنها جوانی ژن نەبین بەڵكۆ هزرو تواناكانیان لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی وڵات و بڕیاردان ببینن. ئەم شێوازە لە بیركردنەوەیان شۆڕكردۆتەوە ناو كۆمەڵگەش.
پارتەكان ژنان وەك كاڵایەكی جوان نمایش دەكەن نیشانی كۆمەڵگەیان دەدەن لە ڕێگای دەزگاكانی ڕاگەیاندنەكانی خۆیان، وەك ئەوەی تاكە سیفەت ژن هەیبێ روخسار ولەش ولاری بێت، تەنانەت لە كاتی كاندید كردنیان بۆ پەرلەمان یا هەر هەڵبژاردنێكی تربێت ئەو ژنانە كاندید دەكەن كە بێ توانا و سەرنج ڕاكیشن، پشتوانیان دەكەن و هاووڵاتیان هان دەدەن دەنگیان پێبدەن، لە نێوان ژنێكی خاوەن بڕوانامەی بەرز و لێهاتوو و ژنێكی بەرواڵەت جوان و بەرچاو ژنە بێ توانا و جوانەكە هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بكەن لە شوێنێكی گرنگ و هەستیاری وەك پەرلەمان.
دیارە دۆخی پیاوەكانیش لە دۆخی ژنەكان باشترنیە، لە ناو پیاوەكانیش ئەو كەسانە دەنێرن بۆ پەرلەمان و حكومەت كە لە قسەی گەورەكانیان دەرنەچن و كەم توانان و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگی ئەوانن، پیاوانیش وەك ژنەكان كەسی دڵسۆز و سەربەخۆ و شارەزا دووردەخرێنەوە و شوێنی شیاوی خۆیان پێنادرێت.
لەگەڵ ئەوەی ژنان خۆشیان بێ بەری نین لەم دۆخەی تێكەوتوون، بەڵام بەرپرسی یەكەم دەسەڵاتدارانی هەرێمن كە كۆنتڕۆڵی هەموو جومكەكانی كۆمەڵگە و بەڕیوەبردنیان كردوە، وەك چۆن زۆربەی سێكتەرەگرنگەكانیانی كۆمەڵگەیان ئیفلیج و وێران كردوە بەهەمان شێوە تواناكایی نیوەی كۆمەڵگەیان پەكخستوە و نیوەكەی ترشیان لەژێر دەستی خۆیان قەدیس كردوە لە پێناو مانەوەی خۆیان. ڕەهێل دزەیی