شەڕواڵی کوردی و لەخۆبایێتی فارسەکان

24/01/2021

سۆران حەمەڕەش

لەم چەند رۆژەدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بابەتی جلی کوردی و ناوهێنانی بە جلی شوان مشتومڕێکی زۆری دروست کرد دوای ئەوەی کە لە یەکێک لە بەرنامەکانی وڵاتی ئێراندا پێشکەشکارە فارسەکە جلی کوردی بە جلی شوان ناوهێنا. جا بابزانین ئەم ڕوانگەیە لە چیەوە هاتووە و تا چەند بنەمای هەیە کە جلی کوردی نوێنەرایەتی تەنها خەڵکی شوان بکات.

بە دڵنیایی ناوهێنانی جلی نەتەوەیەک بە جلی شوان، کە من ئەوپەڕی ڕێزم هەیە بۆ هەموو شوانێک، مەبەستێکی قووڵی لە پشتەوەیە و ڕووداوێکی ڕێکەوت نیە و لە ناو فەرهەنگی فارسیدا ڕەگ و ڕیشەی هەیە. فارسەکان خۆیان بە خەڵکێکی باڵا و تایبەت دادەنێن و کورد بە کۆمەڵێک خێڵ و شوان سەیر دەکەن؛ تەنانەت مۆسیقای کوردی لە ئێراندا بە "مۆسیقای محلی" ناودەنێن لەبەر ئەوەی کە مۆسیقای فارس لای ئەوان مۆسیقای "نەتەوەی باڵا" یە و کورد خەڵکێکی ناوچەیی داماوە. بەڵام مێژوو چیمان پێ دەڵێت؟

یەکێک لەو کەسانەی کە ئاماژەی بە پەیوەندی جلی کورد/میدی و فارسەکان کردبێت لە مێژوودا، سترابۆیە کە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دەڵێت:
" ئەوەی کە پێی دەگووترێت تیربازی و ئەسپسواری و دابونەریتی پادشایی و جلوبەرگیان و دابونەریتی ئایینی لەگەڵ خودا و مامەڵەکردنی ڕەعیەت لەگەڵ میراندا، فارسەکان لە مید (کورد) یان دزیوە و لەوانیان وەرگرتووە. ئەو ڕاستیە بەتایبەت لە جلوبەرگیاندا دەردەکەوێت. کڵاو و جلی سەرەوە (چۆغە) ی قۆڵ درێژ کە دەگاتە لای دەست و شەرواڵ کە بۆ کەشوهەوای سارد و شوێنەکانی باکوری وەک خاکی میدەکان (کوردەکان) گونجاون و بۆ ئەوە نەکراون کە خەڵکی باشور لەبەریان بکەن، کەچی فارسەکان لەوانیان وەرگرتووە و لەبەری دەکەن. فارسەکان شوینی نیشتەجێی سەرەکیان لەسەر کەنداوە کە دەکەوێتە خواروو بابلیشەوە"

واتە فارسەکان زۆربەی دابونەریتی میدیان دزیوە یەکێک لەوانە ئەو جلوبەرگە میدی (کوردی) یەی کە بۆ شاخ گونجاو بووە و سەرەڕای ئەوەی کە گەرماشیان بووە، هەر لەبەریان کردووە، لەبەر ئەوەی کە جلی میدی (کوردی) یان بە زیاتر لەوەی خۆیان دایان ناوە، ئەو جلەی کە ئەمڕۆ فارسەکان بە جلی شوان لە قەڵەمی دەدەن. لە ڕاستیدا هیرۆدۆت نزیکی دوو هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر و پێش سترابۆ، زۆر لەو ڕاستیانەی دووبارە کردۆتەوە و باسی ئەوە دەکات کە فارسەکان چۆن هەموو دابونەرێتی میدیان بردووە و تەنانەت لە عەرەب و میسریەکانیش شتیان وەرگرتووە و زۆربەی شتەکان هی خۆیان نەبووە.

ڕاستی وەرگرتنی هەموو شتێک لە نەتەوەی تر، بە جلی میللی فارسیەوە دیارە. گەر ئەمڕۆ داوا بکەیت کە جلی میللی فارسی ببینیت، ئەوا شتێکی ئەوتۆ نیە کە بە ڕوونی جلی فارسی بێت. لەبەر ئەو هۆکارەیە فارسەکان لە قوڵاییاندا ئێرەیی بە جلی کوردی دەبەن. پێیان ناخۆشە کە ئەوان ئەو جلە کوردیە جوانەی ژنان و پیاوان ببینن کە لە هەر سووچێکی کوردستاندا بەشێوەی جیاواز و ڕەنگاو ڕەنگ بە زیندوویی لە ناو سەدان جۆری هەڵپەڕکێ و دەیان جۆری مۆسیقای میللی هەمەجۆری کوردیدا بوونی هەبێت.

ئەم ئێرەیی بردن و ترسە لە مید (کورد) بنەچەکەی زۆر دێرینە. ڕێکەوت نەبوو نزیکی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر فارسەکان بۆ لەناوبردن و کزکردنی فەرهەنگی قوڵی میدی (کوردی) کەوتنە کوشتنی موغە میدەکان. سەرەتا فارسەکان لەو ترسەی بەرامبەر بە لایەنی ڕۆحانی موغەکان هەیانبوو، نەیاندەوێرا ئەوە بکەن. بەڵام دواتر ترس لە وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن مید (کەرد)ە کانەوە وای لێکردن کەغیرەت بدەنە خۆیان و کە یەکەمجار موغیان کوشت، بڕوایان بەخۆیان نەکرد. ئەوە هانیدان کە بکەونە کوشتنی هەر موغێک کە لەو ڕۆژەدا بیبینن. دواتر ساڵانە بۆ سەدان ساڵ دوای ئەوە یادی کوشتنی موغە مید(کورد) ەکانیان دەکردەوە و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا موغەکانمان خۆیان دەرنەدەخست.
ئەو کەسانەی کە لە بواری زانستی دەروونیدا کار دەکەن، پێیان وایە کە لە پشتی لەخۆبایی بوونەوە، هەستێکی ترس و خۆبەکەمزانینی قوڵ هەیە. بە دڵنیایی ئەو لەخۆبایێتیەی فارس، لە پشتیەوە ئەو ڕاستیەی تێدا بەدی دەکرێت و بەڕوونی ترسێکی قوڵ لەفەرهەنگی کوردی هەیە. جا خوشک و برای کورد هیچ نیەگەران مەبن! فارسەکان لە ناخیاندا ئێرەییەکی زۆر بە جلوبەرگ و مۆسیقای میللی تۆ دەبەن و ترسیان لێی هەیە. کە بە مۆسیقاکەتان دەڵێن محەلی و بە جلەکەتان دەڵێت جلی شوان، ئەوە دڵنیابە لە ناخیاندا خۆزگە دەخوازن کە ئەو جلوبەرگە ڕەنگاوڕەنگ و جوانە و ئەو هەڵپەڕکێ هەمەڕەنگە و ئەو مۆسیقا هەمە جۆرە میللەییەیان هەبێت، کە قەت نەیان بووە و قەت نایانبێت. ترس لە پشتی لەخۆبایبووندا خۆی دەشارێتەوە، ئەوانیش هەزاران ساڵە ئەو ترسەیان لە فەرهەنگی تۆی میدی، لەناخیاندا چاندووە و شاردۆتەوە.