توركیا لەدەرگەی ئۆجەلان دەدات

20/01/2019

ئیرگۆن باباهان

لەكاتێكدا روداوەكانی سوریا بەشێوەی كاریگەر یەك لەدوای یەك ڕوودەدەن، هەواڵێكمان پێگەیشت بەوەی كۆشكی سەرۆكایەتی توركیا رێگەی بە عەبدوڵا ئۆجەلان داوه‌ (دامەزرێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكەم سەرۆكی ئەو حزبە كە ئێستا لەزیندانێكی توركیادایە) چاوی بە براكەی بكەوێت، هەواڵێك كە كورد بەدڵخۆشیەكی زۆرەوە پێشوازی لێكرد.

ئەم هەفتەیە لەگەڵ هاورێی رۆژنامەنوسم فەهیم تەكین باسی ئەو هەواڵەمان كرد، چی لەناوچەكە دەگوزەرێت و پەیوەندی ئەمریكا و روسیا بەو پرسەوە چیە؟
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا روسیا و رژێمی سوریا پێداگری بكەن لە ئامادەسازی بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر شاری ئیدلب؟ ئایا پێشبینی دەكرێت ئەو هێرشە لەبەهاری داهاتوودا دەست پێ بكات وەك باس دەكرێت؟ كاریگەری ئەو هێرشە لەسەر توركیا چی دەبێت؟ تا چەند توركیا دەتوانێت رێگری لەپۆتن بكات بۆ هێرشێكی لەو شێوەیە؟ 

روسیا دوای ئاشكراكردنی نیەتی هێرشی سەربازی دژی ئیدلب ئەو وێنەیەی بەدەست هێنا كە دەیویست لەبەردەم جیهاندا دەركەوێت، دەستەی تەحریر شام ( گروپێكی سەلەفی جیهادی توندرەون و بەشدارن لەشەری سوریا) و هاوبەشەكانی لەسوریا كە بە شوێن پێی رێكخراوی تیرۆرستی قاعیدەدا دەرۆن، وا دەردەكەوێت كە تەواوی خاكی ئیدلبیان  كۆنترۆڵ كردووە تا 10ی ئەم مانگە، ئەوەی زاندراوە ئەوەیە كە گروپی تەحریرشام بەگروپێكی تیرۆرستی دادەنرێت و لەپێشینەی ئەو گروپانەدا بوو كە بەیعەتی دایە رێكخراوی تیرۆرستی قاعیدە، روسیا ئەو دەرفەتەی قۆزتۆتەوە، و لەژێر كاریگەری ئەوەدا رایگەیاند كە دۆخی ئیدلب مەترسیدارە، وەك دۆخی رەققە كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات هەوڵیدا لەرێكخراوی تیرۆرستی داعش پاكی بكاتەوە.
 وەك دەزانین ویلایەتی یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرشی ئاسمانی دەكردە سەر رەققە و بەهۆیەوە یەكسانی كرد لەگەڵ زەویدا، بەڵام سەبارەت بەروسیا رەنگە پەلە نەكات سەبارەت بەهێرشی سەربازی بۆ سەر ئیدلب، ئەوەش لەبەر دوو هۆكار یەكەمیان روسیا دەیەوێت لەسەرەتادا توركیا تاقی بكاتەوە بزانێت تا چەند توانای ئەوەی هەیە كەئەو گروپە چەكداریانە هەڵوەشێنێتەوە كە پەنایان بۆ كاری چەكداری بردووە، چونكە پێشتر و لە گفتوگۆكانی سوچی كە لە 17ی ئەیلولی ساڵی رابردوو بەرێوەچوون توركیا بەڵێنی ئەوەی پێدان و روسەكانیش ئەو بەڵێنەیان لەبیرماوە، چاوەڕێی ئەوە لە توركیا دەكەن ئەوە جێبەجێ بكات كە بەڵێنی داوە، هەروەها روسیا دەیەوێت ببێتە هاوپەیمانی توركیا چونكە ئەنكەرە لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمریكا لەناوچەكە ناكۆكە، مۆسكۆ دەیەوێت ئەو ناكۆكیانە بمێننەوە، ئەوەش بەمانای ئەوە دێت كە روسەكان چاوەڕێی ئەنجامی جوڵەی توركیا دەكەن، ئەگەر روسەكان ئەوەی دەیانەوێت بەبێ جەنگێكی گەورە بەدەستی بهێنن ئەوە باشە، خۆ ئەگەر نەكرا ئەوە هیچ چارەیەك نیە و دەبێت پەنا بەرن بۆ پرۆسەی سەربازی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئیدلب.

سەبارەت بەهۆكاری دووەم روسیا نایەوێت ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ئیستیفزاز بكات، بەتایبەتیش كە واشنتۆن لەبڕیاری پاشەكشەی هێزەكانی لەسوریا پاشگەزبۆتەوە، پێشتر ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا فێڵی هێرشی كیمیایی كردە بیانوی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لەسوریا، بۆیە روسیا بەدووری نازانێت جارێكی تر ئەمریكا هەمان هەنگاو بنێت ئەگەر پێویستی كرد، روسیا دەیەوێت بریاری ئەنجامدانی شەڕی دژی ئیدلب دوا بخات بۆ دوای ئەو 120 رۆژەی كە ئەمریكا وەك ماوەی كشانەوەی هێزەكانی لەسوریا دیاریكردووە، ئەگەر ئەمریكا لەو ماوەیەدا نەكشایەوە یان كاتەكەی درێژكردەوە ئەوە دۆخەكە دەگۆرێت، و پێشبینی دەكرێت هێرشەكە لەبەهاردا دەست پێ بكات.

پرسیار: واشنتۆن دەتوانێت چی بكات بۆ پاراستنی كوردە هاوپەیمانەكانی ئەگەر توركیا بڕیاری هێرشی سەربازی لەناو خاكی سوریادا؟ 
ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەپێی توانا هەوڵیدا بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریەكانی بڕیاری كشانەوەی لەسوریا، ئەویش لەرێگەی پێدانی گرەنتی بەهاوپەیمانەكانی بۆیە ئەمریكا كار دەكات بۆ چاككردنی چەند شتێك لەهەمان كاتی كشانەوەدا، كارێك كە كاریگەری لەسەر دواخستنی پرۆسەی كشانەوە دەكات، پرسی پاراستنی كوردە هاوپەیمانەكانی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە، توركیا باش دەزانێت ئەگەر هەنگاو بەئاراستەی تێكشكانی كورد بنێت ئەوە بەرژوەندیەكانی ئەمریكا دەخاتە مەترسیەوە لەلایەكی تریشەوە ئەو دەستكەوتەی كە ئەمریكا پێشكەشی ئەردۆغانی كرد بۆ دەستبەرداربوونی هاوپەیمانیەتی روسیا دڵی ئەردۆغانی رازی نەكرد، و ئەنكەرە گرێبەستی سیستمی ئێس 400ی موشەكی روسیای تەواوكرد، دوا هەوڵەكانی ئەمریكا كە دەتوانێت بیدات ئەوەیە كە ئەمریكا پرسەكە رادەستی دانوستانەكان بكات بۆ ئەوەی هەمووان لەسەر چارەسەرێك رێكبكەون، ئەوەش واتای ئەوەی كە گفتوگۆكان سەرلەنوێ وەك گفتوگۆكانی پێشووی مەنبەج دەست پێ بكاتەوە.

بەدڵنیاییەوە ئەمریكا باش دەزانێت كە ئەردۆغان پشت بەهاوپەیمانیەتی( نیشتمانێكی پیرۆز)  دەبەستێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، پێویستە وێنەی دەستكەوتە سەربازیەكانی سوپا لە مێشكی دەنگدەرانی توركیا بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی 31ی ئازاری داهاتوو.

لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان خواستی زۆری هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام باش دەزانێت ئەو پرسە تەنها پەیوەندی بەویلایەتەیەكگرتووەكانەوە نیە بەڵكو توركیا ناتوانێت هیچ جوڵەیەك بەو ئاراستەیەدا بنێت بەبێ بەدەست هێنانی رەزامەندی روسیا، بۆ ئەوەی جوڵەی توركیا ڕووبەڕووی هیچ مەترسەك نەبێتەوە.

پرسیار: ئایە گەیشتنی توركیا بە ئامانجەكانی لە باكوری سوریا بەمانای گرەنتی كردنی چارەسەرێكی درێژخایەن دێت؟ یان بەواتای زیادبوونی توند و تیژیەكان و سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی شەڕی ناوخۆ دێت؟ 

ستراتیژیەتی توركیا لەسوریا پشت بە لەناوبردنی كورد دەبەستێت، پشت بەوە دەبەستێت  رێگری لەكورد بكات هیچ دەستكەوتێك لەسەر خاكی سوریا بەدەست بهێنن، بۆ ئەمەش سورە لەسەر سیاسەتی كۆچپێكردن و ڕووخاندی ژێر خانی ناوچەكانیان وەك ئەوەی لە عەفرین هەوڵی بۆدا، كاتێك چەكدارانی عەرەب و خێزانەكانیانی لەدێرەزور و رەققە و حەڵەب و غۆتەی رۆژهەڵاتەوە گواستەوە بۆ عەفرین و لەوێ نیشتەجێی كردن، ئەمەش بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە لەسەر حسابی كورد.

ئەوان دەیانەوێت هەمان ستراتیژ لەسەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات جێبەجێ بكەن، بە ئامانجی ئەوەی كۆتایی بهێنن بە پارتی یەكێتی دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل لەتەواوی ناوچەكانی سنور، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ستراتیژیە هیچ سودێكی بۆ ئایندەیەكی نزیك نابێت، چونكە دانیشتوانی رەسەنی عەفرین رۆژێك دێت دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكەیان لەو كاتەدا ئەو عەرەبانەی كە ماڵەی كوردەكانیان داگیركردووە چی دەكەن؟  زۆر رێگایان لەبەردەم نیە یان ئەوەتا خانوەكانیان دەدەنەوە و ناوچەكە جێدەهێڵن یانیش شەڕ لەنێوان هەردوولادا دروست دەبێت، لەلایەكی ترەوە كوردەكان خەریكی هەمەهەنگین لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان لەباكور و ئەو هەماهەنگیەش بە ستراتیژیەتی سەربازی لەناو ناچێت، بەڵكو بە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و بەرژوەندی، ئەوەش بۆچوونی روسیا و سوریایە لەبەر ئەوە سیاسەتی راكێشانی كورد لەرێگەی گفتوگۆوە بە باشترین و قازانجترین شێواز دەزانن، ئەگەر دیمەشق توانی بگاتە نەخشەڕێگایەك لەمیانی گفتوگۆی سێ قۆڵی كورد و سوریا و روسیا كە لەمۆسكۆ بەرێوەدەچێت، لەو كاتەدا ناتوانن ، بەواتای ئەوەی ئەگەر بیانەوێت رێگەی سەربازی بگرنەبەر بۆ دورخستنەوەی كورد لەو دەستكەوتانەی بەدەستی هێناوە لەساڵی 2012 وە، بەجۆرێك هەر رێگایەكی تر دوور لە دانوستان دەبێتە بیانو و دەدرێتە دەستی واشنتۆن بۆ ئەوەی دەستوەردان بكات، لەبەر ئەوە دەنگی عەقڵ بە بەردەوامی لەگەڵ چارەسەری كێشەیەكە لەرێگەی دانوستانەوە، باشە ئەگەر ئەمە ڕوویدا لەو دۆخەدا چی بۆ توركیا دەمێنێتەوە؟ توركیا وەك بارمتەی كردەوە تێكدەرانەكانی خۆی لێرە دەمێنێتەوە و جگە لەدووژمنایەتی گەلانی ناوچەكە هیچی تری دەست ناكەوێت، لەگەڵ ئەوەی هیچ گرەنتیەك نیە كە دڵنیابێت سیاسەتی كۆچ پێكردن و دەرپەڕاندنە كە ئەنكەرە لەئێستادا پەیرەوی دەكات توركیا دەپارێزێت. 

پرسیار: لە ساتی ئەم هەموو بەرەوپێش چوونە یەك لەدوای یەكانە ئەوەی جێگەی سەرنج بوو رێگەدانی حكومەتی توركیا بوو بە دیداری ئۆجەلان لەلایەن براكەیەوە لەدوورگەی ئیمراڵی ئایە دەتواندرێت ئەوە ئەوەی لێ بخوێندرێتەوە كە هەنگاوێكی حكومەتە بەوەی جۆرێكە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، یان دەست نەرمكردنە لەسەر روداوەكانی داهاتوو؟ 

پێم وایە رێگادان بە عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی چاوی بەبراكەی بكەوێت نامەیەكە بۆ رایگشتی ناوخۆ، لەگەڵ ئەو بەرەوپێش چوونانەی كە لە سوریا روودەدەن، هەروەها پێش هەڵبژاردنەكانە، هەروەها ترسی رژێمی دەسەڵات داری توركیایە لە كۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخەكە لەم ماوەیەدا، لەلایەكی تریشەوە مانگرتنی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان لەیلا گوفت لەخواردن و ژمارەیەكی تر لە زیندانیان و ئەندامانی رێكخراوەكانی سەر بەو حزبە دەست كەوتی هەبوو، ئەوان داوای كۆتایی هێنان بە  زیندانی تاكەكەسی ئۆجەلان دەكەن، ئەوەش هەنگاوێكی مەترسیدارە كە حكومەت نایەوێت بیهاوێژێت، حكومەتی توركیا باش دەزانێت هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەرئەنجامی چاوەروان نەكراوی لەهەڵبژاردنی خۆجێی بەدوادا دێت، لەكاتێكدا ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە سەقامگیری ناوخۆ هەیە، بۆیە بەدوور نازاندرێت تەنانەت گفتوگۆكانی لەگەڵ كورد لەسوریا دەست پێ بكاتەوە، وەك ئەوەی پێشترلەساڵی 2014 ڕویدا، توركیا ئەو كاتە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ كورد لەسوریا دەكرد ئەوەش بەهۆی ئەو ناوچەی كە كورد تێیدا جێگیربوون كە بە رۆژئاوا ناسراوە، پاشان گفتوگۆكان بەهۆی چەند ئاستەنگێكەوە وەستان، چونكە چەند شتێك هەبوو كە وەك هێڵی سور وابوون بۆ هەردوولا و هیچیان نەیان دەتوانی بیبەزێنن.

ئەگەر توركیا چاوەڕێی ئەوە نەكات كە گڵۆپی سەوزی لەلایەن روسیا و ئەمریكاوە بۆ هەڵبكرێت سەبارەت بە جوڵەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی فورات، ئەوە پێی وایە رەنگە عەبدوڵا ئۆجەلان یەكێك لە رێگاچارەكانی بەردەمی بێت لەو كێشەیەدا.